دەورەی داهاتووی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی کە لە چەند مانگی داهاتودا بەڕێوە دەچێ، دەتوانێ بایەخێکی زۆر گرینگی لە مێژووی نیزامی کۆماری ئیسلامیدا هەبێت. لە لایەک کۆماری ئیسلامی قەت وەک ئێستا لە ژێر پاڵەپەستۆی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دا نەبووە.
لەباری ئابووریەوە خەریکە دەکەوێتە بە ر ئابلۆقەیەکی تووند و لەباری سیاسیشەوە تا دێ پتر دوورەپەرێز دەکەوێتەوە. هەر بۆیە ئەو وەزعە شوێنەوارێکی زۆری لە سەر ئەم هەڵبژاردنانە دەبێ و هەر بەوجۆرە ئەو هەڵژارنانەش شوێنەوار لەسەر چۆنیەتی هەڵوێستی داهاتووی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بە رامبەر بە ڕێژیم دادەنێن.
لە لایەکی دیکەشەوە ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان دارودەستەکانی نێو نیزام ی ئاخوندیدا بە دوای مردنی خومەینیدا پێکهاتبوو، بە ئاشکرا لە شیرازە دەرچووە. ململانێ لە سەر دۆڵارە نەوتیەکانە. مافیای دورووبەری بەیتی ڕێبەری شەریکایەتی کەس ناکا مەگەر ئەوە کە بێئەولاولا پابوسی خامەنەیی بێ. خۆ لە خۆڕانیە باڵی بەناو ئوسوڵی نێو دەستەڵات ڕادەگەیەنێ کە مەجلسی داهاتوو دەبێ لە دەست ئەواندابێ و بە پێویستی نازانن کەسانی دیکە لە هەڵبژاردندا لە گەڵ ئەوان بەشداری بکەن.
بە خۆشیەوە ماهیەتی ڕێفۆرم هەڵنەگرو کۆنەپەرستانەی ئەو رێژیمە هێندە ئاشکرابووە کە بە شێکی زۆر لەو بە ناو رێفۆڕمخوازانەش کە دڵیان بۆ ئیمتیازاتی جۆراوجۆری نوێنەرایەتی مەجلیس لێدەدا، ئیدی ناتوانن خەڵک فریودەن و بە ناوی هەوڵدان بۆ پێکهێنانی چاکسازی ، تێکۆشن تەندووری ساردی هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا گەرم بکەن. ئاخر لە دەورەکانی پێشوودا نەخشی ئەو بە ناو ڕێفۆڕمخوازانە تەنیا هەر ئەوەبوە کە سوتەمەنی بۆ گەرمکردنی تەندووری هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا دابین بکەن. ئیدی کۆماری ئیسلامی لە هەموو زەرفیەتەکانی خۆی کەڵکی وەرگرتوە و ئیعتبارێکی
نەماوە.
هەربۆیە بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنانە ئەرکێکی میللی و نیشتیمانی یە. ئاخر گەلانی ئێران، خەڵکی ئێران و هاووڵاتیانی ئێرانی ئەگەر چاوەڕوانیان لە بیروڕای گشتیی دونیا و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی هەیە کە پشتیوانی لە خەباتی ئەوان بە دژی کۆماری ئیسلامی بکا، بە بەشداری کردنیان لەو هەڵبژاردنانەدا، گەورەترین زەبر لە خەباتی خۆیان دەدەن. ئەگەر دووربینی هەواڵدەریەکان ڕیزی دوور ودرێژی خەڵک لەسەر سندوقەکان نیشان دەن، ئەوە گرنگ نیە ئەوخەڵکە چ دەخەنە سندوقەکانەوە و ئەوە ڕێژیم بە ئامانجی خۆی گەیوە. ئاخر لە حاڵێکی ئاوادا کۆمەڵگای نێونەتەوەیی توشی سەرلێشێوان دەب
ێت. کەم نین ئەودەوڵەتانەی کە دەیانەوێ لە سەر حیسابی ڕادەی بەشداری و پشتیوانی خەڵک لە ڕێژیم لە هەڵبژاردنەکاندا، مامەڵەو هاوکاری لە گەڵ رێژیم بکەن. ئەو دەوڵەتانە بە ئاسانی دەتوانن لە پشتی پەردەی بەشداری بەرینی خەڵک لەو جۆرە هەڵبژاردنانەدا ساتوسەودای خۆیان لە گەڵ ڕێژیم بشارنەوە. مافیای دەستەلاتیش بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ کۆکردنەوەی هەرچی زیاتری دەستەڵات لە دەستی خۆیدا و بۆ سەرکوتکردنی خەڵک و نەیارانی بەکار دێنێ. کۆمەڵگای جیهانیش لە گەڵ رێژیمێک کە لە پرۆسەیەکی دێموکراتیدا هەڵبژێردراوە هاوکاری نەکا چ بکا؟
بەمجۆرە دەتوانین بڵێین کە هیچ کاتێک بایکۆتی هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا وەک ئێستا بایەخی نەبوە. دەنگ نەدان و نە چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان ڕێژیم هەم لە ناوەوە و هەم لەدەرەوەدا دەخاتە ژێر پاڵەپەستۆ.
ئێستا خەڵک لە نێوخۆ ئومێدێکیان بە ئاڵوگۆڕ لە ڕێژیمدا نەماوە. لە دەرەوەش خامەنەیی و دارەدەستەکەی وەک دیکتاتۆرێک دەبینرێن کە دەستیان لە پشتی هەر کردەوەیەکی تیڕۆڕیستی دا هەیەو بەوەش ڕازینین و دەیانەوێ قامکیان بگاتە سەر پەلەپیتکەی بۆمبای ئەتۆمی. بەڵام وێدەچی دونیا نەیەڵی قولەی مەست دەستی وە شمشێر ڕابگا. بۆیە ئەرکی هێزە نیشتیمانی و دێموکڕاتیەکانی وڵاتەکەمان بەگشتی و لە کوردستان بە تایبەتی ئەوەیە کە تێکۆشن بە هەرجۆرێک کە بۆیان دەکرێ تەندووری بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی مەجلیسی کۆماری ئیسلامی گەرم کەن.
ئیبڕاهیم لاجانی
{jcomments off}٢٧.١٢.٢٠١١