هاوڕێیەکی دێرینم داوای لێکردم لە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لەسەر شەهید بوونی برا چووکەکەم شتێکی کورت بنووسم.
له کۆنگرهی ”شەهیدان” واتە کۆنگرەی پێنج (رۆژهکانی ١٥ تا١٨/٩/١٣٦٠ی هەتاوی) حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دروشمی بڕوخێ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئیرانی ههڵگرت، لەو کۆنگرەیەدا رێبەرایەتی حیزب ئەرکدار کرا کە روخانی رێژیم ئەرکی لە پێشینەی کاری داهاتووی ئەو ڕێبەریە بێ.
هەر بۆیەش دوو رۆژ پێش شانۆگەری هەڵبژاردن بۆ مەجلیسی خیبرەگان، سکرتێری گشتی ئەوکاتی حیزبی دێمۆکڕات ”شەهید د.قاسملوو” لە رادیۆ دەنگی کوردستان ڕایگەیاند کە ڕێبەری حیزب بریاری داوە که پێشمەرگە نههێڵن رژیمی ئێران شانۆی ههڵبژاردن بۆ مهجلیسی خیبرهگان لە کوردستان له ١٩/٩/١٣٦١ی هەتاوی (١٠/١٢/١٩٨٢) بەڕێوە بەرێ، له مهڵبهندی پیرانشار زۆربهی هەرە زۆری سندوقهکانی دهنگدان لە لایەن پێشمەرگەوە دهستیان بهسهر داگیراو سندوقچیهکانیش گیران، دوای ماوەیەک هەموویان ئازاد کران، رژیمی ئێران وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی کوێر کوێرانه دهستی کرد به تۆپبارانی ناوچهکان و دەستی لە هیچ جینایەتێک نەپاراست، خەڵکی ئەو مەڵبەندەی بێبەزەییانە تۆپباران کرد، برایهکی له خۆم بچوکتر به ناوی سهید رهحیمی هاشمی لهو ڕۆژهدا له گوندی رکاوێ لە ماڵە خزمان میوان بوو، لە ڕێکەوتی ١٩/٩/١٣٦١ی هەتاویدا بە تۆپی سوپای پاسداران شههید کرا و بەداخەوە چووە ناو کاروانی پەنجا و حەوت هەزار شەهیدی بێتاوانی کوردستان، ماڵئاوایی لە کەس و کار و هاوژینەکەی مریەم و کچە چوار مانگەکەی سەبریەی بچکۆلانە کرد.
لەم ماوەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەسەڵات دایە، سەدان گوند و هەزاران ماڵ و مزگەوت سووتێندراون، کەم ماڵ هەیە خۆشەویستێکی لە دەست نەدابێ و خەڵکی بێتاوان غەڵتانی خوێن نەکرابێ.
سڵاو لە گیانی پاکی برام سەید ڕەحیمی بێتاوان و هەموو شەهیدانی کوردستان.
سەید عەلی هاشمی