Hoppa till innehåll
Hem » پرۆژەی (زمان و نووسین) لە بە دیجیتالی كردنی زمانی كوردی، سەنگەر شنۆیی

پرۆژەی (زمان و نووسین) لە بە دیجیتالی كردنی زمانی كوردی، سەنگەر شنۆیی

سەنگەر: خەونەكەم هاتە دی و پرۆژەكە سەری گرت، https://zimanunusin.ink/ ، پرۆژەی (زمان و نووسین) خەونێكی من بوو لە بە دیجیتالی كردنی زمانی كوردی و ناساندنی زمانی كوردی بە ژیریی دەستكرد.

بە سەركەوتنی ئەم ئەركە، هەم ژیریی دەستكردم بە كورد ناساندووەو هەم زمانی كوردیم بە ژیریی دەستكرد ناساندووە.
بەر لەوەی من ئەو ئەپە دروست بكەم، هەوڵی خەمخوران و شارەزایانی ئەو بوارەم دیوە ویستوویانە پرۆگرامی تایبەت بە زمانی كوردی دروست بكەن، بەتایبەتی لە بواری گۆڕینی دەق بە نووسین. ئاسۆسۆفت یەكەم هەنگاو بوو، پرۆگرامەكەیان بە هەموو كەموكوڕییەكانەوە سەرەتایەكی جوان بوو. هەر ئەویش هاندەرم بوو كە بتوانم بیر لە پرۆژەیەكی فراوانتر بكەمەوە..
بۆ دروستكردنی پرۆگرامێكی وا زۆر كێشە هەبوون، زمانی كوردی هێشتاش لە ریزی زمانە LMەكاندا نییە. واتە ئەو زمانانەی تایبەتن بە دەنگی دیجیتالی.. شپرزەیی و بێ سەروبەری لە رێنووسی كوردیدا گرفتێكی سەرەكییە. هەر بابایەی بە ویستی و بە مەیلی خۆی دەنووسێت و بە دوو شێوەزاری سەرەكی و بە دوو شێوە ئەلف و بێ دەنووسن، ئەمەش گرفتێكی گەورەیە.
لەو پرۆژەیەدا ئەوەی پێویست بوو بۆ زمان و نووسین وەبەرچاوم گرتووە، پێموایە وەك هەنبانەبۆرینەكە ئەوەی دەستی بۆ بەری بەردەست دەكەوێت. خۆی دوازدە دوگمەیە و زیاتر لە پانزدە ئەرك ئەنجام دەدا. پێموایە یەكێك لە دوگمەكان زیادییە و دوگمەیەكیش بۆ ئەنجامدانی فەرمانێكی دیكە كەمە..
بۆ ئەوەی سەربكەوێ و كێشەی تێنەكەوێ، زۆر گرفتم هاتنە سەر رێ، بەشێك لەو گرفتانە بە پارە چارەسەر دەكران و ئەویش نەك پارەی گیرفان، بەڵكو پارەیەك دەبێت لە كارتێكی بانكی ناسراو دابێت و وڵاتی عێراقیش هەرچەندە تازە بەتازە كارتی بانكی بەكاردێنی ئەویش زۆر سنووردار، كارتە بانكییەكەی لە بەشێكی زۆری جیهانی ئینتەرنێتدا بۆ كڕینی خزمەتگوزارییەكان سنووردارە. پەنام بۆ دۆست و هاوڕێیانی تاراوگەنشین دەبرد كە بتوانن هاوكاریم بكەن، هاوڕێم (هەڤاڵ ئەحمەدی) تەنانەت كەمپینێكیشی راگەیاندبوو كە تێچووی ئەو خزمەتگوزارییانە كۆبكرێتەوە.. خۆشی دەستپشخەری ئەو كەمپینەبوو. بەخۆشییەوە توانیم بەبێ هاوكاری دۆستان كارەكە جێبەجێ بكەم، بەڵام دیسان سپاس بۆ ئەو دۆستانەی بەڵینیاندا بە هەمووجۆرێك هاوكار بن.
رەنگە هەندێك لە برادەرانی شارەزا لە بواری تەكنەلۆژیای سەردەمدا، بڵێن ژیری دەستكردەكان هەموو خزمەتگوزارییانەی تێدا هەیە كە لە پرۆگرامەكەدا هەن! بەڵام هاوڕێیان هیچ ژیرێكی دەستكرد شوێنێكی تایبەتی تێدا نییە بە زمانی كوردی، یا بەكارهێنانی ئەو هەموو خزمەتگوزارییە لە پەنای یەكدا! یەكێك لە گرفتەكان درەنگ وەڵامدانەوەیە، بەڵام دوو هۆكار هەیە بۆ درەنگ وەڵامدانەوە، یەكەم لە دروستكردنی پرۆگرامەكەدا چۆنایەتیم فیدای چەندایەتی كردووە، پێموابووە كارەكە بە درەنگەوە وەڵام بدرێتەوە، بەڵام باش بێت، نەك بە زوویی بەڵام وەڵامێك نەبێت بەكارهێنەر رازی بكات. من لە كاتی دروستكردندا لە بەشی Deep Thinking واتە بیركردنەوەی قووڵ سوودم وەرگرتووە. دووەمیان جیاوازی هەیە لەگەڵ خودی ژیریی دەستكردەكە چونكە ئەو هەم سێرڤێر و هۆست و ئەوەی پێویستە بۆ بەگەڕخستنی پرۆگرامێكی تێدایە، بودجە و تێچووەكەی ملیاران دۆلارە.. دیسان ئەوەی منیش وەك جۆگەكەیە لەو دەریایە دەبێتەوە.
لەكاتی دروستكردنیدا بۆ پرۆمپێتەكانی هەوڵمداوە باشترین پرۆمپیت واتە بیرۆكە بەكار بێنم بۆ ئەوەی كوردانەتر دەربكەوێت، لە نووسینی بەشی ئەدەبی دا نموونەم پێداوە، لە وەرگێڕاندا نموونەم بۆ هێناوەتەوە. لە بەشی گۆڕینی دەنگدا چەندین جار تاقیم كردۆتەوە. لە گۆڕینی فایلێكی pdf بۆ دەق چەندین جار چاوم پێداخشاندۆتەوە بۆ ئەوەی بێكەموكوڕی بێت.


ئێستا ماڵپەڕەكە شوێنی حەسانەوەی خۆی هەیە، ناوێكی خۆی! https://zimanunusin.ink/ كاتێك ئەو لینكە دادەگری بەبێ گرفت دەبێتەوە. ناوەكەی هەر (زمان و نووسین)ە. من هیچم لە ئێوەی بەڕێز و بەكارهێنەر ناوێت، تەنیا ئەوە نەبێت پرۆگرامەكە ببەشنەوە بەسەر دۆستان و هاوڕێیانتاندا واتە هاوبەشی بكەن. بە هیوای سوود وەرگرتنی زیاتر لە پرۆگرامەكە، كەموكوڕییەكان بەسەر ژیری ناقیسی من دابێنن، نەك بە سەر ژیریی دەستكرددا.

وەک سایتی پێشمەرگەکان: دەستخۆشی لە کاک سەنگەر دەکەین و دەستی خۆش بێ و کارێکی باشی کردوە. هیوادارین بەردەوام بێ و بتوانرێ پەرەی پێ بدرێ.