"an independent online kurdish website

ساڵێک لەمەوبەر لە رۆژی نۆزدەی ئاوریلی ٢٠١١ هاوڕێی تێکۆشەرکاک برایم جورابچی کادری پێشووی

  پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ئێران بەهۆی تووش بوون بە نەخۆشی شێرپەنجەوە لە شاری ستۆکۆڵمی وڵاتی سویید کۆچی دوایی کردو بۆ هەتا هەتایە بنەماڵەو هاوڕێیانی خۆی بەجێهێشت.

لێرەدا بەئەرکی سەرشانی خۆمی دەزانم بۆ رێز گرتن و یادەوەری لە ئەو تێکۆشەرە خۆشەویستە. بەشێک لە ئاکارو کردەوە جوانەکانی بێنمەوە یاد.

هاوڕێ مرۆڤێکی شارەزاو ئەرکناس بوو، بەوپەری دڵسۆزییەوە بەرپرسایەتی خۆی بەڕێکو پێکی ڕادەپەڕاند. لەسەر ئەرکی پێ ئەسپێردراوی خۆی زۆر لێبراو مکوڕ بوو. بێ دڕیغ و فیداکارانە هەموو هێزو توانای خۆی بۆ بەرەو پێشەوە بردنی ئەرکە پێ ئەسپاردراوەکان بەکار دەبردو سڵی لە‌هیچ تەنگوچەڵمەیەکی سەر رێی نەدەکردەوە.

لە سیاسەتدا زۆر بوێرو نەترس بوو، شتێک بەدڵی نەبووایەو یان لە مەسڵەحتی گشتی دا نەبووایە بەهیج لەونێک نەدەچووە ژێر بارو بەڵکوو لە کردەوە ڕاست و دروستەکان بەپێی ئا‌قڵ توانا بەرگری دەکرد. زۆر کار جوان بوو. لە کاردا جێگای ڕەخنەو گازەندەی بۆ کەس نەدە‌هێشتەوە.

کاک برایم یەکێک لە کادرە زمان زان، بەئەزموون و شارەزا بە سیاسەت لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێمۆکرات بوو کە بەو پەری لێهاتوویی توانیبووی دیپڵۆماتانە سەرنجی کاربەدەستانی وڵاتی سویید بۆلای خۆی ڕابکێشێ و بەتایبەت لەنێو حیزبی سوسیال دێمۆکرات دا.

هاوڕێ قسە سەنجیدە بوو. لەخۆڕا هەڵی نەدەدایە نێوقسان و پاش بیرکردنەوەو هەڵسەنگاندن زۆر بەزەرافەت و پڕ ناوەرۆک مەبەستی خۆی بەیان دەکرد. سەرەڕای ئەوەش مرۆڤێکی بە هەڵوێست و ئازادمەنیش و باوەڕمەند بە ڕێبازەکەی بوو. لەسەر قسەی حەق ڕادەوەستاو کوێرکوێرانە نەچووە ژێرباری هیچ قسەو ئاکارێکی نابەجێ.

هاوڕێ. ڕووناکبیرێکی سەردەمیانە بوو، دژی هەموو داب و نەریتی دواکەوانە بوو! باوەڕی تەواویی بەمافی یەکسانی هەبوو. زۆر لێبراوانە داکۆکی لە ئازادی ژن دەکردو بەڕێزوە دەیڕوانییە خەباتی دوا رۆژی نیوەی گەلەکەی واتە ژنان!

لە ئاکامدا:

هاوڕێ مام برایم کادرێکی دڵسۆز بەگەڵ و نیشتمانەکەی کوردستان بوو، و لای دوو ڕێبەری پایەبەرزی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، شەهیدان دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی جێگای متمانەو باوەڕ بوو. هەر بۆیەش لە زۆربەی بۆنە سیاسییەکانی دەرەوەی وڵات  نەمازە لە کۆبوونەوەکانی ئینترناسیۆنالی سوسیالیست دا بەشداریان پێ دەدا.

لەکۆتایی دا سەری ڕێزو نەوازیش بۆ رووح و گیانی لە دەستچووی کاک برایم دادەنوێنم. یادو بیرەوەرییەکانی بۆ هەمیشە لە نێو بیرو هزرمدا بەزیندوویی دەمێنەوە.

 یادی بەرزو ڕووحی شاد…

2012/04/16

  {jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی