بۆچوونەکانم لەسەر مشتوو مڕی حیزبەکانی ڕۆژھەڵات و تۆمەتەکانی کەسێک بەناوی (ئەمیری کەریمی) بەرانبەر بە پێشمەرگەی کوردستان و ھەردوو ھێزە گەورەکەی دێموکڕات و کۆمەڵە، لەگەڵ شەهیدانی سەرکردەو دیپڵۆمات و ڕووناکبیر د. عبدالرحمان قاسملوو و کاک فوئادی موستەفا سوڵتانی….

بۆ ئاگاداری خوێنەرانی بەرێز ئەوەی ئەمن لەسەری دەدوێم نە فەلسەفەیەو نە خۆڕانانەو نە زانیاری بەخشینەوەیە، تەنیا بیروو بۆچوونی کەسێکە کە زیاتر لە ٦٠ساڵە لەو مەیدانەدا ئەسپی خۆی لینگ داوەو لە ساڵی ١٩٦٣ی ز هەتا ئەو کاتەی کە بۆخۆم لەسەر ویستی خۆم، خۆم پەراوێز خستوە هەر بەرپرسی پێشمەرگە بووم.لەمەڵبەندی بارزانرا هەتا پێکهێنانی کومیتەی ساغکەرەوەو هەتا دەست پێکردنەوەی شەر لە نێوان شۆرشی ئەیلوول و حکومەتی ئێراق کە بنکەی سەرەکیمان پێشدان لە گوندی فەقێیانی نزیک شاری کۆیە بوو، پاشان چوینە هیران و نازەنین، دواجار بۆ بناری قەندیل و گوندی ئاشقوڵکە، کە ئەوکات من و ملا عبداللە حەیاکی جاران و حەسەنزادەی ئێستا لێی بەر پرس بووین، ئەوەیان باشووری کوردستانە. بەدوای داڕمانی شا و سەرکەوتنی گەلانی ئێراندا لە یەکەم کۆبونەوەماندا لە مهاباد لە دابەش بونی کاردا بەرپرسیارەتی بەشی پێشمەرگەم بۆ دیاری کراوە. کومیتەیەکم بەناوی شۆرای نیزامی پێک هێنا(مەکتەبی عەسکەری ) ئەندامەکانی بریتی بوون لە شەهیدان سەرگوور عەباسی، سەید ڕەسووڵی بابی گەورە، نەمر کاک کەریم حەداد وشەهیدی زیندوو مەلا حەسەنی شیوەسەڵی و بۆخۆم. پاشان داوامان لە حیزبی شوعی ئێراق کرد چەند کەسی شارەزامان بۆ هاوکاری بۆ بنێرن ئەوانیش کاک برایم سۆفی(ابو تارا) ئەندامی کومیتەی ناوەندی حیزبی شوعیان لەگەڵ دە پازدە نەفەر بۆ ناردین ئێمەش ناومان لێ نا ملا محمد جوانڕۆیی. بەهۆی ئەوەی کە شەهید سەید ڕەسووڵ فەرماندەی هێزی پیرانشار بوو بۆ کۆبونەوەکانمان کەمتر دەهات،کاک ملا محمدمان لەجێی وی داناوو بوو بە حێگری من. لەو ماوەیەدا باشترین وبەرچاوترین هاوکاری لەگەڵ کردین و تەنانەت لە شەری سنەدا کەسێکی زۆر قارەمانی نزیکی خۆی بەناوی جەبار کۆکۆیی شەهید بوو بۆخۆشی لاقێکی لەدەست دا. لەو ماوەیەدا کە هێزەکانمان لەسەر میراتی حەمە ڕەزا شا پێک هێنان هەموویانمان لەسەر پێشنیاری من بەناوی شەهیدەکان ناوزەد کردن. یەکەم هێزمان بەناوی پێشەوا ناودێر کرد دووەم هێز بەناوی موعینی پاشان هێزی شەریفزادە، شەھید مینە شەم، شەهیدانی وێردی و ئاخر هێزمان بەناوی سەروان خاتەم و هێزی شەهید نەحۆ( باپیر شکاک) کرد… ڕەنگە هێندێکم لەبیر نەمابن وگۆرانکاریان بەسەردا هێنابن.
با بزانین ئەو ئەمیری کەریمی کە ئاوا بە ناڕەوا باسی پێشمەرگە دەکا ناوی پێشمەرگە چۆن هاتۆتە کایەوە. نەمر مامۆستا هێمنی شاعیری گەورەی کورد زۆر جاران هەموو ڕووداوەکانی دەورانی کۆماری کوردستانی بۆ هەموومان دەگێرایەوەو دەیگووت ڕۆژێک پێشەوا فەرموی هێمن و هەژار لەگەڵ زەبیحی وقزڵجی وچەند کەسێکی دیکە بۆ خۆتان کۆبونەوەیەک بکەن ولەسەر هێندێک ناوی کوردی پەتی بۆ هێزی نیزامی و خانمان و ئاغایان و زۆر شتی دیکە ساغ بنەو. ئیدی ڕۆژێک لە حەوشەی فەرمانداری دادەنیشن دەست دەکەن بەو باسانە ماوەی چەند سەعات تەنیا بۆ ناوی خانمان ساغ دەبنەوە لەسەر عورفو ڕەسمی مەنگوڕان نێوی (یای) ی دادەنێن. وەختەکە وەدرەنگی دەکەوێ هەمویان برسیان دەبێ مام هێمن دەڵێ کاکە کاتەکە درەنگەو ئێمەش برسیمانە هەتا ناوێک بۆ پیاوەکانیش دەدۆزینەوە با بەوانیش هەر بڵێین یایی. لەو کاتەدا پیاوێکی پیری چایچی کە جار جارە چای بۆ هێناون دەڵێ ئەرێ مامۆستاینە وا دیارە موشکیلەیەکتان هەیەو بۆ بەمنی ناڵێن منیش عومرێکم هەیەو بەشی خۆم ڕەنگە هێندێک شت بزانم، کاک هەژار دەڵێ کاکە کێشەی هەرە گەورەمان ئەو هێزە چەکدارەیە نازانین ناوێکی کوردی لەسەر دانێین، کابرا دوای ڕامانێک دەڵێ مامۆستاینە لە قەدیمدا ئەگەر کەسێکی ئازاو هەڵکەوتوو لە دەوڵەت یاغی دەبوو پێیان دەگووت پێشمەرگە، یانی مەرگی وەپێش ئەوانی دیکە کەوێت.
لێرەدا بە کاک ئەمیری کەریمی ڕادەگەیەنم کە ئەو ناوە مقەدەسە هەزاران پێشمەرگەی قارەمانی وەک شەهیدان علی عەسکەری و دکتوور خالید و مامە ڕیشەو عومەر ئاغا دۆڵەمەری، حاچک، مەلا مین بارزانی، لەیلا قاسم و ئەختەر و قەدەمخێر، سەرگوورد عەباسی، سەرگوورد کریم عەلییار، سەروان جاوید فەر( هەژار)، سولێمان و خانە و عبداڵڵە موعێنی، مەلا ئاوارە، مەلا مەحمود و محمد زەنگەنە، مینە شەم، نەحۆ شکاک، ئەو کیژەی بەناوی بەهار کە لە فەرمانداری لە شاری مەهاباد لەگەڵ هەڤاڵە پێشمەرگەکانی دەمانچەی پێشانی زیبا کەلام داو هێنایانە دەر، وە زۆرەهای دیکەی وەک سولەیمانی بلووری، جەماڵی موفتی وبرایانی فوئاد مستەفا سوڵتانی و ئامۆزاکانیان، سەدیقی کەمانگەر، بە گوردانیش هەمانە گوردانی شوان، عەلی پێشنماز و سەروان ئەحمدی چەلەبی، محمد نانوازادەو زۆرەهاو زۆرەهای تری لێ هەڵکەوتوون کە هەر کامەیان داستانێکی قارەمانیەتی بەخۆیەوە هەیە. ئەتۆ ئەگەر یەک تۆزقاڵ هەست وشعووری ئینسانی وکوردایەتیت هەبایە ئەو بێڕێزیانەت بە تێکۆشەران و قارەمانانی میلەتی کورد نەدەکرد. با بۆشت باس بکەم پژاک کەنگێ وچۆن پێک هات. ئەو کاتەی کە بەرێز ئۆجەلان کەوتە زیندان، دەمراستیان بوو بە عوسمان ئۆجەلانی برای، کە زۆرتر لە دەڤەری ورمێ دەژیا لەگەڵ ئەوەی کە لەناو پ ک ک دا ژن هێنان رێگا پێدراو نەبوو، ئەو نەزان و گەمژەیە کاری ببوو بە ژن هێنان، بەو شەرتەی تەمەنیان زۆر لە خوارەوەی خۆی بن. ئەو کیژە شکاکەی کە هێنای زۆر لەخۆی منداڵتر بوو بەناوی ژیان. لەو کاتدا سەرەتای پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی بوو لەو بارەیەوە پێوەندیان بە ئێمەی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتەوە گرت بە تایبەتی ئەمن کە پێشتر شارەزایم لە سەر دەست تێوەردانی بەشەکانی دیکەی کوردستان هەبوو، هەر لە زۆر زوەوە دژ بەر بوموو دەمگوت نابێ هیچ کام لە حیزبەکانی کوردستان کێشە بۆ یەکتر دروست بکەن، چونکە هەر بەشەی بۆخۆیان لە کۆنەوە حیزبی خۆیان هەیەو لە جیاتی ئەوەی کە هاوکاری یەکتر بکەین نابێ بەربەست بۆ یەکتر دروست بکەین.کە دیتیان بەشی زۆری ئێمە قبوڵمان نەکرد بەسەر ڕەحمەتی ڕەحمانی حاجی ئەحمدیدا شکایەوە کە لەو بوارانەدا ئینسانێکی زۆر سادەو ساکار بوو. ناوەکەشی هەر لەناوی ئەو ژیانە ڕا سەرچاوەی گرتوە کە تازەی هێنابوو هیچ گومانیش نیە کە دەستی ئێرانی لەپشت بوو بۆ ئاژاوە نانەوە. دیارە با ئەوە ڕوون کەمەوە من لە سەرەتای پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی هاوکاریان بووم و لەگرنگترین کۆمسیۆندا کە کۆمسیۆنی ئاشتی بوو ئەندام بووم. لەسەر پێشێلکاری و گوێ نەدان بەو بڕیارانەی کە دەماندان و زۆر بابەتی دیکە لەسەر ویستی خۆم وازم هێنا، وەکی بیستوشمەتەوە کە ئێستاکەشی لەگەڵ بێ لێیان قەبووڵ نەکردووم.
بەڵام وەک بیروو بۆچونم لەسەر پ ک ک بۆچوونەکانم لەگەڵ زۆرەها سازمانی کووردی و کەسە دیارەکانی کوردستان فەرقی هەیە چونکە لە نزیکەوە کارم لەگەڵ کردوون وناسیومن. پێموایە لە کوردستاندا هیچ تەشکیلاتێک تا ئێستا نەگەیوەتە پ ک ک بۆ پتەویی ونەزم ونیزامێکی کە دایانمەزراندوە بە تایبەتی لەباری مالی و بەشداری کردنی ژنان لەهەموو بوارەکانی سیاسی وکۆمەڵایەتی و تەشکیلاتی وزۆرەها بابەتی دیکە. ئەوەی زۆر بەلای منەوە گرینگە ئامریکاو هاوپەیمانانی چەند ساڵیان خستنە لیستی تیرۆرەوە هەر گوێشیان پێ نەدان وبە خەیالیشیاندا نەهات. چۆل نەکردنی قەندیل کە بنکەیەکی بەرفراوانی هەموو جوڵانەوەکانە یەکێک لە گرنگترین خۆ ڕاگریەکانیان بوو. ئەگەر ئەوان لەوێ نەبان دەبوو بە مۆڵگەی ئەو بەناو ئیسلامە توند ڕەوانەی وەک حیزبوڵڵە وجونداسلام وقاعید و دوایەش داعش. بەڵام با لەسەر دڵم نەبێتە گرێ لەو چەند سالانەی دوایدا لە رێگای وانەوە جەمهووری پەتوسێدارە دەستی گەیوەتە قەندیل و زۆر بنکەو پایەگایان لێ دامەزراندوەو بە بۆچونی من زۆریان لەسەر دەکەوێ.
لەسەر شەهید د. قاسملوو ئەو پیاوە بەناو سیاسیە هێندێک وردە فەرمایشتی فەرموون کە هەر لەخۆی دەوەشێتەوە چوونکە شەھید د.قاسملوو پەرێزی زۆر لەوە خاوێنترە کە بەو قسە بێ بنەماو پڕوپوچانە خەوشەدار بکرێ. لە بیست ساڵ پێکەوە ژیانمان بە حوکمی بەرپرسیارەتیم کە پەیوەندی نێوان بارزانی ومەکتەبی سیاسی بوو، سەدامی زاڵم و خوێن ڕێژی لێ دەرچێ بۆ هەموو دانیشتنەکان و پەپوەندیەکان لەگەڵ گەورە پیاوانی کوردستان لەگەڵی بووم. ڕەحمەتی بارزانی، نەمر مام جەلال تاڵەبانی، مامۆستا برایم ئەحمد و حەبیب محمد کەریم و دکتۆر محمود عوسمان و کاک نەوشیروان مستەفا و زۆر ئەدیب وڕوناکبیرو زۆرەهای دیکە بە یەکەوە بووین، لەناو هەمووی ئەوانەدا سەروو بستێک لەسەروی هەمویانەوە بوو، لە ماوەی چوار سالی وتووێژی حکومەت وئێراق وشۆرشدا هەتا هەرەس هێنانی شۆرش هەر چەند مانگ جارێک بارزانی داوای دەکردوو وێکرا دەچوین زۆر شەوان چوار بۆ پێنج سەعات وێکرا دانیشتون وبارزانی مەشوەڕەتی پێ کردوە. پیاوی حیسابی ئەتۆ لەجیاتی ئەوەی ڕێگا چارەیەک بۆ دوا ڕۆژی خۆتان بدۆزیەوە بۆ ئەوەی کە بتوانن بە هەمووتان بەرەیەکی کوردستانی پێک بێنن لەو کات وساتە هەستیارەدا هاتوی و خوێت بە زامەکاندا کردوەو هەموو کۆنە برین و ناکۆکیەکانی ڕابردووت زیندوو کردونەوە. پێشمەرگە کە لە کوردستاندا بەشی هەرە زۆری کۆمەڵانی خەڵک بە بیلبیلەی چاوی خۆیان وڕەمزی ڕزگاری کوردستانی دەزانن وە هەزاران وهەزارانیان لێ شەهید کراوەو کەس وکاروو بنەماڵەکانیان جێگای ڕێزن لە کوردستاندا هێناوتە بەر باس و لێکۆلینەوەیەکی زۆر بێ شەرمانەو نا عادڵانەو بە دزوو داوێن پیس و زاڵم دژی خەڵک ناوزەدت کردوون. تەنیا لێرەدا لە هەزاران نمونە یەک نمونەت بۆ دێنمەوە. لەکاتی شەری سێ مانگەی بەناوبانگدا لە گوندی دۆڵەسیری مەنگوڕایەتی پێشمەرگەیەک سەگێکی زۆر دڕو یاغی گڕو تیتی بۆ هێنابوو بەناچاری تفەنگی پێوە نابوو بەبێ ئەوەی برینداری بکا کە زانیمەوە پێشمەرگەکەم لەگەڵ دوو پێشمەرگە بە چەک کراوی ناردەوە بۆ مالەکەی و ڕامسپارد خاوەن سەگ دەتوانێ بیبەخشێ، لەو کاتدا لە گوندی مڕانە بووم خاوەن سەگ و پێشمەرگەکان هاتن بۆلام کێشەکە کۆتایی پێ هات. سالی ١٩٦٣ی زاینی لە چیایی برادۆست و بارەگای بارزانی نەمرو هەوالانی خۆمان بڕیارماندا چەند کەس خۆبەخش بگەرێینەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هێنانی یارمەتی بۆ شۆرش کە ئەوکات بارزانی پەیوەندی بە هیچ وڵاتێکەوە نەبوو ، پێنج نەفەر کە بریتی بوون لە شەهید سولیمانی موعینی (فایەق)، شەهید مینە شەم، کەریم نەستانی، عەبدول نەستانی، بۆخۆم ڕسوڵ پێشنماز. سێ نەفەری ئاخر لەژیاندا ماوین لە ناوچەی پیرانشارا هەتا پاڵ وە سنە دەدا ئێمە بە درێژایی وپانایی سوراینەوەو پیتاکمان کۆ کردەوە، سێ کومیتەشمان پێک هێنانەوە بە ناوەکانی گۆڕموسا، بڵفەت وئاڕبابا کە سێ کێون لە ناو مەنگوران وناوچەی سەردەشت و بانە ئێمە سێ مانگمان پێ چوو گیروگرفتی هەرە گەورە، کێشەی ئاغاو خەڵکەکە بوو لەسەر ئەو تەقسیمە زەویە بوو کە شا کردبوی. بەشی هەرە زۆریمان چارەسەر کرد. لە تەواوی ئەو ناوەیەدا کە ئێمە ماینەوە عالەمەکە ئێمەیان بە بێچوە مەلایکە پێناسە دەکرد، ئەگەر شەوانەش لەسەر داخوازی خۆیان نەچوباینە کێوەکان لەناو ماڵ ومندالەکانی خۆیاندا جێگایان بۆ دیاری دەکردین بە ئەمانەتیشەوە دەڵێم هەموو کیژ وکورو گەورە وچکۆلە وەکوو کەس وکاری خۆمان تەماشا دەکرد ،هێندەیان پوڵ بۆ کۆ کردبوینەوە هەر پێنجمان یەکەی کۆلە پشتیکمان پڕ کردبوو و شەوانەش دەمانکڕد بە سەنیر بەڵام زۆر جار وا دەبوو پێلاوەکانمان دەڕزان بە ئەمانەتەوە دەڵێم دڵمان نەدەهات یەک پێڵاو بۆخۆمان بکرین یا یەک تمەن خەڕج بکەین. وا هەبوو لەسەر داخوازی خەڵکەکە ئەوەی پێڵاوی دڕابوو بۆیان دەگۆرینەوە زۆر جار وابوو بە سەعات لەسەر ئەو پێلاو گۆڕینەوە مەحتەل دەبوین ، لە هاتنەوەماندا هەرچی هێنابومان بە خەنجەری باش ودوربین وڕادوێی چکۆڵەو زۆر شتی ترەوە ڕادەستی شەهید ئەحمد تۆفیقمان دەکرد ئەویش کە لەباری ماڵی و ئەخلاقی و شەهامەتەوە نمونەو سەرتۆپی هەموان بوو بەدەست پاکیەوە تحویلی بارەگای بارزانی دەدان. ئەوە مشتێک بوو لە خەرواڕێک لە ڕابردوی پێشمەرگە لە ڕۆژە سەختەکاندا.
لە کۆتایی دا هیوادارم ئەو برادەرە دووبارە بچێ چاوێک بە مێژووی پڕ لە شانازی و سەروەری گەلەکەیدا بخشێنێتەوە کە چەندەها جار کەوتووین و هەستاوینەوە و دەرسێک بۆ مۆدێڕنە کردنی ڕەوتەکەی لە مێژووی کلاسیک وەربگرێ….
تێبینی: ھەندێ کەسی چەواشەکار دێن بۆ پاساو لە وتووێژو قسەکانی من بەکار دێنن، تەنیا بۆ ئەوەی کە شتێکیان ھەبێ و بڵاوی بکەنەوە، بەڵام ھیچ ڕێگە پێدراو نیە لەلایەن منەوە…
دڵسۆزی گەل و نیشتیمان
مەلا ڕەسوڵ پێشنماز
2025/11/18 وڵاتی سوئێد