"an independent online kurdish website

یه‌کێک له‌ هه‌ره‌ که‌ڵه‌ناوداره‌کانی جیهان له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ، داهێنه‌ر، ده‌رهێنه‌ر ، وێنه‌کێش، سیناریۆنووس، کاریکاتێرکێش، ئه‌کته‌ری ده‌نگ و شانۆ، ئاماده‌که‌ر و پێشکه‌شکه‌ری به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی، چیرۆکخوان، فیلمساز، سینه‌ماکار ، بیزنزمه‌ن ، هونه‌رمه‌ندی مه‌زن و بلیمه‌ت ، دانا و له‌ توانا به‌ده‌ر ،miki_maus_0

خاوه‌ن هزر و بیرێکی قووڵ و ئه‌ندێشه‌‌یه‌کی فراوان ، هاوڕێ ی گه‌وره‌ و منداڵان ، داهێنه‌ری چه‌ندین فیلمی کارتۆنی جوڵاوه‌ ـ ئه‌نیمه‌یشن ـ ، خاوه‌ن چه‌ندین شاکاری سینه‌مایی ، خاوه‌ن زۆرترین خه‌ڵاتی ئۆسکار ، واڵت دیزنی یه‌ ( 1901 ــ 1966).

گه‌وره‌ و بچووک ، به‌ تایبه‌تیش منداڵان، له‌ هه‌موو شوێنێکی ئه‌م جیهانه‌ به‌رینه‌دا ، واڵت دیزنی ده‌ناسن.. هه‌مووشمان چێژمان له‌ سه‌یرکردنی فیلمه‌ کارتۆنه‌ جوڵاوه‌کانی و فیلمه‌ سینه‌ماییه‌ خۆش و گه‌پاوییه‌کانیمان وه‌رگرتووه‌ ..‌ شادیان خستