Hoppa till innehåll
Hem » خۆڕاگری و بەردەوامی، مەلا برایم مەجید پوور

خۆڕاگری و بەردەوامی، مەلا برایم مەجید پوور

مرۆڤ لە ژیاندا لەگەڵ هۆکارەکانی خێر و شەڕ ململانێیەتی، زۆر جار بەهۆی پێداویستیی ناوخۆیی یان دەرەکی بەلایەکدا دەکەوێ. لەو ململانێیەدا ڕوو دەکاتە ڕێگایەک کە بەرەو ئامانجی دەبا.

زۆربەی مرۆڤەکان بۆ خۆبواردن لە زیانی ئەو کێشەیە، ڕوو دەکەنە ڕێگایەک کە پێیان وایە بەوێدا زووتر دەرباز دەبن و ڕزگاریان دەبێ. زۆران لەو باوەڕەدان کە گرنگترینی ئەو ئامانجانە دینە و مرۆڤ لە مەترسیی هەتڵەبوون و هەڵدێران ڕزگار دەکا، هەر بۆیەشە زۆر بە خەستی پڕوپاگەندەشی بۆ دەکەن.

پێمان دەڵێ: بەردەوامی و خۆڕاگریی دروست، ئەو ڕێبازەیە کە خوا نیشانی داون. خۆڕاگری بەهێزترین هۆیە کە مرۆڤ بەرەو سەرکەوتن دەبا. کاتێ مرۆڤ مەیل و ئیرادەی بەردەوامی نەبوو، خۆ ڕاناگرێ و گۆڕەپانەکە چۆڵ دەکا؛ بە ئاکام نەگەیشتووە هیچ، زیانی گەورەش لە خۆی و کۆمەڵ دەدا. کەسێکی بێباوەڕ و داماوە، سەرلێشێواوە و نازانێ چبکا، سەر بە هەموو کەلێن و قوژبنێک دادەکا، بەبێ ئەوەی شتێکی تێدا ڕەچاو بکا. هەر بۆیەشە دینی ڕاستەقینە گرنگیی تەواو بە خۆڕاگری و بەردەوامی دەدا و مرۆڤ بۆ ڕۆیشتن بەو ڕێبازەدا هاندەدا. دڵنیاشیان دەکا لەو بوارەدا زۆرترین و بایەخدارترین بەهرەیان پێدەگا. ئیماندار جگە لە قازانجی دنیایی، بەهرەی گەورەتر بۆ دنیای دیکە پاشەکەوت (پەزمەندە) دەکا.

زۆرجار گوتوومە دین خەت و ڕێبازێکە دەبێ دڵخواز بێ، بە زۆر نەسەپابێ، بە کورتی ئازادیی تەواوی تێدا ڕەچاو کرابێ، چونکە خواش زۆرداری و زۆری خۆش ناوێن. با سەرێک لە فەرموودەکانی خوا بدەین کە بۆ بڕواداران جێگای متمانەی تەواوە و دەفەرموێ:

{ئەوانەی گوتوویانە خوا پەروەردگاری ئێمەیە و قسەکەشیان نەگۆڕاوە، فریشتە دێنە لایان و پێیان دەڵێن: نەترستان هەبێ و نە خەم بخۆن، مژدەتان بێ، گەیشتوونەتە ئەو بەهەشتەی بەڵێنتان پێدراوە. ئێمە لە دنیا و قیامەت دۆستی ئێوەین و لە بەهەشتیشدا هەرچی داوای بکەن ئامادەیە، میواندارەکە دلۆڤان و بەخشندەیە}.

گومان لەوەدا نییە ئەو کەسانەی ئەرکی خۆیان بە چاکی بەجێ هێنابێ، نابێ نە بترسن و نە خەمێکیان هەبێ. مرۆڤی ئاکارچاک لە لێپرسینەوە بێباکە چونکە حیسابەکەی پاکە. بێگومان ئەو تایبەتمەندییە بەرز و بەنرخە هەروا لەخۆڕا لە ڕوحی مرۆڤدا جێ ناگرێ، کەرەستە و ئامرازی خۆی دەوێ کە ماکەی ئەسڵییان نەفسی ساڵحەی مرۆڤەکانە؛ چونکە مرۆڤی نەفس‌پیس هەمیشە خراپ بیر دەکاتەوە، هەتا بۆی بکرێ خراپ دەجووڵێتەوە، بەرەو هەڵدێر دەتبا و ڕێگای خراپەت بۆ دەدۆزێتەوە. خواش فەرموویەتی:

{نەفس بە زۆری هەر حوکم بە خراپە دەکا}.

نەفس و هەوەس و حەز و ئارەزووەکان زۆرن و مرۆڤیش چاوچنۆکە، بۆیە ئەگەر جڵەویان نەگری بەسەردا دەپەڕن. هەر بۆیەشە خوا بەڵێنی بەو کەسانە دەدا کە بەسەر نەفسدا زاڵن و خۆیان بە پاکی و چاکی ڕاگرتووە؛ ئەگەر بەسەر خەتایەکیشدا کەوتن، پەشیمان دەبنەوە و داوای لێبوردنیش دەکەن.

مرۆڤی خراپکار لە پێشدا زیانی گەورەی لە خۆی داوە، کاتێ تێگەیشتووە دەزانێ چ زەرەرێکی قورسی لێکەوتووە. دیارە هەرکەس بە ڕاستی لە ئاکاری خراپ بپرینگێتەوە، خوا بەخشندە و دلۆڤانە. فەرموودەکانی خوا بۆ سەرجەم مرۆڤایەتییە، نەک بۆ کەس و کەسانێک یان تیرە و تایەفەیەک. دەفەرموێ:

{ئەی بنیادەم ڕاسپاردەتان بۆ دەنێرین هەر لە خۆتانە، ڕاسپاردەی ئێمەتان پێ دەگەیەنن، کێ دروستیی وەرگرت و خۆی پاراست، نە بترسێ و نە خەم بخوا}.

خۆڕاگری و لەخۆبوردەیی و بەردەوامی لە دڵ و دەروونێکدا جێدەگرێ کە پاک و بێگەرد بێ. خاوەنەکەی لە بەرچاوانیش جوان دەکا، قەدر و قیمەتی دەباتە سەرێ، کەسایەتی و کەرامەتی پێدەبەخشێ؛ دیارە ئەوەش هۆی ڕەزای خوایە. بەکورتی مرۆڤ بۆ خزمەتی گەل و نیشتمانی دروست کراوە، پەیامبەریش فەرموویەتی خۆشەویستیی نیشتمان نیشانەی ئیمانە. نیشتمانفرۆش هەم بێدینە، هەم بێویژدان و نەزانە.

{هەرکەس بە پاکی ژیابێ لە ڕزگاربوون گەورەتری ناوێ}

{کێ بە سەربەستی ژیابێ تاوێ، ژینی قاڵاوی بە پوولێک ناوێ}

وەک مێژوو پێمان دەڵێ و خۆشمان کەم و زۆر دیتوومانە، لە دنیادا شۆڕشی نەتەوەیی و ئایینی و هیتر کراون؛ هێندێکیان سەرکەوتوون و هێندێکیان بەجێ ماون. هەردووکیان هۆکاری خۆیان هەبووە و هەیە. شۆڕشی گەلی کورد، ڕابردوویەکی غەدرلێکراو، خوێناوی و دوورودرێژی بە دوای خۆیدا هێناوە. هەزار مەخابن تا ئەمڕۆش بەو هەموو خەسار و برینە قورسانە کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە؛ لەسەر ڕەوتی ڕزگاریی نەتەوەیی خۆیدا ماوە و وێڵی نەکردووە و لای نەداوە. لەسەر ئامانجی بەرزی شەهیدان پێداگرە، ڕێگەیانی بەرنەداوە و پێشی نەگەیشتووە. دیارە گلەیی و گازندە و هێندێک نائومێدی و تووڕەبوونیشی لەگەڵ خۆی هێناوە. من لەگەڵ هەموو ئەو ڕەخنە و تووڕەبوونانە هاوبەشم و لە کەم‌وکوڕییەکانیش بەشی خۆم پێبڕاوە، سەرەڕای هەمووی ئەوانە شۆڕشەکەمان بە شکستخواردوو نازانم.

ڕێبەرایەتیی حیزبی دیموکرات لەژێر ئەو گشتە زەخت و زۆری داگیرکەران، خیانەتی دۆڕاو و بەناو دۆستان، ئاڵوگۆڕە بەپەلە و کەمتر پێشبینیکراوەکان، ڕووداو و بەرنامەی سەیروسەمەرە، و برەوی درۆ و دەلەسەدا کۆڵی نەداوە، خۆی نەدۆڕاندووە و لە ڕێبازەکەی لای نەداوە. سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە، لە نێو ئاگردا نەسووتاوە، بە خۆڕاگرییەکی بێوێنە لەسەر پێی خۆی قورس و قایم ڕاوەستاوە. ئەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە لە مێژووی ئەو حیزبەدا سەبت کراوە.

زۆربەتان لە من باشتر دەزانن ڕەمزی بەردەوامیی حیزب ئەوەیە کە خاوەنی پەیڕەو و بەرنامە و ڕای خۆیەتی و سووربوونی لەسەر سەربەخۆیی بڕیارداندا، وەک تایبەتمەندییەکی جێی متمانە و نەگۆڕ بۆی نووسراوە. ئامانجی سەرەکی و هەرە گرنگی، ڕزگاریی کوردستان و کوردە کە بۆ هیچ ئایدیا و ئایینێک وەلای نەناوە. هەرچەند بە ناوی تیۆریی سیاسی و مەزهەبیی جۆراوجۆر و بەناو پێشکەوتنخواز، لە ڕاست و چەپەوە بۆ بەلاڕێدا بردنی هەوڵی زۆر دراوە، بەڵام نەچووەتە ژێر کارتێکەریی هیچکام لەوانە؛ هەر ئەو خۆڕاگری و بەردەوامییە بارەکەی قورستر کردووە و ڕێگای سەرکەوتنی لێ دوور خستووەتەوە. ئەم درێژبوونەوەی مەودای خەبات و منگەمنگ و وردەگڵەیی ناوخۆییش بۆ خۆیان بۆ حیزب و ڕێبەرایەتییەک گرفتیان، بەڵام کاتێک ئامانجی حیزبێک ڕزگاریی نەتەوەیەکە و هەمووشیان کوردن، ئەوانەی بەلاوە ئاساییە و بەقەدەر توانای خۆشی هەوڵی کەمکردن و لابردنیشیانی داوە؛ بەڵام دنیاکە زۆر گۆڕاوە، ڕووبەری داخوازەکان فراوانتر بوون، بێگومان هێنانەدیی هەموویان لەو هەلومەرجە بەرتەسک و ناهەموارەدا نەگونجاوە.

جا خۆ ئەووانەی ڕزگاریی کوردستان و کوردیان نەوێ، دەبێ لە بابی بگەڕێی و بزانی لە چ تۆوێک گۆڕاوە! مەعلوومە کورد نییە و خۆشی نازانێ کوڕی کێیە، هەر ناوێکی جگە لە کوردبوون بۆی دابنێی پڕ بە پێستیەتی و تەواوە!

بەهیوای سەرکەوتن

براتان مەلا برایمی مەجیدپوور