"an independent online kurdish website

رۆژی 12ی رەشەمە، كۆماری ئیسلامی شانۆی هەڵبژاردنی‌ بەڕێوەبرد و وەك پێشتر بەرنامەی بۆ داڕشتبوو، لەو رۆژەدا بە شێوەیەكی بە تەواوی كۆنتڕۆڵكراو، بەوپەڕی فرتوفێڵ و چەواشەكاری و هەڕەشەكردن لە خەڵك و دەنگۆی سەیروسەمەرەبڵاوكردنەوە، ویستیان خەڵك بێنە سەر سندووقە درۆیینەكانی دەنگدانkerim_pervizi

و لە سەرتاسەری ئێران و بەتایبەت لە كوردستان، لە هەموو شێوازێكی تەماح وەبەرنان، زۆرەملێ و هەڕەشە و هەروەها چەواشەكاری و فرتوفێڵ كەڵكیان وەرگرت تاكوو، بە قەولی خامنەیی، رۆژی 12ی رەشەمە، حەماسەی ئامادەبوون بخوڵقێنن. لە بەرەی دژبەری كۆماری ئیسلامیشدا، زۆربەی هەرەزۆری هێز و لایەنە سیاسییەكان لە ئێراندا هەڵبژاردنیان بایكۆت كرد و هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش لەو بارەوە بە پێچەوانەی ئەزموونێكی تاڵی دوو ساڵ لەمەوبەر، ئەمجارە لەسەر بایكۆتی هەڵبژاردن یەكدەست و هاودەنگ بوون و خەڵكی كوردستانیان هان دەدا كە بەشداری لەو شانۆگەرییەی رێژیمدا نەكەن. ئەو ململانێ نابەرابەرەی نێوان كۆماری ئیسلامی و هێزەكانی كوردستان، لەم ماوەیەدا، هەندێك ئەزموون و وانەی لێ كەوتەوە كە پێویستە هەم خەڵكی ئاسایی و هەم چالاكانی سیاسی و بەتایبەت هێزە سیاسییەكانی كوردستان لەبەر چاوی بگرن و بۆ قۆناغەكانی داهاتوو و بوارەكانی دیكە بەكاری بێنن. لەسەر نابەرابەری ئەو ركەبەرییەش هەر ئەوەندە بەسە بڵێین كە رێژیمی كۆماری ئیسلامی بە میلیاردها دۆلار پارەی سەرمایەی تاڵانكراوی وڵاتی لە بەر دەستدایە و بە دەیان هەزار بەكرێگیراو و پاسدار و بەسیجی خستۆتە گەڕ و لە بەرامبەریشدا هێزە سیاسییەكانی كوردستان لەوپەڕی بێئیمكاناتیدا، تەنیا بە ورەی بەرزی ئەندام و لایەنگرانیان و خۆشەویستییان لە نێو خەڵكدا چوونە نێو ئەو بەرەی شەڕەوە و خەڵكی كوردستانیش خۆیان لە نزیكەوە بینییان كە سەركەوتن بۆ كام بەرە بوو و سەرشۆڕی بۆ رێژیم و گۆپاڵ بەدەستانی مایەوە. ئەوەی لە نێو ئەم وانە و ئەم قۆناغەش وەكوو زۆرجاری دیكە لەبەرچاوە و دەبێ ئاماژەی پێ بكرێ، ئەوەیە كە هەر چەند ژمارەیەك لە خەڵكی كوردستان لەبەر چەندین هۆكار و رەنگە لە ترسی هەڕەشەوگوڕەشەی رێژیم، یان لەبەر لەدەستنەدانی تۆزقاڵە نانێكی بخۆومەمرە كە دەستیان دەكەوێ، چووبێتنە سەر سندووق و رەنگە هیچ باوەڕیان بە چەواشەكارییەكانی رێژیم نەبووبێ و بە ناچاری برابێتنە ئەو شوێنە، بەڵام ئەوەی دیارە و بەرچاوە، كردەوەی مۆرە و بەكرێگیراوان و كەسانی دیاری سەر بە رێژیمە كە وەكوو ئامرازی دەستی رێژیم لە هەموو شار و ناوچەیەكدا، بوون بە گورز بەسەر خەڵكەوە یان لە پێناو چەواشەكردنی خەڵكدا هەوڵیان دابێ و وەك كەواسووری بەر لەشكر، وەپێش لەشكری چەواشەكاریی كۆماری ئیسلامی كەوتبوون. ئەم جۆرە كەسانە كە لە هەر گەڕەك و گوند و شارێكی كوردستان خەڵك بۆیان دەركەوتووە كە سەر بە رێژیم و گۆپاڵ بەدەستی سیاسەتەكانی رێژیمن، دەبێ لە نیۆ خەڵكدا بە شێوەیەك بێزراو بن و جێگای ئاماژەی هەموو كەس بن كە بە تەواوی لە نێو كۆمەڵگادا وەكوو پەڵەی شوورەیی چاویان لێ بكرێ و بەم شێوەیە لەبەر تاوانەكانیان، سزای مەدەنی بدرێن.

سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ی‌ “كوردستان”، ژماره‌:576

{jcomments off}


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی