"an independent online kurdish website

سۆران کرماشانی

هیچ مرۆڤیک لەو دنیایەدا نەبووە، نیەو ناشبێ کە رەخنەی لە سەر نەبێ یان هەڵەی نەکردبێ. بەڵام کاتێ کەسێک پێنووس هەڵدەگرێ و لە کەسایەتییەک رەخنە دەگرێ، بە تایبەتی ئەو کەسایەتییە خاوەنی جێگەو پێگەی سیاسی، فەرهەنگی، زانستی و کۆمەڵایەتی بێ، پێویستە خۆی لە رادەیەکدا بێ کە لانیکەم مانای رەخنە بزانێ.nusin_cl

رەخنە نە چەواشەکارییە، نە جنێو دان. رەخنە نە درۆ هەڵبەستنە نە بۆختان هەڵبەستن، بۆیە هەموو کەسێک ناتوانێ رەخنەگر بێ. رەخنە خۆی لە خۆیدا رێگە خۆشکەری پێکهاتنی کۆمەڵگایەکی ئازادو دیمۆکراتە. رەخنە کەسایەتییە درۆیینەکان و رێبازە ساختەچییەکان کە وەکوو خۆڵ سەرو چاوی کەسایەتییە راستەقینەکان و رێبازە ئۆسولییەکانیان داگرتووە لا دەباو رابردوویەکی روون و ئاشکرا دەخاتە بەر دەسمان. رابردوویەک کە دەتوانێ هێندە روون بێ کە بتوانین بیکەین بە چرای رووناکیدەری داهاتوومان.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا هێندێ کەس کە خۆیان بە دارو دیواردا دەدەن تا ناویان بکەوێتە سەر زاران، لە نێو کوردی خۆشی نەدیودا هەڵکەوتوون. دەڵێ لە شارێکدا مەلا نەبوو، کەڵەشێر دەیگۆت من بڵقاسمم. ئەمانیش زەختیان هێناوە بە زۆر دەیانەوێ وەک رووناکبیر بیانناسن. کورد گۆتەنی کەسێ ناوی لە سەر زاران نەبوو، سەر رێگەی خەڵکی دادەنیشت… دەکرد بۆ وەی خەڵک ناوی ببا. ئەمانیش لە بەر ئەوەی ئارشیوی مێشکیان لە هەموو شتێ بەتاڵە، بە جنێو دان و درۆ و بۆختان هەڵبەستن بۆ کەسایەتییە مێژووییەکانی کورد، دەیانەوێ خۆیان گەورە نیشان بدەن، بێ خەوەر لەوەی کە بەو کارانە هێندەیتر چوکۆلەتر دەبنەوە. لایەنێکیتری مەسەلەکە ئەوەیە کە ئەم جۆرە کەسانە ئابڕووی رۆژنامەوانان، نووسەران، رەخنەگران و رووناکبیرانی کورد دەبەن. چون لە ژێر ناوی بەرزی رەخنەگر، نووسەر، رۆژنامەوان و رووناکبیرەوە خۆیان حەشار دەدەن و بۆ ساڕێژ کردنی برینە کانیان هەر رۆژەو بێ ڕێزیەک بە مێژووی نەتەوەی کورد دەکەن. بۆیە ئەرکی رووناکبیران، نووسەران و رۆژنامە وانانە کە رووی دزێوی ئەو کەسانە ئاشکرا بکەن، رێگە نادەن لە نوی پیشەیی ئەوان بۆ بێ رێزی بە مێژووی گەلی کورد کەڵک وەر بگیردرێ.

مەترسیدارترین مرۆڤەکان بۆ کۆمەڵگە ئەو کەسانەن کە تینووی ئەوەن خەڵک بە هەرشێوەیەک ناویان ببەن. چاک یان خراپ جیاوازی نیە بۆ ئەوان. چون لە راستیدا ئەو کەسانە نەخۆشی دەروونییان هەیە. ناو هێنانینیان لە نێو خەڵکدا دەرمانی ئەو نەخۆشییەیە. بە درێژایی مێژوو دوژمنانی نەتەوە جۆراوجۆرەکان لەو کەسانە بۆ جاشایەتی، سیخوڕی کردن و سەرکۆتی کۆمەڵگەو رووناکبیرانی راستەقینە، کەڵکیان وەر گرتووە. لە تایبەتمەندییەکانی ئەو کەسانە خۆبەزلزانی، کینەیی، قازانج پەرست، بێ ناوەرۆکی و تینووی دەسەڵات، بەرچاو تەنگی و خۆویستی دەتوانین ناو ببەین. ئەو کەسانە هیچ کات چاویان بەرایی نادات کەسایەتییە گەورەکان ببینن. کە ئەمیش لە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە هەر لە سەردەمی منداڵییەوە تووشی نۆقسانی هاتوون و عوقدەیەکیان بۆ ساز بووە. ئەو عۆقدەیە هەموو کات لە گەڵیانەو بە هەر شێوەیەک  دەیانەوێ بە سەر کۆمەڵگەدا بیڕێژن و خۆیانی پێ راحەت بکەن. چونکە رقیان لە مرۆڤەکانە بە تایبەتی مرۆڤە گەورەکان. ئەوان وا بیر دەکەنەوە ئەگەر ئەو نۆقسانەیان نەبوایا ئەوانیش گەورە دەبوون، بەڵام بە هۆی ئەو نۆقسانییە، توشی شکست هاتوون.

ئەو کەسانە دەتوانن لە ریزی هەموو لایەنەکاندا بن، لە نێو کۆماری ئیسلامی، لە نێو ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی و یان تەنانەت لە نێو خەڵکی ئاساییشدا. گرینگ بۆ ئەوان ریزی لایەنەکان نیە، گرینگ دامرکاندنی عوقدەکانی دەروونیانە. کەسی وا هەیە، کە هەموو ئەو شتانەی وا خۆی، بابی، خۆشکی و بە گشتی بنەماڵەکەی هەیەتی لە سایەی سەری کەسێک وەک دۆکتور قاسملو بە دەسیان هێناوە. بەڵام چونکە لەو کەسایەتییانەیە وا باس کرا، نەخۆشی دەروونی هەیە، دەبێ بە درۆو بۆختان هەڵبەستن بۆ کەسایەتییە گەورەکان وەک قاسملو دایبمرکێنێ. چون زاتی ئەو جۆرە کەسانە ئەوەیەو خۆشیان ناتوانن کۆنترۆڵی بکەن.

بۆ نموونە سەردانی ماڵپەڕێکی کوردیم کرد، کەسێک لە پای بابەتی نووسەرێکدا کە بابەتەکیشی جوان بوو، کۆمێنتێکی لە سەر دۆکتور قاسملو نووسیبوو. کۆمێنتێک کە نووسەرەکەی بە توندی هەڵیکۆتابووە سەر کەسایەتی دۆکتور قاسملو. ئەو رووناکبیرە دەس و پەنجە بلۆرینە نووسیویە لە سەردەمی قاسملو سێ جار لە نێو حیزبدا ئێنشعاب کراوەو چوار جاریش شەڕی کورد بە کورد. دەڵێ ئەگەر خراپەکانی دۆکتور قاسملو باس بکرێ رەنگە لە چاکییەکانی زیاتر بن، دەڵێ دیپلۆماسی و پێوەندی قاسملو لە بەر ئەوەی لە کاتی تێرۆریدا بەکەڵکی نەهات، لاواز بووە، دەڵێ قاسملو کۆڕە ئاغا بووە بۆیە توانیویە ببێتە خاونی ئەو کەسایەتییەو ، دەڵێ قاسملو دیکتاتور بووە، هەر وەها دەڵێ ئەگەر قاسملوت ئەوێ ئەوە لە نێو هەر دوو لایەنی حیزبدا زۆرن کە کارە خراپەکانی قاسملو دووبارە دەکەنەوە.  

دۆستێک لە کۆنگەری ١٣ی حدکا دەیگۆت لە نێو ساڵۆنی کۆنگرەدا رێزێک هاوڕێ دانیشتبوون هەموویان نێویان حەسەن و حسین بوو، دەیگۆت منیش بۆ پێکەنین وتوومە کێشەی حیزب کێشەی حەسەن و حسینە! ئێستا من دەڵم تەنیا کێشە حسینە، چون ئەگەر حسین نەبایا ئەم نووسەرە دەس و پەنجە بلۆرینگەلمانە نەدەبوو! چونکە حسین مافی منداڵانی پێشێل کردوو و کۆمەڵێ مرۆڤی عوقدەیی لە گەلی کوردی هەژار، کردە نووسەرو رووناکبیر! 

دەڵن مرۆڤی گەورە سێ جۆرە. دەستەیەک لە گەورەکان، گەورە لە دایک دەبن، واتە گەورە بوون بەشێکە لە وجوودیان، ئەو کەسانە لە مێژوودا زۆر دەگمەنن. دەستەیکیتریان لە ماوەی ژیانی خۆیاندا بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان گەورەیی مسۆگەر دەکەن. دەستەیەکی دیکە تەنیا ناویان گەورەیە، واتە ناوێکی گەورەو شارێکی وێرانن، ئەم دەستەیە بە هۆی گەورە بوون لە بنەماڵەی بۆ نموونە پاشاکان، یان تێپەڕاندنی ژیان بۆ نموونە لە نێو حیزبێکی شۆڕشگێڕدا، ناوبانگی دەسکرد دەر دەکەن.

ئەوە راستە دۆکتور قاسملو کوڕە ئاغا بووە، بەڵام خۆ ئەوکات کوردستان پڕ بووە لە کوڕە ئاغا. کوڕە ئاغای زۆر بوون کە چەکی جاشایەتییان هەڵگرت و بوون بە بەشێک لە هێزی سەرکوتکەری داگیرکەرانی کوردستان. کەوابوو قاسملوو هەر گەورەیی لە کوڕە ئاغاییەوە پێ نەگەیشتووە، بەڵکوو قاسملو لەو گەورە دەگمەنەکان بووە کە گەورەیی بەشێک بووە لە وجوودی. بە پێچەوانەی بیری چەوتی ئەم رووناکبیرە دەس بلۆرینانە گەوریی قاسملو کاتێ دەردەکەوێ کە پیاوە گەورەکان، باسی گەورەیی دەکەن، نەک پیاوە نەفەس نزمەکان کە دەیانەوێ بە خەیاڵی خۆیان بە چووکە کردنەوەی قاسملو، خۆیان گەورە بکەنەوە. کوردستان بۆیە ئەمڕۆ وای لێ هاتووە کە تەنانەت رووناکبیرانی بۆنەتە دژی، چونکە قەیرانی پیاوی گەورە، لێی داوە. گەورەکانی ئێستای کوردستان کێن؟ ئەو کەسانەن وا گەورە بوونی خۆیان لە ورد کردنی قاسملو دەبینن؟ قاسملو ئەو کەسەیە کە وا تەنانەت داگیر کردنی پراگی پێ قبوڵ نەدەکراو بوو بە بەشێک لە شۆڕشی ئەو وڵاتەش، واتە قاسملو قبوڵ نەکردنی زۆربێژی و هەروەها شۆڕشگێڕ بوون بەشێک لە کەسایەتی بووە. نێوی لە نێو لیستەی رەشی بلووکی سوسیالیستی و کاپیتالیستیدا بووە.  بەڵام ئەوانەی وا بوونی خۆیان لە نەبوونی قاسملو دەبینن چی؟ دڵنیا بن چ خۆتان و چ ئەو کەسانە وا کۆکتان دەکەن، ناویشتان لە نێو لیستەی تێرۆری کۆماری ئیسلامیشدا نیە. چونکە کاری کۆماری ئیسلامیتان سووک ئاسان کردۆتەوە. خۆ بابی جەنابت لە سەر خوانی دۆکتور قاسملو بۆتە ئاغای جەماعەتێک، بۆ تۆ نەبویتە گەورە پیاوێک بۆ خۆت؟ خۆ تٶش لە سایەی سەر قاسملووە کوڕە ئاغایت. کەوابوو گەورە بوون بە کوڕە ئاغایی نیە، بە وجوودە، بە جەوهەرە.

بەڵێ راستە سێ جار لە سەردەمی قاسملو لە نێو حیزبی دیمۆکراتدا جیا بوونەوە رووی داوە، بەڵام ماڵی حسین کاول بێ وا هۆی جیا بوونەوەکانی پێتان نەگۆتووەو کاری ئێمەومانانی دژوارتر کردۆتەوە. جیابوونەوەی یەکەم لە کاتی سکرتێری عەبدۆڵا ئێسحاقی رووی دا. عەبدوڵای ئێسحاقی دەیویست حیزب بکا بە بەشێک لە پارتی، دۆکتور قاسملوش دژی ئەو هەڵوێستە بوو. دواتر بە یارمەتی پارتی دۆکتور قاسملو لە حیزبی دیمۆکرات دەر دەکرێ. لە کۆنگرەی دوودا دۆکتور قاسملو وەک خائێن دەناسرێ، بە توندی هەڵدەکۆتنە سەر کۆماری کوردستان و کەسایەتی شەهید پێشەوا، دواتر ئەو ئەندامانە وا دژی بوونە بەشێک لە پارتین یەکە یەکە تەسفیە دەکرێن و تەرمەکانیان تەحویلی رژیمی شا دەدەنەوە.

ئینشعابی دووهەم لە کۆنگرەی چوار روو دەدات، کاتێک کە کۆماری ئیسلامی و حیزبی توودە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حیزب پیلان دەگێڕن، لە رێگەی تاقمێک لە توودەییەکان کە لە نێو ریزەکانی حیزبدا بوون، دەیانویست حیزبی دیمۆکرات چەک بکەن، بەڵان لە گەڵ گەورە پیاوی مێژوو بەرەو روو بوون. بۆیە کاتێ کە نەیانتوانی ویستی خۆیان جێبەجێ بکەن لە حیزبی دیمۆکرات جیا بوونەوە. دوای جیا بوونەوە ناوی حیزبیان لە سەر خۆیان دانا، بەڵام ناسناوی تاقمی حەوت کەسی بڕا بە باڵایانا. دوای ماوەیەک رۆشتنە نێو مێژووە ئێستاش هێندێکیان بوونەتەوە هاوسەنگەرتان و دژی رێبازی قاسملو کۆکتان دەکەن.

ئینشعابی سێهەم، لە کۆنگرەی هەشتەمدا رووی دا، سێ هۆی سەرەکی هەبووە ئەو ئێنشعابە، یەکەم پاشماوەی بیری توودەیی، دووهەم هەبوونی بیری عەشیرە گەرایی و ناوچە گەرایی سێهەم دژایەتی لە گەڵ توێژی جەوان وا لە دەفتەری سیاسیدا بوون وەک دۆکتور شەرەفکەندی، مستەفا هێجری و حەسەن شەرەفی. دوای ئێنشعاب ئەو بەندانەی سەرەوە بە تەواوی دەرکەوت، بۆ نموونە بە دەگمەن خەڵکی باشووری رۆژهەڵاتی کوردستانیان لە گەڵ کەوت، باکووری رۆژهەڵاتیشیان لە گەڵ نەکەوت. هێندێ نەفەری توودەییشیان تێدا بوو کە هەر ئێستاش توودەیین. دژبەری مستەفا هێجریش دوای کۆنگرەی ١٣ دەرکەوت، کە بۆ وێنە تەنیا تاقە کەسێکیشیان نەما هەموویان جیا بوونەوە. ئەو کەسانەش وا لە نێو حیزبدا بوون دوای هاتنەوەی کۆنگرە هەشتییەکان، بە ئاشکرا دەیاندی کە چەندە لە دۆکتور شەرەفکەندی خۆشیان دێ.

بەڵام شەڕە ناوخۆییەکانی سەردەمی دۆکتور قاسملو کامانەن؟ یەکەم شەڕی قیادە مەوەقت، کە ئەوان بەشێک بوون لە هێزی داگیر کەرو ئەو جێگایانە وا بە پاسدار نەگیرا، ئەوان گرتیان. هەموو کەسیش دەزانێ کە حیزب بە تایبەتی دۆکتور قاسملو چەندە هەوڵی دا بۆ نەمانی ئەو شەڕە. دووهەم، شەڕی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانە، کۆمەڵە تا ساڵی ٦٣ هەر بە بیانووی جوراوجۆر هێرشی دەکردە سەر بنکە کانی حیزب. بەڵام کاتێ کە خۆی بە تەنێ زۆری پێ نەشکا، لە گەڵ هێزە چەپەکانیتری ئێران بوون بە یەکێ. بۆیە بارودۆخ گۆڕا. چون ئیتر شەڕەکە شەڕی جووڵانەوەی کوردو شۆڤێنیزمی فارس بوو کە خۆی خزاندبووە ناو ریزەکانی کۆمەڵە. ئەوە فارس بوو کە فەرمانی شەهید کردنی پێشمەرگەی حیزبی دەدا، بۆیە لە ساڵی ٦٣ بەم لاوە، حیزب حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ئاگادار دەکاتەوە کە ئەگەر درێژە بە شەڕ بدەن، ئێمەش شەڕەکە دەکەین بە سەرانسەری. چون حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە هەر کوێ هێزی زۆر بوو، هەڵیدەکۆتا سەر بنکەکانی حیزب و لە هەر کوێ لاواز بوو ئاشتی دەکرد.

شەڕی سێهەم، لە نێوان حیزب و ئینشعابییەکانی کۆنگرەی هەشتەمدا بوو. دابڕاوانی کۆنگرەی هەشتەم وەکو کۆنگرە چوارییەکان و دابڕاوانی کۆنگرەی سێزدە، حیزبێکی هاوشێوەی حیزبی دیمۆکراتیان پێکهێنابوو، کە بە نێوی حیزبەوە هەموو کارێکیان دەکرد، پاش ئەوەی کە بە داخوازی حیزب گوێیان نەداو هەر بە ناوی حیزبەوە دەڕۆشتنەوە کاریان دەکرد، شەڕیان بە سەر حیزبدا سەپاند، هەر وەکوو مامۆستا عەبدۆڵا حەسەن زادە لە کۆرتە مێژوودا دەڵێ: دیارە بە دانانی ناوی حیزب لە سەر خۆیان قۆڵیان بۆ شەڕ هەڵماڵێبوو.

بەڵێ منیش لە گەڵت هاوڕام دۆکتور قاسملو خراپییەکانی زۆرن تا چاکییەکانی، ئەگەر وا نەبایا مرۆڤە گەورەکانی ئۆرووپا خۆزگەیان نەدەخواست کە قاسملو خەڵکی وڵاتی ئەوان بوایا، یان نەیاندەگۆت قاسملو بۆ ئێمە قۆتبێک بوو، یان نەیاندەگۆت لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناڤین هەر تۆمان قبووڵ بوو. ئەگەر دیپلۆماسی لاواز بوایا باڵوێزی ئەمریکا، لە باڵوێزی سوێد نەدەلاڵایەوە بۆ ئەوەی کە دیدارێکی لە گەڵ قاسملوو بۆ ساز بکا. چاکم لە بیرە کاتێک بێرنارد کۆشنێر هاتە هەولێر بۆ کردنەوەی کۆنسووڵی فەرانسە، یەکەمین رەستەیەک کە هاتە سەر زاری، گۆتی من کوردم لە رێگەی دۆکتور قاسملووە ناسی. ئەوە نیشانەی گەورەییە کە تێپەڕینی مێژوو ناتوانێ ناوت ون بکا. هەر ئەوەندە بەسە پێت بڵم قاسملو ئەوەندە گەورە بوو کە بۆ تێرۆر کردنی مامەڵەی میلیاردها دۆڵاری لە سەر کرا. واتە مامەڵەیەکی نێودەوڵەتی لە سەر کرا. بەڵێ شەهید پێشەوا مرۆڤێکی گەورە بووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەگەر دۆکتور قاسملو نەبایا، ئیستا ئەویش وەک شێخ سەعیدی پیران و شێخ رەزای دێرسیم تەنیا ناوێکی لێ مابوو. ئەوە دۆکتور قاسملوە کە ناوی شەهید پێشەوای زیندوو کردەوە. ئەگینا حیزبی دیمۆکرات هیچی لێ نەمابوو، فەوتا بوو و شەهید پێشەواش تەنیا ناوێکی لێ مابوو. بۆیە مرۆڤی گەورە مێژوو دەخۆلقێنێ، مێژوو زیندوو دەکاتەوە، هەر وەکو قاسملو کە کردی.

دەڵی ئەگەر قاسملوت ئەوێ، ئەوە لە نێو هەر دوو لایەنی حیزبدا زۆرن کە کارە خراپەکانی قاسملو دووبارە دەکەنەوە. ئەم وتەیە هەر لەو عوقدەی سەردەمی منداڵییەوە سەرچاوکە دەگرێ کە پێشتر باسم کرد. ئەگینا مرۆڤێکی لەش ساق و دەروون ساق کەسایەتییەکی نێونەتەوەیی، لە گەڵ کەسێک کە ئەگەر حیزبی دیمۆکرات و قاسملو نەبایان یان جۆڵا بوو یان شوانی مەڕو ماڵات، هەڵناسەنگێنێ. ئەم هەڵسەنگاندنەش بۆ دامرکاندنی عوقدەکانییە. لانی کەم لە سەر هەڵسەنگاندنی بابی کە دەفتەر سیاسی بە قەولی خۆیان حدکە، عوقدەکەی یەکسەر هاتۆتە سۆ. چون کەسایەتییەک وەک قاسملوی لە گەڵ شوانی مەڕو ماڵات هەڵسەنگاندووە، کە بەم کارەی تۆزێکی ماوە ببێتە عیرفان قانعی فەردەوە.

شتێکێ دیکە کە لە هەمووی سەیرو سەمەرەترە، دەڵێ کاتێ وتاری دوکتور قاسملو دەخوێنی بۆت دەردەکەوێ کە چەندە تەکڕەوە. بە کارەکانی نەیهشت کە حیزب بکەوێتە دەستی کەسی کارامە. هەموو ئەو کەسانەی کە ئەو رووناکبیرە دەس و پەنجە بلۆرینە پێوایە کارامە بوون و قاسملو نەیهشت جڵەوی حیزب بە دەستەوە بگرن، ماوەی ١٥ تا ٢٠ ساڵ لە کوردستانی عێراق پێش هاتنەوەی دۆکتور قاسملو، هەروەها ماوەی نزیک بە ١٠ ساڵ دوای شەهید بوونی دۆکتور شەرەفکەندی نەفەری یەکەمی حیزب بوون، تەنیا یەک شانازی ناو ببە کە لەو ماوەیەدا بۆ حیزب تۆمار کرابێ. بەڵام بە سەدان کردەوەی خراپ وەکو ناوچەگەرایی، عەشیرەبازی، ئاژاوە نانەوەی دەروون حیزبی، بە فیڕۆ دانی سامانی حیزب، راو نانی کەسانی کارامەو لێهاتوو، دەستەمۆ کردنی حیزب و سەدانی دیکە کە بۆ وتن نابن، دەتوانین ناو ببەین. بەڵام لە خراپییەکانی دۆکتور قاسملو دەتوانین ئاماژە بە، زیندوو کردنەوەی حیزب، سازدانی ئابوورییەکی سەربەخۆ بۆ حیزب، دوو جار شەڕی سەربەخۆیی کردن بۆ حیزب واتە لە گەڵ حیزبی توودەو پارتی، رێکخستنی یەکێ لە گەورەترین خەباتە شۆڕشگێڕانەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین لە کوردستان، ناساندنی کورد بە سەرانسەری جیهان. ئەم تایبەتمەندییە دەگمەنانە تەنیا رووناکبیری خاون ویژدان دەتوانێ بیانبینێ. کە لە کۆڵکە رووناکبیرێکی وەک جەنابت ناوەشێتەوە.

ئەوەشت لێ وەردەگرم کە دەڵی کاتێ وتاری دۆکتور قاسملو دەخوێنی دەزانی چەندە تاکڕەو بووە. چونکە هێشتا جەنابت و ئەو کەسانەی وا کۆکت دەکەن، لە وتارەکانی دۆکتور قاسملو تێ ناگەن، چون قاسملو قەد لە نێو وتارەکانیدا بە پێچەوانەی کەسانی دیکە نە “من من”ی کردووە نە بە خۆدا هەڵوتن. بەڵکوو وتارەکانی دۆکتور قاسملو وتارگەلێکی فیکری و زانستین لە سەر مەسەلەی کورد، سوسیالیزمی دیمۆکراتیک، تێرۆریزم،  ئابووری ناوچەیی و جیهانی و سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، کە فام کردنی بۆ جەنابت و ئەوانەی وا وەک جەنابت بیر دەکەنە گەلێک قورس و گرانە.

بەڵام خۆشتان بکوژن ناتوانن ئەوەندەی عیرفانی قانعی فەرد، خزمەت بە کۆماری ئیسلامی بکەن، دەی بە غەیری ریسوایی نەبێ، توانی چ بکا ؟ دڵنیا بن ئێوەش غەیری سووک بوون لە بەر چاوی خەڵک نەبێ، هیچتان پێ نابڕدرێ. هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێدا قاسملوش مرۆڤە، هەڵەی هەبووە، رەخنەشی لە سەر هەبووە، بەڵام خۆ هەموو کەسێ ناتوانێ خۆی بدا لە شانی قاسملو رەخنەی لێ بگرێ. رەخنە گرتن لە قاسملو پێویستی بە قاسملو ناس هەیە. دەبێ هەموو لایەنەکانی ژیانی سیاسی قاسملو بزانی. دەبێ ئەو گۆشارانەی سەر قاسملو بناسی. دەبێ لە سەر هاوکێشە سیاسییەکانی سەردەمی قاسملو شارەزاییت هەبێ. لە هەمووی گرینگتر دەبێ لە سەر هەڵس و کەوتی ئەو کەسانەی وا لە گەڵ قاسملو کاریان کردووە، وا دژی قاسملو بوون شارەزایی تەواوت هەبێ. ئەوکات مرۆڤ دەتوانێ باوەڕ بە رەخنەکەت بکا.

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی