چەند رۆژ لەمەوپێش و چەند كاتژمێرێك پێش لە هاتنی شەوی یەلدا، چەند رستەیەكم وەكوو دەربڕینی هەستو بیركردنەوەی خۆم وەكوو تاكێك كە لە وەها كاتو ساتێكدا بۆ هەر كەس پێش دێ كە روانینو شێوە سۆزێكی تایبەتیی بەرامبەر بە دۆخێكی زەمەنیو چركەساتێكی دیاری هەبێ،
نووسیو دوایە چەند كەسانێك بە پەسندكردنو كەسانێكیش بە پەیامو قسەكردن، ڕای خۆیان دەربڕیو دواتر پێیان وتم كە لە فڵانە شوێنو لە فڵانە جێگا، لە سەر شەوی یەلداو لەدایكبوونی دوكتور قاسملووی نەمر قسە كراوەو فڵانە كەس وای گوتوەو فڵانە كەس وای وەڵام داوەتەوەو فڵانە كەس وای نووسیوەو ….
بە دوای ئەم قسەو نووسینانەدا رۆیشتمو زۆربەیانم گوێ لێ گرتو خوێندمەوەو دوای ئەو هەمووە پرسیارێكی كۆن دووبارە لە مێشكمدا دەهاتو دەڕۆیشتەوەو لە بەردەمو لە بەر چاومدا قوت دەبووە.
“چی وا لە كەسێك دەكا كە ببێ بە دوكتور قاسملووی رێبەر، كە لە لای زۆر كەس وەكوو رێبەری كاریزماتیك چاوی لێ بكرێو بە هەزاران كەس لایەنگرو هۆگری هزرو كردەوەكانی بنو چی وا دەكا كە كەس یا كەسانێك گەر تەواوی توانای خۆیانو دەروبەریان بۆ وەگەڕ خرابێ كە كەسایەتییەكی دیارو جێگای پەسندی لێ دروست بكرێ، هێشتا جێ ناگرێ؟”
لە بیركردنەوەو تێڕامانی خۆمدا چەندین هۆكارو پێوەرم دادەناو هەڵم دەسەنگاندنو هەر بۆم جێبەجێ نەدەبوو! بە واتایەكیتر چەندین پێوەرو هۆكارم كە دیاری دەكرد، نەدەبوونە شتێك كە لەسەر ئەساسی ئەو هۆكارانە، جیاوازییەكی بنەڕەتی و جەوهەری لە نێوان مرۆڤەكاندا دروست بكا.
گەر خوێندن و خوێندەواریو بەشداری لە ناوەندە ئاكادیمیكەكاندا وەك پێوەر دابنێی، ئەو پرسیار دەمێنێتەوە كە: خۆ بە سەدانو هەزاران كەس لە نێو نەتەوەی كورددا چوونەتە زانستگاو خوێندنی زانستیو ئاكادیمیكیان لە بەرزترین ئاستەكانیشدا تەواو كردوەو گەر بەوە بوایە دەبوو ئێستا سەدانو هەزاران مرۆڤی لەو بابەتەمان هەبوا كە كەسێكی كاریزماو رێبەرێكی بلیمەت بووایە و هەركامەیان بۆخۆیان دوكتور قاسملوویەك بوونایە، كەچی وانیە! بۆ؟
گەر نووسینو خوێندنەوە دەكەی بە پێوەر، ئەی خۆ سەدان نووسەرو كتێبنووسو بە میلیۆن! كتێب خوێنمان هەیەو بۆچی كتێبنووسینو كتێب خوێندنەوە نەبۆتە هۆی ئەوە كە بە شێوەی ئوتوماتیكو خۆبەخۆ، ئەو تاكە ببێ بە رێبەری گەل؟!
دەكرێ چەندینو چەند پێوەرو پێوانەو هۆكاری دیكە دەستنیشان بكەیو لە مێتۆدێكی “تەتبیقی” دا كەسەكان هەڵ سەنگێنیو بۆت دەركەوێ كە ئەو پێوەرانە ئایا دەبنە جیاكەرەوەی نێوان “رێبەر و نارێبەر” یان نە؟
ئەوەی كە بە تێگەیشتنو بیركردنەوەی مندا هاتو لە لای خۆمەوە توانیم وەك هێڵی جیاكەرەوەو هۆكاری شوناسبەخشین بە مرۆڤەكان دەسنیشانی بكەم، بریتی بوو لەو هەڵوێستو هەڵبژاردنەی كە مرۆڤ لە كاتی بەربژارە جیاوازەكانو دوورێیانەكاندا وەریان دەگرێو لە راستیدا بەو هەڵوێستو هەڵبژاردنانە، بوونو كەسایەتیی خۆی پێناسە دەكاو شوناسی خۆی دیار دەكاو خۆی وەكوو مرۆڤێكی خاوەن ئیرادەیەكی تایبەت درووست دەكا و رۆ دەچنێ.
لەو دوو رێیانانەدا كە مرۆڤێك تووشی دەبێو لە نێوان خۆیو خەڵكدا دەست دەداتە هەڵبژاردن، هەڵوێستی راستەقینەی ئەو دەردەكەوێ و نیشان دەدا چ جۆرە كەسایەتییەكی هەیەو بەرەو چ ئاسۆیەك هەنگاو دەنێ. لەوێداو لەو دوو رێیانەدایە كە لە نێوان خۆبەختكردنو هەلپەرستیدا، بژاردەی بەردەست پێك دێو مرۆڤی خەباتكارو فیداكار خۆبەختكردن دەبژێرێ و كەسایەتیی هەلپەرست لە دەرفەتەكە بە قازانجی تاكەكەسیی خۆی كەڵك وەر دەگرێ.
بۆ ئەوەی شتەكانمان لێ روونتر بێتەوە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاكانی سەردەمی لاوەتیی دوكتور قاسملووی نەمر كە ئەوكاتە هێشتا نەببوو بە “دوكتور”.
عەبدورەحمانی قاسملوو وەك هەموو دەزاننو خۆیشی باسی كردوەو لە لاپەڕەكانی مێژوودا تۆمار كراوە، منداڵی بنەماڵەیەكی دەست ڕۆیشتووی ئەوكاتی كۆمەڵگای كوردەواری بووه ، بۆیە هەلی بۆ رەخسا بوو كە درێژە بە خوێندن بداو لەبەر توانای تاكەكەسیی خۆی، لە خوێندنگایەكی تایبەتیی ئێران كە بۆ كەسە زیرەكەكان دابین كرابوو، دەیخوێندو دوایەش لەبەر زیرەكیو لێهاتوویی خۆی بورسی خوێندنی پێ درا لە لایەن حكوومەتی ئەو كاتەوە و رۆیشتە ئورووپا بۆ خوێندن.
تا ئێرەی نابێ بە پێوەرێكی بەرچاو كە كەسایەتیی راستەقینەی ئەو مرۆڤە دەر بخاو رەنگە بە سەدانو هەزاران كەسی بەو تایبەتمەندییانەوە لەو جۆرە خوێندنگانەدا خوێندبێتیانو بوورسیان وەرگرتبێو رۆیشتبنە دەرەوەی وڵاتیش بۆ درێژەدان بە خوێندن. بەڵام ئەوكاتەی كە دوكتور قاسملووی نەمر، لە نێوان بەربژارەكاندا دەبێ هەڵ بژێرێ، ئەو چركەساتەیە كە كەسایەتیو بوونی تایبەتی خۆی دەسەلمێنێو خەریكی رۆنانی شوناسی تایبەتیی خۆی دەبێ.
مرۆڤێك كە ئیمكاناتی باشی بنەماڵەو كۆمەڵگای بۆ ئامادەكراوە، دەتوانێ بە لێهاتوویی خۆی لەوانەش كەڵكی زیاتر وەربگرێو قۆناخەكانی گەشەكردنو بەرەو سەرەوە رۆیشتنی باشترو خێراتر لە زۆر كەسی دیكە بپێوێ، بەڵام دوكتور قاسملوو لە وەها قۆناخو چركەساتێكدا لە نێوان بەرژەوەندیی تاكەكەسدا كە زۆرتر پێ بگاو گەشە بكا، یان لە بەرامبەردا بەرژەوەندیی گەلو ئارمانەكانی كە ئارمانی گەلو خەڵكن هەلبژێرێ، دەست دەداتە خۆبەختكردن لە پێناوی ئارمانداو لە ئیمتیازەكانی كە لەبەردەستیدایە چاوپۆشی دەكا.
كەسایەتیی دژبەرو پێچەوانەی ئەم جۆرە هەڵوێستەی دوكتور قاسملووی مەزن، دەتوانین بە كەسانی وەها پێناسە بكەین كە رەنگە لە نێو كۆمەڵگاو بنەماڵەدا ئیمكاناتو دەرفەتی زۆریان بۆ نەرەخسابێو لە بیركردنەوەو تێگەیشتنی خۆشیاندا ئامادەی هەنگاوی شۆڕشگێڕانە دژ بە ستمو چەوسانەوە نەبن، بەڵام كاتێك كە دەرفەتێك دەرەخسێو رەنگە بە پەیوەستبوونی بە ریزی حیزبێكەوە یان بە هەر دەرەتانو دەرفەتێكی دیكە كە رەنگ بۆی بێتە پێش، قازانجو بەرژەوەندییەكی لەروانگەی ئەوەوە گرنگ و تایبەتی بۆی دابین بكاو لەوەها دۆخێكدا هەلەكە دەقۆزێتەوەو ئیمتیازاتێكی زۆر كەم كە وەبەرچاو نایەن، لەدەست دەدا بۆ ئەوەی شتی زۆر بەسوودترو پڕبەرژەوەوەندیتر وەدەست بێنێو ئەم هەڵوێستو بژاردەیەی ئەو كەسە نەك لە رووی پێبەندبوون بە ئارمانو بڕوا بە ڕێگاكەوە نەبووە بەڵكوو لە رووی هەلپەرستییەوە بووە. ئەم جۆرە كەسە تا ئەو كاتە لەو رێگایەدا بەردەوام دەبێ كە قازانجو بەرژەوەندییە تاكەكەسییەكانی دابین بكرێو قازانج وەرگرتنی درێژەی هەبێو هەركات لە رێگایەكی دیكەدا و رەنگە پێچەوانەی ئەوەی پێشوو، قازانجی زیاتری بەرچاو بكەوێ، رێگاكەی دەگۆڕێ.
گەر بە لاپەڕەكانی مێژوودا دەگەڕێیو مێژووی ژیانو خەباتی دوكتور قاسملووی رێبەر دەخوێنییەوەو چاوی لێ دەكەی، بە فراوانی ئەو جۆرە دوورێیانەی “بەرژەوەندیی زیاتری تاكەكەسی یان خۆبەختكردن لە پێناوی ئارمانەكاندا” چەندپاتە دەبینییەوە كە بەردەوامو لە هەموویاندا دوكتور قاسملووی مەزنو رێبەر، بە ئیرادەو هەڵبژاردنێكی وشیارانەو مێژوویییەوە رێگای فیداكاریو خۆبەختكردن هەڵ دەبژێرێ.
لەوسەردەمەداكە ئەحمەد تۆفێق سەرۆكی حیزب بووو دوكتورقاسملوو دەیتوانی بە نیزیكبوونەوە لەو، جێگای خۆی قایمتر بكا، نەیكردو بێدەنگ نەبووو ئەوكاتەش كە بە نارەوا تۆمەتیان بۆی هەڵبەستو بڕیاری وەلانانیان لە رەوتی حیزبایەتی دا، بە دژی حیزبی دێموكرات كە بەلای دوكتور قاسملوووە سەمبولی ئارمانەكان بوو، نەجووڵایەوەو هەڵوێستی زەربەلێدانو دژایەتیكردنی حیزبی دێموكراتی نەگرت!
ئەوكاتەی كە لە ئورووپا چ لە باری كەسایەتیی سیاسیو ئاكادیمیكو چ لە باری پێگەی كۆمەڵایەتیو ئابوورییەوە خاوەنی ئیمتیازاتی بەرچاو بوو، هەموو ئەوانەی لە دوورێیانی خۆبەختكردنو بەرژەوەندیی تاكەكەسیدا بەجێ هێشتو خۆی و ئیمكاناتو ئیمتیازاتی وەدەست هاتووی خۆی پێشكەشی حیزب كردو هەرچی بەدەست دێناو هەر كارێكی دەكرد، دەیكردە سەرمایەو لە خزمەت حیزبی دێموكراتو ئارمانەكانیدا دادەنا.
لە جۆری كەسانی پێچەوانەی ئەو شیوازەی دوكتور قاسملوو، دەتوانین نموونە بدۆزینەوەو باسیان بكەین، هەرچەند لە لای خۆمەوەو لە مێشكی خۆمدا رەنگە بۆ هەركام لە رستەكانو كردەوەكان، دەموچاوێكی تایبەتیی كەسێكم لەبەرچاو بێ، بەڵام نموونە هێنانەوەو هەڵسەنگاندنی كەسانی دیاریكراو، دێڵمەوە بۆ ئەركو بەرپرسیارەتیی مێژووی هەر تاكێك بۆخۆیو باسەكە بە گشتی دەكەم.
كەسایەتیی هەلپەرست نەك ئیمتیازێكی تاكەكەسی ناكاتە فیدای ئارمانەكان، بەڵكوو لە دەرەتانو دەرفەتو سەرمایەكانی رێبازو رێگاكە بە قازانجو بەرژەوەندیی تاكەكەسی كەڵك وەردەگرێو وەكوو بازارییەك چاو لە شۆڕشو خەبات دەكا كە گەر هەندێك سەرمایەی بۆ شۆڕش دانا، دەبێ بەچەندین قات سوودو بەرژەوەندیی لێ وەربگرێتەوەو لەو كاتانەدا كە بەرژەوەندیی تاكەكەسیی گەر بە تۆزقاڵێك لە نێو كۆڕی یاراندا وە مەترسی بكەوێ یان بە باشی دابین نەكرێ، ئامادەیە لەپێناوی جوبران كردنەوەی ئەو زەرەردا زەربەی گەورەتر لە ئارمانەكانو بەرژەوەندییەكانی حیزبو شۆڕش بدا.
دوكتور قاسملووی نەمر لە بەربژارەكاندا هەردەم دەروەست بە ئارمانەكان بووو لە كۆتایی ژیانیشدا بە بەختكردنی گیانی مۆركی هەمیشەیی لە راستگۆبوونو ئیرادەی بەرزی خۆبەختكردن لەپێناو ئارمانی ئاسوودەژیانی خەڵكدا دا، بە شێوازێك كە تەنانەت دوژمنانیش توانای بێرێزی پێكردنیان نیەو كۆماری ویلایەتیی فەقیهی كە ئەو رێبەرەی تیرۆر كردوە، بوێریو جورئەتی ئەوەی نیە كە ئەو تیرۆرە وەئەستۆ بگرێو پەلەقاژەی ئەوە دەكا كە پەڵەی رەشی ئەو تاوانە لە خۆی دوور بكاتەوەو كەسی دیك بە تاوانبار بناسێنێ.
لەبەرامبەردا زۆر كەسو كەسایەتیی وا بوونو هەن كە خۆیانو دەوروبەرەكەیان هەوڵێكی زۆر دەدەن كە بە پڕوپاگەندەو پێداهەلگوتن، وا نیشان بدەن كە ئەوانیش كەسانی لێوەشاوەو لێهاتووو …و رێبەری بلیمەتی گەلن، بەڵام گەر بە لاپەرەكانی ژیانو كردەوەكانیاندا دەچیەوەو چركەساتەكانی هەڵوێست وەرگرتنیان دەخوێنییەوە، زۆرتر وەكوو كەسانی هەلپەرست دێنە بەرچاو تاكوو كەسانی فیداكارو خۆبەختكەرو مرۆڤیش بە هەڵوێستو هەڵبژاردنەكانی، خۆی دەسەلمێنێ، نەك بە غەریزەو نانو ئاوخواردنەكانی!
بۆیەو لە رەوتێكی مێژوویی وەهادایە كە دوكتور قاسملوو دەبێ بە رێبەری ناودارو خۆشەویستی خەڵكو كەسانی هەلپەرستیش هەرچەند خۆیانو دەوروبەركانیان هەوڵیان بۆ بدەن هەر “ناچەقن بە دڵەوە”!
ئهم بابهته له ڵاپهڕهی فهیسبۆکی کاک کهریم وهرگیراوهتهوه و ئێمهش به ئیزنی بهڕێزیان نهقڵ مان کردۆتهوه ، که سوپاسی دهکهین .{jcomments off}