ساڵ ساڵی ١٣٦٢ ی هەتاویە. هێزە خەبات کارەکانی کوردستان پاش بیسامانی سەرەتایی کاتی پەلاماری تاران لە ژێر کاریگەری فەتوای خۆمەینی بۆ سەر کوردستان بەرە بەرە نەک هەر توانیویانە خۆیان سازمان بدەن بەلکوو ئایەتوڵا دەسەڵاتدارەکانی تارانیان ناچار کردبوو

تا ئەوجار خۆیان چارەسەرێک بۆ بێسەرەوبەرەیی ڕیزەکانی لەشکری هێرشکاری تاران لە ژێر فەرمانی فێڵاوی ئاگربەست و چارەسەری بەدرۆی ”مەسئلەی کوردستان” ڕابگەیێنن.
هەڵبەت زۆری نەخایاند جەوهەری ڕاستەقینەی ئاخوندەکان هەمبەر کێشەسیاسیە درێژمەوداکانی تاران بەرانبەر کورد بە تایبەت ئاشکرابوو. بێ باوەڕی مەلاکانی دەسەڵاتدار بۆ چارەسەری ئاشتیانە و پەلاماری سەرلە نوێ پاش خۆ سازماندانی لەشکرە شپڕێوەکەیان دووبارە بەرانبەر ئێرادە وهەیبەتی کورد بوو بە بڵقی سەرئاو.
لە پێوەندی خۆراگری کوردستانیان گزنگی هیوا بە شەوقی گەرما بەخشی خۆی دڵ ودەروونی جەماوەری لە گۆشە گۆشەی ئەم سامانە بەڵا لێدراوە تەنی بوو. ئەمە نەک کاریگەری دەستوبردی مای کەڵێن( ماسی مەزن) واتە پێشمەرگە لە دەریای بە خرۆشی کوردستان بۆ مەلەوانی لە نێو جەرگەی بە خوڕی تاڤگە بە هەیبەت وسەرکەشەکاندا هۆمێد بەخشی دایک وباوکانی ئازیز لە دەست چوو بوو بگرە دەنگدانەوەی شەپۆل ودەستو بردی کوڕەکانی ڕۆژی تەنگانەی کوردستان گۆڕستانێکی بەرینی بە پانتایی ئەم وڵاتە لە هەرشیو، بەندەن و دەرودۆڵیکدا بۆ لەشکرە بێڕەحم و نەیارەکەی خۆمەینی ساز و تەیار کردبوو.
دەنگدانەوەی ئازایەتیئ وخۆڕاگری کوردستان بەرانبەر شەپۆلی نوێی کورد قڕانی وەک سەردەمی هێرشی عەرەبەکان لە هەزارەی پێشوودا سنووری کوردستان، ئێران، ڕۆژهەڵاتی ناوین تا ئوروپا و دووری دوورتر تێپەڕاندبوو.
پێشمەرگە لمبۆزی خۆمەینیستەکان کە پلانی سڕینەوەی کورد واتە نەهێشتنی زمان فەرهەنگ، داب، نەریت و تەنانەت موسیقای کوردی لە عەرزی کوردستاندا لە خاک وەردابوو.
ئێستا خێرخوازی خۆبەخشی مرۆڤدۆستی ئوروپی بە شەوق و زەوقی مرۆڤدۆستانەوە بۆ چارە سەری برینی پێشمەرگەی وڵات لە گۆشە گۆشەی جێهان خۆیان دەگەیاندە مەڵبەندی قارەمانان تا تەسکین بەخشی ژان و ئازاری برینی پێشمەرگەی کوردستان دەسکردی پەلاماری هێزی پۆشتەو پەرداخی خۆمەینی لە کوردستان بن.
ئێستا درز و کەلێنی وشیار بوونە وە، بێ باوەڕی و ئاشکرا بوونی پڕۆپاگەندەی تاران دژ بەکوردستان تا نێو جەرگەی سەربازی فریو خواردووی گۆش کراو بە شەڕ دژی ”کفر و خزمەتکارانی بێگانە” پەری ئەستاندبوو. کەم نەبوون ئەو گەنجانە بەرەبەرە لە ڕاستیەکان تێ دەگەیشتن، پشتیان لە ڕیزی خوداوەندانی درۆ دەکرد.
ڕژیم بۆ چارەسەری ئەم کەلێنە کە ڕووی لە زیاد بوون دەکرد پلانی دزێوی تێکەڵ کردنی مۆرەکانی خۆی بۆ نەهێشتنی متمانەی هێزە خەباتکارەکان بە ئەو کەسانە خۆیان ڕادستی هێزی پێشمەرگە دەکرد دابەزاندبوو.
بۆ نمونە لە ناوچەی مەهاباد یان سەقز ترۆریستێکی پەروەردەکراوی خۆی بە ڕاسپاردە ڕەوانەی نێو هێزی پێشمەرگە دەکات. لەئاکامدا تاکی ڕاسپێردراو لە هەل کەڵک وەر دەگرێت پێشمەرگەیەک شەهید و خۆی ڕادەستی هێزەکانی سەرکوت دەکاتەوە.
لە هەلو مەرجێکی ئەوتۆدا بوو کە نووسەری ئەم بیرەوەریە وەک بەرپرسی کۆمیتەی حێزبی دێمۆکرات لە شارەکانی کرماشان وکامیاران دەس نیشان کرام.
لەگەڵ ئەوە چەند تازە لاوێکی خەڵکی ئەو دەڤەرە بە تازە یی ماوەی فێرکارییان لە فێرگەی پێشمەرگە تێپەڕاندبوو وەک هاوسەفەری گەڕانەوە بۆ ناوچەکەیان پێم ناسێندران. هاوکات سربازێکی تازە خۆ ڕادست کردووی نێو ڕیزەکانی لەشکری دوژمن بە ناوی ” بیژەن لەشکەری” خەڵکی کرماشان بە چەند تێبینی وریا کەرانە بەمن ناسێندرا.
وریایی لە بەر ئەوە کە ناو براو بە تازەیی ڕیزی دوژمنی بە جێ هێشتوە، بەڵام پێشتر یەک لەو کەسانە خۆی ڕادەست کردوە فێرکراوی زەبر وەشاندن لە ڕیزی خەباتکاران بوە.
لە پێوەندی ئەو ڕووداوە دا جۆرێک بێ متمانەیی بە ئەو کەسانە سەری هەڵدابوو. سەرەرای ئەوە ناو براو خەڵکی خوارووی کوردستان و شیاوتر لێک درابوەوە کە باشتر وایە ئەگەر قەرار وابێت وەک پێشمەرگە مەیلی خزمەت بە نیشتمانەکەی هەبێت چ باشتر لە مەڵبەندەکەی خۆی زیاتر بە کەڵک بێت.
بڕینی ڕێگەی سەردەشت تا ناوچەکانی کامیاران و کرماشان ئەویش تێپەڕین بە نێو زۆر مۆڵگەو ناوەندی لەشکەری و دامەزراوە چەکداریەکانی دەسەڵاتی زاڵــدا ئاساییبوو سەرە رای پێویستی بە وریایی و هەڵبژاردنی لاڕێ چەنین ڕۆژ کات تەڵەب بکات.
بۆ نووسەری ئەم بیرەوەریە ئەوە فرسەتێکی باش بوو تا هەم زیاتر سەربازی تازە پەیوەست بوو بە ڕیزی پێشمەرگە تاقی بکرێتەوە و هەم لەو ڕێگا پڕ مەترسیانەدا جۆرێک هەڵسەنگاندن وتێگەیشتن لە بیرو هزری بە نسبەت شۆڕشی ئازادیخوازانە وەک لاوێکی تازە پێگەیشتوە دەکاربکرێت.
بەختەوەرانە ڕۆژ دوای ڕۆژ زێدەتر ئاشکرا دەبوو پەروەردەی بیژەن لەشکەری نەک هەر گۆش کراو بە ئێرق و خۆشەویستی فراوانی نیشتمانەکەی لە دەروونیدا شەپۆل دەدات، بگرە مشتاق و بە پەلەیە تا ناو وناوبانگی قارەمانانی ڕاستەقینەی مێژووی وڵات دۆستی دیاری کرماشانی دێرین سەرلە نوێ وەک تاکێکی خەڵکی ئەم شارە زیندوو بکاتەوە. *
بیژەن زۆربە پەپەلە بوو تا بسەلمێنێت کوڕی کرماشان نەک هەر خاوەندارەتی بیر وئازایەتی یارمۆحەمدخان زیندوو ڕادەگرێت وەختی ئەوە گەیشتوە تا بۆ جارێکیتر ناو و یادگارەکانی ئێبراهیم خان نادری خەڵکی کرماشان زیندوو بکاتەوە.
لە کۆتایی ئەو سەفەرەدا پاش ئەوە تێکەڵ بە پێشمەرگەی هێزی بێستون بووین ڕۆژێک لە بەرزاییەکانی ئاوایی حسین ئاوا و ئافەڕیان ناوجەی کامیاران خەریکی پشوو دان بووین کە پێشمەرگەی پارێزەری سەرشاخ ئاگاداریان کردین پۆلێک پاسدار بەرەو نزیکایەتی ئێمە لە ڕێگەدان .
بیژەن کە تا ئەو کات بڕیاری چەکدار کردنی نەدرابوو هەر ئەوەندە زانی دەستەیەک پێشمەرگە بۆ بەرئەنگاری هێزی دوژمن وەڕێ کەوتون، لە پڕێکدا چەکەکەی منی ڕفاند و خۆی تێکەڵ بە پێشمەرگەکان بۆ دێفاع و سەلماندنی باوەڕی خۆی بە پارێزگاری نیشتمانەکەی بەرانبەر پەلاماردەران کرد. تازە ڕێگری و گەڕاندنەوەی لە دەست چووبوو.
زۆری ناخایاند هێزی دوژمن تێک شکا. کاتێک پێشمەرگەکان لە مەیدانی شەڕ گەڕانەوە بە داخێکی گرانەوە شاهێدی گەڕانەوەی تەرمی بێ گیانی بیژەن لەشکەری بووین.
بۆ من کە زیاتر لە هەموو پێشمەرگەکان ناسیاریم لە ورە و باوەڕی ئەو گەنجە دەست خستبوو کارەساتێکی زۆرتر خەماوی و پڕ ئازار بوو. ئێستا کە ئەو بیرە وەریە دەنووسم و زیاتر لە ٤٠ ساڵ ( ١٣٦٢ ) تێپەڕیوە سەرپاکی ئەزموونێکی زۆر و شەهید کەوتنی زۆر هاوسەنگەری دڵسۆزیترم لە مەیدانی شەڕی بەرگری نیشتمانیدا کە هەموویان قارەمانی فێداکاری میلەتەکەم بوون بەڵام داخی لە دەست چوونی بیژەن بە چەند هۆکار نەک هەرزیندوو وبەسۆیە بگرە هەموو جارێک ئەو یادەوەریە بە سەختی ئازارم دەدات لە بەر ئەوە:
١ــ جیا لە شەهید بوونەکەی دەبوو لە و سەردەمەدا گۆڕی شەهیدەکان لەو شوێنانە لە ژێر کونترۆڵی تەواوی خۆماندا نەبوو بە شێوازێک داپۆشین کە دوژمن بە مەزارگەکەیان نەزانێت، دەنا تەرمەکانیان لە گۆڕ دەریان دەهێنان و لە شەقام وگەڕەک بە بێ حورمەتی پێکردن پیشانی خەڵکیان دەدان تا ورەی خەڵکیان پێ کز بکەن. لە بەر ئەوە قەبری شەهید بیژەن لەشکەری هاوشێوەی عەرزی ئاسایی بە جۆرێک نەناسرێتەوە ئەوە قبری کەسێکە لێکرا. بێ هێچ جۆرە نیشانەیەک کە دواتر بتوانرێ بناسرێتەوە.
٢ــ تەنیا بەڵگەیەک بۆ ناسینی بیژەن لەبەردەستماندا بوو پلاکی سەربازی کە هێشتار لە ملی دابوو وەک یادگار بە جێ مابوو.
٣ــ نە ئێمە عنوان و ئادرەسو شوێنی ماڵی بیژەنمان پێدەزانی و نە بنەماڵەکەی ئاگادار بوون کە کوڕەکەیان تووشی چ بەسەرهاتێک هاتوە.
لەو سەردەمەدا هاوسەنگەرێکمان بە ناوی مام یەدی خەڵکی کرماشان لەو ڕووداوەدا لە گەڵ بوو. بە هۆمێدی ئەوە کە ڕۆژێک بتوانێت سۆراخێکی ماڵی بیژەن بکات و تاقە یادگارەکەیان وەک نیشانە تەحویل بدات من پلاکەکەم بە ئەمانت بە ئەو سپارد.
پاش ئەو هەموو ساڵە دڵنیام هەلی ئەو تۆ بۆ مام یەدی نەڕەخساوە تا ئەمانەتەکە بە جێ بگەیێنێت. لەبەر ئەوە پێم وایە یەک لە سەربازە هەرە ڕاستەقینەکانی ونی نیئشتمان شەهید بیژەن لەشکەری خەڵکی کرماشانی ئازیزە.
*. خوێندکاری زانکۆ لە بەغداد و فەرانسە لە بەشی مافناسی، کە دەوری دڵسۆزانەی لە کۆماری کوردستان وەک ڕاوێژکاری پێشەوا( ١٣٢٤مهاباد) تا پلەی بەر پرسی پەروەردەی کوردستانی ئەوکات لە دەورانی کۆمار هەروەتر سەرلەشکەری لە سوریە دوا بەدوای ڕزگاربوون لە زیندانی پاڵەوی پاش کۆمار خۆی دەگەیێنێتە سوریە. لەوێندەرێ حەولی بێ وچان لە گەڵ دڵسۆزانی کوردی سوری کاتێک بە لێ وەشاوەیی پلەی سەرلەشکری دەست خستبوو دەخاتە گەڕ، تا بە کودتا دژی بەعسیەکان مەرامی بووژاندنەوەی کورد لە لە سوریە مسۆگەر بکات. مخابن هێزە ئەمنیەکان لە پپلانی بەردانەوەی فڕۆکەکەی ١٣٣٥ڕێگریی بۆ گەیشتن بە ئاواتەدێرینەکانی لە پێناوکوردستان دەکەن.
سەدیق بابایی ١٧/١٠/٢٠٢٥