بەداخەوە مام ئەحمە ئێوارەی شەممە 205/11/29 لە نەخۆشخانەی شاری مۆس، وڵاتی نوڕوێژ بەهۆی نەخۆشی و بەساڵداچوون ماڵئاوایی لەژیان کرد. مام ئەحمەدی خاڵ حەمەی یەکێ لە کادرە ماندوونەناس و بە تواناکانی گۆڕەپانی خەبات بوو.

مام ئەحمەد کادرێکی خۆشناو، خۆشەویستی خەڵکی کوردستان بە تایبەت ناوچەی مەنگوڕانی مهاباد بوو.
روحی شاد بێ و رێگەی بەردەوام بێ و وەک سایتی پێشمەرگەکان سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکار و هاوڕێیانی مام ئەحمەد دەکەین.

نووسینی کاک سەلاح پیرۆتی لەم بارەوە
ماڵئاوایی تێکۆشەرێکی دێرینی دێمۆکڕات
لە نێو ئەو شۆڕشگێڕانەی لە دژی ڕێژیمی کوردکوژی خومەینییدا خەباتی کرد، حەمەدی خاڵ حەمەدی هەرە کەسایەتییەکی بەرچاوە کە دوای ئەوەی تێکۆشانی خۆم لە مەڵبەندی سپیسەنگ ڕا بۆ هێزی شەهید پێشەوا گوازتەوە لەگەڵی ئاشنا بووم. ئەو لە نێو هەموواندا مرۆڤێکی بەرچاو و نموونەی خۆڕاگری و ئەخلاق بوو. وەک کولتورێکی باو لە نێو گەلی کورددا چونکە تەمەنی لە سەرووی زۆربەی پێشمەرگەکان بوو، زۆرمان ڕێز لێ دەگرت.
لە کاتی چوونەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ نێو ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی ڕێژێمی کۆماری پەت و سێدارەدا، خاڵ ئەحمەد هەر دەم پێشەنگ بوو؛ لەمەش زیاتر، لە دابینکردنی شوێنی مانەوە، چوون بۆ گوندەکانی ناوچەی مەنگوڕان و دابەشکردنی پێشمەرگە بەسەر ماڵەکاندا و دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگە و تەنانەت حەشاردان و پاراستنی دەستکەوتی وەک چەکو چۆڵی پێشمەرگە لە کاتی جەنگدا، کە ڕاگواستنیان دەستبەجێ بۆ پێشمەرگە بەگرفت بوو، پشتیوانێکی هەمیشەیی و جێگای دڵگەرمی بوو.
هەڵبەت تێکۆشانی خال حەمەد تەنیا چوون بۆ نێو خەڵک و بەجێگەیاندنی کاری سیاسی نەبوو. لە کاتی دەستپێکی سەرماوسۆڵ و گەڕانەوەی پێشمەرگەکان لە ناوچە و مانەوەیان لە ماوەی زستان لە بناری قەندیلدا، واتا لە ماوەی ئەو پشوودانەکورتەی پێشمەرگەش، ڕۆژانە سەرقاڵی کارکردن بوو و وەک مرۆڤێکی بەسەلیقە سەری لە زۆر کاران دەردەچوو: لە نێویاندا سازکردنی شوێنێکی هەرچەند سەرەتایی بۆ پێشمەرگەکان کە زۆر کاریگەر بوو و هەرگێز لە بیر ناکرێت و لەو ماوە مانەوەشدا خاڵ حەمەد لە نوکتەگێڕانەوە و قسەخۆشی بە مەبەستی گەرمکردنی کۆڕی هاوسەنگارانییدا گەلێک شارەزا بوو.
لە هەمووی گرنگتر خاڵ حەمەد تایبەتمەندێکی هەرە بەرزی تری هەبوو کە زۆربەمان لێی بێبەش بووین، ئەویش بەشداریکردنی لە خەباتی چەکدارانەی ٤٦ و ٤٧دا بوو. ئەو ئەزموونی مانەوەی پێشمەرگەکان لە قەڵاتی شا و ناوچەکانی مەنگوڕانی بۆ ئێمە دەگێڕایەوە کە چۆن لەو سەردەمیدا هاوکاری دەکردن.
پێشمەرگەکانی هێزی دمدم و کومیتەی شاڕستانی نەغەدە، کە پاشان دەگەڵ هێزی شەهید ئاوارە و کومیتەی شاڕستانی پیرانشار بوو بە مەڵبەندی سپیسەنگ، لە ناوچەی سەرشاخان لە نزیک مهابادێ بووین. ڕێژیم کە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوو پێشمەرگە لە داو بخات، ناچار کراین کە پەنا بۆ قەڵاتی شای بەرین و بۆچوون بۆ ئەم شوێنەش تەنیا کەسێکی لە نێوماندا شارەزا و دەیتوانی یارمەتیدەر بێت، حەمەدی خاڵ حەمەدی بوو.
ئەم بیرەوەرییە دەگەڕێتەوە بۆ ١٣٦٦ی هەتاوی (١٩٨٧ی زایینی)، کاتێک لە ناوچەی مەنگوڕایەتی بووین، ناچار بووین چەند شەوێک لە قەڵاتی شای، نێوان مهاباد و پەسوێ دا، بمێنینەوە چونکە دوژمن دەیزانی کە پێشمەرگەکان لە ناوچەن و لە پێش گوندەکان کەمینیان دادەنایەوە. لە بەرئەوەی خاڵ حەمەد لە ناوچەکەدا خەڵک دەیناسی بە تێکۆشانی خۆی توانی خواردنی چەند ڕۆژمان لە قەڵاتی شای بۆ دابین بکات.
مانەوە لە قەڵاتی شای ئەویش بۆ یەکەم جار و لەو بەرزاییە بڵیندە بۆ من هەم ئەزموونێکی نوێ و هەم بەتایبەتی شوێنێکی دڵرفێن و بۆ خۆڕاگری سەنگەری گەلێک قایمی هەبوون .
ڕۆژێکیان تازە لە کیسەخەوەکەم هاتبوومە دەرێ و چاوم بۆ ئەو دیمەنە پڕ لە هەیبەتی قەڵاتی شایدا دەڕوانی، ئەوەندەم دیت خاڵ ئەحمەد هات و گوتی: ”دەگەڵم وەرە با بچین هێندێک کارگان (قارچک) کۆ بکەینەوە”. هەڵبەت ئەمیش کە عەوداڵی کارگ بووم لە ماوەیەکی زۆر کورتدا کارگێکی زۆرمان کۆکردەوە و هی وا هەبوو بە قەت دەورییەک گەورە بوو کە لە تەواوی ژیانمدا ئەوە یەکمجار بوو کارگی ئەوەندە گەورە ببینم. لە کاتی گەڕان بە دوای کارگاندا خاڵ حەمەد گوتی، جا وەرە با پێت نیشان بدەم کە ئەو جۆرە کارگانەش هەن کە زۆر ژەهردارن و مرۆڤ بیخوات بۆی هەیە تەنانەت بمرێت. پاشان گوتی: ”جا وەرە با گیایەکی دیکەت پێ نیشان بدەم کە ڕەنگە قەت نەت دیتبێت. خاڵ حەمەد دەیزانی کە خەڵکی ناوچەی شاروێرانم و لەو ناوچەیەش ئەو جۆرە سەوزییە نەبوو. ئەوەی خاڵ حەمەد پێی نیشان دام ”کوڕادە” بوو کە هەر دەستبەجی هەستم کرد کە بۆنێکی تیژ و شێوە بۆنێکی وەک سیر و پیوازی لێ دەهات. خاڵ ئەحمە گوتی، ئێستا ئەو کارگانە بەو کوڕادەیەی لێی دەنێین، بزانە چی لێ ساز دەبێت… ئەو پێشتر بیری ئەوەشی کردبۆوە کە هێندێک ڕۆنیش لەگوندەکان لە گەڵ خۆی بهێنێت بۆ ئەوەی ئەو شێوەی پێ ساز بکەین. لە کاتی خواردنی کارگ و کوڕادەدا هەر دوعای خەیر بوو پێشکەشی خاڵ ئەحمەد دەکرا.
ئەوە یەکەمجار بوو کە قەڵاتی شای ببینم کە مانەوە و هەرچەند بۆ چەند شەویش لەو بەرازییە بڵندەدا هەستێکی خۆڕاگری و بەرخودانی بە ئێمە بەخشی کە دوژمن نەیوێرا خۆی لێ بدات و ئەوەش کە خاڵ حەمەد وەک کەسێکی بەئەزموون چۆن توانی لەو دۆخە ئاستەمەدا نەهێڵێت کە پێشمەرگەکان کەم و کوورییان بۆ پێک بێت.
خاڵ حەمەد، ئەوەندەی ژیا قەت لە تێکوشان نەوەستا، تەنانەت بەو تەمەنەش زستانانە کە دەگەڕاینەوە بۆ بناری قەندیل بەردەوام خۆی فێری نووسین و خوێندنەوە دەکرد کە داستانی گەلێک دوور و درێژی سەبارەت بەو ئەزموونە هەبوو.
لە ماڵئاوایی حەمەدی خاڵ حەمەددا، گەلی خەباتگێری ئێمە و حیزبی دێمۆکڕات کە هەمیشە ئەو شانازی بە ئەندامبوونی دەکرد و هەموو تەمەنی خۆی لە پێناوی دا خەباتی کرد، یەکێک لە باشترین و بەئەمەگترین ئەندامی خۆی لەکیسدا، مرۆڤێک کە هەرچی لە توانای دابوو بۆ سەرخستنی گەلەکەی دریخی نەکرد.
گیانت شاد حەمەدی خاڵ حەمەدی تێکۆشەر و خۆشەویستی خەڵک و پێشمەرگە. سەربەرزبووم بە ناسینینت، بە تێکۆشان و بە هاوسەنگەربوون لە گەڵ تۆی خۆبەخش و خۆڕاگڕدا.
سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و ئاشنایان و هەموو هاوسەنگەرانت دەکەم کە دڵنیام هەم خەڵکی ناوچە و هەم هاوسەنگەرانی تۆ وەک هێمای خەباتکارێکی کۆڵنەدەر لە یادیان بە پڕشنگداری دەمێنێیەوە.
