"an independent online kurdish website

لەم رۆژانە بابەتی جۆراوجۆر دەبینی لەسەر ماڵپەرە کوردیەکان، ئەو بابەتانە خوێنەریان زۆرە کە هێرشی تاکە کەسی تێدابێت یان رێکخراوەیی، بەداخەوە هەرکەس کە دەستی بۆ کیبۆردی کۆمپیوتەرەکەیی برد و ئەوەی بەسەر زاری دا دێ دەینوسێ، جا شەرت نیە ناوەرۆکی نووسینەکە چ دەبێ، شەرت ئەوەیە ئەوەی لە دڵی دایە دەرهەق بە لایەن یان کەسی مەبەست هەڵی رێژێ.agiri_baleki

نووسەرانی ئەو زەمانە هیچ پرنسیپێکی نووسین و خاوێنی لە دەربرین بەکار ناهێن، لەلای نووسەری بابەت شەرت ئەوەیە کە بابەتەکە  هەتا دەتوانێ رەخنەی توند و بێ حورمەتی تێدابێت، جا ئەو بێ حورمەتیانەش لە ژیانی شەخسی کەسەکان تا دەگاتە دۆکومێنتە نهێنیەکانی لایەنێکی تایبەت دەگرێتەوە، نووسەرانی ئێمە ئەوەندە خۆ بە گێرانەوەی مێژوو خەریک دەکەن کە جاری واهەیە خوێنەر وەشک دەکەوێ کە بەراستی مێژوویەک هەبووە یان نا، ئەوەندی من دیتومە لە نووسەرانی ئێمە بە باسی رابردوو و “بووە” دەکەن نایەن بەرنامەیەک بۆ داهاتوو دارێژن نایەن لەپەنا رەخنە خاوێنەکانیان “کە بەداخەوە رەخنەی خاوێن دروستکەر نەماوە” بەرنامەیەک دارێژن بۆ داهاتووی ئەو گەلە بەدبەختە. ئازاین لەیەکتر شکاندن؟ ئازاین لەیەکتر بوخزاندن؟ ئازاین لە بەخیلی بەیەکتر کردن؟ ئازاین لە بێ حورمەتی بە ئەم ئەو؟ بەڵام زۆر بێ دەنگین لە بەرامبەر دوژمنی خۆمان، جاری واهەیە بۆ دوژمن دەشپاڕێنەوە، هیوادارم لە داهاتووشدا ئەو فەرهەنگە نەمێنێ.

بابەتی یەکەم:

بەرێز کاک “عیرفان تارین” کە یەکێکە لە نووسەر لاوانە کە جار ناجارێک بابەتێک دەنووسێ و منیش وەک باقی خوێنەران بابەتەکانی دەخوێنمەوە، کاک عیرفان لە ئاخرین بابەتی خۆیدا بەناوی “تایبه‌ت به‌ 26 ی رێبه‌ندان رۆژی کۆمه‌ڵه‌” کە لە ماڵپەری رۆژهەڵات تایمز بلاوی کردۆتەوە باس لە رۆژی ٢٦ی ڕێبەندان رۆژی دامەزراندنی کۆمەلە دەکات و هەندێک کێشە لەگەڵ لایەنە جیابووەکانی کۆمەڵە باس دەکات و ئەوان بە خاوەنی ئەم رۆژە نازانێ من وەک خۆم هیچ کێشەم لەگەڵ ئەوەنیە کە کاک عیرفان راستە یان هاورێکانی پێشوویان ئەوە کێشەیەکی سیاسی نێوان دوولایەنە و من لەسەر بابەتەکە نەزەرم نیە تەنها من کێشەم لەگەڵ ئەوەیە کە کاک عیرفان بەبێ هیچ پاساوێک رێبەرانی مێژووی کورد دەکاتە “چەتە و فاڵانج” کاک عیرفان لە پاراگرافی پیش کۆتایی دەربارەی رەفیقەکانی پێشوی ئاوا دەنووسێ:” ئیوه‌ جه‌ماعه‌تێک فالانج و چه‌ته‌ ئاسان که‌ هاورییانی گیان به‌ختکردووی کۆمه‌ڵه‌تان خۆش ناوێت و ته‌نها سووئیستیفاده‌ له‌ ناوی ئه‌و هاورییانه‌ ده‌که‌ن بۆ فریو دانی خه‌ڵک”. 

کاک عیرفان لە ئاخرین پاراگرافدا بێ ئەوەی بزانێ لەسەرەوە چی نووسیوە راست دەلێ:” ئیمه‌ وه‌ک بنه‌ماڵه‌ی گیانبه‌ختکردووی کۆمه‌ڵه‌، هیچ کات ئیوه‌ به‌ ئیدامه‌ده‌ری رێگای رۆله‌ی گیانبه‌ختکردووی خۆمان نازانین.ئیمه‌ پێمان وایه‌ که‌ ئیوه‌ درێژه‌ پیده‌ری ریگای سمکۆ، شێخ مه‌حموود و قازی محمدن، نه‌ک رۆله‌ی گیانبه‌ختکردووی ئیمه‌. ئه‌گه‌ر رۆله‌ی ئیمه‌ خه‌به‌رداربێت که‌ ئیوه‌ به‌و شێوه‌ دزێوه‌ سات و سه‌ودا به‌ ناو و میژووی ئه‌وانه‌وه‌ ده‌که‌ن، له‌ قه‌بر هه‌ڵده‌گه‌رێن. “

