لە مێژووی نەتەوەکاندا، ساتگەلێک هەن کە چارەنووسی کۆمەڵگەیەک نەک لە مەیدانی جەنگ، بەڵکوو لە ناوەندەکانی بڕیارداندا دیاری دەکرێت.

زۆرێک لە نەتەوەکان لە درێژایی مێژوودا بوونەتە قوربانیی هەست و هەڵچوونی ساتی و هەڵسەنگاندنە هەڵەکانی سەرکردەکانیان. لە بەرامبەردا، نەتەوەگەلێکیش هەبوون کە توانیویانە بە پشتبەستن بە ژیریی سیاسی، تەنانەت لە دژوارترین بارودۆخەکانیشدا، لە قەیرانەکان تێپەڕن، هاوكات سەرمایە مرۆیی و نیشتمانییەکانی خۆیان بپارێزن.
نەتەوەی کورد، بەتایبەتی لە سەدەی ڕابردوودا، بەردەوام لە ناو چەقی گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا بووە. پێگەی جیۆپۆلیتیکی کوردستان و دابەشبوونی جوگرافیای کوردستان بەسەر چوار دەوڵەتدا، هەمیشە ئەم نەتەوەیەی کردووەتە ئامانجی ململانێی هێزە هەرێمی و جیهانییەکان. لە بارودۆخێکی ئاوادا، گرنگترین سەرمایەی هەر بزووتنەوەیەکی سیاسی نە چەکە، نە پشتیوانیی دەرەکی و نە دروشمە پڕجۆشەکان؛ بەڵکوو توانای ناسینەوەی دروستی کات، شوێن و شێوازی هەڵسوکەوتی سیاسییە.
لە گەرمەی قەیرانی سەربازی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، جارێکی تر کوردستان کەوتە بەر شەپۆلێک لە شیکاری، دەنگۆ، هیوا و نیگەرانی. ئەزموونی مێژوویی نیشانی داوە کە هەرکاتێک ناکۆکیی نێوان هێزە گەورەکان توندتر بووە، بەشێک لە ڕای گشتیی کوردیش هیوادار بوون بەوەی، کە ڕەنگە ئەو گۆڕانکارییانە دەرگایەک بۆ بەدیهێنانی داخوازییە نەتەوەییەکانیان بکاتەوە. بەڵام هەمان مێژوو، وانەی تاڵی زۆری لە خۆگرتووە؛ وانەگەلێک کە لە مەهابادەوە تا هەڵەبجە و لە شەنگالەوە تا کۆبانی، لە كەركوكەوە تا عەفرین، چەندین جار دووبارە بوونەتەوە.
لە کەشێکی ئاوادا، ئەوەی لە هەموو شتێک گرنگتر بوو، شێوازی مامەڵەکردنی سەرکردایەتیی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو لەگەڵ ئەو پێشهاتانەدا. بەپێچەوانەی زۆرێک لە پێشبینییەکان، سەرکردە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵیان دا، خۆیان و گەلەکەیان لە داوی کەشی سۆزداری و پڕوپاگەندەیی بپارێزن. ئەوان بە باشی ئاگادار بوون کە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، دەوڵەتە گەورەکان نە بە پێی سۆز و هاوسۆزی، بەڵکوو بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەنگاو دەنێن.
لەو نێوەندەدا، بە بەردەوامی موشەکبارانکردنی ئۆردوگاکان، هەروەها گێڕانەوە هەڵبەستراو، ناڕوون و دژبەیەکەکان سەبارەت بە پشتیوانیی سەربازیی بۆ هێزە کوردییەکان، کەشێکی میدیایی فراوانی دروست کرد. بەشێک لەو گێڕانەوانە، دەتوانرا وەک هەوڵێک بۆ جوڵاندنی هەستی نەتەوەیی و ڕاکێشانی کورد بۆ ناو ململانێیەک بخرێنە بەرچاو، کە خاوەنی حیساب و بەرنامەی تایبەتی خۆی بوو. بەڵام ئەوەی ڕوویدا، تا ڕادەیەکی زۆر نیشانەی پێگەیشتوویی سیاسیی سەرکردایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. ئەوان نە ژێر کاریگەریی هەڕەشەکان کەوتن و نە فریوی بەڵێن و پێشنیارە ناڕوونەکانیان خوارد.
ئەم تێڕوانینە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە مێژووی هاوچەرخی کورد، پڕاوپڕە لە ئەزموونی تاڵی متمانەکردن بە هێزە دەرەکییەکان. لە ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهابادەوە بگرە، تا پێشهاتەکانی دوای گشتپرسیی سەربەخۆیی لە باشوری کوردستان و خۆبەرێوەبەری ڕۆژئاوای كوردستان و، نموونەی زۆر هەن کە نیشان دەدەن سیاسەتی نێودەوڵەتی شوێنی وەفاداریی هەمیشەیی نییە. دەوڵەتەکان دۆستی هەمیشەیییان نییە؛ بەرژەوەندیی هەمیشەیییان هەیە. هەر بزووتنەوەیەک ئەم ڕاستییە لەبیر بکات، زوو یان درەنگ باجێکی گران دەدات.
لە لایەکی دیکەوە، سەرکردایەتیی سیاسی تەنها بەڕێوەبردنی پەیوەندییە دەرەکییەکان نییە؛ بەڵکوو بەڕێوەبردنی هەست و دەروونی کۆمەڵگەشە. لە قۆناغە قەیراناوییەکاندا، زۆرجار بەشێک لە کۆمەڵگە داوای کاردانەوەی خێرا و توند دەکات. فشاری ڕای گشتی، یادەوەرییە مێژووییەکان و هەستی نادادی، دەتوانن بڕیاردەران بەرەو هەڵبژاردنە پڕمەترسییەکان ببات. هونەری سیاسەت لێرەدا واتای خۆی دەدۆزێتەوە؛ لەو شوێنەی کە سەرکردە بتوانێت، هاوسەنگییەک لە نێوان داخوازییە هەستیارەکانی کۆمەڵگە و بەرژەوەندیی درێژخایەنی نەتەوەکەیدا دروست بکات.
ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بینراوە، نیشانەی جۆرێک لە پێگەیشتوویی سیاسییە. دوورکەوتنەوە لە ماجەراجوویی سیاسی، خۆپاراستن لە چوونە ناو یارییە داڕێژراوەکانی ئەوانی دیکە، هەوڵدان بۆ پاراستنی تواناکانی نەتەوە، هەموویان بەشێکن لەو تێڕوانینەی کە دەکرێت ناوی بنرێت ”سیاسەتی مانەوە بە ڕێگەی ژیرییەوە”. ئەم تێڕوانینە لە کورتماوەدا ڕەنگە جۆش و خرۆشی زۆر دروست نەکات، بەڵام لە درێژماوەدا دەتوانێت ڕێگری لە زیانە قەرەبوونەکراوەکان بکات.
ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی تر، بزووتنەوە نەتەوەییەکان پێویستییان بە پێداچوونەوە لە چەمکی هێز هەیە. هێز تەنها لە ژمارەی هێزەکان، یان قەبارەی چەک و تەقەمەنیدا کورت نابێتەوە. هێزی ڕاستەقینە لە توانای جیاکردنەوەی دەرفەت لە داو، جیاکردنەوەی هاوکاری لە بەکارهێنانی ئامانجدار، تێگەیشتن لە جیاوازیی نێوان ئاوات و واقیعدا خۆی دەبینێتەوە. ئەو نەتەوانەی ئەم تواناییەیان هەبێت، دەتوانن تەنانەت بەبێ ئیمکاناتی فراوانیش پێگەی خۆیان بپارێزن.
کوردستانیش لەم یاسایە بەدەر نییە. ئەزموونەکانی ڕابردوو نیشانیان داوە کە هەست و سۆز، ئەگەرچی بەشێکی بەنرخی ناسنامەی نەتەوەیین، ناتوانن جێگرەوەی پلاندانان و بیرکردنەوەی سیاسی بن. داهاتووی هەر بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی زیاتر لەوەی پشت بە جۆش و خرۆش ببەستێت، پێویستی بە درک، هۆشیاری و شعووری سیاسی هەیە. لەبەر ئەوە، ڕەنگە گرنگترین دەستکەوتی ساڵانی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نە سەرکەوتنێکی سەربازی بێت و نە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی، بەڵکوو چەسپاندنی ئەو باوەڕە بێت، کە ژیریی سیاسی خۆی جۆرێکە لە هێز؛ هێزێک کە هەندێک جار بەها و کاریگەرییەکەی لە هەزاران چەک زیاترە.
ڕەحیم نزهتزاده