هەواڵە دیپلۆماسییەکانی گۆرباچۆڤ: یەکێتیی سۆڤیەت هەوڵێکی زۆری دەدا بۆ ئەوەی هاوپەیمانان دەست بە هێرشی وشکانی نەکەن، بۆیە دەویست عێراق ڕازی بکات کە مەرجەکانی ئەنجومەنی ئاسایش قبووڵ بکات و لە کوێت بکشێتەوە.

سەددام حوسێن چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی هێرشە وشکانییەکە، نامەیەکی پڕ لە گلهیی و گازندەی بۆ میخائیل گۆرباچۆف نووسی؛ لە بەرانبەردا گۆرباچۆف داوای لێکرد بە مەرجەکانی هاوپەیمانان ڕازی بێت. دوو ڕۆژ دوای دەستپێکردنی هێرشی زەمینی، سەددام، تاریق عەزیزی نارد بۆ باڵیۆزخانەی سۆڤیەت لە بەغدا تا ڕایبگەیەنێت کە عێراق بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش ڕازییە و ئامادەیە سەربازەکانی بکشێنێتەوە، بەڵام جۆرج بوش لە بەرانبەردا داوای کرد کە دەبێت سەددام خۆی بە وتارێکی فەرمی کشانەوەکە ڕابگەیەنێت.
مەرجی سەرەکیی هاوپەیمانان, ڕازیبوون بە بڕیارنامەکانی ئەنجموونی ئاسایش :
مەرجی سەرەکیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە شەڕی یەکەمی کەنداودا، جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٦٦٠ی ئەنجومەنی ئاسایش بوو، کە داوای کشانەوەی دەستبەجێ و بێمەرجی هێزەکانی عێراقی لە کوێت دەکرد. سەرۆکی ئەمریکا، جۆرج بوش، زۆر توند بوو لەسەر ئەوەی نابێت هیچ جۆرە ئیمتیاز یان خەڵاتێک بەرانبەر بە کشانەوەکە بە سەددام حوسێن بدرێت.
قۆناغی هێڕشی ئاسمانی و ستراتیژیی گرێی ڤێتنام:
لە قۆناغی یەکەمی شەڕەکەدا (هێرشی ئاسمانی)، سەرەڕای ئەوەی عێراق زیانێکی یەکجار زۆری بەرکەوتبوو، بەڵام سەددام ئامادە نەبوو مەرجەکان قبووڵ بکات. لەو سەردەمەدا سەددام زۆر باسی **”گرێی ڤێتنام”**ی دەکرد؛ ئەو هیوای وابوو ئەگەر شەڕەکە ببێتە زەمینی، بتوانن لێدانێکی کوشندە لە سوپای ئەمریکا بوەشێنن و تووشی زیانی گیانی زۆریان بکەن، تا گەلی ئەمریکا دژی شەڕەکە بوەستنەوە و واشنتۆن ناچار بێت بێتە سەر مێزی گفتوگۆ و مەرجەکانی عێراق قبووڵ بکات.
داڕمانی لۆجیستی و ئۆلتیماتیومی کۆتایی:
ڕاستییەکەی، هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان هێڵەکانی پەیوەندی و لۆجستیی سوپای عێراقیان بە تەواوی پەکخستبوو؛ سەربازەکان لە سەنگەرەکانیاندا بێخۆراکی و بێکەلوپەل مابوونەوە و پەیوەندییان لەگەڵ سەرکردایەتی بڕابوو. لەم نێوەندەدا، میخائیل گۆرباچۆف (سەرۆکی سۆڤیەت) هەوڵێکی زۆری دا بۆ ڕێگری لە هێرشی زەمینی. تاریق عەزیز چەندین جار سەردانی مۆسکۆی کرد و دواجار لە ٢٢ی فێبرواریی ١٩٩١، عێراق ڕازی بوو بکشێتەوە، بەڵام بە چەند پێشمەرجێک، وەک: کشانەوە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا و هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکان. جۆرج بوش ئەمەی ڕەتکردەوە و ئۆڵتیماتۆمێکی ٢٤ کاتژمێریی بۆ کشانەوەی دەستبەجێ دانا.
هێڕشی زەمینی و ڕێگای مەرگ:
بەهۆی جێبەجێ نەکردنی ئۆڵتیماتۆمەکە، لە ٢٤ی فێبرواریی ١٩٩١ هێرشی زەمینیی هاوپەیمانان دەستی پێکرد. تەنها دوای دوو ڕۆژ، لە ٢٦ی فێبرواریدا، سەددام حوسێن پەیامی کشانەوەی خوێندەوە. لە کاتی کشانەوەی هێزەکاندا، کارەساتی ”ڕێگای مەرگ” ڕوویدا کە تێیدا هەزاران ئۆتۆمبێل و سەربازی پاشەکشەکردوو بوونە ئامانجی فڕۆکەکان. لە کاتژمێر ٨ی بەیانیی ٢٨ی فێبرواریی ١٩٩١، جۆرج بوش ڕاگرتنی تەقەکردنی ڕاگەیاند. وتارەکەی سەددام لە ڕادیۆی بەغدا، لەکاتێکدا سوپاکەی تێکشکابوو، وەک نموونەیەکی زەقی گۆڕینی شکستی سەربازی بۆ ”سەرکەوتنی وەهمی” لە مێژوودا تۆمار کرا، کاتێک وتی: ”عێراقییەکان سەرکەوتن، چونکە بەرگەی هەموو جیهانیان گرت”.
لێکدانە خەیاڵییەکانی سەرانی بەعس:
بەگوێرەی ئەو تۆمارە دەنگییانەی دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش بڵاوکرانەوە، دەرکەوت کە زۆربەی سەرکردایەتیی بەعس و خودی سەددام پێیان وابوو ئەمریکا و هاوپەیمانان، دوای تەواوبوونی مۆڵەتی بڕیاری ژمارە ٦٧٨ (کە ١٥ی جانوێریی ١٩٩١ وەک دوایین مۆڵەت بۆ کشانەوە دیاری کرابوو)، هێرشی ئاسمانیی فراوان ناکەنە سەر عێراق. ئەوان پێیان وابوو هێرشەکان وەک شەڕی هەشت ساڵەی ئێران-عێراق، ناوەناوە و سنووردار دەبن. تەنانەت عیزەت دەوری، جێگری سەددام، پێی وابوو هێرشەکان چەند مانگێک دوای تێپەڕبوونی ئەو مۆڵەتە دەست پێ دەکەن. بە پێچەوانەی پێشبینییەکانی ئەوان، هاوپەیمانان تەنها یەک شەو دوای مۆڵەتەکە، واتە لە بەرەبەیانی ١٧ی جانوێریی ١٩٩١دا بۆردومانێکی چڕ و پێنج هەفتەیییان دەست پێ کرد.
تەسلیمی کۆتایی:
سەرەڕای ئەوەی ژێرخانی ئابووری و سەربازیی عێراق لە ژێر بۆردومانەکاندا وێران ببوو، کەچی ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی هێرشی زەمینی (٢٤ی فێبرواری)، سەددام و هاوڕێکانی لە کۆبوونەوەیەکدا زۆر دڵخۆش و گەشبین بوون بە دەستپێکردنی شەڕی زەمینی و هیوای سەرکەوتنیان هەبوو. بەڵام هەر کە هێرشە زەمینییەکە دەستی پێکرد و زانیارییە وردەکانی مەیدانی شەڕ و قەبارەی تێکشکانی سوپایان پێ گەیشت، سەددام تێگەیشت کە هیچ هیوایەک نەماوە؛ بۆیە ناچار بوو تەسلیم بێت و هەموو مەرج و بڕیارەکانی هاوپەیمانان قبووڵ بکات.
وەرگیراو: لە لاپەڕەی نووسەر