"an independent online kurdish website

حدک! هەڵبژاردنی خولی نۆهەمی مەجلیسی شورای ئیسلامی بایکوت کرد. راگەیەندراوەکەی ئەم گرووپە چەندین خاڵی جێگای سەرنجی تێدایە کە جێگای تێرامانن. بە جۆرێک کە هەر مرۆڤێکی سیاسی ئەم بەیاننامەیە بخوێنێتەوە، بۆی دەر دەکەوێ کە ئەو گرووپە چەندە سەر لێ شێواوی سیاسی بە سەریدا زاڵە. laderan_1

بە درێژایی تەمەنی پێنج شەش ساڵەی خۆی هێشتا ئێستراتێژییەکی روونی نیە، بەڵکو ئەوەی وا هەیە هێندیک تاکتیکە کە بە پێی دەرفەتە مێژووییەکان، بۆ زەق کردنەوەی خۆی دەیانگرێتە پێش. دیارە ئەم شێوە سیاسەتکردنەش هەر وەک تا ئێستا دەرکەوتووە، نە تەنیا بە ئامانج ناگات، بەڵکو وەک خانووی قوڕینە کە بە بوومە لەرزەیەکی سووکیش بە سەر خاونەکەیدا دروخێ.

لە سەرەتای راگەیەندراوەکەدا ئاماژە دەکەن بەوە کە رژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ هێنانی خەڵک بۆ سەر سەندووقەکانی دەنگدان لە هەموو کەرەستەیەک کەڵک وەردەگرێ. لەم بارەوە دەڵن: ” بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌موو که‌ره‌سه‌یه‌ک – له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی نان‌بڕینه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ واده‌ی پاداشی جۆراوجۆر- به‌کار دێنێ جگه‌ له‌ میکانیزمی دروستی هاندانی هاونیشتمانان بۆ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا، که‌ بریتی‌یه‌ له ‌ئازادکردنی کاندیداتۆری‌و ئازادکردنی ده‌نگدان‌و ده‌سته‌به‌رکردنی هه‌ڵبژاردنێکی ئازادو دێموکڕاتیک.” پرسیار ئەوەیە مەگەر کۆماری ئیسلامی لە هەڵبژاردنەکانی پێشودا، بۆ راکێشانی خەڵک بۆ سەر سەندووقەکانی دەنگدان، هەر ئەم تاکتیکانەی نەبوو؟ خۆ خۆتانیش لەم چەند دێڕەی سەرەتای بەیاننامەکەدا ئاماژەتان پێکردووە، کە هەموو کات ئەو سیاسەتانەی هەبووە. ئەگەر ئەم قسەی خۆتانە دروستە، دەبێ ئێوەش پاڵنەرێکتان هەبووبێ، بۆ ئەوە کە لە هەڵبژاردنی دەوری دەیەمی سەرکۆماریدا بەشداریتان کرد. خۆ ئەوکاتیش ئازادی کاندیداتوری و ئازادی دەنگدانیش نەبوو. لە نێو سەدان کاندیداتوردا دەبوو بە چوار کاندیداتوری جێ متمانەی خۆیان دەنگ بدرێ. دەنا چ حیزبێکی ئۆپۆزیسیونی رژیم دەیتوانی کاندیدی خۆی لەو هەڵبژاردنەدا بەشدار بکا؟ کەوابوو ئەم پاڵنەرانەی کۆماری ئیسلامی کە خۆتانیش ئاماژەتان پێ کردوون واتە “لە هەڕەشەی نان بڕینەوە بگرە تا پاداشی جۆراوجۆر” خۆتانیش دەگرێتەوە. چونکە لەو هەڵبژاردنەدا ” ‌ئازادکردنی کاندیداتۆری‌و ئازادکردنی ده‌نگدان‌و ده‌سته‌به‌رکردنی هه‌ڵبژاردنێکی ئازادو دێموکڕاتیک.” بە دی نەدەکران. بۆیە ئەگەر ئەوە مەرجی ئێوە بۆ هەڵبژاردن بێ، خۆ لە خولی دەیەمی سەرکۆماریش هیچکام لەو مەرجانە لە ئاڕادا نەبوون. شووای نیگابان لە نێو سەدان کاندیداتۆردا چوار مۆرەی بەرچاوی رژیمی دیاری کرد بۆ خەڵک، دواییش مۆرەی دڵخوازی خۆی لە سەندووقەکان هێنایە دەرێ. کەوابوو ئێوە بۆ بەشداریتان کرد؟ چ قەولێکتان پێ درابوو؟

باشە ئەگەر ئێوە لە راگەیەندراوەکەتاندا دەڵن: ” له‌ ئێرانی ئیسلامیدا هه‌ر له ‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ڵبژاردن‌و ڕێفڕاندۆم له‌ نێوه‌رۆکی خۆیان به‌تاڵ کراون‌و به‌پێی بنه‌ما فه‌لسه‌فی‌یه‌کانی کۆماری ئیسلامی، ئه‌م ڕێژیمه‌ ڕه‌وایی (مشروعیت)ی خۆی له‌وخه‌ڵکه‌ که‌ حکوومه‌تیان به‌سه‌ره‌وه‌ ده‌کا،وه‌رناگرێ، هه‌ر بۆیه‌ش وه‌ڕێخستنی هه‌ڵبژاردن زیاتر هه‌وڵێک بووه‌ بۆ ڕاکێشانی سه‌رنجی بیروڕای گشتی له‌نێوخۆو ده‌ره‌وه‌ی وڵات. به‌ڵام ئه‌م ڕه‌وته‌ جاربه‌جار پتر په‌ره‌ی پێ‌دراوه‌ و ده‌کرێ بڵێین له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌دا گه‌یشتۆته‌ لووتکه‌.” بەم پێیە هەڵبژاردنی خۆلی دەیەمی سەرکۆماریش کە ئەو هەموو هات و هاوارەتان بۆ کردو هەر کەس ناوی کەڕووبی و مووسەوی بە خراپ هێنابایا، ددانتان لێی چێڕ دەکردەوە، خاڵی لە نێوەرۆک بوو. ئەوەی وا لێرەدا ون و نادیارە، پاڵنەری ئێوەیە بۆ بەشدای لەو هەڵبژاردنەدا کە خۆتان لە سەرەتای ئەم بەیاننامەیەتان ئاماژەتان بە دوو دانەیان کردووە. ئەگەر ئێوە فەیلەسووفن و بنەما فەلسەفییەکانی رژیم باش دەناسن، بۆ پشتیبانیتان لە مۆرەکانی رژیم کرد؟ بۆ مەشرووعییەتتان دا بە ئاوەها رژیمێک؟ مەگەر لە ئاوەها رژیمێکدا تەنیا یەک مۆرە دەتوانێ ئەگەریش بیەوێ، دیمۆکراسی بخۆلقێنێ؟

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا دەڵێن:”هه‌ر بۆیه‌ کاربه‌ده‌ستانی ڕێژیم ، به‌ ئه‌زموو‌ن‌وه‌رگرتن له‌ هێندێک ده‌وره‌ی پێشووی هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیس یان سه‌رکۆمار، لێ‌بڕاون که‌ ئه‌م‌جاره‌ ئه‌ڵقه‌ی “خودی”یه‌کان ئه‌وه‌نده‌ ته‌نگ بکه‌نه‌وه‌ که‌ ته‌نانه‌ت جێی به‌شێک له‌ به‌قه‌ولی خۆیان “نیزیکترین یارانی ئیمام”یشی تێدا نه‌بێته‌وه‌.” لێرەدا دەردەکەوێ کە ئەو گرووپە ئەگەر “یارانی ئیمام” بەشدار ببایان، هەر وەک جاری پێشوو هەڵبژاردنیان بە دیمۆکراتیک دەزانی و بەشدارییان دەکرد. چون هەر بە پێی ئەم راگەیەندراوەیان مەرجێکی بەشداری لە هەڵبژاردنیان دیمۆکراتیک بوون زانیوە. بەم پێیە دەتوانین بەو ئاکامە بگەین لە بەر ئەوەی کە جاری پێشوو یارانی ئیمام واتە کەڕووبی مووسەوی، بەشدار بوون، هەڵبژاردن دیمۆکراتیک بوو و ئەمانیش بەشدارییان تێدا کرد. واتە ئەمانیش بوونەتە لایەنگری، یارانی ئیمام. ئەوەش دەزانین کە کەسێک لایەنگری یارانی ئیمام بێ، دەبێ ئیمامیشی قبووڵ بێ! هەر کات یارانی ئیمام کاندید بوون، ئیتر کاندید بوون و دەنگدان ئازادەو هەڵبژاردنیش دیمۆکراتیکە! بۆیە هەموو وزەی خۆیان دەخەنە خزمەتی یارانی ئیمام بۆ ئەوەی سەر کەون، تا رەنگە بتوانن یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی جێبەجێ بکەن و بەم شێوەیە کۆماری ئیسلامی دیمۆکراتیزە بکرێ!

لە شوێنێکی دیکەی راگەیەندراوەکە دەڵن: ” ئه‌و که‌سانه‌ی جێ‌متمانه‌و باوه‌ڕ پێکراوی خه‌ڵکن، یان به ‌ڕه‌دکردنه‌وه‌ی سه‌ڵاحیه‌ت له‌ ململانه‌ی هه‌ڵبژاردن دوور ده‌خرێنه‌وه‌، یان به ‌ده‌سکاری ئاکامه‌کانی ده‌نگدان‌و دیاریکردنی مۆره‌ی دڵخوازی کاربه‌ده‌ستان به‌ دۆڕاوی ململانه‌ی هه‌ڵبژاردن داده‌نرێن یان ئه‌گه‌ر به‌ هه‌رهۆیه‌ک ڕێیان که‌وته‌ مه‌جلیس‌و ئۆرگانه‌ به‌ناو هه‌ڵبژێراوه‌کانی دیکه‌وه‌ به‌فه‌رمانی که‌س‌و ئۆرگانه‌ هه‌ڵنه‌بژێراوه‌کان ده‌نگه‌کانیان کپ‌و بۆچوونه‌کانیان پووچه‌ڵ ده‌کرێن.” دەڵن زەرەر لە نیوەشدا بگەڕێتەوە هەر خێرە. ئەگەرچی لە نیوەش تێپەڕیوە و درەنگی کردووە بۆ ناسینی کۆماری ئیسلامی، بەڵام هەر خێرە. ئەوە نیشانەی نەبوونی زانیاری سیاسی لە سەر کۆماری ئیسلامییە. مەگەر لە خۆلی دەیەمی هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامیدا کەسانی جێ متمانەو باوەڕ پێکراوی خەڵک رەدی سەڵاحیەت نەکرانەوە؟ مەگەر نەتاندەزانی کۆماری ئیسلامی لە ئاکامی هەڵبژاردندا دەستێوەردان دەکا؟ خۆ لە پاراگرافی یەکەمی راگەیەندراوەکەتاندا وتووتانە: ” له‌ ئێرانی ئیسلامیدا هه‌ر له ‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ڵبژاردن‌و ڕێفڕاندۆم له‌ نێوه‌رۆکی خۆیان به‌تاڵ کراون‌” باشە خولی دەیەمی سەرکۆماری چ جیاوازییەکی هەبوو؟ ئایا کەرووبی و مووسەوی داوای دیمۆکراسییان دەکرد یان داوای بەشی خۆیان؟ ئایا ئەگەر ئەوان هاتبان چ پەیامێکیان بۆ کورد پێ بوو؟ دەورانی زێڕینی ئیمام کە ئەوان خوازیاری گەڕانەوە بۆ ئەو سەردەمە بوون، کورد لە چ حاڵێکدا بوو؟ کەسێک کە کۆشتاری زیندانیای ساڵی شەست و حەوتی مەحکووم نەدەکرد، ئایا دەیتوانی مرۆڤێکی دیمۆکرات بێ و دیمۆکراسی لە گەڵ خۆی بێنێ؟ زۆربەی هەرە زۆری نەهامەتییەکانی کورد لە سەردەمی سەرۆک وەزیری مووسەویدا روویان دا، کە بێ گۆمان ئەرێ کردنی ئەویان لە سەر بووە، ئەگەر سەرکەوتبا چ پەیامێکی بۆ کورد پێ بوو؟

لە درێژەدا دەڵن: “له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م‌ ده‌وره‌یه‌ش له‌ هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیس هیچ تایبه‌تمه‌ندی‌یه‌کی هه‌ڵبژاردنی ئازادی تێدا نیه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی‌و نه‌ هیچ‌کام له ‌کاندیداکان به‌رنامه‌یه‌کیان بۆ ئاڵوگۆڕی سیاسی‌و ئابووری‌و کۆمه‌ڵایه‌تی به‌قازانجی خه‌ڵک ڕانه‌گه‌یاندوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه ‌کاندیداتۆری ئازاده‌ نه‌ هه‌ڵبژاردن‌و نه‌هیچ ده‌سته‌به‌رێک بۆ ده‌سکاری‌نه‌کردنی ئاکامه‌کانی ده‌نگدان هه‌یه‌و سه‌ره‌نجام له‌به‌رئه‌وه‌ی مه‌جلیسی ئێران هیچ سه‌ڵاحیه‌تێکی بریاردانی ئازادی نیه‌و هه‌موو بڕیاره‌کانی له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ دیاری ده‌کرێن حیزبی دێموکراتی کوردستان هه‌ڵبژاردنی ده‌وره‌ی نۆیه‌می مه‌جلیس بایکۆت ده‌کا‌‌.”

لێرەدا چەند پرسیاری قەبە قەبە دێتە ئاڕاوە. مەگەر کاندیدا کانی سەر کۆماری خۆلی دەیەمی سەرکۆماری بەرنامەیەکیان بۆ “ئاڵوگۆڕی سیاسی‌و ئابووری‌و کۆمه‌ڵایه‌تی به‌قازانجی خه‌ڵک” پێ بوو؟ ئاڵوگۆڕی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بە چ مانایەکە؟ مەگەر بە مانای گۆڕینی رژیم نیە؟ ئایا مووسەوی کەڕووبی لە بیری گۆڕینی رژیمدا بوون؟  ئەو یارانەی ئیمام تەنیا یەک بەرنامەیان هەبوو، گەڕاندنەوەی ئێران بۆ سەردەمی زێڕینی ئیمام. تەنانەت قەتڵ و عامی ساڵی شەست و حەوتی بەند کراوانی سیاسیشیان مەحکووم نەکرد، چون بە هیچ شێوەیەک نەیاندەویست سەردەمی زێڕینی ئیمام لەکەدار بێ!

ئاخۆ مەگەر لە هەڵبژاردنی خۆلێ دەیەمی سەرکۆماریدا کاندیداتۆری ئازاد بوو؟ مەگەر هەڵبژاردن ئازاد بوو؟ ئایا دەکرا بۆ وێنە کۆمەڵە یان دیمۆکرات کاندیدایەکیان لەو هەڵبژاردنەدا هەبێ؟ ئایا ئەو هەلە بۆ خەڵک رەخسا بوو کە لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا بە کاندیداتۆری دڵخوازی خۆیان دەنگ بدەن؟ ئەگەر کاندیداتۆری ئازاد ببایا خەڵک دەنگی بە یارانی نەرم رەو و توندئاژۆی ئیمام دەدا؟ مەگەر تا ئێستا مەجلیسی ئێران سەلاحییەتی بڕیاردانی هەبووە؟ مەگەر بە پێی یاسای بنەڕەتی هەموو دەسەڵاتی ئێران لە ئەستۆی ویلایەتی فەقیه نیە؟ مەگەر لە خۆلی دەیەمی سەرکۆماریدا جیا لە یارانی ئیمام کەسێکی دیکە کاندید بوو؟ مەگەر لە هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا بە قەولی ئێوە “دەستەبەرێک بۆ دەسکاری نەکردنی ئاکامەکانی دەنگدان” هەبوو؟ بە دڵنیاییەوە وڵامی ئەم پرسیارانە “نە”یە. کەوابوو جیا بوونەوەتان لە حیزبی دیمۆکرات، هەڵبژاردنی ناوی ئەو حیزبە بۆ خۆتان، تاکتیکەکانتان و ئامانجەکانتان هەمووی هەڵەیە.

لە کۆتاییدا دووپاتی دەکەمەوە کە کۆماری ئیسلامی هەر وەک خۆتان ئێستا چ لە ڕێگەی خوێندنی یاسای بنەڕەتی بێ یان راوێژی ئەم و ئەو، ئاماژەتان پێ کردووە، سەرچاوەی دەسەڵاتی خۆی لە خۆدا و خەڵک بە جێبەجێ کەری بڕیارەکانی دەسەڵاتی خۆی دەزانێ، بۆیە هیچ حیسابێک بۆ خەڵک ناکا تا ئەوەی لە رێگەی هەڵبژاردنەوە دەسەڵاتیان لێ وەرگرێ. بەشداری لە هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی مەشرووعییەت دانە بەو رژیمە کورد کوژە، هەر وەک جاری پێشوو ئێوە کردتان و ئاکامێکی جیا لە زیانی کورد بە دواوە نەبوو. کەوابوو ئێوە لە سیاسەتەکانتاندا تووشی شکستێکی گەورە هاتن. ئەم راگەیەندراوەی ئێستاو هی خولی دەیەمی سەرکۆماری دەرخەری چەندین راستییە، لەوانە دەتوانم ئاماژە بکەم بە؛ سەر لێ شێواوی سیاسی، هەلپەرەستی، قازانج پەرەستی تاکە کەسی و گرووپی، نزم بوونی ئەزموون و زانیاری سیاسی و وێڵ و سەرگەردان بوون بە شوێن مەشرووعییەتدا.{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی