"an independent online kurdish website

 وەک هەموو لایەک ئاگادارن چەند ڕۆژ لە مەوپێش ٨ی مارس بوو کە ناسراوە بە ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان. tuba_alissi

ئەو ڕۆژە زیاتر لە ١٠٠ ساڵە وەک ڕۆژی ژنان دیاری کراوە، بۆ ئەوەی کە ژنان ڕۆژێکی تایبەتیان لە ساڵدا هەبێت کە بتوانن لەو ڕۆژەدا داخوازەکانی خۆیان بە فەرمی بە گوێی یاسا و دەستەڵاتدارانی وڵات و هەروەها کۆمەڵگا بەگەیەنن. وەک دەبینین لە زۆربەی وڵاتەکاندا هەتا ئەو ولاتانەش کە ژنان بە بەشێکی هەرە زۆری ماف و ئازادیەکانی خۆیان گەیشتوون، لەو ڕۆژەدا ژنان تێدەکۆشن بە شێوەی ڕێپێوان بێنە سەر شەقامەکان و ئامانج و داخوازەکانی خۆیان دێننە گۆڕێ.

 هەروەها خوازیارانی مافی یەکسانی ژنان لە گەڵ پیاوان، لە دەوری یەکتر کۆ دەبنەوەو بە کاروتێکۆشانی ساڵی رابردوویاندا دەڕۆنەوەو، بەرنامەی کاری ساڵی داهاتووشیان دیاری دەکەن و دەکٶڵنەوە بزانن، بە چ شێوەیەک کار بکەن بۆ ئەوەی زووتر ئامانجەکانیان بە دەست بێنن.

لەوەش زیاتر زۆر پیویستە ژنانی ئەو وڵاتانەی کە، لە ژیر تووندوتیژی زۆری کۆمەڵگا و یاسا و سیستمی ولاتدا دەژین، لە هەموو ژنێک زیاتر ٨ی مارس بکەن بە ڕۆژی بەرز کردنەوەی داواو ئامانجەکانی ژنان. هەروەها تێبکۆشن ڕۆژی ٨ی مارس بکەن بە ڕۆژی بەرز کردنەوەی دەنگی خۆیان، لە ڕێگا جۆراوجۆرەکانی، وەک ڕێپێوان، بەرزکردنەوەی دەنگی خۆیان لە ڕیگای مێدیاوە و هەروەها گرتنی کۆڕ و سمیناری بە کەڵک بۆ ژنان و پیاوان وڕوون کردنەوەی هەرچی زیاتری ئامانجەکانی ژنان.

لێرەدا من لە ڕێگای ئەم نووسینەوە ئەمەوێ ڕەخنەیەک لە خوازیارانی مافی یەکسانی ژن و پیاو، بە تایبەتی ڕێکخراوی یەکیەتی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران بگرم، کە لە باتی ئەوەی کە ڕۆژی ٨ی مارس بکەن بە ڕۆژی نوێکردنەوەی خەباتی خۆیان و تێبکۆشن لەو ڕۆژەدا کارێک بکەن  بۆ بەرەو پێش بردنی ئامانجەکانی ژنان، هەڵدەستن بە گرتنی جێژن و شایی و هەڵپەڕکێ؟ ئایا بەراستی کێشەی ژنانی کورد، نەبوونی شارەزایییە لە هەڵپەڕکێ؟ ئایا پیتان وا نیە کە بە ساز کردنی ئەو شێوە بۆنانە، تەنیا تواناکانی خۆتان لە ڕیگایەکی هەڵەدا بە کار دەبەن؟ هیوادارم ئەو ڕەخنەیەم لێ قەبووڵ بکەن و، بۆ خۆتانیش زۆر بە ووردی بیری لێبکەنەوە بزانن ئەو شیوە رەخنانە درووستە یا نە؟ لەوەی کە من ناچار بووم ئەو رەخنەیە بلاو بکەمەوە، لە بەر ئەوە بوو دەبینیم ڕێکخراوەکانی یەکیەتی ژنان لە زۆر جیگا ئەو کارە دەکەن بۆیە منیش، نەمتوانی بێدەنگ بم، لە کاتێکدا دەبینم کە ئەو شیوە بۆنانە بە ناوی کارووتێکۆشانی بۆ مافی یەکسانی ژن و پیاو ئەنجام دەدرێت.

هیوای سەرکەوتن بۆ ڕێکخراوەکانی یەکیەتی ژنان دەخوازم و بە هیوام کە کارەکانیان زیاتر بۆ بەرەو پێشبردنی خەباتی یەکسانیخوازی ژنان بێت، و سازکردنی هەڵپەڕکێ بهێڵن بۆ ڕێکخراوە کولتوریەکان.

تووبا ئەلیاسی 11.03.2012

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی