"an independent online kurdish website

به‌ڵێ ، به‌ڵێ ، به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ,   نه‌ء ، نه‌خێر ، نا بۆ كوردستانی سه‌ر به‌ توركیا , له‌ پاش رۆخاندنی رژێمی دیكتاتۆری عێراق تا ئه‌مرۆ به‌رپرسانی كورد هه‌لی زۆریان له‌ ده‌ستداوه‌و زۆریان ته‌نهاو ته‌نها بیر له‌ خۆیان و گیرفان و خانووی جۆان و دڵرفێن و ئه‌پارتمانی بیست نهۆمی بێ وێنه‌ و ahmad_rejeb

باغی قه‌شه‌نگ و گێڵگه‌ی نایاب و پاره‌وپول گواستنه‌وه‌ بۆ بانقه‌كانی ئه‌وروپاو ده‌ره‌وه‌و نه‌وت ناردن بۆ وڵاتانی دراوسی ئه‌كه‌نه‌وه‌.

هه‌موو كورد له‌ نه‌ورۆزی ئه‌مساڵدا دڵخۆش بوون به‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستان موژده‌یه‌كی گرنگ و خۆش به‌ نه‌ته‌وه‌ی كوردی دلێر ئه‌به‌خشێ و، مناڵ و لاوو پیرو په‌ككه‌وته‌و ژن و پیاو چاویان بریبووه‌ ده‌می به‌رپرسه‌ گه‌وره‌كانی كوردستان و. به‌ ئاوات بوون بێنه‌گۆو موژده‌كه‌ جار بده‌ن، وه‌لێ به‌ڵێنی به‌رپرسه گه‌وره‌كانی كوردستان‌ ته‌نها سۆزو قسه‌ی مفت بوون بۆ ئه‌وه‌ی ئاگری ناخی هاولاتیان دامركێته‌وه‌و داخوازییه‌ ره‌واكانی گه‌لی كوردستان جارێكی تریش پشتگوێ بخرێن و له‌ سه‌ر یه‌ك كه‌ڵه‌كه‌ بكرێن.

له‌م دوواییه‌دا به‌ هۆی هه‌ڵاتنی كۆنه‌ به‌عسییه‌كی درنده‌ترین رژێمێ شۆڤینیستی عه‌ره‌بی و سه‌رۆكی قاودراوی حزبی ئیسلامی ئێراقی عروبه‌ و میوانی به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان طارق هاشمی “جێگری” سه‌ره‌ك كۆماری ئێراق كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌زگاكانی دادو دادپه‌روه‌ری به‌ تومه‌تبار ناوی ده‌ركردووه‌، باری كوردستان ئاڵۆزه‌و گرژی پێوه‌ دیاره‌و رۆژ له‌ دووای رۆژ رووه‌و خراپه‌ ئه‌روات.

به‌ڵێ، له‌ نه‌ورۆزدا كوردان له‌ كوردستان و هه‌موو قووژبنێكی دونیادا خۆیان ئاماده‌ كردبوو به‌ بۆنه‌ی جاردانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان گه‌وره‌ترین ئاهه‌نگی خۆشی وكامه‌رانی و سه‌ربه‌ستی بگێرن ، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ش به‌ڵێنده‌ره‌كان ترسیان لێنیشت و (خه‌ته‌ سووره‌كانیان) زه‌رد هه‌ڵگه‌رانه‌وه‌و نه‌یانوێرا دڵی خه‌ڵك خۆش كه‌ن.

ئه‌مرۆ ئێراق تووشی قه‌یرانێكی گه‌وره‌ بووه‌، سه‌رۆك وه‌زیران نوری ئه‌لمالكی دیكتاتۆر ئاسا ره‌فتار ئه‌كات و، جێگری سه‌ره‌ك كۆمار طارق ئه‌لهاشمی به‌ تێرۆرو كوشتنی خه‌ڵك تومه‌تباره‌و، به‌ میوانی ئه‌چێته‌ كوردستان وپاشان ئاره‌زوومه‌ندانه‌ له‌ لایه‌ن رژێمه‌ كۆنه‌په‌رستانی عه‌ره‌به‌وه‌ بانگهێشت ئه‌كرێت و ئه‌چێته‌ قه‌ته‌رو سعودییه‌و پاره‌وپول و نه‌خشه‌ی گڵاو بۆ تێكدانی باری ئێراق وكوردستان وه‌رئه‌گرێت و دێته‌وه‌ توركیاو له‌وێ خانوو پاسه‌وانی ئه‌درێتێ و خۆی و خێزانه‌كه‌ی ئه‌حه‌سێنه‌وه‌و، له‌ باتی به‌غدا له‌وێ نیشته‌جی ئه‌بێت وئه‌ركه‌كانی جێبه‌جێ ئه‌كات و، له‌ گه‌رانه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان چاویان به‌ یه‌كتر ئه‌كه‌وێت و، هاشمی بێشه‌رمانه‌ وتوویه‌تی هه‌ر یه‌كه‌ له‌ قه‌ته‌رو سعودییه‌ و توركیا پشتیوانیان لێكردوم.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی به‌ فیت و پشتگیری توركیاو قسه‌كردن له‌ گه‌ڵ هاشمی و، یارمه‌تی لیستی ئه‌لعێراقییه‌ و تاقمی صدر به‌ نیازن نوری ئه‌لمالكی له‌ سه‌ر حوكم لابده‌ن و، حكومه‌تێكی نوێ پێكبێنن و، به‌م كاره‌ش دیسانه‌وه‌ ئه‌ندامان و هه‌تیوه‌كانی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی خۆینرێژ ئه‌بنه‌ باڵاده‌ست و له‌ حكومه‌تی نوێ و پرۆسه‌ی سیاسی ئێراق به‌شدار ئه‌بن، و له‌ رێی ئه‌م به‌شداریه‌ش‌ نه‌خشه‌كانی ئه‌مریكا كه‌ به‌ پێی خواست و داوای وڵاتانی كۆنه‌په‌رست و دیكتاتۆری و شۆڤه‌نیستی دراوسێی ئێراق جێبه‌جێ ئه‌كرێن دێنه‌دی.

پاش تێكۆشانێگی دوورو درێژو سه‌خت دوژمنانی گه‌لی كوردستان له‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌ حكومه‌تی ره‌گه‌زپه‌رست و شۆڤێنیستی توركیا به‌ربوونه‌ته‌ ده‌ستێوه‌ردان له‌ بارودۆخی كوردستان و، به‌و ده‌ستێوه‌ردانه‌ش نه‌وه‌ستاون و، رۆژانه‌ سنووری كوردستان ئه‌به‌زێنن و تۆپبارانی ناوچه‌كانی ئه‌كه‌ن و، بۆ نموونه‌ ئه‌و رۆژه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی گه‌یشته‌ توركیا هاوكات تۆپه‌كانی سوپاكه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوگان ناوچه‌كانیان ئه‌كوتا.

به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، وه‌لێ سه‌ربه‌خۆییه‌ك نه‌كه‌وێته‌ ژێر ركێفی توركیای “”ئیخوان ئه‌لموسلمین”” وتاقمه‌كه‌ی عه‌ولا گێل و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆكان، چونكه‌ ده‌مێكه‌ به‌ ئاشكراو به‌ نهێنی كار بۆ ئه‌و جۆره‌ سه‌ربه‌خۆییه‌ ئه‌كرێت و، گه‌لی كوردستان وهه‌موو كورد دژی ئه‌بێت و قه‌ت به‌وه‌ قایل نابن له‌ چنگی عروبه‌و به‌عس و فاشیسته‌كان رزگاریان بێت و ببنه‌ پاروویه‌كی چه‌ورو به‌ ئاسانی بچنه‌ گه‌رووی رژێمی شۆڤێنیستی توركیا..

له‌ مانگی ئاداری ئه‌مساڵدا سه‌رۆكی تۆری سیخوری ئیستخباراتی ئه‌مریكا دێڤید پتراوس له‌ ئه‌نكه‌را چاوی كه‌وت به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا ره‌جه‌ب ئه‌ردوگان و راوێژكاری داموده‌زگاكانی توركیا هاكان ڤیدان و به‌ فه‌رمی داوای له‌ حكومه‌تی توركیا كرد بۆ یارمه‌تیدان و  پشتیوانی كردن له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی كوردی له‌ باتی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئێراقدا.

پێشنیاره‌كه‌ی دێڤید پتراوس له‌ باره‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی كوردی و یارمه‌تیدانی توركیا له‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی ئێراق فشارێكی زۆری له‌ سه‌ر هه‌ولێر داناوه‌و، سوریا و ئێران دژی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی كوردین له‌ ئێراقداو، دێڤید پتراوس به‌ توركانی وتووه‌: دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی كوردی نایه‌ته‌دی و ناتوانێت بمێنێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ رازی نه‌بن، به‌ڵام به‌ رازی بوونی ئێوه‌و دروستبوونی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ كوردییه‌ رۆڵتان په‌ره‌ ئه‌سێنێت و ناوتان گه‌وره‌ ئه‌بێت و، ئه‌توانن رۆڵی برا گه‌وره‌ ببینن و، له‌ ژێر سایه‌یدا سوود له‌ نه‌وتی موسڵ و كه‌ركوك وه‌ربگرن.

به‌ پێی راپۆرتی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ئه‌مریكا داوای له‌ توركیا كردووه‌ دانبنێت به‌ دامه‌زراندنی {ده‌وڵه‌تی كوردی} چونكه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندایه‌و، وا ده‌رئه‌كه‌وێت توركیا به‌رامبه‌ر به‌ چه‌ند مه‌رجێك دان به‌ بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی ئه‌نێت.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی چه‌ندین كه‌ره‌ت وتویه‌تی ئێمه‌ شه‌ری كورد ناكه‌ێن و ئه‌و گفت و به‌ڵێنه‌ كارێكی پۆزه‌تیڤه‌و هه‌ڵوێستێكی باشه‌‌، وه‌لێ به‌رپرسه‌ گه‌وره‌كانی كوردستان به‌ تایبه‌ت مه‌سعود بارزانی زۆر كه‌ره‌ت وتویه‌تی: ئێمه‌ ئاماده‌ێن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی توركیادا هاوكاری بكه‌ێن له‌ پێناو چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی كورد له‌ توركیاو، هه‌ر له‌و‌ باره‌یه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوگان وتویه‌تی: بۆچوونی مه‌سعود بارزانی سه‌باره‌ت به‌ حزبی كرێكارانی كوردستان – پ.ك.ك { PKK} له‌ گه‌ڵ بۆچوونی توركیا وه‌ك یه‌كه‌و هیچ جیاوازییه‌كی تیادا نییه‌و، له‌م دووایه‌دا چالاكییه‌كانی پ.ك.ك له‌ په‌ره‌سه‌ندایه‌و،‌ ئه‌ردوگان له‌ درێژه‌ی‌ ‌ قسه‌كانیدا وتویه‌تی: بارزانی به‌ڵێنیداوه‌و (كه‌) رێگا نادات پ.ك.ك هێرش بكاته‌ سه‌ر توركیا.

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوگان خاوه‌نی هێزی چه‌كدارییه‌ كه‌ په‌یره‌وی سیاسه‌تی پاكتاوكردنی كورد ئه‌كات ئه‌ڵێت: پێخۆشحاڵم به‌و هاوكارییه‌ ئابورییه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ نێوان توركیاو ئیداره‌ی كوردی (دوژمنان قه‌ت ناڵێن هه‌رێمی كوردستان) و، شایانی باسه‌ ئه‌و رۆژه‌ مه‌سعود بارزانی و مه‌سروری كوری و فوئاد حسه‌ین سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆك گه‌یشتنه‌ توركیا هاوكات هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئه‌و وڵاته‌ دوژمنه‌ (به‌ قه‌ستی) ناوچه‌كانی كوردستانیان تۆپباران ئه‌كرد.

مه‌سعود بارزانی ئه‌ڵێت كاتی چه‌ك هه‌ڵگرتن نه‌ماو به‌سه‌ر چووه‌و رۆژگار گۆراوه‌و ئه‌بێت بیر له‌ ئاشتی بكرێته‌وه‌و، له‌م رووه‌وه‌ پارتی كرێكارانی كوردستان چه‌ندین جار یه‌كلایه‌نه‌ شه‌ری راگرتووه‌ به‌ڵام توركیا قه‌ت ئه‌وه‌ی په‌سه‌ند نه‌كردووه‌و هه‌ر به‌رده‌وام بووه‌ له‌ هێرشی پاكتاوكردنه‌وه‌ دژ به‌ گه‌لی كورد، بۆیه‌ به‌رامبه‌ر به‌ به‌ڵێنی به‌رپرسانی كوردستان كه‌ ئه‌ڵێن: ئێمه‌ ئاماده‌ێن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی توركیادا هاوكاری بكه‌ێن له‌ پێناو چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی كورد له‌ توركیا، داوا له‌ به‌رپرسانی توركیا بكه‌ن ئاگربه‌ست رابگه‌ێێنن و په‌سه‌ندی بكات بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ ئاگربه‌ستی دوولایه‌نه‌و، كێشه‌ی كورد به‌ شێوه‌یه‌كی سیاسی و دیموكراتیانه‌چاره‌سه‌ر بكرێت و، به‌ پێچه‌وانه‌ش هه‌ڵگرتنی چه‌ك ئه‌بێته‌ كارێكی ره‌وا بۆ خۆ پاراستن له‌ هێرشی دوژمنان.

باشتر وایه‌ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان پێش راگه‌یاندنی {سه‌ربه‌خۆیی كوردستان} داوا له‌ حكومه‌تی توركیا بكه‌ن بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی له‌ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ڵبگرێت و به‌ره‌و توركیا بیانباته‌وه‌، چونكه‌ مانه‌وه‌ی ئه‌و بنكانه‌ مه‌ترسیداره‌و ئاماده‌كاریه‌ بۆ شه‌رێكی گڵاوو دژوار له‌ دژی گه‌لی كوردستان و، حكومه‌تێكی له‌و چه‌شنه‌ قه‌ت ناتوانێت پشتگێری له‌ {سه‌ربه‌خۆیی كوردستان} بكات و، هه‌رله‌ ئێستاوه‌ ئه‌بێ گه‌ڵی كوردستان خۆی ئاماده‌ بكات بۆ شه‌رێكی مان و نه‌مان له‌ گه‌ڵ رژێمێكی كاڵ و نه‌فام و ره‌گه‌زپه‌رست و شۆڤێنیست.

من له‌ گه‌ڵ {سه‌ربه‌خۆیی كوردستان} م و، یه‌ك ملیۆن ملیار كه‌ره‌ت و زیاتریش ئه‌ڵێم : به‌ڵی ، به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، به‌ڵام پێشتر له‌ نووسینێكدا به‌ ناونیشانی: دوژمنانی كوردو كوردستان له‌ كوردستاندا تراتێن ئه‌كه‌ن ، وتوومه‌:

توركیاو لێپرسراوانی حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌ردوگان به‌ ئاشكراو به‌ بێ ترس هاتووچۆێ كوردستان ئه‌كه‌ن و، به‌رپرسه‌كانی لای خۆمان به‌ گه‌رمی پێشوازییان لێئه‌كه‌ن و، ئه‌و شاندانه‌ش له‌ هاتن و گه‌رانه‌وه‌ چه‌ند ده‌فته‌ر وبلۆك دولار له‌ پاره‌ و پوول و بژێوی خه‌ڵكی كوردستان ئه‌به‌ن و، هه‌موو كات ئه‌بێ كورد له‌وه‌ بترسێت كه‌ وڵاته‌كه‌مان: كوردستان نه‌بێته‌ هه‌رێمێكی توركیای عوسمانی.

ئه‌ی كوردینه‌، ئه‌ی مه‌ردینه وریا بن، وریا بن{ وریا بن} كوردستان له‌ مه‌ترسیدایه‌. 24/1/2012‌

ئه‌مرۆش ئه‌ڵێم ئه‌ی كوردینه‌: وریابن.

 به‌رپرسه‌كانی كوردستان له‌ كاتی ته‌نگانه‌ بیر له‌ “ده‌ستور” ئه‌كه‌نه‌وه‌.

بیر له‌ (ماده‌ی 140) ئه‌كه‌نه‌وه‌.

با نه‌وتی كه‌ركوك و خانه‌قین و ناوچه‌ دابراوه‌كانی تر نه‌چیته‌ گیرفانی دوژمنان.

با هه‌موومان یه‌كبگرین له‌ پێناو رزگاركردنی ناوچه‌ دابراوه‌كان.

با هه‌ممومان یكبگرین له‌ پێناو: رزگاربوون له‌ چنكی عروبه‌و ده‌ستوپه‌یوه‌نده‌كانی: طارق هاشمی، نوری ئه‌لمالكی، ئه‌یاد علاوی، ئوسامه‌ نوجه‌یفی، موقته‌دا صه‌دروصالح موطله‌گ.

با یه‌كبگرین و له‌ چنكی عروبه‌ رزگارمان بێت و هه‌وڵ بده‌ێن نه‌چینه‌ گه‌رووی هه‌تیوه‌كانی ئه‌تاتورك و نه‌كه‌وینه‌ به‌ر كه‌ڵپه‌یان.

با یه‌كبگرین له‌ پێناو خواستی نه‌ته‌وه‌ی كورد {سه‌ربه‌خۆیی كوردستان}.

بژی كوردستانی سه‌ربه‌خۆو شكاوه‌ بێت ئاڵای كوردستان.

25/4/2012

.{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی