کەم نین ئەو کەسانەی عەبدوڵلا ئۆجەلان وەک کاریزما سەیر دەکەن و لایان وایە تەنیا ئۆجەلانە کە دەتوانێ بڕیاڕ لە سەر چارەنوسی کورد بدا.

ڕاستە ئۆجەلان لە مەقتەعێکدا بە ئیرادەوە شورشێکی هەڵگیرساندو هەلومەرجێکی نوێی هێنایە ئاراوە کە بۆ ئەو سەردەمە ڕۆڵی کاریزمای دەگێڕا، بەڵام ئیتر ئۆجەلان ڕۆڵی کاریزماتیکی خۆی لە ناو کورددا دەست داوەوو هەر ئەندازە کە لە گەمە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان نزیک دەبینەوە لە ڕۆڵی کاریزماتیکی ئەو کەم دەبێتەوە.
زیادەڕەوییەکانی ئۆجەلان و ڕۆڵی کاریزماتی لە قۆناغی ئیستادا لە خزمەت ڕژیمی تورکدایەوو تورکن کە لە ناوچەکەدا کاریان گیرەوو لە فریادرەسێک دەگەڕێن خۆی پێ ڕزگار بکەن کە ئەو فریادڕەسە ئۆجەلانە.
تورکەکان بە پێی ئەزمون و خیبرەیی لە کاری ئیتلاعاتی و ئەمنییدا دەزانن چۆن ئۆجەلان بۆ مەرامی خۆیان بە کار بێنن. چەند ساڵ پێش ئیستا لە گەڵ یەک لە وەکیلەکانی ئۆجەلان قسەم کرد و هەندێ پرسیارم لێ کرد. وتی چونکە ئۆجەلان پیاهەڵگوتنی زۆر پێ خۆشە، میتی تورکیش لە ڕێگای پسپۆڕە دەرونییەکانی خۆیانەوە بە شێوەیەک قسەی لە گەڵ دەکەن کە ئەو لای وابێ گرنگترین کەسایەتی کوردو دنیایەوو وا تێدەگا بە بێ ئەو هیچ مەوزوعێک چارەسەر نابێ. تورکەکان پێی دەڵێێن تۆ چیت کە خەڵک ئەوەندە عاشقتن و کتێبەکانت بۆیان ئیلهام بەخشە؟ …..ئۆجەلان ئەم یەکدەستییەی بەرپرسانی تورک بە راست وەردەگرێ و لەو لاشەوە ڕژیمی تورک لە کاناڵەکانی خۆیەوە بەرپرسانی پ.ک.ک ئاگادار دەکاتەوە کە ئۆجەلان لە زینداندا بەرخۆدانێکی مەزن دەکا!! من خۆم زۆر جار ئەم ڕستەم لە بەرپرسانی پ.ک.ک بیستوە.
نەک هەر ڕێبەرێکی سیاسی هاوچەرخ بەڵکو مرۆڤێکی ئاسایی کە دەکەوێتە زیندان تێدەگا کە لە زیندان دەبێ هەوڵ بدا کەمتر بڵێ تا باری سووکتر بکا بەڵام ئۆجەلان بە پێچەوانەوە لە سەر هەموو بەشەکانی کوردستان قسەدەکاو خۆی بە خاوەن ماف دەزانێ.
بۆ نموونە بە نیسبەت ڕۆژئاوای کوردستانەوە ئەگەر ئۆجەلان مرۆڤێکی سیاسی دوور ئەندیش بوایە یا ئاگای لە واقعییەتی سیاسی ناوچەکە بوایە یا ئۆجەلان خۆی بوایە، دەبوو بڵێ ڕۆژئاوای کوردستان لە دەرەوەی ئیرادەی منەوو من تەنیا بەرپرسایەتییم لە هەمبەر باکوری کوردستان هەیە، بەڵام هەڵەکانی ئۆجەلان بە نیسبەت ڕۆژئاوای کوردستان یەک و دوو نین، نامە ناردن بۆ عەشیرەتەکانی عەرەب، داوای دیدار لە گەڵ مەزلوم عەبدی، وە قسەکانی ئەم دواییانەی لە دیدار لە گەڵ هەیئەتی پاڕڵمانی سەبارەت بە ڕۆژئاوا مەترسی زاوو ئیسپاتی بیانوە بۆ دەخاڵەتی تورکیە لە رۆژئاوای کوردستان.
سەیر ئەوەیە تورکیە هیچ هەنگاوێک بۆ هەڵوەشانی پ.ک.ک نانێ و حسابیان بۆ نەکا؟ هەرچەند نییەتی تورکیە لەو بارەوە ڕوونەوو پ.ک.ک ی بۆ بیانوو لە دوارۆژدا هێشتوەتەوە.
بۆ تورکەکان قورس نییە هاوشێوەی ٢٠١٥ بە کوشتنی دو سەرباز دۆخەکە بگەڕێنێتەوە خاڵی سفروو دواتر پ.ک.ک ش لە ئەستۆی بگرێ. سەیر ئەوەیە ئۆجەلان لە دیدار لە گەڵ هەیئەتی پاڕڵمان بە ئاکام نەگەیشتنی وتووێژی ٢٠١٣ ی خستوەتە ئەستۆ فەتحوڵا گولەن و بەم جۆرە ئادرەسی غەڵەت بە دەوروبەریانی دەدا یا باشتر بڵێێم ڕژیمی ئەردۆغان لە تاوان بێ بەری دەکا.
بە کورتی بە دەیان بەڵگە دەسەلمێندرێ کە تورکەکان یاری بە ئۆجەلان دەکەن بەڵام چونکە ئۆجەلان لە زینداندایە ناکرێ چاوەڕوانیی زیاترمان لێی هەبێ بەڵام قبوڵی ئەو یارییە قێزەونە لە لایەن پەیڕەوانی ئۆجەلانەوە کوشەندەیە.
سەرچاوە: لاپەڕەی نووسەر