ئەمریکا هەوڵ دەدات جەمسەری ململانێکان لە بەرەکانی جەنگەوە بگوازێتەوە بۆ بازاڕە داراییەکان.

ستراتیژی نوێی سزاکان لەسەر بنەمای بیرۆکەیەکی ئابووریی سادە داڕێژراوە: ئەگەر تێچووی ڕێڕەوی سیاسیی ئێران بە ڕادەیەکی پێویست بەرز ببێتەوە، ڕەنگە سەرکردایەتیی وڵات ناچار بێت بە ئامانجە ستراتیژییەکانی خۆیدا بچێتەوە. بەڵام لاوازبوونی ئابووری بە واتای تەسلیمبوونی سیاسی نییە. بۆیە پرسیارە چارەنووسسازەکە ئەوە نییە کە ئەمریکا تا چەند دەتوانێت بە توندی ئابووریی ئێران بخاتە ژێر فشارەوە، بەڵکو ئەوەیە ئایا دەتوانرێت ئەو فشارە ئابوورییە بگۆڕدرێت بۆ گۆڕانکاریی ڕاستەقینەی ڕەفتاری سیاسی؟
کاتێک «سکات بیسێنت» ، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە ٦ی مارسی ٢٠٢٥دا ڕای گەیاند، ئەگەر ئێرانی بوایە، سەروەت و سامانەکەی لە تمەنەوە بۆ دۆلار دەگۆڕییەوە، ئەمە زیاتر بوو لە ئامۆژگارییەک لەسەر بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی. ئەو لێدوانە جەوهەری ستراتیژی سزاکانی ئەمریکای ڕوون کردەوە: کاریگەری لەسەر چاوەڕوانییە ئابوورییەکانی ماڵان، بازرگانان و وەبەرهێنەران، بەمەش تێچووی ئەو سیاسەتانەی دەوڵەتی ئێران پەیڕەویان دەکات، زیاد دەکات.
لێدوانەکانی دواتری «سکات بیسێنت»ئەو ئاماژەیەی تیژتر کرد. ئەو کۆمپانیایانە، بانکەکان و ئەو وڵاتانەی کە بەردەوامن لە پاڵپشتیی ئابووریی ئێران، مەترسیی ئەوەیان لەسەرە تووشی لێکەوتەی ئابووری ببن. ئەمە بەو مانایەیە کە سیاسەتی گەمارۆکان چیتر تەنیا ئاراستەی دەوڵەتی ئێران نییە، بەڵکو هەوڵ دەدات کاریگەری لەسەر ئەو ئەکتەرە نێودەوڵەتییانە دابنێت کە ئێران بەهۆیانەوە دەتوانێت بەردەوام بێت لە بازرگانیکردن، هەناردەکردنی نەوت و دەستڕاگەیشتن بە سەرمایە.
لێرەدایە کە شیکاریی ئابووری دەبێتە ناوەندی بابەتەکە.«سکات بیسێنت» لە جیهانی داراییی نێودەوڵەتییەوە هاتووە و هەر بۆیە تا ڕادەیەکی زۆر لە ڕێگەی میکانیزمەکانی بازاڕی سەرمایەوە سەیری جیۆپۆلەتیک دەکات. نرخی ئاڵوگۆڕ، بۆندەکانی حکوومەت، هەڵاوسان، ڕۆیشتنی سەرمایە، وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی، بازرگانی و نەختینەیی دارایی، لەم ڕوانگەیەوە نەک تەنیا گۆڕەکی ئابووری، بەڵکو دەبنە ئامرازی دەسەڵاتی جیۆپۆلەتیکی.
بۆیە دەکرێت ستراتیژیی ئەمریکا وەک هەوڵێک بۆ کاریگەریکردن لەسەر چەند هێڵی ژیانی ئابووریی ئێران لە یەک کاتدا وەسف بکرێت.
سێ هێڵی ژیانی ئابووری:
١. هەناردەکردنی نەوت: ئێران بۆ بەدەستهێنانی دراوی بیانی و داراییی چالاکییە ئابوورییەکانی دەوڵەت، پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. ئەگەر هەناردەکردنی نەوت سنووردار بکرێت، هاتنی دۆلار و دراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە کەم دەبێتەوە. ئەمەش لە بەرامبەردا دەتوانێت فشار بخاتە سەر ڕیاڵ و تێچووی هاوردەکردن و هەڵاوسانی سووتەمەنی بەرز بکاتەوە.
٢. سیستەمی داراییی نێودەوڵەتی: ئەگەر بانک و کۆمپانیاکانی ئێران بە زەحمەت بتوانن پارە لە سنوورەکان بگوازنەوە، تێچووی مامەڵەکردن زیاد دەکات. هاوردەکردن گرانتر دەبێت، وەبەرهێنانەکان مەترسیدارتر دەبن و کۆمپانیاکان بەزەحمەت دەتوانن پارەی کارەکانیان دابین بکەن. پاشان سزاکان لە ڕێگەی میکانیزمی گواستنەوەی داراییەوە کار دەکەن؛ بە زیادکردنی تێچوون و مەترسیی مامەڵە نێودەوڵەتییەکان.
٣. وڵاتانی سێیەم و ناوەندەکان: ئێران هێشتا دەتوانێت هەوڵی بەکارهێنانی ڕێگاکانی بازرگانیی بەدیل، ناوەندە داراییەکان و دەسەڵاتە دادوەرییەکانی دیکە بۆ دەربازبوون لە بەشێک لە سیستەمی سزاکان بدات. بۆ واشنتۆن ئەمە بەو مانایەیە کە سیاسەتی گەمارۆکان دەبێت لە سنوورەکانی ئێران تێپەڕ بێت. هەر بۆیە دەکرێت بانکەکان، کۆمپانیاکانی گواستنەوە، بیمە و بازرگانانی نەوت کە ئاسانکاری بۆ بازرگانیی ئێران دەکەن، ببنە ئامانجی ستراتیژیی سزاکانی ئەمریکا.
هەر ئەم پێکەوەبوونەیە کە سیاسەتی ئێستا لە ڕووی ئابوورییەوە گرنگ دەکات. ئەمریکا تەنیا هەوڵی کەمکردنەوەی داهاتی ئێران نادات، بەڵکو ئامانجی گۆڕینی هاندەرە ئابوورییەکانی پشت بڕیارە سیاسییەکانی ئێرانە.
لە تێچووی ئابوورییەوە بۆ گۆڕانی سیاسی:
بەڵام لێرەدا کێشەی بنەڕەتیی سیاسەتی سزاکان سەرهەڵدەدات؛ کاریگەریی ئابووری و کاریگەریی سیاسی یەک شت نین. دەوڵەتێک دەتوانێت داهاتی بەرچاوی هەناردەکردن لە دەست بدات، تووشی هەڵاوسانی بەرز ببێت و دەستڕاگەیشتنی بە سەرمایەی نێودەوڵەتی کەم بێتەوە، بەبێ ئەوەی سەرکردایەتیی سیاسییەکەی ئێران ڕێڕەوی خۆی بگۆڕێت. شتی گرنگ ئەوەیە کە سەرکردایەتیی سیاسی چۆن بەهای تێچووی بەردەوامبوون بە بەراورد بە تێچووی سازشکردن دەسەنگێنێت.
ئەگەر تاران بڕیار بدات کە ئیمتیازێکی سیاسی لە سزا ئابوورییەکان مەترسیدارترە بۆ سەر ئەمنییەت یان بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ڕێژیم، ئەوا حکوومەت دەتوانێت تێچووی ئابووری هەڵبگرێت. ئەمە جیاوازیی بنەڕەتییە لە نێوان لاوازبوونی ئابووری و سزاکان ئابووریدا.
سزاکان لە ڕووی ئابوورییەوە سەرکەوتوو دەبن ئەگەر تێچوون دروست بکەن، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە تەنیا کاتێک سەرکەوتوو دەبن کە ئەو تێچوونانە هەڵسوکەوتی بڕیاردەران بگۆڕن.
ناکۆکیی ناوەکیی سزاکان:
پێچەوانەییەکتر بوون(ناکۆکییەکی ناوەکی) لە بنەڕەتی ئەم ستراتیژییەدا هەیە.
هەرچەند واشنتۆن هەوڵی دابڕانی ئێران لە ئابووریی جیهانی دەدات، هاندەرەکان بۆ تاران بەهێزتر دەبن تا تۆڕە ئابوورییە بەدیلەکان پەرە پێ بدات.
ئێران لە مێژە میکانیزمەکانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان کردووە. کەناڵە بازرگانییە جێگرەوەکان، سیستەمی پارەدانی نافەرمی، هەناردەکردنی نەوت بە داشکاندن و پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە بە تەواوی پابەندی ڕژێمی سزاکانی ئەمریکا نین، دەتوانن کاریگەریی ڕێوشوێنەکان کەم بکەنەوە.
ئەمە بەو مانایە نییە کە سزاکان بێکاریگەرن، بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە ڕەنگە کاریگەرییە سەرەتایییەکانیان بە تێپەڕبوونی کات کەم ببێتەوە.
یەکەم ڕێکاری سزا دەکرێت زۆر کاریگەر بێت، بەڵام لە بەرامبەردا ڕێوشوێنی دەیەم یان بیستەم، ڕەنگە ڕووبەڕووی ئابوورییەک ببێتەوە کە پێشتر خۆی لەگەڵ سیستەمێکی بازرگانیی داخراوتر و نافەرمیتردا گونجاندووە. هەر بۆیە لە ڕوانگەی ئابوورییەوە، پرسیارەکە تەنیا ئەوە نییە کە گەمارۆکان چەندە زیان دەگەیەنن، بەڵکو ئەوەیە کە ئێران چەندە خێرا دەتوانێت خۆی لەگەڵ ژینگەی ئابووریی نوێدا بگونجێنێت.
گەرووی هورمز؛ کاتێک سزاکان دەبنە کێشەیەکی جیهانی:
شیکاریی ئابووری لە بازاڕی وزە جیا ناکرێتەوە. گەرووی هورمز ڕێڕەوێکی سەرەکیی گواستنەوەیە بۆ بازرگانیی جیهانیی نەوت. هەر زیادبوونی نادڵنیایی سەبارەت بە گواستنەوە لەو گەرووەوە، دەتوانێت کاریگەری لەسەر نرخی نەوت، پارەی بیمە، تێچووی گواستنەوەی کەلوپەل و پاداشتی مەترسی (Risk premium) لە بازاڕی وزەدا هەبێت.
ئەمە دووڕیانێکی بەرچاو بۆ واشنتۆن دروست دەکات: ئەگەر گەمارۆکان لە کەمکردنەوەی زیاتری هەناردەی نەوتی ئێران سەرکەوتوو بن، دەوڵەتی ئێران داهاتەکەی لە دەست دەدات، بەڵام هەمان کەمکردنەوە دەکرێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا. بەم پێیە، مەترسی ئەوە هەیە تێچووی سیاسەتی سزاکان بەشێکی بۆ ئابووریی وڵاتانی دیکەش بگوازرێتەوە.
بۆ ماڵباتە ئەمریکییەکان، بەرزبوونەوەی نرخی وزە بە مانای کەمبوونەوەی توانای کڕینی ڕاستەقینەیە. بۆ کۆمپانیاکان، گرانبوونی وزە واتای بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەیە. بۆ بانکی ناوەندیش، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەکرێت فشاری هەڵاوسان زیاتر بکات. کەواتە شەڕی ئابووری لە دژی ئێران، دەتوانێت تێچووی ناڕاستەوخۆ بۆ ئابووریی ئەمریکاش دروست بکات. ئەمە بە تایبەتی گرنگە، چونکە سزاکان وەک ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نین کە خاڵی دەستپێک و کۆتاییی ڕوونیان هەبێت؛ کاریگەرییەکانیان بە تێپەڕبوونی کات کەڵەکە دەبن.
سزای ئابووری زۆر پشت بە بەردەوامی دەبەستێت. سەرەتا ڕەنگە بازاڕی دراوی بیانی کاردانەوەی هەبێت، پاشان تێچووی هاوردەکردن بەرز دەبێتەوە، نەختینەی کۆمپانیاکان تێک دەچێت و وەبەرهێنان کەم دەبێتەوە. لە درێژخایەندا، کەمبوونی داهاتی نەوت و زیادبوونی تێچووی دارایی، ڕەنگە دەستی دەوڵەت بۆ مانۆڕکردن سنووردار بکات.
بەڵام هەمان فاکتەری کات بە پێچەوانەشەوە کار دەکات؛ تا ململانێکان درێژە بکێشن، تێچووی سیاسی بۆ ئەمریکا زیاتر دەبێت. بەرزبوونەوەی نرخی وزە، هەڵاوسان و نادڵنیایی، ڕەنگە کاریگەری لەسەر دارایی ماڵان و بۆچوونی سیاسی هەبێت.
ئەمە پرسیارێک دەوروژێنێت: کێ درێژتر بەرگەی تێچوونەکە دەگرێت؛ واشنتۆن یان تاران؟ پێ دەچێت ئەمە پرسیارێکی ستراتیژیی گرنگتر بێت لە قەبارەی پاکێجی سزاکانی داهاتوو. ئەگەر تێچووی ئابووری بۆ ئێران خێراتر لە تێچووی سیاسی بۆ ئەمریکا زیاد بکات، واشنتۆن دەسەڵاتی زیاتر بەدەست دەهێنێت. ئەگەر بە پێچەوانەوە ڕوو بدات، ڕەنگە سزاکان کاریگەریی سیاسیی خۆیان لە دەست بدەن، تەنانەت ئەگەر بەردەوام بن لە زیانگەیاندن بە ئابووریی ئێران.
چین؛ تاقیکردنەوەی یەکلاکەرەوە:
فاکتەری سەرەکیی دیکە چینە. ئەگەر ئەمریکا بیەوێت گەمارۆکان بە ڕاستی کاریگەر بن، دەبێت کاریگەری لەسەر ئەو ئەکتەرە ئابوورییانە دابنێت کە هێشتا بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن. چین لەم نێوانەدا زۆر گرنگە، چونکە ڕۆڵێکی سەرەکی لە بازرگانیی نەوتی ئێراندا دەگێڕێت.
ئەمە دووڕیانێکی کلاسیک لە ئابووریی سیاسیی نێودەوڵەتیدا دروست دەکات؛ تا سزاکان فراوانتر بن، مەترسیی ململانێ لەگەڵ وڵاتانی سێیەم زیاتر دەبێت. ئەگەر ئەمریکا دەست بە سزادانی بانکەکان، کۆمپانیاکان یان ئەو لایەنانە بکات کە نەوتی ئێران دەکڕن، ناکۆکییەکە لە هەوڵێکی ئەمریکییەوە بۆ فشارخستنە سەر ئێران، دەبێتە ململانێیەکی فراوانتر لەسەر ڕێساکانی بازرگانیی نێودەوڵەتی و دارایی.
لەم حاڵەتەدا سێ دەرەنجامی سەرەکی دەبێت:
١. بازرگانیی نەوتی ئێران گرانتر و ئاڵۆزتر دەبێت.
٢. چین و هاوبەشە بازرگانییەکانی دیکە هاندەری زیاتریان دەبێت بۆ پەرەپێدانی سیستەمی پارەدانی بەدیل.
٣. وڵاتانی زیاتر هەوڵ دەدەن پشتبەستنیان بە سیستەمی داراییی ئەمریکا کەم بکەنەوە.
بە کورتی، سزاکان دەسەڵاتێکی ئابووریی کورتخایەنی بەرچاو بە ئەمریکا دەبەخشن، بەڵام بەکارهێنانی زیادەڕۆیی لەم ئامرازە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی ئابووریی جیهانی پارچەپارچەتر بێت.
گۆڕینی ڕەفتار یان گۆڕینی ڕژێم؟
لە ڕاستیدا ڕەنگە گرنگترین پرسیار ئەوە بێت کە واشنتۆن بەکردەیی بەدوای چ ئامانجێکی سیاسییەوەیە.
ئەگەر ئامانجەکە ئەوە بێت ئێران ناچار بکرێت لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، ئاسایشی ناوچەکە و ڕێڕەوی گواستنەوەی ستراتیژی دانوستان بکات، ئەوا گەمارۆکان ئامرازێکی کلاسیکیی دانوستانن.
ئەگەر لە لایەکی ترەوە ئامانج دروستکردنی قەیرانێکی ئابووری بێت کە ببێتە هۆی ناسەقامگیریی سیاسی یان گۆڕینی ڕژێم، ئەوا ستراتیژەکە زۆر دوورمەوداترە.
جیاوازییەکە زۆر گرنگە.مێژووی ئابووری دەریدەخات کە قەیرانە ئابوورییەکان دەتوانن بەشدار بن لە گۆڕانکاریی سیاسیدا، بەڵام دەشکرێ کاریگەریی پێچەوانەیان هەبێت. حکومەتێک کە بەر فشاری ئابووریی دەرەکی کەوتبێت، دەتوانێت قەیرانەکە بەکاربهێنێت بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیی ناسیۆنالیستی، بەهێزکردنی کۆنترۆڵی جووڵەی سەرمایە و شەرعیەتدان بە ڕێوشوێنە توندە سیاسییەکان.
فەلسەفەی ئابووریی «سکات بیسێنت»
هەر لەم ڕوانگەیەوە ڕۆڵی «سکات بیسێنت» جێگەی سەرنجە. ڕێبازەکەی دەکرێت وەک فۆرمێک لە بەکارهێنانی دەسەڵاتی جیۆپۆلەتیکی لە ڕێگەی بازاڕی داراییەوە لێک بدرێتەوە. نرخی ئاڵوگۆڕ، پێگەی نێودەوڵەتیی دۆلار، بازاڕی بۆند (قەرزنامە)، هەڵاوسان، جووڵەی سەرمایە و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی، هەموو دەبنە بەشێک لە سندوقی ئامرازی ستراتیژی.
ئەمە جۆرێکە لە دەسەڵات، جیاواز لە دەسەڵاتی سەربازی.دەسەڵاتی سەربازی هەوڵ دەدات توانای جەستەییی بەرامبەر لاواز بکات؛ دەسەڵاتی ئابووری هەوڵ دەدات پێکهاتەی هاندانەکانی بەرامبەر بگۆڕێت.
ئەمەی دوایی خاوترە، بەڵام دەکرێ لە هەندێک بارودۆخدا فراوانتر بێت. ئەگەر وڵاتێک دەستڕاگەیشتن بە سەرمایە، تەکنەلۆژیا، بازاڕی هەناردەکردن و سیستەمی پارەدانی نێودەوڵەتی لەدەست بدات، نەک هەر دارایی حکومەتەکەی، بەڵکو هەڵسوکەوتی کۆمپانیاکان، شێوازی وەبەرهێنان و چاوەڕوانییە ئابوورییەکانی خەڵکیش دەگۆڕێت.
لێرەدایە کە ڕەنگە ستراتیژیی ئەمریکا بە توندی تاقی بکرێتەوە.
دەسەڵاتی ئابووری سنووری خۆی هەیە؛ کۆنترۆڵی سیاسی بابەتێکی دیکەیە:
لێدوانەکانی «سکات بیسێنت» نیشان دەدات کە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران چووەتە قۆناغێکەوە کە دەسەڵاتی دارایی و ئابووری وەک ئامرازێکی سەرەکیی کاریگەریی جیۆپۆلیتیکی بەکار دەهێنرێت. گرنگیدانی «سکات بیسێنت» بە نرخی ئاڵوگۆڕی دراو، جووڵەی سەرمایە، هەڵاوسان، داهاتی نەوت و کەناڵە داراییە نێونەتەوەییەکان، ڕەنگدانەوەی ستراتیژییەکە کە ئامانجی سنووردارکردنی ژووری مانۆڕی ئابووریی ئێرانە، نەک تەنیا سزادانی بڕیارە سیاسییە تاکەکەسییەکان.
ناوەڕۆکی ئەم ستراتیژییە، هێرشکردنە سەر سێ لە گرنگترین هێڵە ژیانییەکانی ئابووریی ئێرانە: داهاتی هەناردەی نەوت، دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی داراییی نێونەتەوەیی، و ئەو وڵات و ناوەندانەی بازرگانی و جووڵەی سەرمایە ئاسان دەکەن. ئەگەر ئەم کەناڵانە هاوکات سنووردار بکرێن، تێچووی ئابووریی سیاسەتەکانی ئێستای تاران دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە.
بەڵام لاوازبوونی ئابووری، بە مانای ملکەچبوونی سیاسی نییە. بۆیە دەبێت کاریگەریی ڕاستەقینەی سیاسەتی سزاکان لە دوو ڕەهەندا هەڵسەنگێندرێت: ئەو تێچووە ئابوورییەی سزاکان دروستی دەکەن و، تا چەند ئەم تێچوونە، هاوکێشە ستراتیژییەکانی سەرکردایەتیی ئێران دەگۆڕێت. تەنیا کاتێک فشاری ئابووری دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ڕەفتاری سیاسیدا، دەکرێت سزاکان لە ڕووی ستراتیژییەوە بە سەرکەوتوو هەژمار بکرێن.
ڕەهەندی ناوچەیی، ئەم هاوکێشەیە بە شێوەیەکی بەرچاو ئاڵۆزتر دەکات. ئێران لە مێژە پەیوەندییە بازرگانی و دارایی و ئابوورییەکانی لەگەڵ وڵاتانی وەک میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان، تورکیا، مالیزیا، عێراق، هەرێمی کوردستان، پاکستان و ئەفغانستان پەرە پێ داوە. ئەگەر هەندێک لەو کەناڵانە دابخرێن، دەکرێت ڕەوتی ئابووری ئاراستەی دیکە وەربگرێت. بەم جۆرە، سزاکان دەتوانن توانای ئابووریی ئێران کەم بکەنەوە، بەڵام هاوکات هاندانێک بن بۆ دۆزینەوەی ڕێڕەوی بازرگانیی نوێ، سیستەمی پارەدانی بەدیل و دروستکردنی ئابوورییەکی ناوچەییی پارچەپارچەتر.
بۆیە پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە ئایا واشنتۆن دەتوانێت ئابووریی ئێران لاواز بکات؟ ڕەنگە بتوانێت. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دەکرێت ئەم فشارە ئابوورییە بگۆڕدرێت بۆ ئەنجامی سیاسی، بەبێ ئەوەی هاوکات تێچووی وزەی جیهانی بەرز بکاتەوە، یان پارچەبوونی ئابووریی ناوچەیی قووڵتر بکات و هاندانێکی بەهێزتر بۆ سیستەمی داراییی بەدیل دروست بکات
