"an independent online kurdish website

 زورجار مروڤ کەسێک ئەبینێ و ئەچێتە دڵیەوە و حەز بە دوستایەتی و نێزیک بونەوەی ئەکات بەڵام لە پروسەی دوستایەتی دا ئەوەندەی لی دوور ئەکەوێتەوە سەرەتاکەی بە بیر نایە، هێندیجار مروڤەکان لە بەردەوامی کار و دان و ساندن دا هۆگری یەکتر دەبن. hiwa_golmohemmedi

 لە ڕاستیدا مروڤەکان جیاوازن و کردەوە، هەڵس و کەوت ، سیما و تێگەیشتن و پێگەیشتنەکانیشیان جیاوازە، کەسانێک هەن ئەوەندە ساف و سادە و سادقن کە ئیتر هیچ مەودایەک بۆ ڕق و قینی دەوروبەرەکەیان ناهێڵنەوە و پڕاو پڕن لە خۆشەویستی.

 سەرەتای بەهاری ساڵی 1366 بوو بە کوڵەپشتی و چەند کتێبێکەوە نامەیەکم لە گیرافانا بەرەو بنکەی مەڵبەندی  2 ی ح د ک ا  دەڕوشتم و هەزاران خەیاڵی جۆراجۆر بە مێشکما دەهات و دەچوو، نازانم ئەوکاتانە بیرم لە چی دەکردەوە و کامە خەیاڵم شیرینتر بوو بەڵام ئەزانم ترسێکی شاراوەم لە هەناوا حەشار دابوو، ئاخر من نامۆ بە ناوچەی مەڵبەندی 2 و ناشارەزا بە شێوەی کار و خەبات و هەڵس و کەوتی کادر و پێشمەرگەکانی ئەو دەڤەرە بوم.

 بنکەی مەڵبەندی 2 لە نیزیک گوندی گەڕەدێ لە سەروی شاروچکەی کارێزەوە  بو، هەروا بە فکرو و خەیاڵەوە گەیشتمە ناوەندی بنکەکان و لە یەکەم پێشمەرگە کە بینیم پرسیاری بنکەی مەڵبەندم کرد ئەویش دەستی ڕاکێشا و وتی: ئەوە بنکەی مەڵبەندە و بە گاڵتەوە وتی: لەوە ئەچی توش تەبعید کرابی! ئەوەندە گوێم بە گاڵتەی پێشمەرگەکە نەدا و لە دەرگای مەڵبەندم دا، دەنگێک وتی کێیە؟ فەرموو، دەرگام کردەوە، چەند کەس بە ڕیز بەتانیە سەوزەکانی حیزبیان لە دەوری خانوەکە پان کردبویەوە و لەسەری دانیشتبون و چایان ئەخواردەوە.

 چومە ژورەوە و پاش بەخێرهێنان وتم: نامەم پێیە بۆ مەڵبەند و نیردراوم کە لە مەڵبەندی 2 کار بکەم و دەستم کردە گیرفانما و نامەکەی کومیسیوینی سیاسی نیزامیم دەرهێنا،  پرسیارم کرد کە ئەم نامەیە تەسلیمی کێ بکەم؟ یەکێک لە دانیشتوان وتی: بێدەرە کاک سەید ئەحمەد و منیش نامەکەم تەسلیم کرد، سەید ئەحمەد وتی بەخێر بێی فەرموو جایەک بخورەوە دواتر جێاگا ت بۆ دیاری ئەکەین.

 یەکێک لە دانیشتوان لەوانیتر بە تەمەنتر بوو، لە سەر خۆی و بێ ئەوەی دوو دڵیەک لە قسەکانیدا هەبێ وتی: وەڵا بابە هەر تۆمان کەم بو وا تۆش هاتی.

 قسەکەی زور کاری تێکردم بەڵام ئەوەندە لە دڵەوە ئەو قسەیەی کرد پێی توڕە نەبووم و سەرەڕای ئەو قسە تاڵەش کەچی ئەوەندە خۆێن شێرین بو یەکسەر چووە دڵمەوە و حەزم ئەکرد باشتری بناسم.

 لە قوناغی شەڕی نێوان دیموکرات و کومەڵە دا هێزەکانی پێشمەرگەی مەڵبەندەکانی یەک و دووی حیزب لاواز ببون  بەتایبەتی مەڵبەندی دوو.

 ئەوکاتەی من لە هێزی ئاربەبای بانە بوم کاک حەکیم ڕەزای بەرپرسی مەڵبەند و کاک عەلی ئەشرەف مەجیدی فەرماندەری هێزی دووی ڕیبەندان بو کە لە شەڕێکی قورسالە نیزیک شاری سەقز کاک حەکیم و چەند پێشمەرگەی دیکە شەهید بون و کاک عەلی ئەشرەفیش بریندا بو و دەستی چەپی لە کار کەوتبوو.

 کومیسیونی سیاسی نیزامی هەوڵی ئەدا لەملاو لەولا کادر و پێشمەرگە بنێرێتە مەڵبەندی 2 ، هەروەها کاک حەمەنەزیف قادری کرابویە بەرپرسی مەڵبەند و کاک ئەسکەندەر بەکری، عەبدوڵا مەسعودی و عەزیز سەلیمیش نیردرابون بۆ ئەو مەڵبەندە.

 دوای ماوەیەک مانەوە لە قسەی یەکەم پێشمەرگە تێگەیشتم کە وتی توش تەبعید کراوی و ئەوەش ئەوە بو کە کومیسیونی سیاسی نیزمی هەرکەسی بەردەست بکەوتایە یەکسەر نەقڵی مەڵبەندی دووی ئەکرد و ئیتر بۆیان گرینگ نەبوو کە ئەو کەسەی ئەوان دەێنێرن بۆ ئەو مەڵبەندە کارا دەبێ یان لە شوێنێکی دیکە و ناوچەیەکی دیکە دا کاراترە و ئەوەش وایکردبو مەڵبەندی دوو ناسراو بو بە مەڵبەندی تەبعیدیەکان.

 دوو ساڵ لە مەڵبەندی دوو خزمەتم کرد و لەوماوەیەدا دەیان بیرەوەری خۆش و ناخۆشم لە لا دروست بو و ناسیاویم لەگەڵ زور کەسا پەیدا کرد کەوا کاریگەریان هەبوو لەسەری کەسایەتیم و یارمەتیدەر بون کەوا پێش بکەوم و هەروەها بونە هۆکاری ئەوەش کە تەجروبەی زیاتر لە ناوچە دا پەیدا بکەم و تەنانەت هۆکاری مانەوەیشمن لە ژیانا.

 کاتێک لە کوتای  دواین مانگی بەهار و سەرەتای هاوین بڕیاری گەڕنەوەمان درا بۆ ناوچە دەبوو لە قەندیل و بە ناوچەی پیرانشار، مەهاباد و لە کیوی سپیەنگەوە خۆمان بگەینینەوە کیوەکانی شیخ چۆپان و مێرگە نەخشینە  کە بە ناوچەی ئازدکراوی نێوان مەهاباد، بۆکان، سەقز، بانە و سەردەشت ناسراوبوو و هەموو ئەو ناوچانە بەیەکەوە گرێ ئەدات.

 کاتێک گەیشتینەوە ناوچەی سەقز و تا ئەندازەیەک کونتروڵمان بە سەر ناوچەدا پەیدا کرد مەڵبەند بڕیاری دا کە تێمێک بەڕی بکات بۆ ناوچە و دەڤەرەکانی نێزک شاری سەقز و پێوەندی بە ئەندامانی حیزبەوە بگرن و هاوکات یارمەتی کۆ کەنەوە و کاروباری حیزبی بە جێ بەگەیەنن، ئەو تیمەش پێکهاتبوو لە سەید ئەحمەد حوسەینی، ڕەحمان ئاخکەندی، عەلی کەس نەزانی، عەزیز سەلیمی، عەلی ڕەش، ئیقباڵ  بێگی، حامید قەناسە و من.

  ئەو ماوەیە کە لەو تیمە دا بوم بێجگە لە خوشەویستی و ڕێزیکی زور کەوا لە نێوان هەموو ئەندامانی تیمەکە دا هەبوو کەسایەتی مام ڕەحمانم باشتر ناسی و ئیتر لەگەڵ قسە حەق و ڕەقەکانی دا ڕاهاتم و تێگەیشتم کەوا مروڤێکە لێواو لیو لە ڕاستی و پراو پر لە هەڵویست و بێسنور لە دڵسوزی و سەداقەت.

 مام ڕەحمان کەم ئەدوا بەڵام باش وەقسە دەهات و هەموو کاتێ لە کات و جێگا  وبە پێی پێویست قسەی ئەکرد و بڕیاری ئەدا، لەو ماوەیە دا پێشەنگایەتی ئەو تیمە لە ئەستۆی مام ڕەحمانەوە بو و ئەویش بەوپەڕی لێزانی و وردبینی و بە تەدبیرێکی ماموستایانەوە شوێنی مانەوە و ڕیگای هاتنو  چونی دەسنیشان ئەکرد و نێزک بە مانگێک ئێمە هەموو شەوی سەردانی گوندێکمان ئەکرد و بەردەوام لە خولانەوە دا بوین بە بێ ئەوەی دوژمن بتوانی زەفەرمان پێ بەرێ و شوێن پێمان هەڵگرێ کە بێگومان شانازیەکەی دەگەڕایەوە بۆ مام ڕەحمانی شارەزا لە دەسنیشان کردنی شوێنی مانەوە و ئاگادار لە جم و جوڵی دوژمن و بە تجروبە لە کاری خۆیدا.

 دیارە کە هەموو ئەندامانی ئەو تیمە تەشکیلاتیە ڕوڵ و کاریگەریان هەبوو لەو گەشتەدا بەڵام دڵنیام ئەوانەی کە ماون و ئەوانەیان کە شەهید بوون هاوڕا بون لەسەر ڕوڵ و کاریگەری و تەدبیرەکانی مام ڕەحمان و ئەوەش وایکرد بوو کە هەمومان خوشمان دەویست و گوێڕایەڵی بوین.

 مام ڕەحمان مروڤێکی نەترس بوم، زور لەسەرە خۆ، هێدی و دور لە هەڵچون ، ساف وسادە و پاک بو، قەت بە دەنگی بەرز قسەی نەدەکرد و هیچکاتێک قسەیەکی نابەجێی نەدەکرد کە لە هەستی بەرانبەرەکەی بدات بەڵام هیچکات هەڵە و کەم و کوڕی لە کەس قەبوڵ نەدەکرد و ئەو ڕەشت بەرزی، پاکی و سەداقەت و هیدی بونەی وایکرد بوو کە هەموو کەس ڕەخنەکانیان قەبوڵ ئەکرد و ڕێزیان بوی هەبوو.

 ئەتوانم بڵێم مام ڕەحمان لەو کەس و کەسایەتیانە بو کەوا کەم پەیدا دەبن و باش جێ دەگرن و بە جوانی گەشە دەکەن و بەردەوام لە گەشانەوە دان. مام ڕەحمان لەو کەسانە بو کە نە ئەوەندە شیڕن بو بخۆرێ و نە ئەوەندە تاڵ بو لێی دور کەویەوە و نەزم و نیزام و تایبەتمەندی خۆی هەبوو و هەموو کاتێ بەو تایبەتمەندیانەوە تێکڵاوی ڕوحی گەورە و بچوک دەبوو.

 سەرەڕای جیاوازی تەمەن مام ڕەحمان وای نیشان نەئەدا کە لە ئێمە گەورەترە و قەت ئامادە نەبوو کاری خوی بە کەسێکی دیکە ئەنجام بدات و هەموو کاتێ دەسپێشخەری کاری هەرە وەز بو.

 باس کردن لە کەسایەتی مام ڕەحمان ئاخکەندی زوری دەوێ و هەر چی بنوسم دیسان کەمە و ناتوانم باسی ڕوحێکی پەپولە ئاسا، کەسایەتیەکی بە تاقەت و مروڤێک لە جنسی ئاگر و باران بکەم.

 مام ڕەحمان ماندووی نەناس، وریا، دڵسوز، دڵ فراوان، هیدی، بە تاقەت، پشوو درێژ، چاوتێر، بە بڕیار، بە ئیرادە و بە ویژدان بوو.

  ئەگەر بە کورتی باسی مام ڕەحمان بکەم ئەتوانم بڵێـم کە ساف و سادە و سادق و پاک بوو، مروڤێک بو کە خۆشت بوێ و ڕیزی لی بگری، ئاخر ئەو خوی سەرچاوەی ڕیز و خوشەویستی بوو.

 یادی مام ڕەحمان ئاخکەندی بەخێر و ڕیگای پر ڕیبوار و ئارامی بۆ بنەماڵەکەی.

 هیوا گوڵ محەمەدی 20120112{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی