"an independent online kurdish website

 پێشەکی. هەموو کەوانێکی بەم شێوەیی …( ) بە مانایی بوونی باسێکی دیکەیە.  

حکومەتی ئەوکاتی عێراق بڕیاری دابوو کە پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان جێگیر لە باشووری کوردستان بگوازێتەوە بۆ رۆمادییەfateh_aresh_0

و کاتێک کە بڕیارەکە گەیشتبووە قۆناغی کۆتایی بەشێکی تا ڕادەیەک زۆر بنەماڵە پێشمەرگەی حیزب سەر بە پارێزگای کرماشان لە باشووری کوردستاندا لەگەڵ گیروگرفتی جێگایەک بۆ بنەماڵەکانیان رووبەروو بوونەوە و بە بڕیاری حیزب کە ئاکامی گوشاری حکومەتی عێراق بوو دەبا ئەو بەشە پێشمەرگە تەسلیمی ئەو بڕیارەی حکومەتی عێراق بان و بە شێوەی کاتی ڕێزکانی حیزبیان تەرک کردبا، ئەو سەردەمەش سەردەمێک بوو کە حیزبی دیموکرات بڕیار سازمان دان و ڕیکخستنی هێزی داڵەهۆی دا بوو و بۆ کارئاسانی و مانوری سیاسیی پێویستیی بە هێندێک جوڵانەوەی زیاتر لە ناوچەکانی دیکە لە هێندێک بوواردا هەبوو، من لێردا نامەوێت باس لە هۆکارەکان و چۆنیەتیی سەرهەڵدانی بیرۆکەی دروستکردنی هێزی داڵەهۆ بکەم بەڵام دەڵێم بە داخەوە کە ئێستاکە من هیچ کەس لەو عەزیزانەی ناوچەی داڵەهۆ کە ئەوکات بەشێوەیەک لە شێوەکان چالاکی یان کارتێکردنیان لە دروست بوونی هێزی داڵەهۆ دا هەبوو بەشێوەی ڕاستەوخۆو تەواو وەخت لە ڕێزکانی هیچ یەک لە باڵەکانی حیزبدا نابینم …(١).

ئەوکات هەموو تاکەکانی تەشکیلاتی سەلاس لە هەموو بوارکاندا کارتێکردنی زۆر لەباریان لە سەر جێکەوتنی ئەو بیرۆکە هەبوو بەڵام کاتێک کە زۆری نەمابوو بۆ گواستنەوەی ڕاستەوخۆی ئایدیاکە بۆ ناوچەکە و دانانی بەشێوەی پراکتیک دەبا هێندێک پێشمەرگەی تەشکیلاتی سەلاس بە بڕیاری حیزب ڕێزەکانی ئەو تەشکیلاتەیان تەرککردبا و خۆیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان روویان لە رۆمادییە کردبا، بڕیارکە هێندێک پێشمەرگەی گرتەوە منیش یەکێک لەو پێشمەرگانە بووم، دەتووانم بڵێم کە بنەماڵەکانمان لە ئوردوگاکانی باشووری کوردستاندا وەک دەستبەسەر کراو بوون وابوو و کاتی گەرانەوەمان بۆ نێو بنەماڵەکانمان هەموومانیان ڕاگۆێزی رومادییە کرد.

بڕیار وابوو کە حیزب بە زووترین کات بۆ هێنانەوەی ئەو بنەماڵانە و گواستنەوەیان بۆ ناوچەی هەورامان لە ڕێگای نۆێنەرایەتی خۆییەوە لە بەغدا هەنگاو هەڵگرێت، لەو کاتەدا کە لام وابێت کۆتایی ساڵی ١٣٦١ بوو ڕادەیەکی زۆر لە کوردانی سەر بە پارێزگای کرماشان کە پێشتر ڕاگوێزی رومادییە کرابوون و لەوێ دەژیان و بەشیی هەرە زۆری ئەو خەڵکەش لە باری نەتەوایەتییەوە بێتەفاوەت نەبوون و هێندێکشیان پێشمەرگەی دانیشتوو یان هێزی بەرگری و ئەندامی حیزب بوون، کاربەدەستانی حکومەتی عێراق لە رۆمادییە بەتایبەت کاربەدەستانی ئوردوگای رۆمادییە زۆر بە سیاسیی بوونی ئەو ئوردوگا و بیرکردنەوە لە مەسەلەی نەتەوایەتیی رازی نەبوون و بۆ ئەم کارەش پلانیان هەبوو… (٢).

کاتێک کە ئێمەیان بردە رۆمادییە حیزبی دیموکرات کە زۆرترین لایەنگری لەو ئوردوگا دا هەبوو هیچ چەشنە ڕێکخستنێکی نەبوو و خەڵک بەترسەوە لەسەر مەسەلە سیاسییەکان هەڵوێستیان دەگرت، هەروەک باسم کرد لەو سەردەمەدا  باسی سیاسیی بفە بوو هێندێک کەسی سەر بە حیزب لە چەند شوێنی ئوردوگادا وەک تایشەیی، تاوگۆزیی و چەند کەس لە کاکەرەشی هەوڵیان دەدا بۆ بووژانەوەی فیکری سیاسیی و نەتەوایەتیی لە ئوردوگاکەدا بەڵام نەک بەشێوەی ڕێکخستن و زۆر ئاشکارا، گواستنەوەی ئەو ڕادە پێشمەرگەیی تەشکیلاتی سەلاس کە هەمووان ناسراو بوون هێندێک کارتکردنی هەبوو بەڵام نەک بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو.

ئێمە چەند مانگێک لە ئوردوگای رۆمادییە ماینەوە و دەتووانم بڵێم کە ئەو سەردەمە سەردەمی هەوڵدانی یوئن بۆ هاتن و ڵێکۆڵینەوە لە وەزعی ئوردوگای رۆمادییە و ڕێگری حکومەتی عێراق لەهاتنی یوئن بۆ ئەو ئوردوگاییە بوو. یوئن تووانی دوای هەوڵێکی زۆر تەنها بۆ جارێک موافیقەتی سەردانی ئوردوگای رۆماییە وەرگڕێت و بێتە ئوردوگا، ئەوکاتە سێ کەس لەو ئوردوگایە لەگەڵ یوئن قەسەیان کرد دوو کەس لە شوێنێکی ئوردوگا بە ناوی خۆلەکە کە نەفەڕێکییان خەڵکی سنە ئەوی تر فارس بوو و منیش لە شوێنی تاوگۆزی و باوەجانییەکان لە کۆتایی ئوردوگاکەدا، وەزعی ئوردوگای رۆمادییە لەو سەردەمە دا زۆر نالەبارتر بوو خەڵک چەند کیلومیتر دەڕۆیشتن بۆ هێنانی ئاوێکی زۆر ناپاک بۆ خواردن، لە بەرق خەبەرێک نەبوو و حکومەتی عێراق بە یوئنی ڕاگەیاندەبوو کە ئەو خەڵکە زۆر وەزعیان باشە و کارخانەی پارچە و قالی بافییان هەیە …(٣). من لە سەرەتا دا بەتێبینییەوە لەگەڵ بازرەسانی یوئن قسەم دەکرد بەڵام هێندێک کەس کە لەو دەوروبەرە بوون هانیان دام کە نەترسم و هەرچی بەباش دەزانم پێیان بڵێم، ئەو هاندانەی خەڵک منی جەسورترکرد بەڵام ئەو چەند وشە ئێنگلیسیی کە فێری بووبم زۆرکەم و بێمانا بوو بۆ ئەو باسە، یەکێک لە یوئنەکان کە بەلای ئێمەدا تێ دەپەڕی تێ گەیشت کە من هاوکارەکەی کێشەی لەیەک حالی بوونمان هەیە و بە زمانی فارسی بە منی گوت” من فەرانسەویم لەگەڵ من قسە بکە من فارسی دەزانم چوونکە چەند سال لە تاران دا لە سەفارەتی فەرانسەدا کارم کردوە و فارسی فێر بووم”، یوئنەکان سێ کەس بوون و دوو کاربەدەستی عێراقییان لەگەڵ بوو بەڵام بەمەبەستی سەرلێشێواندنی ئەو دوو کاربەدەستە عێراقییە یوئنەکان بڵاوەیان دەکرد و زۆرجار کاربەدەستە عێراقییەکانیان دووچاری سەر لێشێوان دەکرد، من ئەوەی لە دڵم دا بوو خستمەبەرباس و هەموو قسەکانی حکومەتی عێراقم بە درۆ خستەوە، ئەوکاربەدەستەی یوئنم برد بۆ ماڵی خانم خیزانی سەید محمەدی شێری و وەزعی ماڵەکە بینی و ئاوی ناو بەرمیلەکە کە چەند کرمی سوری تێدا بوو پێ پیشان دا، یەکێک لە کارمەندە عێراقیەکان خانەقینی بوو هەم کوردی دەزانی هەم فارسی داوای لە من کرد کە دەست لەو کردارم هەڵگرم بەڵام تازە کار لەکار ترازابوو ئەوەی بە قازانجی خەڵک بوو گوتبووم و دەمزانی کەس ناوی من ناهێنێت، ئەوکات من هەم مووی سەرم زۆر درێژ بوو هەمیش ریشێکی درێژم هەبوو، دوای ڕۆیشتنی ئەوان مووی سەرم کورت کردەوە و ریشەکەم تاشی و هەرچی بە دوام دا گەڕان و گوتیان بێت هەرچی پێویستە پێی بدەین بێسوود بوو خەڵک گوتەبوویان نەمان ناسیووە بەڵام بەداخەوە ئەو دوو نەفەرەکەی دیکەیان پێدا کرد بوو دوای لێدانێکی زۆر بۆ ماوەیەک زندانی کرابوون…(٤).

دوای سێ چوار مانگ هەوڵ و تەقالا کارێکی ئەوتۆ بۆ گەڕانەوەی ئێمە نەکار و شەهید مەحمود نامەیەکی بۆ من ناردبوو کە چاوەڕووان بم و لەگەڵ ئەوانەیی کە بۆ خۆم دەزانم بە نهێنیی پێوەندی بکەم، ئەگەر باش لە بیرم مابێت بە بڕیاری حیزب شەهید مەحمود (مەحمود دیموکرات) لەگەڵ کاک مەحەمەد وەلەدبەگی بە بەڵگەیەکی نیوە ڕاست و نیوە دروستکراوەوە بە دوامان دا هاتن بۆ ئوردوگای رۆمادییە، “تێبینی ئەوان لای حکومەتی عێراق گوتەبوویان بۆ سەردان دەڕۆن بۆ رۆمادییە و باسی هاوردەنەوەی ئەو بنەماڵانە لە ئارا دا نەبوو چوونکە نەیان دەتووانی ئەو کارە بکەن”، لەو سەردەمەدا هاتنی دوو کادری حیزب بە شێوەی قانوونی بۆ ئوردوگای رۆمادییە لە باری سیاسیی و بوونییەوە هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو، من لەوە ئاگادار بووم کە کەسێک لەلایەن حیزبەوە  دێت و چۆن پێوەندیمان لەگەڵ دەکات بەڵام نەم دەزانی کەی دێن، بەیانییەک زوو ئاگادار کرامەوە کە شەهید مەحمود و کاک محمەد وەلەدبەگی ئەو شەوهاتوون بەڵام پێش لەوەی بتووانن لەگەڵ ئێمە پێوەندی کەن هەر دووکیان گیراون و دەمانچەیەکی حیزبیان لەگەڵ خۆیان هێناوە کە لە ماڵی عەزیزی کاکەلی مروەت بەجێیان هێلاوە و  ئەگەرتووانیم فیکرێکی بۆ بەکەم.

