Hoppa till innehåll
Hem » خاوەنی کۆڕی سروودی چوارچرا، محەممەد نەقشبەندی ”میرۆ پیران”، سەید عەلی هاشمی

خاوەنی کۆڕی سروودی چوارچرا، محەممەد نەقشبەندی ”میرۆ پیران”، سەید عەلی هاشمی

مێژووی هەر نەتەوەیەک پڕە لە کەسانی فیداکار کە لە ڕۆژانی سەختی خەبات بۆ ڕزگاری نیشتمان، هاتوونەتە نێو ڕیزی شۆڕشگێڕان و گیان بەختکەران و بوونەتە بەشێک لە کاکڵەی ئەو خەباتە. ئەو کەسانە لە ناو مەتەرێزی کوردایەتیدا،

بە پێنووس، بە خوێندنەوەی سروودی دوژمن شکێنی ”چوارچرا” لە مەیدانی شەرەفدا، سنگی خۆیان کردۆتە قەڵغان لە ڕووبەڕوبوونەوەی داگیرکەرانی کوردستان. هەرگیز چۆکیان بۆ دوژمن دا نەداوە، بە پێنووس و شیعر و هونەر، وەک پێشمەرگەیەکی ناو مەتەرێزی شەڕەف، لاپەڕەکانی مێژووی پڕ لە شانازی ئەو نەتەوەیەیان بۆ نەوەی دوای خۆیان بەجێ هێشتووە.

قوتابخانەی خاکەلێوە لە کەمپی ”الطاش”

یەکێک لەو ڕووناکبیرانە ڕێزدار *محەممەد نەقشبەندی (میرۆ پیران)*ـە. لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٧ی زایینیدا ڕەوانەی کەمپی پەنابەرانی ”الطاش” لە ڕۆژئاوای شاری بەغدا کراوە. بەهۆی دۆخی دژواری ژیانی کەمپ و دوورە وڵاتییەوە، ناوبراو لە بەهاری هەمان ساڵدا دەستی داوەتە پیشەی مامۆستایەتی و قوتابخانەیەکی بە ناوی قوتابخانەی خاکەلێوە کردۆتەوە. ناوبراو ناوی ”خاکەلێوە”ی لەبەر چەند هۆکار بۆ قوتابخانەکەی هەڵبژاردووە:

یەکەم: پێشەوای نەمر قازی محەممەد لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەدا شەهید کراوە.

دووەم: خاکەلێوە ناوی یەکەم مانگی ساڵ و هێمای بەهار و ژیانەوەی سرووشتی کوردستانە. لەم مانگەدا زەوی دەژێتەوە و دووبارە گیا شین دەبێتەوە، مەڕوماڵات بە لێوەکانیان چێژ لە تامی چوزەی گیای تازە شینبوو وەردەگرن.

سێهەم: خاکەلێوە ناوێکی کوردی بوو، کە دیارە لەو سەردەمەدا قوتابخانەکان زیاتر بە ناوی مامۆستاکانیانەوە دەناسران.

دامەزراندنی کۆڕی سروودی چوارچرا

مامۆستا محەممەد لە نێو کەمپەکەدا، لەبەر هۆگری زۆری بۆ مێژوو و ئەدەبی کوردی، بەشێک لە کاتەکانی خۆی بە خوێندنەوەی کتێبی مێژوویی، شیعر و هونەر و بەرهەمی شاعیرە ناودارەکانی کوردەوە تەرخان کردووە. بۆ ئەوەی کۆڕێکی نیشتمانیی جیاواز پەروەردە بکات، دەستی دایە کاری هونەری شۆڕشگێڕانە و ئەو بابەتەی وەک وانەیەکی تایبەت بە بابەتەکانی قوتابخانەکەی زیاد کرد. ناوبراو کۆڕێکی سروودی بە ناوی کۆڕی سروودی ”چوارچرا” دامەزراند، کە ئەویش لەبەر سۆزی بۆ بوێری و چاونەترسی و لەخۆبوردوویی پێشەوای شەهید قازی محەممەد بووە، کە لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباددا لە سێدارە درا.

هەنگاوێکی گرینگی دیکەی ناوبراو ئەوە بوو کە سەرجەم ئەندامانی کۆڕەکەی لە کچان پێک هێنابوو. دیارە دژواریی ژیانی ناو کەمپ و باری کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمە کۆسپ بوون بۆ ئەوەی کچانیش بتوانن شانبەشانی کوڕان لە کاری هونەری، کۆمەڵایەتی و قوتابخانەکاندا چالاک بن. ئەو هەوڵەی مامۆستا محەممەدیش، بە یارمەتی و پشتگیریی دڵسۆزان، ئەو بەستەڵەکەی سەر ڕێگایانی شکاند و تواندەوە و ڕێچکەشکێن بوو بۆ ئەوەی کچانیش بێنە ناو کۆڕی خەبات و تێکۆشان.

پەیامی کۆڕی چوارچرا و کارەساتی شەهیدبوونی د. قاسملوو

لە ساڵی ١٩٨٩دا کۆی بەرهەمەکانی کۆڕی سروودی چوارچرا گەیشتە ٢٤ ئاوازی شۆڕشگێڕی. مامۆستا محەممەد پاشان بۆ تۆمارکردنی بەرهەمەکان، پەیوەندی بە نوێنەرایەتیی حیزبی دیموکرات لە شارەکانی بەغدا و سلێمانییەوە دەکات. ئەوانیش بە دڵفراوانییەوە پێشوازییان لە کارەکانی کرد و بابەتەکەیان ڕەوانەی کۆڕی هونەری حیزبی دیموکرات لە قەندیل کرد. دوای لێکۆڵینەوەی هونەری لە کارەکان، داخوازییەکەیان ڕەوانەی کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی حزب و سەرئەنجام دەفتەری سکرتێری گشتیی حیزب دوکتۆر قاسملوو کرد. دوکتۆر قاسملوو وێڕای پشتیوانیی گەرم لە کارەکانی، بەڵێنی ئەوەی دابوو کە پاش ئەوەی لە سەفەری دەرەوەی وڵات بگەڕێتەوە، ئیمکاناتی پێویست و کارئاسانی بۆ ئەو کۆڕە بکات.

دوای ماوەیەکی کورت، هەواڵی شەهیدکرانی دوکتۆر قاسملوو لە دەرەوەی وڵات بڵاو کرایەوە. ئەو هەواڵە دڵتەزێنە کاریگەرترین هەواڵی ناخۆشی ژیانی هەر نیشتمانپەروەرێک بوو. کارەساتی لەدەستدانی دوکتۆر قاسملوو، تەواوی ڕۆح و جەستە و بیر و هۆشی هەر کەسێکی دڵسۆزی نیشتمانی، بە فرمێسک و هەنیسک (نزگەرە) و هەناسەی سارد بۆ ڕەنجەڕۆیی نەتەوەکەی کردە دیارییەکی تاڵ.

د. قاسملوو ڕێبەرێکی زانا و دانا لە بواری ئەکادیمی، بلیمەت و کاریزماتیک لە مەیدانی سیاسەت و دیپلۆماسیدا بوو، لە خەباتی نەتەوەیی کورد و پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا کەم وێنە بوو. دوکتۆر قاسملوو ڕۆڵ و کاریگەرییەکی بەرفراوانی بۆ بزووتنەوەی هەموو کورد لە چوارپارچەی کوردستاندا هەبوو. بۆیە لەدەستدانیشی کارەسات و ئەنفالێکی دیکە بوو بۆ نەتەوەکەمان.

بەو هۆیەوە، مامۆستا محەممەد شیوەنی لەدەستدانی ئەو ڕێبەرە گەورەیەی لە ڕێگای هۆنینەوەی شیعرێک و دانانی ئاوازێک بە ناوی ”ئەی مامۆستای مەزن و زانا” دەربڕی. سروودی ”ئەی مامۆستا” هەر زوو بوو بە وێردی زمانی گەورە و بچووک، بوو بە سەمفۆنیایەکی پڕ لە جۆش و خرۆش، تێکەڵ بە ناڵەی ئای ئایی گەرمیان، چریکەی سیاچەمانە و کۆڕی زیکر و زایەڵەی دەفی پیرشالیار، هۆرەیەکی ئاهورایی، ڕمەی دەهۆڵ و چەمەرانی و هاواری وەی وەی و ڕۆ ڕۆی ئیلام و کرماشان، سۆزی حەیران و دەلالۆ و لێ لێ و لۆلۆی هەولێر و موکریان و گوندەکانی قاڕنێ و قەڵاتان و سۆفیان، کولیج و سەرووکانی و ئیندرقاش، وسوکەند و خانەگی و حەڵب و کۆیک، کەرێزە و دیلانچەرخ و شەهید مامۆستا مەلا سەید حوسێن هاشمی گوندی سۆفیان، و هەنیسکی شمشاڵە مەلوول و ناخ هەژێنەکەی قالەمەڕە، بۆ لەدەستدانی مامۆستا و ڕێبەر، سەرداری شۆڕەسوار و هەڵکەوتووی مێژوو، دوکتۆر قاسملووی کورد.