باشە کاک عیرفان پێم نالێی لەسەر چ بنەمایەک هاوڕێیانی پیشووی خۆتان دەکەیە چەتە و فالانج و لە کۆتاییشدا ئەوان دەکەیە نەوەی شەهید سمکۆ و شێخ مەحمود  و پێشەوا قازی محمەمەد، ئەو نووسینەی تۆ وا دەردەخات کە ئەم سەرکردانەی کورد کە گیانی خۆیان بۆ نەتەوەیەک بەخت کردوە وەک ئەو گیان بەختکردوانەی کۆمەلە کە تۆ باسیان دەکەی، راست ئەوان دەکەیە چەتە و فالانج، باشە کاکه‌ تۆ کێشەی سیاسیت هەیە لەگەڵ لایەنێک بۆ بێ ئێعترامی بە سەرکردەکانی کورد دەکەیت، لانی کەم ئەوان هەرچی بێت چەتە و فالانج نەبوون، کێشەی ئەوان ئەوەبووە کە سەرکردەیەی نەتەوەیەکی بێ وەفا بوون، ئەوان گیانی خۆیان بۆ ئەم نەتەوە بێ وەفایە کردە قوربانی بەڵام سەدانی وەک جەنابت ئێستا ئەوان دەکەنە چەتەو فاڵانج، هاورێی بەرێز تکام وایە ئەگەر جەنابت و هاورێیانت کێشەیەکیان هەیە لەگەڵ لایەنێکی دیکە خەبات و بەرخۆدانی ئەو سەرکردانە کە ئێستا لە ژیاندا نەماون و بوونە رەمزی کۆمەلێک مرۆڤ مەیەنە ژێر پرسیار.

بابەتی دووەم:

بەرێز کاک جەمیلی کولاهی لە ماڵپەری پێشمەرگەکان بابەتێکی نووسیوە لە ژێر ناونیشانی” بۆ قۆتابییانی حۆجرەی مامۆستا عەبدۆڵا حەسەن زادە”  من لە راستیدا هیچ باسێکی بابەتەکە ناکەم کە کاک جەمیل چی نووسیوە ئایا حەقە یان ناحەق و چ دەربارەی کێ نووسیوە ئەوە باسی نووسینەکەی من نیە، من تەنها یەک شتم بۆ بۆتە پرسیار بۆ کاک جەمیل راست باسی “حوجرە” دەکات، و بەجۆرێک وا کە حوجرەکان بەس تێدا فێری شتی خراپو بێ مانا دەبن و نموونەکەشی راست لە سەر کەسێک هێناوەتەوە کە لانیکەم خوێندی مەلایەتی لە حوجرەی فەقێیان تەواو کردوە.

من پرسیارێکم لە کاک جەمیل هەیە، هەرچەندە من دەزانم کاک جەمیل کورێکێ ئەهلی خوێندنەوە و نووسینە حەتمەنیش شارەزائی باشی لە مێژووی کورد هەیە، کاکی خۆم لەو کاتەوەی کە خەباتی نەتەوەیی کە لە سالەکانی ١٨٨٠ لە سەر دەمی شێخ عەبیدوڵڵای نەهری دەستی پێکرد لە حوجرەی فەقێیان را دەستی پێکر د و ئەوە شێخ و مەلاکان بوون کە ئەم راپەرینەیان سازکرد، دوای بێینە راپەرینی شێخ سەعیدی پیران، راپەرینی شەهید سمکۆ و راپەرینی شێخ مەحمود و کۆمەڵەی ژێکاف و کۆماری کوردستان، راپەرینەکانی بارزان و مەلا مستەفای بارازانی، ئەوانە هەموو رێبەرەکانیان مەلا و شێخ بوون هەمووشیان لە حوجرەی فەقێیان را دەستیان پیکردو حوجرە لەمێژووی کوردا بۆتە شوێنێک کە خەباتی لێ سازماندەهی کراوە، بەڵام بەداخەوە جەنابتان بەکەم گرتنی حوجرە لە بابەتەکەتاندا رەنگی داوەتەوە، هەمیشە مزگەوتەکان و حوجرەکان شوێنیک بوون بۆ کۆبوونەوە و سازماندانی حیزبی، هیوادارم جەنابیشت پێتوانەبێ ئەوەی لە حوجرە بوو ئیدی موریدی شێخ و مەلایە، هەر ئەو بەرپرسی ئەو حوجرەیەی کە جەنابت مەبەستە دوو لە سێ تەمەنی خۆی قوربانی کردوە بۆ کوردایەتی، بۆیە هیوادارم لە نووسیەنەکانمادا تۆزێک ئینساف و پرینسیپ بەکاربهێنین بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو سەرزەنشتمان نەکەن.

 

پەراوێز:

١ـ بابەتی “تایبه‌ت به‌ 26 ی رێبه‌ندان رۆژی کۆمه‌ڵه‌” لە ماڵپەری رۆژهەڵات تایمز

٢ـ بۆ قۆتابییانی حۆجرەی مامۆستا عەبدۆڵا حەسەن زادە لە ماڵپەری پێشمەرگەکان

{jcomments off}   

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی