"an independent online kurdish website

reza_shuwanرووداوه‌ نه‌خوازراوه‌كانی رۆژی هه‌ینی له‌ شاری زاخۆ و چه‌ند شوێنێكی تری باشووری كوردستان،جێی داخ و نیگه‌رانیی هه‌موو كوردێكی دڵسۆزی كوردستانپه‌روه‌ره‌..بێگومان گه‌لێ مه‌به‌ستی ئاشكرا و شاراوه‌ له‌م له‌ پشت ئه‌م كاره‌ قێزه‌وه‌نانه‌وه‌ هه‌ن.

ئێمه‌ی كورد ، له‌ به‌ره‌به‌یانی مێژووه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ.. له‌ هه‌موو رۆژهه‌ڵاتدا، سه‌ره‌ڕای هه‌وڵ و نیازی ناحه‌زان.. هه‌رده‌م نموونه‌ی پێكه‌وه‌ژیان و سازان و ته‌بایی وبرایه‌تی بووینه‌، هه‌رگیز فره‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و ئاینڕا و ئایدۆلۆجی جیاواز له‌یه‌كی نه‌كرووین.

كوردستان نیشتمانی شیرینی هه‌موومانه‌ و هه‌موومان كوردستانین.. هه‌مووشمان به‌بێ جیاوازی له‌ نه‌ته‌وه‌ و ئاین و بڕوا، وه‌كو هاوڵاتییه‌كی كوردستان ، یه‌كسانین له‌ مافه‌كان و له‌ ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانمان .. له خۆشییه‌كان و تاڵی و ناخۆشییه‌كاندا، له‌ شێنه‌یی و له‌‌ ته‌نگانه‌دا.. هاوبه‌ش بووینه‌..تۆمارێكی پڕ له‌ شانازیی دێرین و مه‌زنمان هه‌یه‌ له‌ پێكه‌وه‌ خه‌باتكردن و قوربانیدان له‌ پێناوی ئازادی وسه‌ربه‌خۆیی و هێنانه‌دیی ئه‌م رۆژه‌دا.. كوردستان به‌م فره‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییانه‌وه‌ جوانه‌.. فره‌ ره‌نگی مایه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندیمانه‌. گه‌لی كوردمان له‌م ڕووه‌وه‌ دڵی هیچ لایه‌نێكی نه‌شكاندووه‌..هه‌رده‌م به‌دڵ نه‌رم و فراوان و رووحی لێبوورده‌یی ناسراوین .. ته‌نانه‌ت گه‌ر ناحه‌زانیشمان په‌نایان بۆ هێنابێتین باوه‌شمان بۆ كردوونه‌ته‌وه‌ و روومان نه‌شكاندوون.. تا ئێستا گه‌لێ جار دۆژمنانی گه‌له‌كه‌مان هه‌وڵی ئه‌وه‌یان داوه‌ كه‌ ، درز بخه‌نه‌ ئه‌م یه‌كگرتن و یه‌كڕیزییه‌مان و تۆوی دووبه‌ره‌كی له‌ نێوماندا بچێنن و په‌رتمان بكه‌ن و زاڵبن به‌ سه‌رماندا.. به‌ڵام هه‌وڵ و نیازی گڵاویان له‌ سه‌ر به‌ردی بته‌وی برایه‌تیمان ورد و خاشبوونه‌.

كه‌ی به‌ردباران و شكاندن و سووتاندن و وێرانكردن و زه‌بر و توندوتیژی و رق قین و ره‌تكردنه‌وه‌ی یه‌كتری و بێ رێزی له‌ كولتووری ره‌سه‌نی كوردیدا هه‌بوونه‌ ؟! بێگومان ئه‌م كاره‌ ناشیرین و قیزه‌وه‌نانه‌ نامۆن و دوژمنان ده‌یانه‌وێت له‌ كوردستاندا تۆوی بكه‌ن.

چونكه‌ ئه‌وان هه‌رگیز چاویان به‌ ئارامی و ئاشتی و گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنی كوردستان هه‌ڵنایه‌..له‌م كاته‌دا گه‌له‌كه‌مان ده‌یوێت له‌ ژێر چه‌تری كوردایه‌تیدا و،به‌ له‌ به‌رچاوگرتنی  به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌له‌كه‌مان، ده‌ست له‌ ململانی و موزایده‌ی سیاسی هه‌ڵبگرن و هاوده‌نگ و هاوڕیز بن و زیاتر سووربن له‌ سه‌ر به‌ دیهێنانی مافه‌ ره‌واكانی گه‌له‌كه‌مان

به‌ تایبه‌تیش گه‌رانه‌وه‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌ داگیركراوه‌كانی ترمان بۆ باوه‌شی كوردستان

دوژمنانی كورد و كوردستان، به‌م هه‌وڵه‌ی گه‌له‌كه‌مان  به‌رچاویان لێڵ بووه‌ و له‌ناوه‌وه‌ و له ده‌ره‌وه‌دا، خه‌ریكی پیلانگێڕانن له‌ دژی خواسته‌كانی گه‌له‌كه‌مان..‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ نه‌گریسه‌شیان ، سوود له‌ كه‌سانێكی خۆفرۆشی نه‌فس نزم و ناپاك و، له‌ هه‌ندێ لایه‌نی  هه‌ڵخه‌ڵه‌تاوی به‌كرێگیراو وه‌رده‌گرن.. مه‌به‌ستیشیان شێواندن و تێكدانی ئاشتی و سه‌قامگیری و دووبه‌ركییه‌ له‌ كوردستاندا، ده‌یانه‌وێت زیان به‌ ئابووری و ژێرخانی كوردستان بگه‌یه‌نن.. ده‌یانه‌وێت ناوی كورد وكوردستان بزڕێنن و ناشیرین بكه‌ن.. ده‌یانه‌وێت روڕه‌وه‌ی گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتن و ئاوه‌دانی له‌ كوردستاندا په‌ك بخه‌ن.. ده‌یانه‌وێت ڕێ له‌ ئازادی و دیموكراتی بگرن .. ده‌یانه‌وێت گه‌لی كوردمان به‌ چه‌ند كێشه‌یه‌كی ناوخۆوه‌ موفته‌لابكه‌ن و، هه‌لێك بڕه‌خسێنن بۆ ده‌ست تێوه‌ردان له‌ كاروباری كوردستان و ئه‌م ئه‌زموونه‌ی باشووری كوردستان لاوازبكه‌ن كه‌ جێی هیوای و ئومێدی گه‌له‌كه‌مانه‌ له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستاندا..

گومانی تێدا نییه‌ كه‌ رووداوه‌كانی زاخۆ و شوێنه‌كانی تر ، پیلانێكی نه‌خشه‌دارێژراون و ده‌ستێكی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌كی له‌ پشته‌وه‌یه‌..مه‌به‌ستیان ته‌نها سوتاندنی كۆگای مه‌یفرۆشتن و مه‌ساجكردن نییه‌.. له‌ ناو هێڕشبه‌ره‌كاندا گه‌نجانیان تێدایه‌ مه‌ینۆشه‌..كه‌واته‌ ئه‌مانه‌ به‌ ئیعاز به‌م كاره‌ هه‌ستاون .. من دژی سوتاندن و وێرانكردنی ئه‌و كۆگایانه‌ و میوانخانه‌ و ئۆتۆمبیل و شوێنه‌ گه‌شت گوزارییه‌كان و ئه‌و باره‌گایانه‌شم كه‌ سوتێنراون.. هی هه‌چ كه‌س و لایه‌نێك بێت..چونكه‌ موڵكی گه‌له‌كه‌مانن..له‌ لایه‌كی كه‌شه‌وه‌ پیلانێكه‌ بۆ گۆجكردن و راگرتنی گه‌شتوگوزار له‌ كوردستاندا.. كه‌ به‌ هه‌زاران خێزان بژێوی ژیانیان له‌ سه‌ر میوانخانه‌كان و چێشتخانه‌كان و گواستنه‌وه‌ی میوان و گه‌شتكه‌ران و فرۆشتنی ‌ جۆره‌ها كه‌لوپه‌ل و‌ دیاری له‌ بازاڕه‌كان و هاوینه‌ هه‌وره‌كان و سه‌یرانگاكانی كورستان.

مانگ و نیوێك به‌ر له‌ ئێستا له‌ هه‌ولێر بووم ، شه‌وێكیان چووین بۆ پاركی شانه‌ده‌ر.. ئه‌وه‌نه‌ی میوانی عه‌ره‌ب و توركمانم بینی له‌و پاركه‌دا نیوه‌ی ئه‌وه‌ كوردم نه‌بینی.

خۆ له‌ توركیادا (حیزبی داد و گه‌شه‌كردن )ی ئیسلامی ده‌سه‌ڵاتداره‌.. ئه‌وه‌ی شاری ئه‌سته‌مبووڵی بینیبێ ئه‌م راستییه‌ی بینیوه‌ ، كه‌ زۆربه‌ی مزگه‌وته‌كانیان كه‌وتوونه‌ته‌ نیوان مه‌یخانه‌كان و مه‌لهه‌ و دیسكۆكان و قومارخانه‌كان..ئایه‌ ئه‌ندامێكی حیزبی داد و گه‌شه‌كردن یا توركێكی ئیسلامی توندڕه‌و یا وتاربێژێكی مزگه‌وت هێڕشیان كردۆته‌ سه‌ر یه‌كێك له‌و شوێنانه‌ ؟ ئایه‌ تا ئێستا له‌ مانگی ره‌مه‌زانیشدا بریارێكیان ده‌كردووه‌ كه‌ ئه‌و شوێنانه‌ دابخه‌ن ؟.. خۆ هاوینان له‌سه‌ر لمی كه‌ناری ده‌ریاكانی توركیا و میسر و لوبنان و سوریا و تونس و…هتد ، به‌ هه‌زاران ئافره‌ت و پیاو به‌ سوخمه‌یه‌ك و ده‌رپێیه‌كه‌وه‌ پاڵ كه‌وتوون و مه‌ی به‌ لێویانه‌وه‌ ده‌نێن.. تا ئێستا بیستووتانه‌ كه‌سێ په‌لاماریان بدات و بڵی ئه‌مه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌ ؟ یا له‌ یه‌كێك له‌ كۆنگره‌كانی ده‌وڵه‌تانی ئیسلامی تا ئێستا توانیویانه‌ فه‌توایه‌ك ده‌ربكه‌ن و داوا له‌ حكومه‌ته‌كانیان بكه‌ن كه‌ ئه‌و شتانه‌ قه‌ده‌غه‌بكه‌ن و دایان بخه‌ن ؟! تكایه‌ به‌ هه‌ڵه‌ش لێم تێ مه‌گه‌ن و وا مه‌زانن من داكۆكی له‌ مه‌یخواردنه‌وه‌ و خۆپه‌تی كردن ده‌كه‌م ، من تا ئێستا ‌مه‌یم نه‌خواردۆته‌وه‌ وناشیخۆمه‌وه‌..

به‌ داخه‌وه‌ هه‌ندێ له‌ كۆڵكه‌ مه‌لا سیاسییه‌كانی ئیمه‌ ده‌یانه‌وێ به‌ كۆمه‌ڵی دروشمی ئاینی و سیاسی بریقه‌دار، گه‌نجان و مێردمنداڵانی كوردمان ته‌فره‌بده‌ن و له‌ژێر ناوی جیهاد دا بۆ كاری توند و تیژی هانیان بده‌ن و خۆشیان دووره‌ په‌رێز بوه‌ستن .. ئه‌مه‌یه‌ جیهاد؟!

جارێك مه‌لایه‌ك به‌ گه‌نجێكی كوردمان ده‌ڵێت ، ئه‌گه‌ر خۆت فیدا بكه‌یت و بچیت بۆ فڵانه‌

ده‌وڵه‌ت جیهاده‌.. ئه‌گه‌ر شه‌هیدیش بوویت چوونه‌ به‌هه‌شتت مسۆگه‌ره‌ و حه‌فتا حوریش خزمه‌تت ده‌كه‌ن.. گه‌نجه‌كه‌ش ده‌زانێت مه‌لا كچێكی عازه‌بی جوانی هه‌یه‌.. ده‌ڵی مامۆستا من گه‌نجم و ژنم نه‌هێناوه‌.. تۆ كچه‌كه‌ی خۆتم لێ ماره‌كه‌ ئه‌و حه‌فتا حۆرییه‌‌ی تۆ باسی ده‌كه‌یت پیرۆزی خۆتبن.. مه‌لا توڕه‌ده‌بی و ده‌ڵێ ئه‌م قسه‌یه‌ دووباره‌ نه‌كه‌یته‌وه‌..؟

به‌داخیشه‌وه‌، هه‌ندێ له‌ كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌كانی كوردستان وه‌كو دوڕیان دۆزیبێته‌وه‌ ، به‌ هه‌وسی خویان و به‌بێ به‌ڵگه‌ ، ئه‌م لایه‌ن و ئه‌و هێز تاوانبار ده‌كه‌ن و خۆیان چۆن مه‌به‌ستیان بێت ئاوها ڕوماڵی رووداوه‌كان ده‌كه‌ن و پاڵ لایه‌نێك ده‌گرن و لایه‌نه‌كه‌ی تر تاونبار ده‌كه‌ن و له‌ جیاتی ئاو به‌م ئاگره‌دا بكه‌ن.. به‌نزین به‌سه‌ر ئاگره‌كه‌دا ده‌كه‌ن و هێنده‌ی تر بارودۆخه‌كه‌ ده‌شێوێنن.. بیر له‌وه‌ ناكه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بێتو زیاتر ته‌شنه‌بكات هه‌ر هه‌موومان، به‌ ئه‌وانیشه‌وه‌ باجی ئه‌م كاره‌ قێزه‌وه‌نه‌ نه‌خوازراوانه‌ ده‌ده‌ینه‌وه‌.. ئه‌وسا هه‌موومان كاڵه‌گ به‌ ئه‌ژنۆ ده‌شكێنین .. بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موومان هه‌ست به‌ به‌رپرسێتی ئه‌ستۆمان بكه‌ین و ئه‌گه‌ر راست ده‌كه‌ین برای یه‌كترین و به‌ راستی دڵسۆزی كوردستانین، پێویسته‌ رۆڵیكی باشمان له‌ هێوركردنه‌وه‌ و گه‌رانه‌وه‌ی ئارامی  هه‌بێت ، داواش له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان بكه‌ین كه‌ دان به‌خۆیاندا بگرتن و وتاری ئاگرین نه‌ده‌ن ، داواش له‌ سه‌ركرده‌كانی هه‌موو لایه‌نه‌كان بكه‌ین چ ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتدان یا ئه‌وانه‌ی ئۆپۆزسیۆنن و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدان .. پێكه‌وه‌ دابنیشن و ده‌ست به‌سه‌ر هۆیه‌كانی ئه‌م روداوه‌ نه‌خوازراوه‌دا بگرن و به‌ راشكاویش ئه‌و ده‌سته‌ چه‌په‌ڵه‌ دیاری بكه‌ن كه‌ له‌ پشت ئه‌م روداوه‌وه‌ن و ئه‌وانه‌ی ئه‌م كاره‌ قیزه‌وه‌نه‌ ناشارستانییه‌یان كردووه‌ ، سه‌ر به‌ هه‌چ لایه‌نێك بن دادگایی بكرێن .. تا ببنه‌ په‌ند بۆ كاری له‌م جۆره‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.. ناشبی له‌ ژێر ناوی ئازادیدا سنووری ئازادی ببه‌زێنن و ماف و ئازادی كه‌سانێكی تر پێشێل بكه‌ن.. هه‌روه‌كو مه‌دام رۆلاند ده‌ڵێ: « ئه‌ی ئازادی، چه‌نده‌ها توان به‌ ناوی تۆوه‌ ده‌كرێن »

هۆیه‌كی تری ئه‌م كاره‌ ناشیرینانه‌ .. ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ ره‌نگدانه‌وه‌ی نابه‌ڵه‌دی حیزب و لایه‌نه‌كان و قوتابخانه‌كان و مزگه‌وته‌كان و ڕێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان .. كه‌ هه‌ریه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی نادروست و سه‌قه‌ت ، منداڵان و هه‌رزه‌كاران و گه‌نجه‌كانمان گۆش و په‌روه‌رده‌.. به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی خۆیاندا رابێن و ، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی سۆز ۆ ئینتیمایان بۆ گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌مان هه‌بێت به‌ رووحیه‌تی برایه‌تی و خۆشه‌ویستی و رێزلێنان و یه‌كتری قبوڵكردن و ئاشتی و ته‌بایی و مرۆڤایه‌تی و…هتد په‌روه‌رده‌ ئاراسته‌ و رێنماییان بكه‌ن.. كه‌چی زیاتر ئینتمایان بۆ حیزبه‌كانیان یان لایه‌نه‌كانیان هه‌یه‌..هه‌ندێ له‌ مه‌لا سیاسییه‌كان و مزگه‌وته‌كان ڕۆڵێكی نێگه‌تیف ده‌بینن به‌ وشه‌ی جیهاد و به‌هه‌شت و دۆزه‌خ و كافرن و غه‌زایه‌ و… هتد مێشكی كۆمه‌ڵێك له‌ مێردمنداڵ و گه‌نجه‌كانمانیان ، له‌ سۆزی نیشتمانپه‌روه‌ری و رێزگرتن له‌ سه‌روه‌ری یاسا شۆریوه‌ته‌وه‌.. هانیان ده‌ده‌ن بۆ یاخی بوون و ئه‌نجامدانی كاری توند و تیژی.

وه‌كو له‌ هێڕشبه‌ره‌كانی ئه‌م رووداوه‌ی شاری زاخۆ بینیمان، رێژه‌ی له‌ سه‌تا هه‌شتای ئه‌و كه‌سانه‌ منداڵ و مێردمنداڵ بوون و به‌شێكیشیان گه‌نجان بوون ، بێگومان تێوه‌گلانی منداڵ و مێردمنداڵ له‌م كاره‌ قێزه‌وه‌نانه‌دا.. پێشێلكردنیكی زه‌قی به‌ند و بڕگه‌كانی جاڕنامه‌ی مافه‌كانی منداڵانه‌ و ، به‌ تاوان داده‌نرێن.. ناحه‌زانی گه‌له‌كه‌شمان ئه‌م رووداوه‌یان قۆستۆته‌وه‌ سێ هێنده‌ی تر ده‌ده‌ن پاڵی بۆ ناشیرین كردنی گه‌له‌كه‌مان.

پێویسته‌ هه‌موو دڵسۆزانی كورد و كوردستان ، به‌ توندی پرۆتستۆ و شه‌رمه‌زاری ئه‌م روداوه‌ نه‌خوازراوه‌ی زاخۆ و شوێنه‌كانی تری باشووری كوردستان بكه‌ین ..داواش ده‌كه‌ین ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان له‌م ئاژاوه‌یه‌دا هه‌بووه‌ سه‌ر به‌ هه‌چ لایه‌نێك بن چاوپۆشیان لێنه‌كه‌ن و بدرێنه‌دادگا.

دانیشتنێكی به‌ په‌له‌ش له‌ نێوان سه‌ركرده‌كانی هه‌موو لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كاندا بكرێت. بۆ ئه‌وه‌ی رووداوی له‌و شێوه‌یه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.. راگه‌یاندنه‌كانی كوردستانیشی درێژه‌ به‌ باس و لێدوانی نابه‌جێ نه‌ده‌ن و، پووش و چیلكه‌ نه‌كه‌نه‌ سه‌ر ئاگره‌كه‌.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی