حیزبێک 81 ساڵ بێت بە هەموو شێواز و جۆرەکانی خەبات لە پێناوی ڕزگاریی کورد و کوردستانەکەیدا ڕانەوەستابێت و کۆڵی نەدابێت،

خەیانەتی بە حیزب و لایەن و جووڵانەوەکانی پارچەکانی دیکەی نیشتمان نەکردبێت، بۆ مانەوەی خۆی سیخوڕی و چڵکاوخۆریی بۆ دەوڵەتە داگیرکەرەکانی تری پارچەکانی دیکەی کوردستان نەکردبێت، پاسەوانی سنوور و ڕێگری لە خەباتی پارچەکانی دیکەی نیشتمان نەکردبێت و لە سەختترین بارودۆخی دارایی و ئەمنییەتیدا سەربەرزانە بەسەری بردبێت و پەنای بۆ خاکفرۆشی و گەلفرۆشی و کەرامەتفرۆشی نەبردبێت؛ بەڕاستی هەقە نەتەوە سەربەرزەکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئابەم جۆرە پشت و پەنا و پاڵپشتی هەمیشەیی بێت. ئاخر لە خۆڕایی نییە 81 ساڵە ئەو حیزبە هەروا بە پێشڕەوی و بە ڕێبەری و ڕێکخەری جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوەتەوە، لە ماوەی ئەو 81 ساڵەدا دەیان حیزب و سازمانی دیکە لە ئێران و کوردستان لەدایک بوون و بۆ ماوەیەک گەشەیان کرد، بەڵام هەر وەک چۆن زوو گەشەیان کرد هەرواش زوو یان هەرەسیان هێنا و تەنیا ناو و چەند نووسراوەیەکیان لەپاش جێما، یانیش هێندە لاواز و بێڕەونەق بوون کە سەد خۆزگەیان بەوانەی مردوون.
بەڵام گەورەیی، خۆشەویستی، پاکی، ڕاستگۆیی، شۆڕشگێڕی و نەتەوەیی و نیشتمانیبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وایان کردووە گەلی کورد بەگشتی لە هەر چوار پارچەکەی و بەتایبەتیش خەڵکی بەشەرەف، خۆڕاگر، ئازادیخواز و نیشتمانپەروەری ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان تێکۆشەرانی ئەو حیزبە هەر وەک ڕۆڵە سەربەرز و خۆشەویستەکانی خۆیان سەیر بکەن، لە باوەشی گەرمی خۆیاندا لە ڕەشەبای ئەهریمەن بیانپارێزن و لەگەڵ خۆیان لە یەک ماڵ و لەسەر یەک سفره جێگەیان بکەنەوە. بەڕاستی ئەو خۆشەویستی، شانازی و متمانەپێکرانەش نە هەتا ئێستا بەنەسیبی هەموو حیزبێک و هەموو شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازێکی کورد بووە و نە لە داهاتووشدا بەو جۆرە ڕوو دەدات. بۆیە بەڕاستی ئەو خۆشەویستی و متمانەپێکردنە ئەرک و بەرپرسیارەتیی سەرشانی ئەو حیزبە و تێکۆشەرانی گەورەتر و قورستر دەکات. هیوادارم ئەو حیزبە و تێکۆشەرانی هەر ئاوا جێگەی ڕێز، خۆشەویستی و متمانەی گەلی کورد بەگشتی و خەڵکی خۆڕاگر، چاونەترس و بەئەمەگی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بن و هەرواش چقڵی چاوی داگیرکەران، فاشیستان، کوردکوژان، ڕیسوایان و تیرۆریستان بن.
حیزبێک کە خاوەنی ڕێبەرانی شەهیدی وەک قازی، قاسملوو، شەرەفکەندی و دەیان و سەدان شەهیدی ڕێبەرایەتی و فەرماندەیی هێز و هەزاران کادر و پێشمەرگەی شەهیدی قارەمان بێت؛ بێگومان هەروا خۆشەویستی نەتەوە و نیشتمانەکەی دەبێت و هەرواش چقڵی چاوی دوژمنانی کورد و کوردستان دەبێت.
بەبۆنەی 81مین ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران؛ حیزبی خۆشەویستی زیاتر لە 20 ملیۆن کورد و جێگەی هیوا و ئومێدی گەلی قارەمان و خۆڕاگری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، حیزبی زیاتر لە 6000 شەهید و هەزاران زامداری سەنگەر، حیزبی هەزاران کادر و پێشمەرگە و دەیان و سەدان هەزار ئەندام و لایەنگر، خاوەن ناو و ناوبانگێکی پاک و بێگەرد لە نێو حیزب، سازمان و کۆڕ و کۆمەڵگەکانی جیهاندا؛ پڕ بەدڵ پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە پیرۆزە پێشکەش دەکەم بە بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی، سەرجەم خەڵکی بەشەرەف و بەئەمەگی کوردستان لە هەر چوار پارچەکەی بەگشتی و لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بەتایبەتی، هەروەها بە ڕێبەرایەتی، کادر، پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگرانی دڵسۆز و خاوەن شەرەفی ئەو حیزبە. هیوادارم تێکۆشەرانی خاوەن ئیرادەی ئەو حیزبە بە ئیمانی پتەویان و یەکڕیزی و یەکگرتوویی خۆیان، ئاوات و پیلانە گڵاوەکانی دوژمنانی کورد و کوردستان و نەیارانی ببنە بڵقی سەر ئاو و بە خاوەنەکانیانەوە بیانخەنە ژێر گڵ و ئیتر کەس نەتوانێت خەنجەری ژەهراوی لەو حیزبە، لەو تێکۆشەرانە و لەو یەکڕیزییە بباتەوە.
81 ساڵ خەبات، فیداکاری، خزمەت و قارەمانێتیتان پیرۆز بێت. بە هیوای ڕزگاریی گەل و نیشتمان، و مەرگ و ڕیسواییش بۆ داگیرکەران، فاشیستان، کوردکوژان، تاوانباران و حکومەتە داگیرکەرەکانی ئێران، تورکیا و عێراق.