کەسێک کە بۆ ماوەی چەند حەوتەیەک بە دەستوری دستگای ئەمنییەتی عێراق لە سەردەمێکدا کە تەشکیلاتی حیزب لە ناوچەیی سەلاس لەگەڵ بێسەروبەرەیی بەرەوڕوو بووە بەمەبەستی سەر دەرهێنان لە شێوەی کاری تەشکیلاتی حیزب تووانیبووی خۆی بخزێنێتە نێوڕێزەکانی حیزبی، ئەو کەسە لەو سەردەمە دا لە ئوردوگا دا بوو و خۆی بە بەعسی دەزانی و کاری سیخوری دەکرد و لە هاتنی ئەم دوو کادرەی حیزب ئاگادار دەبێت و ڕاپۆرتێکی خۆی ئاسایی دەدات بە دامودەستگای بەعس و هتد…(٥) لەئاکام دا هەر دووکیان دەستبەسەر دەکەن و لە ڕێگای زیندان بە زیندانەوە دەیانبەنەوە باشووری کوردستان.  

ئەم هەوڵەی حیزب لەو قۆناغە دا هەرچەندە لەگەڵ شکست بەرەوڕوو بووەوە بەڵام کاردانەوەی زۆرباشی هەبوو و تووانی یارمەتییەک بێت تا هەستی نەبەزی خەڵک زیاترکات و حکومەتی عێراق و هاوبرانیان لەگەڵ کۆسپ بەرەورووکاتەوە و فاکتەرێکی بچووک بێت بۆ سەرهەڵدانی کاری سیاسیی لە رۆمادییە دا.

هەموو ئەو تاقمە پێشمەرگە کە پێکەوە هاتبووین یان هیچمان نەبوو یان ئەگەر شتێکمان هەبوو هەراجمان کرد بوو، من بۆ خۆم شتێک کە قیمت بکات قاڵییەکی دوو لە سێی ماشینیم هەبوو لەگەڵ تەجیلێک بە ڕادەیەکی زۆر شریتی گۆرانییەوە کە وەلی مام خانالی ماڵی ئاوابێت تووانی بیفرۆشێ و هەمووان بدات بە نزیک ٣٢ دینار.

زۆری نەخایاند دیسان شەهید محمود بە تاکەکەسی گەڕایەوە بۆ رۆمادییە و تووانیمان پێکەوە پێوەندی بکەین، بۆ چوونەوەی ماڵ دەبا بڵگەی رەسمی حکومەتت هەبایە و ئەگەر وانەبا شتەکە دەبووە شێوە جورمێکی سیاسیی، هەروەها لەو سەردەمەدا هەموو کوێخاکانی ئوردوگا قەوڵییان بە حکومەت دابوو هەرکەس هەڵهات بە زووترین کات حکومەت ئاگادارکەنەوە.

شەهێد محمود زۆر کەس لە کوردەکانی باشووری کوردستان نشتەجێ لە رۆمادییە و بەغدا دەناسی و تووانی دوو حەشارگا پێدا کات، چێشتخانەیەکی کوردی باشوور لە شاری رۆمادییە دا ژورێکی تاکی لە پشت چێشتخانەکەدا هەبوو کە هەموو لیباسەکانمان بە نهێنیی دەناردە ئەوێ و دەمانشاردوە و تاکاتی هاتنی خۆمان، لە بەغداش کابرایەکی کورد کە هوتێلی هەبوو قەوڵی خەشاردان و شاردنەوەی ئێمەی بە شەهید محمود دابوو، مینیبوسی کابرایەکی کوردی بەغدا لە شاری رۆمادیەدا ئامادەی بردنەوەی ئێمە بە چەند قۆناغ بوو، قۆنا‌غی یەکەم رومادییە بەغدا و قۆناغی دووهەم بەغدا شارەزور بوو.

کۆی هەمووان بە بنەماڵەوە ٣٢ کە یان ٣٧ کەس دەبووین بەڵام من ناوی هێندێکیانم لە بیرکردوە ئەوانەی کە بۆ گەڕانەوە ئامادە کرابوون و ناویانم لە بیرە بریتیی بوون لە: ١- رەحمەتی کاکە عەبدولا محەمەدی، ٢- شەهید عەولەزیز محەمەدی، ٣- ی- ق، ٤- خۆم، ٥- و- خ، ٦- …؟ بەڵام لە کۆتایی دا بڕیارمان دا کە شەهید عەباس وەیسی و شەهید ئەمیر بابایی لەگەڵ ئەو کاروانە بەرینەوە واشمان کرد.

زۆر کەس لەو بوارەدا یارمەتی کردین بۆ بردنی لیباس بۆ شاری رۆمادییە، بۆ پێداکردنی بەڵگەی هاتووچۆ لە ئوردوگاوە بۆ شاری رۆمادییە، بۆ پێوەندی کردن و زنیاری دان بەڵام دەتووانم بڵێم کە عەزیزی کاکەلی مروەت و رەحمەتی رەسوولی برای لێبوردوترین کەس بوون لەو بوارەدا.

هەموو ئەو کەسانە کە بڕیار بوو بگەڕێنەوە ناردمان تا سواری مینیبوسەکە بن کە لە قەراخیک دا ڕاوەستابوو دوایش شەهید محمود ڕۆیشت بەڵام ئەو کەسەی کە قەوڵی دا بوو دواین بەڵگەی رۆیشتنە دەرەوەمان بۆ بێنێت هێندێک و درنگ کەوت و کاتێک کە چاوەڕوانی بەڵگەی دەرچوون بووم دیتم برای موختارەکەی (کوێخا) من و دوو کەسی دیکە بە سواری دووچەرخە هات بۆ گۆڕەپانی ئیدارەکانی عێراقی، دڵە خورپەم پێدا کرد و رێگام پێگرتوو و وەتم ئەگەر بۆ ئەوە دەڕۆیت کە بڵێت ئێمە هەڵهاتووین هێندێک ڕاوەستە تا کارەکەی من جێبەجێ دەبێت ئەوکات بڕۆ بەڵام مەڵێ کەی ڕۆیشتووین قەبووڵی کرد و منیش گەیشتمە ئەوان و ڕۆیشتین لە چێشتخانەکە دا خۆمان حەشار دا تا نزیکی ئێوارە سوار بووین و بەبێ گرفتاری گەیشتینە حەشارگای دووهەم لە بەغدا، لەبەغدا هەمووانمان لە چەند ژوری تایبەت دا حەشار دا بەڵام من و شەهید محمود ڕۆیشتین بۆ ماڵی هاوزاواکەی ئەو کە ماڵیان لە بەغدا بوو و شەومان لەوێ تیپەراند، بەیانی زوو ڕۆیشتین و هەموومان سواری هەمان مینیبوس بووینەوە و تا کەلار هیچ کێشەیەک نەبوو بەڵام لە کەلاردا دوو سەربازی کلاو سوور هاتنە رێگامان، من و شەهید محمود لە پێش مینیبوسەکە لە تەنشت ڕانندەکە بووین سەربازێکیان لە تەنشتەوە هات و بە شەهید محمودی گوت کە شیشەی ماشینەکە بەکاتەوە، شەهید محمود شیشەکەی کردەوە و سەربازەکە چاوی لە عەرزی ماشینکە کرد و زۆر بە گورجی دەستی دایە کەڵەشێرکۆفەکەی و رووی لە ئێمەکرد هاواری لە سەربازەکەی دیکە کرد، من و شەهید محمودیان بردە خوارەوە دەستیان پێ بەرزکردینەوە، عەرەبیم نەدەزانی بەڵام لە کۆتایی دا بۆم دەرکەوت کە دەمانچە جێماوەکە کە لە نێو هێند کاغز و دەفتەر دا لە نێو کیسەیەکی پلاستیکیمان خستبوو بە ڕێگادا هاتووەتەدەر و سەربازەکە بیناویەتی، شەهید محمود گوتی ئەوە دەمانچە ئەوە و ئەویان لەگەڵ دەمانچە برد و منیان ئازادکرد، لە کاتی گێرەو کێشەیی ئێمە و سەربازەکاندا بەشێکی زۆری خەڵکەکە هەڵهاتبوون دوایی بەشێکمان پیدا کردەوە بەڵام تا چەند رۆژ نەمان زانی شەهید عەباس و و-خ لە کوێن. دیسان ئەو کردەوەی حیزب تووانی زیاتر رەنگدانەوەی لەسەر هەڵسوڕانی سیاسیی لەو ئوردوگایەدا هەبێت. سەرکەوتوو بیت .

نووسینی:   فاتح ئارش

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی