"an independent online kurdish website

دوێنێ هەینی ئازاد جوندیانی وتەبێژی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە وتارێكی كورتدا لەبارەی دۆخی گشتیی ئێستەی كوردستان كە لە كۆتای ئەم نووسینەدا لینكەكەی هاتووە، ئاماژەی كرد تەنیاhawar_bazyan12

“سێ پارچە لە چوار پارچەكەی كوردستان مەسەلەی كوردایەتییان تێدا گەرم و گوڕە”، كە بەهیچ شێوەیەك باسی دەرد و مەینەتی كوردی رۆژهەڵات و پرۆسە سیاسییەكەی لە ئێستەدا نەكردووە، هەروەها بێ ئەوەی شی بكاتەوە كە بۆچی خەبات لە رۆژهەڵاتی كوردستان گەرم و گوڕ نییە؟

 بێ ئەوەی باسی ئەو راستییە سیاسییەش بكات كە خەباتی رۆژهەڵاتییەكان بووەتە قوربانیی ملدان بە بەرژەوەندییەكانی باشوور كە حزبەكەی جوندیانی-ش دەگرێتەوە، ئەو پارچەیەی كە رۆژانێك گەرمكەرەوەی خەباتكاران و دەوڵەتدارانی ئەمڕۆی كوردی بووە، بەڵام ئەمڕۆ رێگەی داوە تووشی ئەو داتەپینە بێ و بە سارد و سڕ ناوی ببەن. 

بەڕێز جوندیانی، با هەر بەكورتی وەك وتارەكەی خۆت بۆت باس بكەم كە بۆچی خەبات لە رۆژهەڵاتی كوردستان دوا كەوتووە و گەرم و گوڕ نییە و نەكەوتە ناو وتارەكەی ئێوە!

هەر لە سەرەتای گەڕانەوەی كوردی باشوور و هاتنەئارای هەرێم و پەرلەمانی كوردستان، لەژێر هەر ناوونیشانێكدا بووبێ ئێوە جووڵەی حزب و لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانتان خستە ژێر بڕیاری خۆتان و بەرامبەر هەر چالاكییەكی ئەو هێز و لایەنانە پەناتان بۆ ئەوە برد كە رۆژهەڵاتییەكان لەسەر حسێبی دەستكەوتەكانی ئەزموونی هەرێمی كوردستان خەبات دەكەن و لێتان قبووڵ نەكردن، بەڵام پارتێكی وەك پارتی كرێكاری كوردستان (پەكەكە) بایەخی بەو لێكدانەوە كورتبین و هەرێمییانەی ئێوە نەدا و ئێستە باكوور كەوتووەتە ناو لیستی ئەو پارچانەی كوردستان كە هەم توركیا و هەموو دنیا وەك ئێوە بە گەرم و گوڕ ناویان دەبات.

جگە لەوەی هەموو بەها و گەورەییی پەكەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە گوێی بە خواستی ئێوە نەدا تا بێن و دانیشتووی باشوور بن، ئەوان هاتبوون خەبات بكەن و كردیان و زوو تێگەیشتن لەوەی ئێوە بەنیازن رامیان بكەن و بیخەنە سەر لیستی چالاكییەكانتان بۆ توركیا. ئەوانی كەمپێكی مەخمووریان كەوتە باشوور كە لەویشدا هەر بۆتان كۆنترۆڵ نەكران و زۆربەی چالاكییە سیاسییەكانی پەكەكە لە باشوور لەو كەمپە خۆڵین و رووتەڵانەوە سەرپەرشتی دەكرێ.

لە پێوەندییەكانی خۆتان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیدا بەردەوام 30 خوولەكی سەرەتا و كۆتای هەموو كۆبوونەوەكانتان بە رەسمی و نهێنی هەر لەسەر حزبەكانی كوردی رۆژهەڵاتی پەڕیوەی باشوور بوو، لەو رێگەوە بواری دیپلۆماسیی خۆتان لەگەڵ تاران گەرمتر دەكردەوە بۆیە ئەمڕۆ هەرچی دەگەڕێین لەو گەرمێنە گەرمییەك بۆ رۆژهەڵات نەماوە تا وتارەكەتان ئاماژەی پێ بكا! 

