زۆربەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتوونەتە هەل و مەرجێکی ئێجگار هەستیار
و پڕمەترسییەوە. لای وان رووناکبیریی و رۆشنگەریی، ئێستا ئیدی بێبایەختر لەوەیە کە تەنانەت نرخێکی بۆ دیاری بکرێ، هەر بۆیە زیانەکانی لانەکردنەوە لە هزر و ئەندێشە، یەک لەدوا یەک سەرهەڵدەدا.
خۆسەرقاڵ کردن بەو تێڕوانینە لاوەکییەکانەوە، پێگەی بایەخە واڵاکانی گرتۆتەوە و دووپات بوونەوەی رۆژکردی ئەو باوەڕمەندییە کۆنانەیە، ئێستا ئیدی چەقبەستووتر لە پڕوپاگەندە و”بڵاڤۆکاندن”ی باوە. “لەناخ دامان” و ئاستەنگ کردنی زەینیی و عەینیی حەقیقەت، “هزردۆزیی رێخستن خولقێن” بێبەزەیییانە لەناو دەبا، هەر بۆیەش شوێندانان و کاریگەریی پڕمانا لە لای ئەم بەشە لە حیزبە کوردستانییەکان وەبەرچاو ناکەوێ.
ئەوەی ئەمڕۆ یاریڤانە حیزبییەکان لە کوردستاندا بەڕێوەی دەبەن، تەنیا و تەنیا وەپەراوێز خستنی داخوازە ناچاری و نەلێدەرچووەکانی سەردەمە کە بەرەی ئەمڕۆی بە خۆوە بەستۆتەوە. زۆربەی ئەم حیزبانە تەنانەت لە راڤە و بەرەوڕوودانەوەی مانا گشتییەکاندا ماونەتەوە. وەدەرنانی گرینگترین پرسەکان لە زەین، هەڵاتن لە راستییەکان و دەرەنجام، سەرکوت کردنی دوایین خۆڕاگرییەکان بۆ ریفۆرم و چاکسازیی، بۆتە مەزنترین دڵەڕاوکێیان و سیاسەتی بە ژێردەستە کردن و بە ژێردەستە مانەوەی رێڕەوانیان کردۆتە تەنیا و تاقە ئامرازی ئەو سیاسەتە کۆن و کۆنبیرەی خۆیان.
بە بڕوای ئێمە، نووسەرانی ئەم راگەیەندراوە، ئێستا پێشکەوتنی تێڕوانینی ناکارامە لە پێشوەچوونی “هزردۆزیی” پێشتر و پێشتر کەوتووە و ئەو حیزبانە، یان هەوڵی لەناوبردنی زەینە چالاک و رۆشنگەرەکان دەدەن یان هەوڵ دەدەن بە وەدەرنانی سەمبۆلەکانی تێفکرین و هەنگاو هەڵێنانەوەی بەڕۆژ و نوێ، فراواندنی تێڕوانینی دووپاتکراو و کڵێشە و داخراو و کۆنباوی خۆیان درێژە پێبدەن.
بە بڕوای ئێمە هەندێ لە رێبەرانی حیزبیی دەیانەوەێ کە بە هەر شێوازێک کە بۆیان دەلوێ، “نەریتی بە کۆمەڵ رێکەوتوو”ی خۆیان- کە بەرژەوەندییە گروپییەکانی خۆیان دابین دەکا- بەسەر هەموو رێکخراوکان و بەشەکانی حیزب و کۆمەڵگادا داسەپێنن کە ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە بزووتنەوەی نەتەوەخوازیی کورد- بەداخەوە- رەوەندێکی ناعەقڵانیی وەخۆبگرێ.
ئێمە لەو بڕوایەداین کە سەردەمی وێنە خەیاڵیی و “نابوو”ەکان و بڕیاری “دژە بایەخ” و بەرژەوەندییە تاکەکەسی و گرووپییەکان و لە پەنا ئەوەشدا، بەجێگەیاندنی ئەمەگناسیی دەستکرد و بەڕواڵەت، کە بەسەرهاتوە و گۆگاکردنی دەسەڵات بۆ ژێردەستە کردنی رێڕەوان ئیدی رێگای رووناکروانینی بەرەی نوێ بەربەست ناکا. ئێستا ئیدی بزووتن بەرەو حەقیقەتی رەها بۆ رێلێگرتن نابێ و سیاسەتی وەدەرنانی بلیمەت و رووناکبیر و شۆڕشگێڕە “بەرپرس”ەکان، کە خوازیاری خۆییبوونی نەتەوی کوردن بەسەر هاتووە.
بە بڕوای ئێمە سیاسەتی خولقاندنەوەی تێڕوانینی چەقبەستوو بەسەر هاتووە و چیدی ناتوانرێ خەم و پەژارەی نەتەوەیەک لە ژێر عەبای دڵسۆزییدا بشاردرێتەوە. گەلەکەمان له رۆژهەڵاتی کوردستان چیتر ناتوانێت ئەم جوره سیاسەتکردنه قبووڵ بکات و خوازیاری کۆدەنگی و یەکگرتنەوه له سەرجەم هێزەکان دەکەن. بۆیە ئێمە وێڕای پشتیوانی لە هاوڕێیانی خاوهن هەڵوێست و جیابیر، کە جگە لە چاکسازی و یەکگرتنی گەل وحیزبەکانی کوردستان لە رۆژهەڵات داوایەکی دیکەیان نییە، پشتگیریی لە هەموو نوێخوازێک دەکەین کە خوازیاری پێشکەوتن، چاکسازی و جێگیر بوونی گوتاری یەکگرتن و رێزگرتن له ئیراده ی گه له له ناو سەرجه م حیزبه کاندا. لە هەمان کاتدا داوا لە هه موو به رپرسانی حیزبی دەکەین که بە جوانترین شێوە هەڵس و کەوت لەگەڵ خواستی ئاڵ و گۆڕ خوازانی دڵسۆز دا بکەن.
سەرکەوتن بۆ گەل و نیشتمان
-زریان روژهەڵاتی
-ئازاد رۆستەمی
– ئەیاز سیاوه شان
– بێهزاد خوشحاڵی
– سەعید ساعدی
– حیسام دەستپیش
– شاهۆ نادری کرماشانی
– فەرەیدوون قەنبەروەیسی
– زاهید حەنبەڵی
– هادی حوجەتسادت
– هاوار بازیان
_مامەند ڕۆژە
{jcomments off}