لە دامەزرانی حیزبی دیموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئێستا ٨١ ساڵ تێدەپەڕێ.لەوماوەیەدا چوار ڕەوتی فیکری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ململانێدان.

١- ڕەوتی شوینیستی کە بانگەشەی یەک وەڵات، یەک نەتەوە. و یەک زمان ” فارسی” دەکات .ئەم ڕەوتە بەهیچ شێوەیەک ئامادە نییە واقعیەتی فرەنەتەوەیی ئێران قەبووڵ بکات. نەتەوەکانی دیکەی ئێران بە قەوم و عەشیرە و وردە فەرهەنگ ناو دەبات و بۆ سەلماندنی ئەم بیرو باوەڕەیان لە هیچ جینایەت و درۆ و شانتاژ کردنێک ناپرنگێنەوە.
٢- ڕەوتی ئیسلامی سیاسی کەبڕوای بە نەتەوە نییە و خەڵکی ئێران لە چوارچێوەی ئوممەتی ئیسلامی پێناسە دەکات ، ئێران بە “ئۆم القەرای ئیسلامی” واتە ناوەندی ڕێبەری کردنی ئیسلامی سیاسی دەزانێ.بە دروست کردنی گروپگەلی نیابەتی و سازکردنی ڕایەلەیەکی تێرۆریستی کە ناوی هیلالی شیعەی لەسەر دانابوو ،لە بیری دامەزراندنی ئیمپراتۆرێکی شیعی دا بوو کە کۆمەڵگای سوننەش لە ژێر گوشار وهەڕەشەکانیاندا گوێ ڕایەڵی فەرمانەکانیان بن.
٣- ڕەوتی کۆمۆنیستی کە پێشتر حیزبی تودە و پاش دەیەی ٥٠ ڕەوتی جۆراوجۆری کۆمونیستی دیکە دامەزران ، لە گەڵ کەمێک جیاوازی لە بیروڕایاندا هەموویان بانگەشەی هێنانەسەرکاری دیکتاتۆری پرۆڵتاریایان دەکرد.
ئەم ڕەوتە بێجگە لە خۆی هەموو ڕەوتە سیاسییەکانی دیکەیان بە کۆنە پارێز و نوێنەری بۆرژوازی پێناسە دەکرد و خوازیار شەڕ تا لەناوبردنیان بوون.
٤-ڕەوتی شوناسخوازی “نەتەوەیی ” ئەم ڕەوتە هەڵگری ئاڵای خەباتی نەتەوایەتی لەکوردستان بوو لە کۆمەڵگایەکی پلورال و فرە چەشن دا. ئەم ڕەوتە بە بێ ئەوە هیچ هێز و جەریانێک ڕەد بکاتەوە خوازیاری مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ گەلی کورد دەکا . حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەرەتای پێکهاتنی تا ئێستاش نوێنەرایەتی ئەم ڕەوتە فیکرییە دەکات.
حیزبی دێموکرات ڕۆڵێکی مێژوویی و بەرچاوی لە زیندووکردنەوە و چەسپاندنی شوناسی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبووە. بە درێژایی مێژوو، ئەم حیزبە گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕێگەی تێکۆشانی سیاسی و چەکدارییەوە گەشە پێداوە و بەرگری لە مافە کولتووری و زمانەوانییەکان کردووە.
مەبەستی ئەم نووسینە شەن و کەو کردنێکی کورتە لە ڕادەی شوێندانەری حیزبی دیموکرات لە ڕەوتی خەباتی شوناسخوازانەی نەتەوەیی لەچەند وێستگەیەکی گرینگی مێژووییدا و بەرئاوەرد کردنێکی کورتی ڕابردوو و ئێستا.
ویستگەی یەکەم:
حیزبی دێموکرات لە ساڵی (١٩٤٥) لە شاری مەهاباد دامەزرا. یەکەم بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ٨ خاڵ پێکهاتبوو. ناوەڕۆکەکەی جەختی دەکردەوە لەسەر دابینکردنی:
١-ئۆتۆنۆمی بۆ کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراندا.
٢- زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا بکرێتە فەرمی .
کە هەردوو خاڵ لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی شوناسخوازی کوردی بە ئەژماردێن.
ویستگەی دووهەم:
بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مهاباد ( ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ ی هەتاوی)، حیزبی دێموکرات بۆ یەکەمجار دامەزراوەیەکی فەرمی کوردی بە ئاڵا، سروودی نەتەوەیی (ئەی ڕەقیب) و زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی پێکهێنا، کە بووە بناغەیەکی سەرەکیی شوناسی نەتەوەیی. دامەزرانی ئەم کۆمارە بووە مایەی شانازی و شادی خەڵکی کوردستان لەهەموو بەشەکانیدا.
بێجگە لەو چەند کردەوە گرینگە، حیزبی دێموکرات لە کۆماری کوردستاندا ،گرنگییەکی زۆری بە ڕۆڵی ژنان دا و یەکیەتی ژنانی دێموکراتی دامەزراند ، بەم چەشنە بوو کە ژنانی کورد لە خەباتی سیاسی و پاراستنی ڕەوتی شوناسخوازی نەتەوەییدا پێگەی بەرزیان بە دەست هێنا و دەوری باشیان گێڕا.
ویستگەی سێهەم:
حیزبی دیموکرات بەردەوام جەختی لەسەر دیاریکردنی مافی چارەنووس بۆ گەلی کورد و پێکهاتەی فێدراڵی کردووەتەوە، ئەمەش هۆشیاریی سیاسی و نەتەوەیی لەناو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردستاندا بەرز کردووەتەوە.لەم پەیوەندییەدا بەسەدان کۆڕ و کۆبوونەوەی بەڕێوە بردوون و سەدان بابەت و ووتاری نووسیوە و چەند کتێبێکیشی بڵاو کردووەتەوە.
ویستگەی چوارەم :
لە ڕێگەی بڵاوکراوە، ڕاگەیاندن و تێکۆشانی فەرهەنگییەوە، حیزبی دێموکرات ڕۆڵی گرینگی گێڕاوە لە پاراستنی زمان، مێژوو و ئەدەبی کوردی لە بەرامبەر سیاسەتی ئاسمیلاسیونی نەتەوەی خۆسەپێن وحاکم بەسەر وەڵاتدا.
ویستگەی پێنجەم :
لە ڕێگەی ڕێکخستنی خەڵک و سازماندانی پێشمەرگەوە، ئەم حیزبە بە یەکێتی و یەکگرتوویی ڕیزەکانی، توانای بەرگری کردنی لەناو کۆمەڵگای کوردستاندا بەهێز کردووە. مێژووی ئەم حیزبە پڕە لە خەبات و قوربانیدان، کە بووەتە بەشێک لە یادەوەریی نەتەوەیی و شوناسی بەرگری لەناو کوردستاندا
کۆی ئەم هەوڵ و تێکۆشانە، ڕۆڵی حیزبی دێموکرات لە بەرز کردنەوەی شوناسخوازی کورد دەردەخا و بەم چەشنە حیزبی دیموکراتی کردووەتە پێشەنگی کۆمەڵگا ، هەربۆیە دروشمی” بژی حیزبی دیموکرات پێشاندەری ڕێی خەبات” زیاتر لە ڕابردوو مانا دەبەخشێ.
ئەگەر بمانەوێ هەلوومەرجی ئێستای کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵات لە گەڵ دەورانی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و زاڵبوونی فەزای چەپی کۆمۆنیستی و ئیسلامی سیاسی بەسەر کۆمەڵگادا بەرئاوەرد بکەین ، ئەوکات تێدەگەین کە ڕەوتی شوناسخوازی بە پێشەنگایەتی حیزبی دێموکرات لەباری” کەمی” و” کەیفی” یەوە چ پێشکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە.
ئەم چەند خاڵەی خوارەوە دەرخەری ئەو ئاڵووگۆڕ پێشکەوتنەیە:
١- فەزای زاڵ بەسەر کۆمەڵگای کوردستان لە ساڵەکانی ٥٧-٥٨ فەزای چەپی کۆمۆنیستی بوو بەڵام فەزای زاڵی ئەم سەردەمە فەزای شوناسخوازی نەتەوەییە.
٢-لە ساڵەکانی ٥٧-٥٨ شوناسخوازی بە دواکەوتوویی و نائاگاهی لە قەڵەم دەدرا بەڵام ئێستا شوناسخوازی بووەتە بەشێکی جیانەکراوە لە مودیرنیتە و مایەی شانازییە.
٣- ئێستا لاوەکانمان تێگەیشتوون کە دروشمی چەپی و ئیسلام گەرایی دروشمێکی هاوردە و دوورن لە ڕاستیەکانی کۆمەڵگای کوردستان، بەڵام دروشمی شوناسخوازی دروشمێکی خۆماڵی و بەشێکە لە کۆنەسی مروڤی کورد و کۆمەڵگای کوردستان.
٤-دروشمی چەپی و ئیسلام گەرایی، مرۆڤ لە هوویەتی خۆی بەتاڵ دەکاتەوە و دەیکاتە کەرەسەی یاریکەرانی ئەوبیر و باوەڕە هاوردانە، بەڵام دروشمی شوناسخوازی کەسایەتی بە هەمووتاکێکی کوردستان دەبەخشێ .
٥-بیر و باوەڕی هاوردە، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی سەرچاوەی بیرو باوەڕەکەیان بە پێی بەرژەوەندی ئەوان سیاسەت دادەڕێژن ، بەڵام ڕەوتی شوناسخوازی لە چوارچێوەی بەرژەوەندی کورد و کوردستان سیاسەت گوزاری دەکات.
جیگەی ڕامانە و خۆشحاڵییە، بەشێک لەو حیزبانە کە سەردەمێک شوناسخوازی نەتەوەییان پێ شەرم و شوورەیی بوو ئێستا ڕوویان لە خەباتی نەتەوەیی کردووە و پەشیمانیان لە ڕابردووی خۆیان دەربڕیوە.
ئەگەر بمەوێ لەسەر ئەو جیاوازی و پێشکەوتنانە بنووسم دەتوانم زۆرخاڵی دیکە ڕیزبکەم، بەڵام، بۆ درێژ نەبوونەوەی بابەتەکە بەم ئاکام گیرییە کۆتایی بە بابەتەکە دێنم :
شانازی دەکەم بە حیزبە خەباتگێڕەکەمانەوە کە ٨١ ساڵە لە پێناوی ئامانجە نەتەوەییەکانی گەلەکەماندا تێدەکۆشێ ، بە بێ ئەوە لە قوربانیدان و دژوارییەکانی خەبات لە پێناو ئازادی گەلەکەماندا بۆ تاوێک پرنگابێتەوە . حیزبی ئێمە توانیویەتی دەوری پێشەنگایەتی خۆی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەماندا بگێڕێ. خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لە شوێندانەری حیزبی دێمۆکرات ئاگادارن ، هەربۆیە بۆداهاتوو بە مەخاتیبی دەگرن و چاویان لە هەنگاوەکانیەتی.
وەرگیراو لە لاپەڕەی نووسەر