ئەگەر حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵاتیش وەك باكور گوێیان بە خواستی ئێوە نەدابا و لەگەڵ هەر سەردانێكی جەلال تاڵەبانی بۆ تاران و فاتیحە لەسەر گوڕی خومەینی ئەوانیش چالاكییەكان ئەنجام دابا، وەك ئەوەی پەكەكە لە هەر گەڕانێكی تاڵەبانی بۆ توركیا كردەگەلی گەورەی سەربازیی دژی سوپای تورك ئەنجام دەدا، ئەوە ئەمڕۆ رۆژهەڵاتیش بەشێك دەبوو لە باسی گەرمی وتارەكەتان.

رۆژئاوای كوردستان كە ئەمڕۆ بە پارچەی گەرم باستان كردووە، نەكا بە دەستكەوتێكی یەكێتیی نیشتمانی بۆ كورد ناودێری بكەی؟ چونكە هێشتا هەر نامەی سەرەخۆشییەكەی تاڵەبانی بۆ ئەسەد ئەودەست و ئەودەست دەكا و لە تام نەكەوتووە. نەخێر ئەوە بوو كە كوردانی رۆژئاواش پشتیان بەخۆیان بەست و گرینگییەكی ئەوتۆیان بە دەسەڵاتی باشوور نەدا بۆیە توانیان دەستكەوتێكیان هەبێ. ئەگەر ئەمڕۆ پشتیوانییەكی باشوور لەو رۆژئاوا هەیە ئەوە بۆ قۆناخی دوای سەركەوتنی خۆیان دەگەڕێتەوە.

بەڕێز جوندیانی، خۆ كەمتر حزبی رۆژهەڵاتی كوردستان لە باشوور ماوە دەستی شەڕی ئێوە (یەكێتی)ی تێ نەكەوێ، بەجۆرێك كە حزبەكانی رۆژهەڵاتی خۆیان نازانن چییان بەسەر هاتووە. بەهەموو شێوەیەكی دارایی و سیاسی و ئەمنی فشاریان بۆ دێنن و دواتریش وەك لاواز باسیان دەكەن بێ ئەوەی خۆتانی تێدا بەرپرس بزانن. 

لەگەڵ ئەوەی پێموایە حزبەكانی رۆژهەڵاتی خۆیان بواری ئەوەیان هەبووە تا وەك ئەمڕۆیان بەسەر بێ و لە وتارەكەی ئێوەدا جێگەیان نەبێ، بەڵام دڵنیام لەوەی دەسەڵاتی باشوور دەیتوانی رێگر بێ لەوەی ئەو هێزانە بەوشێوەیە تووشی پەرتەوازەیی نەبن. ئێوە داواتان كرد و گوتتان كوردانی رۆژهەڵات بێدەنگ بن تا دەنگی دەسەڵاتی نوێی هەرێمی كوردستان بگاتە دەرەوەی سنوورەكان، بەڵام ئەمڕۆ ئەو بێدەنگییەی كوردی رۆژهەڵات وەك لاوازییەكەی تەواو بەسەریاندا شكاوەتەوە كە بەڕاستیش لاوازییە و ئێوەش تێیدا بەشدارن. 

یەكێتی نیشتمانی هەمیشە چەكی حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی بەدەستەوە بووە و بەرامبەر كۆماری ئیسلامی وەك كارت بەكاری هێناوە، ئەوەی ئاخۆ لایەنی ئێرانی تا چەند بەكاری هاتووە و لێی كڕیون باسێكی ترە. یەكێتی ئەو لایەنەی باشوور كە ئەگەر ئێستە بكەوێتە دەرەوەی ناوچەیەك بەناوی هەرێمی كوردستان ئەوە لە راستیدا بوونێكی نییە، هەرگیز بۆی نەكرا وەك هێزێكی نەتەوەیی رۆڵی خۆی ببینێ. هەر نەك ئەو شانازییەی پێ نەبڕا بۆ كوردی رۆژهەڵات دیارییەكی سیاسی هەبێ ئەوە خەریكە سووكایەتیش بەو پارچەیە دەكا، سووكایەتییەك كە خۆی لە ناخی هۆكارەكانیدا دەژیت.

وتارەكەی ئازاد جوندیانی

http://www.hawlati.co/babetekan/23494

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی