له رۆژی (4/5/2026)دا باسکی ویدیۆی به‌ناوی: (هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ کوردستان – سه‌قز) له دوو به‌ش و له فه‌یسبوکدا… بڵاو کرایه‌وه.
ئه‌و بابه‌ته له لایه‌ن ئه‌و که‌سانه‌وه ئاماده کراوه:
1 – به‌ڕێز (شه‌هین شه‌هلائی) پێشکه‌شکه‌ری باسه‌که.
2 – به‌ڕێزان (ره‌حمان ئه‌رغه‌وانی – ره‌حیم فه‌یزوڵابه‌گی – موعته‌سه‌م تاتای – مه‌عروف که‌عبی– حامید که‌ریمی – ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری – خالید عه‌باسی – ره‌حیم ئه‌مینی – فه‌راسه‌ت ساڵحی – جه‌عفه‌ر ئه‌مینزاده – محه‌مه‌د خاکی – محه‌مه‌د قورئانی و یه‌حیا ده‌وه‌نداری) به‌شدارانی باسه‌که.
هه‌رکام له‌و که‌سانه بیره‌وه‌ری خۆیان سه‌باره‌ت به (هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ کوردستان – سه‌قز) باسکرده، ئاماژه‌یان به (ناو) و (ژیانی) کۆمه‌ڵێ که‌س که له‌و ده‌ورانه‌دا چالاک بوون، کرده.
**
ئه‌و باسه، واته باسی (هێرشی ده‌وڵه‌تی ئێران بۆ کوردستان – سه‌قز) هی ساڵی (1358) هه‌تاوییه که {ئایه‌تولا خومه‌ینی رابه‌ری شۆڕشی ئیسلامی خه‌ڵکی ئیران – له ته‌له‌ڤیزیۆنی ئێرانه‌وه کوردی به (کافر) ده‌سنیشان کرد. پاشان هێزه‌کانی (ئه‌رته‌ش) و (سپای پاستاران) و (به‌سیج) و (مه‌لا)ی خه‌ڵکی (شهید پروری ایران)} بۆ ئه‌نجامی جهاد و غزا روویان کرده کوردستان و ئه‌وه‌ی وه‌ک گولله‌باران کردن – ئه‌شکه‌نجه‌دان و تاڵان‌کردنی سه‌روه‌ت و سامان له ده‌ستیان هات، درێغیان نه‌کرد و ئه‌نجامیاندا.
ئه‌و باسه هی (47) ساڵ پێشه. به‌داخه‌وه زانیارییه‌ک سه‌باره‌ت به په‌خشی ئه‌و باسه ویدیۆییه نه‌خراوه‌ته به‌رده‌ست بینه‌ران تا بینه‌ر بزانێ به چ بۆنه و مناسبه‌تێکه‌وه ئه‌و کاره، ئه‌نجامدراوه.
پاش (بڵاوبوونه‌وه‌ی) وێدیۆکه، به‌ڕێزان (ره‌حمان ئه‌رغه‌وانی) و (شه‌هین شه‌هلای) و (مه‌حیه ئیرجی) به نیازن وتووێژێ له (رادیۆ دیالۆک) ئه‌نجام بده‌ن.
ئه‌مه راست ئه‌و باسه‌یه که ئێژێ:
پاش باران که‌په‌نک ؟!
ئه‌و باسه ویدیۆییه پێوه‌ندی به سه‌قزه‌وه هه‌یه و منیش که له‌و شاره له دایک بووم و به‌شێکی ته‌مه‌نم له وێ برده‌ته سه‌ر و تا راده‌یه‌کیش ئاگاداری رووداوه‌کانی پاش (فتوای جهاده‌که‌ی ئایه‌توڵا خومه‌ینی بۆ گه‌لی کورد) و هێرشی ده‌وڵه‌تی ئێرانم، به پێویستم زانی ئه‌م چه‌ن دێڕه ئاماده که‌م.
لێره‌دا، له پێشدا ئه‌ڕۆمه سه‌ر ساڵی (1357) و راپه‌ڕین به دژی شا. دژایه‌تی و نفره‌ت له سیستم پادشای له کوردستان دیار و ئاشکرا بوو، به‌ڵام وه‌ک ئه‌وه‌ی که له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان چین و توێژه‌کان به‌گشتی و رووناکبیران به‌تایبه‌تی چوونه سه‌ر جاده و که‌وتنه دژایه‌تیکردنی سیستمی په‌هله‌وی و له کوردستان دره‌نگتر هاتنه مه‌یدان، ئه‌گڕێته‌وه بۆ سیاسه‌تی دژه کوردی که له سیستمی سیاسی ئێران به‌ڕیوه ئه‌برا و ئه‌برێت.
بۆ نموونه: کاتێ که (شا) ئێرانی به‌جێهێشت، رۆژنامه‌کان به پیتی درشت نووسیان (شاه رفت).
چالاکانی سیاسی له تاران ئه‌و رسته‌ی رۆژنامه‌کانیان به‌و جۆره ده‌ستکاری (شاه در رفت). واته (شای رای‌کرد، شا درچوو له ده‌ستمان).
پاشان {(شاپور به‌ختیار) بوو به دوایین سه‌رۆکوه‌زیری شا}، به‌ختیار وه‌ک که‌سێکی سیاسی و ئازادیخواز سیستمی چه‌په‌ڵی (ساواکی) له ناو برد و ئه‌یویست رێگای ئازادی و ئازادیخوازی بۆ ئێران هه‌موار کات، ئه‌م که‌سایه‌تییه سیاسی و ئازادیخوازه له ته‌له‌ویزیۆنی ده‌وڵه‌تی ئێرانه‌وه هێرشی کرده سه‌ر گه‌لی و کورد و کوتی (کردها تجزیه‌طلب هستند)! بۆ که‌سانێ که له پێناو ئازادی‌دا تێئه‌کۆشن و خۆیان به ئازادیخواز ئه‌زانن، رسته‌ی (تجزیه و تجزییه طلب) نه‌ک دروست نییه، به‌ڵکو شه‌رمه و له بواری ئازادی‌دا دژی ئازادی و مرۆڤدۆستییه.
له‌و کاته‌دا، له‌و رۆژه‌دا ئه‌و چه‌ن وشه‌م سه‌باره‌ت به‌و باسه‌ی (شاپور بخت‌یار) نووسی:
**
ژیانی کوردان ئه‌نگوست له چاوه
نه‌بوو قه‌ت تیشكێ بدا له ناوه
ئازادی ئه‌مڕۆ دنیای کرد داگیر
تازه به‌ندخانه بۆ کورد کراوه
**
لێره‌دا با بڕۆینه سه‌ر باسی سه‌ردێڕه‌که واته :
ئای ته‌په‌که‌ی قه‌ره‌چیئاوا چه‌ن بێنرخی!
وای لاوه‌که‌ی سه‌قز چه‌ن بێکه‌سی!
{به‌داخه‌وه رۆژه‌که‌یم له‌یاد نییه.
هاوین بوو، هاوینی ساڵی (1358) بوو، هێزه‌کانی ده‌وڵه‌تی ئێران که بریتی بوون له ئه‌رته‌ش و سپای پاستاران و به‌سیج له رێگای (سنه)وه گه‌یشنه نزیک سه‌قز، له پێشدا له ته‌یاره‌خانه جێگیر ئه‌بن، کۆمه‌ڵێ له تێکۆشه‌رانی شار و دێهاته‌کانی ده‌وروبه‌ر و … به‌پێی هه‌لومه‌رج به چه‌که‌وه هێرش ئه‌که‌نه سه‌ر ئه‌وانه‌ی ته‌یاره‌خانه، هه‌م زیانیان پێ ئه‌گه‌یه‌نن و هه‌م چه‌که‌کانیان که (ژ3)… بوو، داگیر ئه‌که‌ن.
به‌شێکی دی له هێزه‌که‌ی ئێرانه دێنه په‌نای شار و له شوێنێ به‌ناوی (ته‌په‌که‌ی قه‌ره‌چیئاوا) که ئه‌یڕوانی به‌سه‌ر شارا دائه‌مه‌زرێن و ته‌قه له شار ئه‌که‌ن. له نێوان شار و ته‌په‌که‌ی قه‌ره‌چیئاوا چه‌مێ هه‌یه به‌ناوی: (چه‌می گه‌وره) که پردێکی (6 – 7) پاکڵه‌ی هه‌یه، ئه‌و پرده له ژێر چاودێری هێزه‌کانی ئیران‌دا بوو که گه‌یشتبوونه سه‌ر (ته‌په‌که) و که‌س نه‌یئه‌توانی له‌وێوه هاتوچوو بکات !
پاش نیوه‌ڕۆ بوو، له‌م به‌ر پرده‌که‌یشه‌وه کۆمه‌ڵێ (پێشمه‌رگه) یان (که‌سانی ئازاد) که (سه‌روچاوی خۆیان داپۆشیبوو) بۆ به‌گریکردن له شار ته‌قیان له‌وانه‌ی سه‌ر (ته‌په‌که) ئه‌کرد. به‌داخه‌وه من (سه‌روچاوی) خۆم دانه‌پۆشی بوو له په‌نای دارێکدا بووم. له ناکاو کوڕێکی ته‌مه‌ن (16 و 17) ساڵه هات بۆ لام و به ئارامی وتی:
کاکه، من ئه‌بێ بڕۆم بۆ ئه‌و به‌ر، بۆ (قه‌ره‌چیئاوا) – ته‌قه‌م لێمه‌که‌ن.
وتم: باشه ئه‌وه لێره‌وه ته‌قه‌ت لێناکه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه نییه له‌و به‌ره‌وه ته‌قه ئه‌که‌ن، تۆ چۆن ئه‌ڕۆی بۆ قه‌ره‌چیئاوا؟!
وتی: کارم هه‌یه و ئه‌بێ بڕۆم!
ئیتر هیچی نه‌وت و له دیواری پرده‌که‌وه که زۆر به‌رز نه‌بوو، خۆی خسته خواره‌وه و رۆیشت.
من به په‌له چووم بۆ لای ئه‌وانه که (سه‌روچاوی خۆیان داپۆشیبوو)، باسه‌که‌م بۆ گێڕانۆ و تکام لێکردن که هۆشیان به‌و که‌سه‌وه بێت، ئه‌وانیش به رووخۆشییه‌وه وه‌ڵامیان دایه‌وه.
بۆ ئاگاداری: به‌ده‌نگ دوو که‌سیانم ناسییه‌وه که دووکاندار بوون له بازاری سه‌قز، به‌ڵام به خۆیانم نه‌وت!
هاتمه‌وه شوێنه‌که‌ی خۆم که تا راده‌یه‌ک ئه‌ڕوانی به‌سه‌ر ئه‌و رێگا واته ژێر (پرده‌که) که ئه‌و گوڕه‌ی پێدا ئه‌ڕۆیشت. کوڕه‌که له په‌نای هه‌ر پاکڵه‌یه‌ک ده‌رئه‌که‌وت و پاشان ون ئه‌بوو. کاتێ گه‌یشته دوایین پاکڵه‌ی پرده‌که چاوم لێ‌بوو چووه سه‌ر رێگاکه‌ی (قه‌ره‌چیئاوا)، به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ی بڕوات بۆ قه‌ره‌چیئاوا، رووی کرده ته‌په‌که و (به‌ره) (به‌ره) ئه‌چووه سه‌ر. خێرا چوومه‌وه بۆ لای ئه‌و که‌سانه که (سه‌روچاویان داپۆشیبوو) ئه‌وانم ئه‌گادار کرد و هاتمه‌وه شوێنه‌که‌ی خۆم، چاوم له کوڕه‌که بوو له لووتکه‌ی ته‌په‌که‌دا.
له ناو (گرمه‌ێک هات و له لووتکه‌ی ته‌په‌که دووکه‌ڵێک و گڕێکی کورت ماوه سه‌ری هه‌ڵدا) و کوڕه‌که به راکرتن به شوێنه‌که‌ی خۆیدا گه‌ڕایه‌وه خوار و گه‌یشته ژێر پرده‌که و پاشان هاته‌وه ئه‌م به‌ر، کاتێ له دیواری پرده‌که هاته سه‌ر، بینم تیربارێکی پایه‌داری (ژ 3)ی له گه‌ڵ خۆ هێناوه. پێموابێ هه‌ر هه‌مان تیربار بووبێت که ته‌قه‌ی له شار ئه‌کرد، چون بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر ئیتر له ته‌په‌که‌وه ته‌قه نه‌ده‌کرا.
کاتێک خه‌ڵک کوڕه‌که‌یان به تیربار واته (ره‌شاش)که‌وه بینی، گوڕیان به تیرباره‌که‌وه کرده قه‌ڵاندۆشکان و به دروشم و سرود خوێندن و چه‌پڵه‌لێدان بردیان بو لای (فه‌له‌که‌ی یاد بود) و له وێشه‌وه بۆ به‌ر ماکرویڤ و خیابانی (سه‌رله‌شکر ئه‌مین) و …
من وه‌ک که‌سێ که له نزیکه‌وه ئه‌و رووداوه‌م بینی فرمێسک له چاومه‌وه ئه‌هاته خوار و نه‌مئه‌توانی به جوانی شت ببینم ! له‌و کاته‌دا نه‌مئه‌زانی و نه‌مئه‌توانی ئه‌و کاره چۆن هه‌ڵسه‌نگێنم و به‌چی بچوێنم!
بیرم له‌و کوڕه و له کاره‌که‌ی، له کاره مه‌زنه ئه‌کردۆ. ئێستایش هه‌ر بیر له‌وه ئه‌که‌مه‌وه.
هه‌رچی ئه‌که‌م دڵم بڕوا نادات ئه‌و رووداوه، له چوارچێوه‌ی (هۆنراوه) یان (په‌خشانێک) ئاماده که‌م !
پێمخۆشه هه‌ر وه‌ک خۆی له کامێرای چاوه‌کانما،
له خانووچکه‌کانی مێشکما بمێنێته‌وه،
تا له گه‌ڵ خۆما سه‌ر ئه‌نێته‌وه!}.
**
به‌داخه‌وه ئه‌و که‌سانه، ئه‌و 14 که‌سه که له لانکه‌ی سه‌قزدا چاویان چووه‌ته خه‌و و ئارامیان گرته،
له کوچه و کۆڵانه‌کانی سه‌قزدا باڵایان کرده،
له مه‌دره‌سه‌کانی سه‌قزدا گه‌شه‌یان کرده،
له‌و باسه ویدیۆییه‌دا ئاماژه‌یان به‌و رووداوه مه‌زنه‌ی ته‌په‌که‌ی (قه‌ره‌چیئاوا) نه‌کرده
بێباکی ئه‌و لاو (16) ساڵه‌یان هه‌ڵنه‌سه‌نگانده و له به‌رچاویان نه‌گرته!
…
راستی ئه‌گه‌ر ئه‌و (کوڕه) سه‌ر به خانه‌واده‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ن ببواێت یان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌کدا ببواێت به‌و جۆره پشتگو ئه‌خرا؟
نا، پشتگوێ نه‌ئه‌خرا، ده‌یان کتێبی له‌سه‌ر ئه‌نووسرا، فیلمی له‌سه‌ر ساز ئه‌کرا.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که بایه‌خ به کاری ئه‌و کوره نه‌دراوه، با له‌و باسه فارسییه‌ی خواره‌وه بڕوانین که به‌و جۆره ئێژێ:
**
{مه‌حیه ئیرجی:
قابل توجه رفقا و دوستان فارس زبان! مستند (سقز 28 مرداد 1358 – سقز) بخش اول که از زبان فعالین و شاهدان به کمک تعداد زیادی تهیه شده است، این‌بار با تغیرات جزیی و با زیرنویس … visa mer}.
بۆ من وه‌ک بینه‌رێ دوو پرسیار له‌و باسه فارسییه‌دا هاته‌ته ئاراوه:
1 – (فارس) یان (فارس زبان) ؟ !
ئه‌گه‌ر تماشای واژه‌نامه‌ی سویدی فارسی – ئیگلیسی فارسی و عه‌ره‌بی فارسی … بکه‌ین شتێ به‌ناوی فارس زمان نه‌بووه و نییه. له‌و باسه ویدیۆییه‌دا گه‌لێ جار ئاماژه به (کورد) کراوه. وه‌ک کورد هه‌یه فارسیش بووه و هه‌یه، ئیتر نازانم ئه‌م فارس زمانه چییه و له گوێوه هاتوه؟!
2 – ئه‌و باسه ویدیۆییه ئه‌کرێ به فارسی تا فارسه‌کان یان ” فارس زمانه‌کان” لێی تێبگه‌ن.
لێره‌دا با ئه‌و پرسیاره بێنینه ئاراوه:
ئایا فارسه‌کانیش بابه‌ته‌کانی خۆیان ئه‌که‌ن به کوردی تا ئێمه‌ی کورد لێی تێبگه‌ین؟ …
**
سه‌باره‌ت به ده‌ورانی راپه‌ڕین به دژی شا و پاشان هێرشی ده‌وڵه‌ی ئێران بۆ کوردستان گه‌لێ باسی گرنگ هه‌یه بۆ نموونه :
1 – جه‌نگی پێشمه‌رگه له به‌رانبه‌ر هێرشه‌که‌ی ده‌وڵه‌تی ئێران پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه سه‌قز له ئاوای {(ئێرانشا) و ده‌وری مرۆڤدۆستانه‌ی به‌ڕێز (دوکتور شاکری) به بڵنگۆوه، هه‌روه‌ها ره‌خنه‌ی توندی (دوکتور) له خه‌ڵکی (ئێرانشا) که به لێوانه ئاوێک یان به له‌ته نانێک یارمه‌تی پێشمه‌رگه‌یان نه‌کرد بوو. بۆ خۆم گوێم له قسه‌کانی دوکتور بوو.
**
2 – دورشمه ناراست و زیانبه‌خشه‌که‌ی:
(کێ بوو سمکۆی لاوی کوشت؟ –
بارزانی بوو، بارزانی)
ئه‌و دورشمه له خۆپیشاندانه‌کانی سه‌قزا ئه‌وترا.
**
3 – (تۆپ، تانگ، موسسه‌ل) – (نای شکێنێ هێزی گه‌ل!).
**
4 – به‌جێهێشتنی ته‌رمی سێ پاسه‌بانه کوژراوه‌که‌ی سه‌قز پاش مه‌رگی کاک حه‌مه حسین که‌ریمی له سه‌ر جاده‌ی به‌ر بیمارستان و ناشتنیان به نهێنی به (شه‌و) به یارمه‌تی کاک (حه‌مه سه‌عی سه‌ڵه‌واتی) گۆرکه‌نی کورستانه‌که‌ی سه‌قز و به یارمه‌تی مامۆستا مه‌لا (عه‌بدورحمانی ئاڵکه‌ڵو).
**
5 – باسی ژیانی خانه‌واده هه‌ژاره‌کانی به‌ر (کانی هه‌یاز به‌گ) له گوێ چه‌مه‌که‌ی سه‌قز.
…………………
…………………
که به‌داخه‌وه به‌هۆی باری ناله‌باری ته‌ندرووستی ناتوانم ئاماژه‌یان پێبکه‌م.
**
له‌و باسه ویدیۆییه‌دا دوو رسته سه‌رنجی راکێشام، پێمخۆسه باسی که‌م.
کاک مه‌عروف که‌عبی ئاماژه‌ی به دوو باس کرد:
1 – وتی: ئێمه تیمێکی فوتباڵمان بوو به ناوی (شه‌هاب)، ناوه‌که‌یمان گۆڕی و کردمان به (سیاهکه‌ل).
بۆ ئه‌و ناوه له (شه‌هاب)ه‌وه کراوه به سیاهکه‌ل؟!
2 – وتی: خانه‌واده‌ی ئێمه که (12) که‌س بوو ئێستا هه‌ر ئه‌م سێ که‌سه‌ین (من و باوکم و دایکم).
ئه‌و باسه که خانه‌واده‌یه‌ک به‌و جۆره‌ی به‌سه‌ر هاته زۆر سه‌خت و گرانه، ئه‌و جۆره سته‌مانه هه‌ر به زمان باس ئه‌کرێ ده‌نا بیرکردنه‌وه لێیان زۆر دژوار و گرانه !
**
با له‌وه زیاتر کاتی ئێوه نه‌گرم و خۆیشم زیاتر ماندوو نه‌بم!
21/6/2026
سه‌عی قایشی – سه‌قزی
Sai.sqzi@gmail.com