هاوینی ئه‌مساڵ واته ساڵی (2026) له کتێبخانه‌ی کوردی ستۆکهۆڵم، کتێبێ به پێنووسی (عه‌زیز ره‌زایی)

خرایه به‌رده‌ست خوێنه‌ران. ئه‌م په‌رتووکه (594) لاپه‌ڕه‌یه)، ناوه‌که‌ی به ناچار به‌و جۆره ئه‌نووسم: (… …)
ئه‌و په‌رتووکه که ناوه‌که‌یم به‌و جۆره نووسیوه: (… …) هۆکه‌ی ئه‌وه‌یه که ناوی کتێبه‌که له سه‌ر به‌رگه‌که‌ی دروست نه‌نووسراوه، به‌ڵام له یه‌که‌م لاپهڕهیدا نووسراوه:
(سه‌قز لاپه‌ڕه‌ی مێژوو له خۆرهه‌ڵاتی کوردستان).
**
پێناسه‌ی نووسه‌ر عه‌زیز ره‌زایی
ژیان و به‌سه‌رهاتی ژیان
هه‌ر که‌س له شێوێنێ پێئهنێته کۆڕی ژیانه‌وه و به جۆرێ درێژه به ژیان ئه‌دات که جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ ژیانی که‌سانی ده‌وروبه‌ری. به‌ڕێز (عه‌زیز ره‌زای)یش هه‌ر به‌و جۆره. با له زمان خۆیانه‌وه ئاگاداری شوێنی له دایک بوون و کورته‌ێک له ره‌وتی ژیانی ببین، که به‌و جۆره بۆمان ئه‌گێڕێته‌وه :
ئه‌من (عه‌زیز ڕه‌زایی)، له دایکبووی گوندی قڵهندهر له ناوچه‌ی فه‌یزوڵلابه‌گی سه‌ر به شاری سه‌قز مه‌ڵبه‌ندی موکریانم، نیشته‌جێ شاری سه‌قز له (1327) هه‌تاوییه‌وه. خوێندنی وانه‌ی دینی فه‌قێیه‌تی، وه‌رز هاوینان له حوجره‌ی مزگه‌وتی (مه‌لا برایم) له گه‌ڕه‌کی سهرپهچه ده‌ست پێ ده‌که‌م.
ئه‌م ره‌وته هه‌تا کۆتاییی پۆلی (9) ی قوتابخانه‌ی زانستی به‌رده‌وام ده‌بێ. خوێندنی سه‌ره‌تایی و دواناوه‌ندی هه‌تا کۆتاییی پۆلی (12) له شاری سه‌قز ده‌چێته پیشه‌وه. (18) مانگ خولی ( سوپای دانش – زانت؛) (4) مانگ فێرکاریی سه‌ربازی له پادگانی قووشچی ورمێ، (14) مانگ مامۆستای سوپای زانست له دوو گوندی چیچیخواری سه‌ر به‌ناوچه‌ی فه‌یزوڵابه‌گی و رهنگهڕێژان له سه‌رشیوی ناوچه‌ی سه‌قز کۆتایی پێ دێنم. پاش خولی سوپای دانش، ئه‌رک و کار وێنای مامۆستای قوتابخانه (موعه‌لیم مه‌دره‌سه) ده‌س پێ ده‌که‌م.
ده‌ستپێکی ئه‌رکی مامۆستایی له ئازه‌ربایجانی خۆرهه‌ڵات، ناوچه‌ی مه‌راغه، شارۆچکه‌ی عه‌جه‌ب شێر گوندی شیشهوان ده‌ستبه‌کار ده‌بم. به پێی بڕیار و یاسای وڵاتی ئێران، پاش سێ ساڵ کاری مامۆستایی له‌م مه‌ڵبه‌نده، گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و مه‌ڵبه‌ندی کار و ژیانی دڵخواز ئاسایی ده‌بێ به‌و پێیه به‌ره‌و شار و ناوچه‌ی سه‌قز له کوردستان گه‌ڕامه‌وه.
یه‌که‌م ساڵی مامۆستاییم له گوندی زێویه فه‌یزوڵابه‌گی ده‌ست پێ ده‌کات و ساڵی دواتر له گوندی حانه‌میران سه‌ر به ناوچه‌ی تیله‌کۆ تێپه‌ر ده‌بێت. پاشام له ساڵی (51 – 1350)ی هه‌تاوی، شوێنی کاری مامۆستاییم بۆ نێو شاری سه‌قز قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تاییی (مه‌جدی) گواسته‌وه.
قوتابخانه‌ی (مه‌جدی) رێک له ته‌نیشتی ماڵه‌که‌مان، پشت پارکی کوده‌ک هه‌ڵکه‌وتبوو. له دابه‌شکردنی پۆله‌کاندا، مامۆستای پۆلی پێنجه‌م بۆ من دیاری ده‌کرێ. له کۆتاییی ئه‌و ساڵه‌دا، ئاگادارییه‌ک له لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی فه‌رهه‌نگه‌وه (فێرکردن و بارهێنان بڵاو ده‌بێته‌وه، که له چوار هێلی وانهبێژێدا (بیرکاری، کیمیا، فیزیا، ژینناسی – (biology) و ئیگلیزی خوێندکار- مامۆستا وه‌رده‌گرن له شاری سه‌قز، به مه‌به‌ستی راهێنان له زانکۆی تاران. پاش کوتاییی (4) ساڵ خولی خوێندنی وانه له زانکۆ، پێنج ساڵ ئه‌رک وکاری مامۆستایی ده‌کرایه مه‌رج له هه‌مان وانه له خوێندنگه‌کانی شاری سه‌قزدا. کێبڕکی له نێوان کۆی داخوازیکاران کرابووه‌وه بۆ مه‌رجی وه‌رگرتنی خویندکارانی زانکۆ له ئاستی پارێزگای کوردستان و بۆ شوێنی تاقیکردنه‌وه‌ی کێبڕکێی مامۆستایان، شاری سنهناوهندی پارێزگای کوردستان دیاریکرابوو.
خوێندکارانی سه‌رکه‌وتوو پاشان له زانکۆی فێرکاریی مامۆستایان له تاران خوێندنیان ده‌ست پێ ده‌کرد. له نێوان کێبڕکێکارانی مامۆستایانی داخوازیکار، چوار مامۆستا له شاری سه‌قزه‌وه به خوێنکاری یه‌که‌م ده‌رده‌چن.
پاشان من سه‌ره‌ڕای دابینکردنی ئه‌رک و کاری مامۆستایی له قوتابخانه‌کان، چالاکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی وێنای به‌شێک له ئه‌رک و کاری ژیان، کرابووه به‌رنامه‌ی رۆژانه.
لاپه‌ڕه (11 و 12) – کتێبی (سه‌قز لاپه‌ڕه‌ی مێژوو له خۆرهه‌ڵاتی کوردستان) نووسه‌ر ره‌زایی.
**
با له دواین په‌راگرافی ئه‌و پێناسه بڕوانین که ئێژێ:
(چالاکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی وێنای به‌شێک له ئه‌رک و کاری ژیان، کرابووه به‌رنامه‌ی رۆژانه.).
سه‌باره‌ت به چالاکی سیاسی
له ساڵی (1357ی) هه‌تاوی و سه‌رده‌می راپه‌ڕین به دژی شا به‌ڕیز عه‌زیز ره‌زایی یه‌کێ له‌و که‌سانه بوو که چالاکانه له‌و راپه‌ڕینه‌دا به‌شداری ئه‌کرد، کاتی خه‌ڵکی ئێران حکومه‌تی ئیسلامیان دامه‌زراند ئه‌ویش بوو به پێشمه‌رگه‌ی (کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران)، کاتێ رابه‌ران و پێشمه‌رگه‌کانی کۆمه‌ڵه {(حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) و (رێکخراوه‌ی کۆردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)}یان دامه‌زراند، ره‌زای بۆ به پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و رێکخراوه تازانه.
**
عه‌زیز ره‌زایی و چیرۆکی کۆچ:
ئێواره‌ی رۆژێکی هاوین، دایکم ده‌ستی گرتم و به‌ره‌و ماڵی پوورم به‌ڕێ که‌وتین، ماڵی پوورم له ناوه‌راستی گوندی قه‌ڵه‌نده‌ر هه‌ڵکه‌وتبوو. ماڵی پوورم دراوسێی ماڵی (نه‌سیره جوو) بوون. دایکم به ده‌ستێک ده‌ستی منی گرتبوو و به ده‌سته‌که‌ی تری دارکۆڵهوژیک وێنای ئامێری پاراستن له ناودێدا، هه‌ڵگرتبوو. دراوسێی ده‌سته چه‌پی په‌نای ماڵی پوورم، ماڵی (نه‌سیره جوو)ی لێ بوو.
کاتی نزیکبوونه‌وه‌مان له به‌ر ده‌رکی ماڵی پوورم، تارماییی که‌سێک له ته‌نیشت ده‌رکی ماڵی (نه‌سیره جوو) به جووڵه ده‌که‌وێ. دایکم ده‌نگی دایه زه‌لام کێی، که‌سه‌که بێده‌نگ ده‌بێ. دایکم کۆڵه‌وژ ئاوقه‌دی سێبه‌ر ده‌کات، زه‌لام ده‌رده‌په‌ڕێ، پاشان چووینه ژووره‌وه نێو ماڵی پوورم. دایکم باسی رووداوه‌که‌ی گێڕایه‌وه، یه‌ک له کورانی پوورم به گاڵته‌وه باسی ده‌کرد، ره‌نگه (محه‌مه‌د خانی کوڕی ئاغا) خووی داگرتبێ که دڵداریی کچی (نه‌سیره جوو) ده‌کات.
ئه‌و شه‌وه شهونشینمان رابوارد و گه‌ڕاینه‌وه ماڵی خۆمان، سبه‌ی رۆژ دوو که‌سی گزیر و نۆکه‌ری ئاغا خۆیان به حه‌وشی ماڵی ئێمه‌دا کرد. هه‌واڵی بابمیان ده‌پرسی، بابم له مه‌زرا بوو و کاتی نیوه‌ڕۆ باوکمیان له مه‌زرا هێنایه‌وه بۆ نێو گوند. دواتر ئێمه ئاگادار کراینه‌وه، که به ئه‌مری (حه‌سه‌ن خان)ی ئاغا، باوکمیان له مه‌زراوه گه‌راندوه‌ته‌وه بۆ نێو دێ. پاشان ئاگادارکراینه‌وه، که حوکمی لێدان و دارکاری بۆ باوکم بڕاوه‌ته‌وه له لایه‌ن حاکمه‌وه (ئاغا). به گوێره‌ی دابی سه‌رده‌م، ناوه‌ڕاستی گوند دیاری ده‌کرا بۆ لێدانی ره‌عیه‌ت به مه‌به‌ستی چاوترساندنی جه‌ماوه‌ر. ده‌بوو له نێو دێ به تاوانی داهێنانی دارکۆڵهوژی دایکم له (محه‌مه‌د خانی برای حه‌سه‌ن خان) باوکم دارکاری بکرێت. کات و ساتی نیوه‌ڕۆ دایکم ده‌ستی گرتم و به‌ڕێ که‌وتین به‌ره‌و ناوه‌ندی گوند.
وه‌رزی هاوین بوو جه‌نگه‌ی کاری کشتوکاڵ، به‌ڵام کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکانی زۆر له نێو دێ مقۆمقو کۆڕیان به‌ستبوو و چاوه‌ڕوانی ده‌رئه‌نجامی رووهداو بوون. بزانن چ ده‌قه‌ومێ و چاره‌نووسی هاوگوندییان به کوێ ده‌گات. من دایکم تازه ده‌گه‌یشتینه قه‌راخ کۆڕی خڕبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک. ئه‌م جاره دایکم به بێ ئامێری دارکۆڵهوهژ وه‌ده‌ر ده‌که‌وێ بۆ نێو‌دێ. له که‌لێنێکی کۆره‌که‌دا راوه‌ستابووین، له ناکاو نرکه‌ی ده‌نگێکی توند و به‌گوڕ به‌رز بووه‌وه له نێو کۆڕی جه‌ماوه‌ردا. گوێمان هه‌ڵخست باوه‌لێ (سه‌ید عه‌زیز) که‌سایه‌تیی به‌ته‌مه‌ن و جێگای رێز و متمانه‌ی خه‌ڵکانی نێو گوند ده‌نه‌ڕێنێ. به تووڕه‌یی ده‌ینرکاند و شاڵه‌که‌ی پشتی کرده‌وه و به ناڕهزامهندییهوه فرێیدایه شوێنی که‌تی دارکاریی باوکم. مقۆ مقۆی ناڕه‌زایی سه‌باره‌ت به ئه‌مری ئاغا و پشتیوانیی له داکۆکیی باوه‌لێ (سه‌ید عه‌زیز) له نێو جه‌ماوه‌ر هه‌ر ده‌هات و زۆرتر به‌رز ده‌بووه‌وه.
دایکم به ده‌م فرمێسکه‌وه ده‌یناڵاند و ده‌ستی ئه‌منی به‌رنه‌ئه‌دا بچم بۆ لای باوکم له شوێنی که‌تی لێدانه‌که‌یدا. له‌م کاته‌دا، (عه‌به لوتی) ، یه‌کێک له نۆکه‌رانی ئاغاکان بۆ خۆی ده‌بێته تکاکار و داوای لێبوردن له لێدانی باوکم ده‌گه‌یه‌نێته باره‌گای ئاغا. پاش ماوه‌یه‌کی کورت حوکمی ئاغا ده‌شکێ و ئازادیی بابم راده‌گه‌یه‌نرێ له لایه‌ن ئاغاوه. هه‌ڵدێم باوه‌ش به باوکمدا ده‌که‌م و … پاشان پێکه‌وه ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ماڵی خۆمان.
باوکم به تووڕیییهوه له نێو ئاپۆڕای جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکاندا ده‌ڵێ، چیتر له موڵکی ئاغا دانانیشم. دووسبه ئێواره پاش گه‌رانه‌وه‌ی کاکم و باوکم له مه‌زرا بۆ نێو ماڵ و پاش شێوکردن له حه‌وشی ماڵ، من راکشابووم و خه‌وم لێکه‌وتبوو. دایکم له خه‌وی ههڵیستانم، جاوم کرده‌وه کتری و قوری و سفره‌ی شێو نه‌مابوو، دوو گوێدرێژمان له نێو حه‌وشه‌دا بارکرا بوون. ته‌نیا لبادی راخه‌ری ژێر من مابووه‌وه له گوێدرێژ باری بکه‌ن. پاشان لباد لول کرا و له‌سه‌ر یه‌ک له گوێدرێژه‌کان بارکرا، له حه‌وشی ماڵ هاتینه ده‌ره‌وه. تاریکانی ئێواره به‌بێ چرپه له نێو گوندی قه‌ڵه‌نده‌ر وه‌ده‌ر که‌وتین.
کاتی ده‌رچوونی خێزانی شه‌ش که‌سیمان له نێو گوند، بۆربۆر، سه‌گه‌که‌مان به دوامان که‌وت و بووینه (7) که‌س. له ده‌ره‌وه‌ی گوند توشی ماڵه ده‌شتیوان ده‌بووین، که له مه‌زراوه به‌ره‌و نێو دێ ده‌گه‌ڕانه‌وه، گه‌لێک به داخ و ده‌رده‌وه ماڵئاوایییان لێ ده‌کردین. دڵناخۆش بوون سه‌باره‌ت به کۆچکردنمان، ماوه‌یه‌ک وه‌ڕێ که‌وتین، ماندووبوونم پێوه دیار بوو به‌یناوبه‌ین له سه‌ر باری گوێدرێژ سواریان ده‌کردم.
گه‌یشتینه دهرئاوهکهی گوندی نه‌وبه‌هار و تووشی ماڵه خزمێک هاتین به‌ره‌و نێو دێ ده‌ڕۆیشتن، پاش چاک و چۆنی و باسی کۆچ و بهسهرهایمان، داخوازیی بۆرۆری لێ‌کردین که جێی بێڵین بۆیان، چوونکه ئێمه بۆ شار ده‌چین. من له جێهێشتنی بۆربۆر ده‌ستم به گریان کرد، سوودی نه‌بوو. لێره‌دا دائکم تێی گه‌یاندم، که ئێمه ماڵمان بۆ شار ده‌چێ و ناگه‌ڕینه‌وه. نیوه‌شه‌و بوو گه‌یشتنه قه‌راخ شاری سه‌قز، چووینه ماڵه ئاشنایه‌کی پێشتری قه‌ڵه‌نده‌ر، به‌ناوی مام (برای)، کوڕه‌که‌ی (حه‌مه سو‌و)ی ناو بوو. چه‌ن رۆژێک به میوانی له‌و ماڵه ماینه‌وه، تا باوکم و کاکه‌ی گه‌وره‌م خانوویهکێان به‌کرێ گرت له نێو شاردا.
ماڵ و کۆچ به‌ره‌و شاری سه‌قز
به‌ڵی وه‌کوو باسکرا، ئێمه به کۆچ و باره‌وه سه‌ر له به‌یانی رۆژ و مانگی هاوینی ساڵی(1327)ی هه‌تاوی گه‌یشتینه قه‌راخ شاری سه‌قز.
سه‌رچاوه: ل (14 – 15 – 16 – 17و 18). هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
**
با له چه‌ن دێڕی ئه‌و نووسراوه ورد بینه‌وه:
1 – ئه‌من (عه‌زیز ڕه‌زایی)، له دایکبووی گوندی قڵهندهر له ناوچه‌ی فه‌یزوڵلابه‌گی سه‌ر به شاری سه‌قز مه‌ڵبه‌ندی موکریانم، نیشته‌جێ شاری سه‌قز له (1327) هه‌تاوییه‌وه.
به‌ڕیز ره‌زایی ئێژێ: ساڵی (1327) له دایک بووه. هه‌روه‌ها ئێژێ:
2 – (ئێواره‌ی رۆژێکی هاوین، دایکم ده‌ستی گرتم و به‌ره‌و ماڵی پوورم به‌ڕێ که‌وتین، ماڵی پوورم له ناوه‌راستی گوندی قه‌ڵه‌نده‌ر هه‌ڵکه‌وتبوو).
ئه‌گه‌ر ئه‌و کوڕه واته (عه‌زیز ره‌زایی) له یه‌که‌مین رۆژ ساڵی (1327) له دایک بووبێت تا دواین رۆژی هاوینی ئه‌و ساڵه، ته‌مه‌نی ئه‌بێت به شه‌ش (6) مانگ.
وه‌ک پرسیار: مناڵێکی شه‌ش (6) مانگه ئه‌توانێ به پێی خۆی بڕوات تا دایکی ده‌ستی گرتبێت؟!
3 – ده‌بوو له نێو دێ به تاوانی داهێنانی دارکۆڵهوژی دایکم له (محه‌مه‌د خانی برای حه‌سه‌ن خان) باوکم دارکاری بکرێت. کات و ساتی نیوه‌ڕۆ دایکم ده‌ستی گرتم و به‌ڕێ که‌وتین به‌ره‌و ناوه‌ندی گوند. پاش ماوه‌یه‌کی کورت حوکمی ئاغا ده‌شکێ و ئازادیی بابم راده‌گه‌یه‌نرێ له لایه‌ن ئاغاوه. هه‌ڵدێم باوه‌ش به باوکمدا ده‌که‌م.
لێره‌یشدا هه‌مان باسی ئه‌و کۆڕه شه‌ش (6) مانگه دووباره ئه‌بێته که ئه‌توانی به‌پێی خۆی بڕوات؟
ئه‌توانێ راکات و باوه‌ش به باوکی‌دا بکات؟
4 – ماوه‌یه‌ک وه‌ڕێ که‌وتین، ماندووبوونم پێوه دیار بوو به‌یناوبه‌ین له سه‌ر باری گوێدرێژ سواریان ده‌کردم.
له‌م به‌شه‌دا، باوک و دایکی عه‌زیز کۆچک ئه‌که‌ن به‌ره‌و سه‌قز- عه‌زیزی شه‌ش (6) مانگهیشیان له‌گه‌ڵدا ئه‌روات، به‌ڵام به‌هۆی ماندوو بوون جار، جار ئه‌یخه‌نه سه‌ر باری گوێرێژێک.
لێره‌یشدا هه‌مان پرسیاری مناڵه شه‌ش مانگه دێته‌وه ئارا، به‌ڵام نه‌ک له ناودێی قه‌ڵه‌نده‌ر، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ کۆچ و بار به‌ره‌و سه‌قز که چه‌ندین گیلۆمتر رێگایه.
ئایا منالێکی شه‌ش (6) مانگه ئه‌توانێ ئه‌و رێگا ببڕێت ؟!
جیا له‌و باسانه، ئه‌و مناڵه شه‌ش مانگه ئه‌توانێ ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ی خۆی له مێشک‌دا کۆکاته‌وه و پاش (77) ساڵ یان (زیاتریش) بیگێڕێته‌وه؟!
**
هیوادارم له نووسینه‌وه‌ی ئه‌و باسانه‌دا هه‌ڵه‌ی نووسینم نه‌بووبێت.
**
وێنه دوو که‌سییه‌که له فه‌یسبووکی فه‌ریده ره‌زایی.
24/8/2026
سه‌عی سه‌قزی – قایشی
Sai.saqzi@gmail.com
