لە مەڵبەندی پیرانشار خۆشەویستێکی خەڵک و پێشمەرگە بەنێوی ”ئەحمەد ئۆغەنی” لێ بوو. شەهید ئەحمەد پەپوولەئاسا، ساویلکە (دەلوووار) و کەمئەندام بوو، بەڵام کە گوێی لە قسەیەک دەبوو، لەبیری نەدەچوو، هەر دەیکوت و دەیکوتەوە.

شەهید سەید ڕەسووڵی دێهقان ”بابی گەورە” فەرماندە هێزی ئاوارەی (قەندیل) حدکا هەتا لەوێ بوو، زۆربەی کاتەکان دەگەڵ خۆی دەیگێڕ، هەم خزمەتی دەکرد و هەم قەڵسی دەکرد بۆ ئەوەی جنێو بە ماڵی ”بابی گەورە” بدات. هەر بۆیەش ئەحمەد ئۆغەنی کە قسەت دەگەڵ دەکرد، لەپێش هەموو شتێکدا جنێوی بە ماڵە بابی گەورە دەدا.
دوای کاک شەهید سەید ڕەسووڵ، شەهید مام قادر ئیفتخاریش وەک فەرماندەی هێزی ئاوارە میراتی ئەوی گرتبۆوە. ئەحمەدی دڵپاک و ساوا زۆر کەم وەبەر بنکەکانی دیکەی حیزب دەکەوت، هەرچەندە خێر و بەرەکەتیش نەبوو، چونکە پاتۆڵی لە پێشمەرگەکان دەبڕی (پیسی دەکردن)، ڕۆژی دەبوو دوو سێ جار پاتۆڵی بۆ بگۆڕن و بیشۆنەوە. لە کۆبوونەوەکاندا ئەحمەد قەت دەر نەدەکرا.
مام قادر دەگەڵ خۆی هێنابووی بۆ کۆبوونەوەیەک، لای ئێمە لە کۆمیتەی ناوچەی پیرانان لە ئاوایی میشەدێ.
لە بەهاری ١٣٦٢ی هەتاویدا دوژمن بەتەما بوو هێرش بکاتە سەر ناوچەی ”گەدە” و ”دۆڵی میشەدێ”. بنکەی هێز و کۆمیتەی ناوچەی پیرانان و دەستەیەک لە لکی ١ و دەستەیەک لە لکی ٣ لە ئاوایی میشەدێ بووین. مام قادر هاتە بنکەی کۆمیتە و بەپەلە کۆبوونەوەیەکمان گرت. بڕگەی ئاخیری کۆبوونەوەی هێز و کۆمیتەی ناوچەی پیرانان لەسەر سەروەت و سامانی حیزب بوو، بۆ ئەوەی ئەموالی حیزب وەک چەکە قورسەکان و ماشێن و تەراکتۆر بە شێوەیەک لەناو بەرین کە نەکەونە دەست دوژمن. تۆپێکی ١٠٥ی دوورهاوێژ و ١٠٦ێکی سەر جیب و چەند ماشێنێک لە گەرووی ”دۆڵەڕەشێ”، لە سەرەوەی دێی میشەدێ داپۆشرابوون و حەشار درابوون. تەراکتۆری کۆمیتەی ئێمەش کە لە جیهادی سازەندەگیی پیرانشار گیرابوو، ئەویش بەهەمان شێوە لەوێ بوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ مام قادر دوای مشتومڕێکی زۆر نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێک. ئێمە وەک تەشکیلاتی حیزب بڕیارمان دابوو هەموو ئەموالی حیزب، ئەوەی بۆمان دەرباز نەبێ، لە گەرووی دۆڵەڕەشێ لەناوی بەرین و بیسووتێنین. مام قادریش وتی: ”من بەهیچ شێوەیەک ئامادە نیم و ئەو کارە ناکەم، با بکەونە دەست دوژمنیش.”
دوای گیرانی ناوچەکە، دووبارە پێشمەرگە ئەو شوێنانەی گرتەوە. فەرماندەی هێز، کۆبوونەوەیەکی بەرین لە ناوچەی نەڵێن (سێوێ گەدە) بۆ بەشی نیزامی پێک دێنێ. لەو کۆبوونەوەیەدا شەهید قادر ئیفتیخاری لۆمەی چەند سەردەستەیەک دەکات کە ئەرکی خۆیان لەو هێرشەدا وەک پێویست بەجێ نەهێناوە و ئەموالی حیزبیان بەهەدەر داوە و لە کاتی خۆیدا ڕانەگوێزراون. بەتایبەتی ناوی چەند سەردەستەیەک دێنێ و دەڵێ: ”دەبێ سەرکۆنە بکرێن و سزا بدرێن.”
لەو کۆبوونەوەیەدا شەهید ئەحمەد هەڵدەستێتە سەر پێ و دەڵێ: ”بابی خۆت و بابی گەورەت دەگێم، ئەدی ئەتوو تۆپەکەت بەگرتن دا، بۆ کەس نەیگرتی؟” شەهید ئەحمەد کۆبوونەوەکەی لە سەرکۆنەکردنڕا وەردەگێڕێتە سەر پێکەنین. کا عەلی چەشمەگۆلێ، بابی شەهید قادر ئیفتیخاری کە ئەویش لەوێ دەبێ، واق دەمێنێ کاتێک گوێی لەو جنێوانە دەبێ و هەڵدەستێتە سەرپێ و دەڵێ: ”قادر ئەوە چییە؟ چ باسە؟” ئەوانیش نەقڵەکەی بۆ دەگێڕنەوە و کا عەلی چەشمەگۆلێش دەڵێ: ”وەی هەزار ڕەحمەت لە بابت ئەحمەد، بۆ ئەو قسە ڕاست و هەقەت.”



سەید عەلی هاشمی