ڕێبازێک کە کۆتایی نایەت

لەدەستدانی قاسملووی ڕێبەر، گشت گوند و گرد و شاخ و بەرد و دۆڵ و هەرد و دەشت و مێرگی کوردستانی تازیەبار کرد؛ ئاسمان یەخەی دادڕی، هەتاو گڕی گرت، زریان بەدەم ژان و هاوارەوە دەیقیژاند، زەریا بوو بە هەڵم و هەور فرمێسکی خەمی داڕشت. لە کاتی ئەو برینە بەژانەدا، ئەو هەڵوێستەی مامۆستا محەممەد و دانانی ئەو سروودە، کەمێک سووکنایی بە دڵی پڕ لەژانی کچ و کوڕان و هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و زیاتر هاندەر بوو کە قوتابیانی ڕێبازی د. قاسملوو سوورتر و شێلگیرتر ئەو ڕێبازە بپێون و درێژەی پێ بدەن، کە ئێستاش دەیبینین.

دوژمن پێی وابوو بە لەناو بردنی دوکتۆر قاسملوو، خەڵکی کورد بە چۆک دێنێت. هەڵە بوون، خەیاڵیان خاو بوو؛ قاسملوو ڕێبازێکە کە بە لەدەستدانی یەک تاکی کورد لە نێو ناچێت، هەروەک چۆن شەهید کردنی سمکۆی شکاک، شێخ سەعیدی پیران، سەید ڕەزای دێرسیم، پێشەوا قازی محەممەد و زۆر کەڵەڕێبەری دیکە، دوژمن نەیتوانی کورد بتوێنێتەوە و لەبەینی ببات. کەوابوو بە شەهید کردنی د. قاسملووش ئاگری مەشخەڵی خەبات بۆ ڕزگاریی نیشتمان نەک کز نەبوو، بەڵکوو بەتینتر بوو.

چل ساڵ دوای شەهیدبوونی قاسملوو و هاوڕێکانی، مەشق و بیرۆکەکانیان ڕێکارە و چرایەکی ڕووناکە بۆ ڕێگا و ڕێبازی خەڵکی کوردستان و پاڵنەرێکە بۆ یەکگرتوویی و یەکێتی. ئەو پەیامە نەتەوەیی و ئینسانییەی کە ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات نیشانەیان کردووە، لە ناخی کۆمەڵگادا زیندووە و بە کارە هونەری و ڕۆشنبیرییەکان بەردەوام دەبێت.

لێرەش جێی خۆیەتی کە باسی گەورەیی (وەک مامۆستا محەممەد خۆی وتەنی) حیزبی دیموکراتی کوردستان بکەین، کە زۆر یارمەتی مامۆستا محەممەدی دا بە هاوکاریی بنەماڵەکان. بەڵام ئەوەی کەسانی وەک مامۆستا محەممەد بێنە پێشەوە و توانیان کارێکی وا بکەن، جێی سەرسوڕمان نییە، بەو پێیەی حیزبێکی ئەوها مەلەف سپی لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە باشی دامەزراوە و ئیلهامبەخشی هەزاران کەس بووە بۆ بیرکردنەوە لە خاک و زێدی خۆیان و گەلەکەیاندا.

سەرکەوتن بۆ حیزبی دێموکرات و شانازی بۆ مامۆستا محەممەد، بۆ کارەکانی لە ساڵانی سەختی پەنابەریدا.

سڵاو لە گیانی پاکی قازی و قاسملوو و شەڕەفکەندی و هەموو شەهیدانی کوردستان.

سەید عەلی هاشمی ٢٠٢٥/١١/٣٠