"an independent online kurdish website
بەر لەوەی باسی ئایدڵ یان ئیدوولی ساڵی ٢٠١١ بکەم، بە پێویستی دەزانم، بە کورتی پێناسەیەکی ئەو چەمکە چ وەک وشە و چ وەک مێژوو بخەمە بەر دیدی خوێنەران:

qader_eliasi

پێشەکی

ئایدڵ(idol)

ئایدڵ، بە ئینگلیزی(idol)  و بە فرانسەویidole)) ە، لە (idolum)ی لاتینەوە هاتووە کە ئەویش لە (eidelon)ی یونانی وەرگیراوە. ئەم چەمکە بە کورتی بە واتای وێنە یان بت دێ. لە سەردەمە جیاوازەکاندا بە واتاگەلی جۆراوجۆر جێی خۆی کردۆتەوە.  لای بتپەرستەکان وەک خودا پەرستوویانە. هەروەها واتای مرۆڤێکیش دەبەخشێ کە کۆمەڵە خەڵکێک بە تایبەت گەنجان وەکوو بت دەیپەرستن و سوژدەی بۆ دەبەن. دەکرێ وەک دیاردەیەکی جێگای سەرنجی خەڵک بۆ وێنە فیلمێک یان دەنگبێژێکی بەناوبانگیش دەربکەوێ. لە روانگەی دینییەوە وەک لە مێژووی ئایینەکاندا هاتووە مانای شت و مەک (کەرەستە) یان وێنە دەبەخشێ کە نوێنەرایەتی خودا کۆنەکان دەکا.  

ئەم بیرۆکەیە دواتر بوو بە پرۆگرامێکی تەلەفیزیونی و لە رێگای ITV1 ی بریتانیاوە لە ساڵەکانی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٣ بڵاوکرایەوە. لە رێگای ئەو بەرنامەیەوە، بۆ دۆزینەوەی دەنگخۆشەکان، ساڵانە کێ بەرکێیەک لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا رێکدەخرا. رێکخەر و پێشکەشکاری بەرنامە سیمون فولێر(Simon Fuller) بوو. یەکەمجار ساڵی ٢٠٠٣ ی زایینی تروون کڤێرن ستروێم(Trond Kvernstrøm) لە رێگای TV2 لە نۆروێژ هەر بەو مەبەستە  ئامادە و بڵاوی کردەوە. لەو ساڵە بەم لاوە، ئیدوول بووە بە بەرنامەیەکی ساڵانەی TV2.

ئیدوول دابەش دەکرێ بە چەند قۆناخ. قۆناخی یەکەم لە چەند شار، بەشداران کۆ دەکەنەوە و لە دوای بیستنی دەنگیان، دەیانپاڵێون و دەنگخۆشترەکان بۆ قۆناخی داهاتوو دیاری دەکەن. ئەم دیاری کردنە لە لایەن کۆڕێک شارەزا بە ناوی کۆڕی دادوەرانەوە ئەنجام دەدرێ. پاشان لە قۆناخی دووهەمدا بەشداران کەمتر دەبنەوە تا دەگەنە چەند کەسێک. قۆناخی سێهەم کە لە تەلەفزیوندا پیشان دەدرێ، ئیدی رای دادوەران لە مەڕ سەرکەوتنی دەنگخۆشان دەورێکی ئەوتۆی نابێ، بەڵکوو ئەوە دەنگی خەڵکە کە بە تەلەفۆن و Sms لە نێو کاندیداکاندا، دەنگخۆشی دڵخوازی خۆیان هەڵدەبژێرێن و ئەوەی دەنگی زۆری هێنا، سەردەکەوێ بۆ قۆناخی دوایی کە لەوێشدا پلەی یەکەم و دووهەم دیاری دەکرێ.  

ئێوارەی هەینی، ١٤/١٠/٢٠١١، کاناڵی TV2  ی نۆروێژ لە هۆڵی گەورەی سپکترویم (Spektrum)، بەرنامەی ئایدڵ یان ئیدوول Idolی بۆ خولی سێهەم بە بەشداری ١٠ خاوەن بەهرە درێژە دا. ئەم پرۆسەیە سەرەتا بە بەشداری ٥٤٠٠ خاوەن بەهرەی ئاماتۆر(خۆڕسک) لە سەراسەری وڵاتی نۆروێژ و لە رێکەوتی ٣٠ ی ئاوریلی ٢٠١١ لە شارەکانی ترۆندهایم، ئۆسلۆ، بەرگن و ستاڤانگەر دەستی پێکرد.

رێکەوتی ١٤/١٠/٢٠١١  دەوری سێهەم و بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە TV2 پەخش و بڵاوکرایەوە. ئەوەی هانی دام چەند دێڕێک لە سەر ئەم بەرنامەیە بنووسم، رووداوێک بوو کە لە ئیدوولی ئەوساڵدا رووی دا و پێوەندی بە کوردەوە هەبوو.  لە نێو خاوەن بەهرەکاندا گەنجێکی ١٩ ساڵانی کورد بە ناوی “رووداو گەرمیانی” دەبینرا. ئەم کوڕە دەنگخۆشە لە بنەماڵەی بەناوبانگی گەرمیانی و کوڕی هونەرمەندی ناسراوی کورد مامۆستا حەسەن گەرمانی بوو. هەر کە هاتە سەر سەکۆی شانۆ، وتی:” ناوم رووداو گەرمیانییە. کوڕی هونەرمەندێکی ناسراوی کوردم بە ناوی حەسەن گەرمیانی. شانازی دەکەم کە کوردم و کوڕی ئەو پیاوەم. هیوادارم ببم بە مایەی شادمانی و شانازی باوکم و بنەماڵەکەم”.

لەو کاتەدا رووداو قسەی دەکرد، TV2 گرتەیەکی لە مامۆستا گەرمیانی پیشان دەدا کە گۆرانی “دیسان بارانە”ی دەچڕی. دواتر لە رێگای TV2دەرکەوت کە بەڕێز حەسەن گەرمیانی و بنەماڵەکەشی لەوێن و لە نزیکەوە رووداو و بەرنامەکە دەبینن. 

وەک لە پێشەکی ئەم نووسراوەیەدا باسم کرد، شێوازی دیاریکردن و سەرکەوتنی خاوەن بەهرەکان تا دەوری سێهەم پێوەندی بە را و بۆچوونی دەستەی پسپۆڕانی ئەو بەرنامەیەوە هەیە کە لە سەرەتاوە بەشدار دەبن و؛ دوای دەنگی هەر دەنگبێژێک رای خۆیان دەردەبڕن. بەڵام لە دەوری سێهەم لە نێو ئەو ١٠ کەسەدا، ٣ کەس وەک سەرکەوتوو بە دەنگی زۆرینەی خەڵک دیاری دەکرێ. واتە خەڵک بە دەنگی خۆی و لە رێگای ئەو ژمارانەی کە لە تەلەفزیۆنەکەدا پیشان دەدرێ، لە نێو ئەو ٣ کەسەدا، ٢ کەس بۆ دوایین قۆناخ کە یەکەم و دووهەمە، هەڵدەبژێرێ.

لەم پرۆسەیەدا رووداو تا پلەی سێهەم سەرکەوت و جارێکیتر بانگ کرایە سەر سەکۆی شانۆ. بەڵام کە دەنگدان دەستی پێکرد، دوو کەسی دیکە سەرکەوتن و رووداو لە پرۆسەکە دەرچوو.

بە رای من رووداو وەک دەنگ لە نێو ئەو ١٠ کەسەدا یەکەم بوو. ئەمە تەنیا رای من نییە، بەڵکوو دادوەرەکانیش رایان وابوو کە دەبوو رووداو تا قۆناخی دوایی چووبا. بەڵام بۆ بوو بە سێهەم؟ چوونکە کورد بوو. هەر کەسێک دەبوو لە باتی یەک دەنگ کە بە شێوەی Sms دەینارد، ٥ کرۆن بدا بە هێڵی تەلەفۆنەکە. کوردیش لەم وڵاتە لە گەڵ ئەوەی پەنابەرە و کەمینەیەکی بچووکە، تا رادەیەکی زۆریش مشت قوچاوە و لە دڵی نایە پارە لەو رێگایەدا خەرج بکا.

بەڵام رووداو بەو هەنگاوە هونەرییە توانی برووسکەئاسا کورد و کوردستان وەک نەتەوە و وڵات، بە کۆمەڵگای نۆروێژی بناسێنێ. دوای خەڵاتی نۆبێلی ٢٠٠٣ کە لەودا کامکارەکان بە جلی کوردییەوە دەرکەوتن و گۆرانییان وت، رووداو دووهەمین کەسە کە ناوی کورد دەخاتە بەر گوێی کۆمەڵگای ئەم وڵاتە. راستە گۆرانییەکەی رووداو بە زمانی ئینگلیزی بوو، چوونکە ئەوە پرنسیپی بەرنامەکەیە کە دەبێ یان بە نۆروێژی بێ یان ئینگلیزی، بەڵام شێوەی بەیانی گۆرانییەکە و شێوەی راوەستانی رووداو لە سەر سەکۆی بەرنامەکە، وەک ئەکتەرێکی بە توانا و گۆرانیبێژێکی قاڵ بووی سەر شانۆم هاتە پێش چاو.

لە گەڵ پیرۆزبایی دووبارە لە کاکە رووداو، سڵاو و ئەمەگناسی دەنێرم بۆ هونەرمەندی گەورەی گەلەکەمان مامۆستا حەسەن گەرمیانی کە توانیویەتی رووداو شان بەشانی بێلان و بێشە و لانە پێبگەیەنێ. چوونکە ئەوانیش هەرکام لە بواری هونەری گۆرانی و مۆسیقادا کەسێکی بە توانان. سپاس بۆ دایکی رووداو کە ئەویش جگە لەوەی دایکی ئەو هونەرمەندە ئازیزانەیە، بۆ خۆشی لە بنەماڵەیەکی هونەرییە و ئەگەر رێگام بدا، بێژم: خوشکی هونەرمەند لالۆ رەنجدەرە. لە کوردی دا دەڵێن: فەرزەند خاڵۆ وەڵەگە. واتە منداڵ دەچێتەوە سەر خاڵوان. ئەگەر مامۆستا گەرمیانی مان نەناسیایە، ئەم وتەیە دەقاودەق وەڕاست دەگەڕا. بەڵام ئێستا دەتوانین وەک تەواوکەری کەسایەتی هونەریی رووداو لێکی بدەینەوە. ماوەتەوە بڵێم: رووداو بوو بە رووداوێکی خۆش لە ئایدڵ(idol)ی ٢٠١١دا. سەرکەوتن و بەردەوامی ئاواتمە.

http://www.tv2.no/play/underholdning/idol/osloaudition/rodao-garmiany-0633-paa-idol-audition-i-oslo-547115.html
http://www.tv2.no/underholdning/idol/dette-mener-rodao-om-idoloppmerksomheten-3609314.html


ئۆسلۆ،٢٥/١٠/٢٠١١

قادر ئەلیاسی

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی