مێژووی مرۆڤایەتی پڕاوپڕە لە کارەسات و تاوانە گەورەکان کە تێیاندا کۆمەڵگە و گرووپە ڕەسەنەکان، بەهۆی جیاوازیی ئایینی، نەتەوەیی یان کلتورییەوە، بوونەتە ئامانجی سڕینەوە و جینۆساید.
یەکێک لە هەرە تراژیدیاترین نموونەکانی ئەم مێژووە، زنجیرە فەرمانانەیە کە لە ئەدەبیاتی زارەکیی ئێزیدییەکاندا بە ناوی ”فەرمان” ناسراون؛ هێرشانێکی سیستماتیک کە بە درێژایی سەدەکان دژی کوردانی ئێزیدی، بە تایبەتی لە شەنگال و دەوروبەری، ئەنجام دراون.
تێگەیشتن لە ڕەهەندەکانی ئەم کارەساتانە، پێویستی بە خوێندنەوەیەکی قووڵی مێژوویی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و دەروونی هەیە؛ بەتایبەتی لەو ڕوانگەیەوە کە چۆن دەسەڵاتە دەرەکییەکان لە ڕێگەی چاندنی دابەشکاری، توانیویانە پێکهاتەکانی یەک نەتەوە دژی یەکتر بەکاربهێنن.
لێکۆڵینەوە مێژووییەکان نیشان دەدەن کە بەشێکی بەرچاو لە فەرمانەکانی دژی ئێزیدییەکان، لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا ڕوویداون. دەوڵەتی عوسمانی، بۆ پاراستنی هەژموونی سیاسیی خۆی، زۆرجار ئایینی وەک ئامرازێکی دەسەڵات بەکاردەهێنا. لە هەندێک قۆناغدا، بەشداری یان هاوکاریی هەندێک میر و بەگەی کوردی موسڵمانیش، لە جێبەجێکردنی ئەو فەرمانانەدا تۆمار کراوە؛ ئەوانەی کە لە بەرامبەر پۆست، ئیمتیاز یان پشتگیریی سیاسی، هێرشیان کردووەتە سەر هاونەتەوە ئێزیدییەکانیان.
ئەم ڕووداوانە برینێکی قووڵیان لە بیرەوەریی کۆمەڵایەتیی کورددا جێهێشت؛ کاتێک هاونەتەوە، لە ژێر کاریگەریی سیاسەتی دەرەکی و دەمارگیریی ئایینی، بووە ئامرازی کوشتنی هاونەتەوەی خۆی.
ئەم بارودۆخە نیشانی دەدات کە سیستمی دەرەبەگایەتی و خێڵەکی، لە هەندێک قۆناغی مێژوودا، نەیتوانیوە بەرژەوەندیی نەتەوەیی و مرۆیی لەبەرچاو بگرێت. لە شوێنی ئەوەی میر و بەگەکان ببنە پارێزەری سەرجەم پێکهاتەکانی خاکەکەیان، لە هەندێک کاتدا بوونە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی داگیرکەران. ئەوان، بە ناوی جیهاد و پاکتاوی ئایینی، سامان و زەوی و مومتەلەکاتی هاونەتەوەکانیان تاڵان دەکرد، بێ ئەوەی تێبگەن کە بەم کردارەیان تەنها دەسەڵاتی داگیرکەر بەهێزتر دەکەن و دواتر خۆشیانیش دەبنە قوربانیی هەمان سیاسەت.
لە پاڵ هێزی سەربازی، چەکێکی کاریگەرتر و مەترسیدارتریش بەکار هێنرا؛ ئەویش شێواندنی ڕاستییەکان و بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە بوو. هەندێک لە دامەزراوە سیاسی، ئایینی و میدیاییەکانی دەسەڵاتدار لە ناوچەکە، بە درێژایی سەدەکان، گوتاری دژبەر و چەواشەکارییان دژی ئێزیدییەکان بڵاوکردەوە. ئەوان بە هەڵبەستنی تۆمەتەکان، وەک ”شەیتانپەرست” یان ”کافر”، هەوڵیان دەدا شەرعیەت بە ڕشتنی خوێنیان، تاڵانکردنی سامانەکانیان و کۆیلەکردنی ژن و منداڵەکانیان بدەن. مێژوو دووبارە سەلماندوویەتی کە مرۆڤکوژیی گەورە، پێش ئەوەی بە چەک دەست پێ بکات، بە زمان و پڕوپاگەندا دەست پێ دەکات.
تراژیدییەکی دیکە ئەوە بوو کە بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردی موسڵمان، لە ژێر کاریگەریی ئەو پڕوپاگەندانە کەوتن. نەبوونی هۆشیاریی نەتەوەیی، بڵاوبوونەوەی نەخوێندەواری و باڵادەستیی گوتاری دەمارگیرانە، وای کرد هەندێک کەس بڕوا بەو درۆ و چەواشەکارییانە بهێنن، کە لە ناوەندەکانی دەسەڵاتەوە بڵاودەکرانەوە. ئەمە هەستی نامۆیی و دوژمنایەتی لەنێوان پێکهاتەکانی یەک نەتەوەدا دروست کرد و ڕێگەی بۆ زیاترکردنی دابەشکاری خۆش کرد.
لە جیاتی ئەوەی پەرستگای لالش وەک یەکێک لە کۆنترین ناوەندە فەرهەنگی و ڕۆحییەکانی کوردستان ببیندرێت، لەلایەن هەندێکەوە بە چاوێکی گومانەوە لێی دەڕوانرا. ئەم بۆشاییە فکری و دەروونییە، هەلومەرجێکی گونجاوی بۆ نەیارانی کوردستان دروست کرد، تا بتوانن درز بخەنە نێوان ڕیزەکانی کۆمەڵگەوە.
بەڵام، سەرەڕای هەموو ئەم کارەسات و برینە قووڵانە، ئەوەی وەک هێمایەکی درەوشاوە لە مێژوودا ماوەتەوە، خۆڕاگری و پاراستنی ناسنامەی ئێزیدییە. زنجیرە چیاکانی شەنگال تەنها شوێنێکی جوگرافی نەبوون؛ بەڵکو بوونە پەناگەیەکی ناسنامە، ئازادی و مانەوە. هەر فەرمانێک زیانێکی گەورەی گیانی و مادی لێکەوتەوە، بەڵام نەیتوانی ڕۆحی خۆڕاگری و بەستەری کلتوری ئەو کۆمەڵگەیە بشکێنێت.
پاراستنی زمان، دابونەریت، ئایین، گۆرانی و بەیتە دێرینەکان، هۆکاری سەرەکیی مانەوەی ئەو ناسنامەیە بوون. ئەم توانایە بۆ سەرلەنوێ ژیانەوە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ناسنامەی کلتوری، ئەگەر لەسەر بنەمایەکی ڕەسەن و بەستراو بە خاک و مێژوو دامەزرابێت، بە هێزی چەک و سوپا ناسڕدرێتەوە.
لە کۆتاییدا، خوێندنەوەی ئەم لاپەڕە تاڵانەی مێژوو، مەبەستی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو نییە، بەڵکو وانەیەکە بۆ داهاتوو. کۆمەڵگە تەنها کاتێک دەتوانێت ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکان بکات، کە مێژوو بە ڕاستی و بێ شاردنەوە بخوێنێتەوە، دان بە هەڵەکانی ڕابردوودا بنێت و بەهای یەکترقبوڵکردن، دادپەروەری و کرامەتی مرۆڤ وەک بنەمای هاوبەشی داهاتوو وەربگرێت.
تەنها لە ڕێگەی ئەم هۆشیارییەوەیە کە دەکرێت شەنگال، نەک تەنها وەک شوێنی ئازار، بەڵکو وەک سیمبۆلی خۆڕاگری، سەربەرزی و سەرکەوتنی ویستی ژیان لە مێژووی کوردستاندا بمێنێتەوە.
ڕەحیم نزهتزادە
