شەوی ٢٧ی ئەو مانگە ھێرشی دڕۆنی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆِرمۆڕ لەسنوی ناحیەی قادرکەرەمی سەر بەقەزای چەمچەماڵ، کە بەھۆیەوە کارکردنو بەرھەمھێنانی غاز لەکێڵگەکە وەستا، جگە لەوەش کارەبای شارەکانی کوردستان بەھۆی ھێرشەکە کوژایەوە،

گومانو ئاماژەکان روەو ئەو ئاڕاستەیەن کە ئەنجامدەرانی ئەو هێزانە بن بە بەرەی ”مقاوەمە” ناودەبرێنو شەڕی بە”وەکالەت” بۆ ئێران دەکەنو لەلیستی ”تیرۆر”ی ئەمەریکادان، بەرەی مقاوەمەی عێراقیش ئەوە رەتدەکاتەوە کە ئەوان ”لەپشت ئەم هێرشەوە بن”.
کۆڕمۆڕ گەورەترین کێڵگەی بەرھەمھێنانی نەوتو غازە لەھەرێمی کوردستانو عێراق، دەکەوێتە سنوری ناحیەی قادرکەرەمی سەر بەقەزای چەمچەماڵ، سەرچاوەی دابینکردنی وزەی کارەبایە بۆ ھەموو شارەکانی ھەرێمی کوردستانو بەشێکی عێراق، ھەروەھا کۆمپانیای دانەغازو نەوتی ھیلالی کاری تێدا دەکەن، کێڵگەکە سێ جۆر بەرھەم دەھێنێـت: گازی سروشتی، نەفتا،LPG ، ئەو ھێرشە دڕۆنیەی کراوەتە سەر کێڵگەکە، کۆگای غازی LPG بووە.
ھێرشی دڕۆنی بۆ سەر کێڵگەی کۆڕمۆڕ یەکەمجار نیەو لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەند جارێکی تریش ئەو ھێرشانە دووبارە بونەتەوە، شارەزایەکی بواری سەربازی پێیوایە ئەو ھێرشانە بەرلەوەی سەربازی بێت سیاسیە، ئەوان دەیانەوێت بەگورزی سەربازی سیاسەتی خۆیان بچەسپێنن، چونکە ئەو کێڵگەی غازەی کۆڕمۆڕ بریار وابوو لەداھاتوودا غازی ھەموو عێراق دابین بکات، ئەوەش لەبەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێیە نیە.
لیوا عادل کاکەیی، شارەزای بواری سەربازی لەبارەی ھێرشەکەی سەر کۆڕمۆڕ لەلێدوانێکی بۆ ئاوێنە وتی ”بەھۆی ئەوەی کێڵگەی کۆڕمۆڕ ئاستی بەرھەمھێنانی بەرز دەبۆوە، ئەوەش لەبەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ نەبوو، ھەربۆیە لەرێگای خەڵکی خۆیانەوە ئەو ھێرشانەیان کردووە بۆ ئەوەی ئەو کۆمپانیایانەی لەو کێڵگە کار دەکات واز لەبەرھەمھێنان بھێننو کوردستان جێبھێڵن”.
وتیشی ”ئەو ھێرشانەی کراوەتە سەر کۆڕمۆڕ لەناو خاکی عێراق بوەو لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێمە، ئەو ناوچانە لەژێر چاودێری ئەمەریکاو وڵاتانی ناوچەکەدایەو چاوی دونیای لەسەرە،ھەر بۆیە ئەگەر بیانەوێت شوێنک بپێکن نزیکترین شوێن دیاری دەکەن لەو ناوچەیە بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبێت ”.
ناوبراو ئاشکرای دەکات کەوا ئەو درۆنانە لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لەنێوان دوزو داقوقو نزیک بەرزاییەکانی قەرەتەپە ئاراستەکراون، چونکە ئەو شوێنانە نزیکترین شوێنن لەکێڵگەی کۆڕمۆڕ، ئەو وتی ”شەری دوانزدە ڕۆژەی ئیسرائیلو ئێران یەکلانەبۆتەوەو ئاشتی دوای شەڕ رووینەداوە، بەو مانایەی ھەردوو لایەن رازی نین بەو مەرجانەی کە تێیدا ئاشتی بکەن، ھەربۆیە ئەگەر ئەوجارە شەڕ دروست ببێتەوە سەختر دەبێتو درێژەی ھەیەو یەکلایکەرەوەش دەبێت، ئەم هێرشەش ئەوەی تیا دەخوێنرێتەوە بەشێکە لەململانیەو درێژەدان بەو شەڕەی لەناوچەکەدا لەئارادایەو چەندین پەیامی جیاواز لەخۆدەگرێت”.
سەبارەت بەدانانی سیستەمی بەرگری لەکێڵگەی کۆرمۆڕ عادل کاکەیی روونیدەکاتەوە کەوا سیستەمی بەرگری ھەم خەرجی زۆری دەوێت، ھەم کاتی زۆری دەوێت بۆ دروستکردنی، ھەم دەبێت وڵاتیکی بەھێزیش ئەو سیستەمەت بۆ دابین بکات، ئەو وتی ”بەزەحمەتی دەزانم ئەو سیستەمە دابنرێت،چونکە ئێمە دەوڵەت نین داوای بکەین، عێراقیش کەخۆی لێتدەدات چۆن رێگە دەدات سیستەمی بەرگری دابنێت”.
لەلایەکی ترەوە ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە پێی وایە ئەو ھێرشانەی ئاراستەی کۆڕمۆڕ کراوە لەلایەن ئەو گروپانەی کە ھێشتا نەخراونتە ژێر فەرمانی فەرماندەیی ھێزە چەکدارەکانی عێراقو ئەوانەشی خراونەتە لیستی تیرۆر، ھەوڵدەدەن ئەو شوێنانە بەئامانج بگرن بەبیانوی ئەوەی ئەوان پێیانوایە ھەرێمی کوردستان ئەو گازە بەرەو ئەوروپا بەرێ دەکات، لەکاتێکدا ئەگەر بەو شێوەش بێت دەبێت لەرێگای عێراقەوە بێت، ھەر وەکو چۆن نەوت لەرێگای سۆمۆوە دەفرۆشرێت .
جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بەھێرشی دڕۆنی بۆ سەر کێڵگەی کۆڕمۆڕ بەئاوێنەی راگەیاند ”کێڵگەی کۆڕمۆڕ پرۆژەیەکی ستراتیژی گرنگە بەلای حکومەتی ھەرێمەوە ھەم بۆ دابینکردنی گاز، ھەم بۆ دابینکردنی کارەبا، ھەربۆیە بەردەوام ئەو شوێنە بەئامانج دەگیرێت، سەڕەڕای ئەوەی کە راگەیاندراوە ئەو کێڵگانە بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانی ھەرێمی کوردستانو بەشێک لەعێراقە، بەڵام بەبیانوی ئەوەی کەوا ئەو گازە بەرەو ئەوروپا بەرێ دەکرێت زۆر جار بەئامانج دەگیرێت لەلایەن ئەو ھێزانەی لەدەرەوەی ھێزە چەکدارەکانی عێراقن”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کەوا پێش ئەوەی نەوت بەبۆڕیو لەرێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێت ھێرشکرایە سەر کێڵگەکان، لێکۆڵینەوەیەکی خێرا کرا لەنێوان حکومەتی عێراقو ھەرێم دەرکەوت یەکێک لەو گروپانەن کە تا ئێستا نەچونەتە ژێر فەرمانی فەرماندەیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق کە پێیاندەڵێن ”گروپی مقاوەمە”وھەروەھا ئەو گروپانەی لەلیستی تیرۆری ئەمریکدان ئەنجامدەری هێرشەکان بوون، یاوەر وتی ”زۆربەی ئەو بۆردومانو درۆنانەی ئاڕاستەی ھەرێمی کوردستان کراون، کە پێشتر بۆردومانی بنکەو بارەگاکانی ھاوپەیمانان کراوە لەھەرێم، بەتایبەت فرۆکەخانەی ھەولێرو فرۆکەخانەی ھەریرو ھەروەھا بۆردومانی کێڵگە نەوتیەکان، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە لەلایەن ئەو گروپانەوە بووە، بەڵام بڵاونەکراوەتەوەو لێپرسینەوە نەکراوەو سزاش نەدراون، ھێرشی ئەوجارەش بۆ کێڵگەی کۆڕمۆڕ بەھەمانشێوەی بۆردومانەکانی جارانەو لەھەمان ئەو ناوچانەوە کراووە کە لەژێر دەسەڵاتی ئەو گروپانەیە، ھەربۆیە تەواو گومان دەبردرێت ئەو گروپانە بن”.
لەبارەی دانانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ ئەو کێڵگانە، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە وتی ”سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو دوو بەشە، سیستەمی چاودێری ئاسمانیە، بەشێکی تری سیستەمی بەرگری ئاسمانیە، ئەو دوو سیستەمەش بەیەکەوە کار دەکەن، ھەروەھا دەبێت بەرنامەڕێژ بکرێت بۆ ئەوەی ئەو فڕۆکانەی دێنە ئاسمانی ئەو ناوچەیە لەوێنەی فرۆکەی جەنگی، فرۆکەی بێ فرۆکەوان، یان رۆکێت، ئەو سیستەمانە پێویستە لێکی جیابکاتەوە لەوەی کام جۆری فڕۆکەیە، لەبەرئەوەی ئاسمانی عێراق لەژێر سیادەی عێراق نیە ناتوانێـت ئەو کارە بکاتو جیاکاری لەنێوان ئەو فڕۆکانە بکات”.
یاوەر ئەوەشی خستەرو کەوا تا ئێستا لەعێراقدا سیستەمی چاودێری سەرتاسەریو سیستەمی بەرگری سەرتاسەری نیە کە ئەوەش یەکێکە لەکێشە گەورەکانی عێراق، ئەو وتی ”سیستەمی بەرگری بودجەیەکی زۆری دەوێت بەتایبەت سیستەمە نوێکانی وەکو پاتریۆتی ئەمریکی، ئێس سێ سەد، ئێس چوار سەدی رووسی، زۆر گرانن، ھەروەھا پێویستە پێشتر راھێنانی زۆر لەسەر بەکارھێنانی ئەو سیستەمانە بکەن، ھەربۆیە ئەگەر ھەرێمی کوردستانیش بیەوێت بیکڕێت بودجەی پێویستی نیە، لەھەمانکاتیشدا ڕەزامەندی عێراقیشی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانن ئەو سیستەمە دابنرێت ”.
سەبارەت بەخۆپاراستنو رێگری کردن لەدوبارە بوونەوەی ئەو بۆردومانانە، یاوەر تیشکی خستەسەر ئەوەی کەوا ”پێویستە حکومەتی عێراق دوای دەستنیشانکردنی لایەنو کەسەکانی ئەو گروپانە سزایەکی توندیان بدات، ھەروەھا چارەسەرێک بۆ ئەو گروپانە بدۆزرێـتەوە کە لەژێر فەرمانی فەرماندەیی ھێزە چەکدارەکان نین، چونکە ئەو گروپانە تەنھا بۆردومانی ھەرێم ناکەن، بەڵکو ئەوانە بۆردومانی ھەندێک ناوچەی سوریاشیان کردووە، ھەروەھا لەکاتی شەڕی نێوان ئێرانو ئیسرائیل بۆردومانی ھەندێک ناوچەی باکوری ئیسرائیلیان دەکرد، ھەربۆیە پێویستە عێراق کۆنتڕۆڵی ئەو گروپانە بکات ”.
وتیشی ”عێراقو ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیو ھەرێمی کوردستان پێویستە شێوازێکی پاراستنی ئەو شوێنانە بدۆزنەوە، چونکە کێڵگە نەوتیەکانو کێڵگەی کۆڕمۆڕ سەرچاوەیەکی گرنگی داھاتو غازو کارەبان بۆ عێراق، زۆر گرینگە عێراق ھەنگاو بنێت بۆ ئەوەی سیستەمێکی چاودێری ئاسمانیو بەرگری بەھەرێمی کوردستانشەوە دابین بکات”.
هاوکات لەگەڵ ئەم گومانەندا، بەرەی مقاوەمەی عێراقی لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەڵێت ”تۆمەتبارکردنی مقاوەمەی عێراقی لەلایەن میدیای چەواشەکارەوە بە هێرشەکەی سەر کۆرمۆر، دەستی لایەنی چەپەڵی لەپشتەوەیە کە دەیانەوێت پرسەکان بشێوێنن و ململانێی هەرێمی پەردەپۆش بکەن”.
دەشڵێت ”ئامادەین بەشدار بین لە لێکۆڵینەوە لە دەستدرێژییە دووبارەبووەکان و بە تایبەتی ئەوانەی ژێرخان و سەرچاوە نشتیمانییەکان دەکەنە ئامانج”.

سەرچاوە: ئاوێنە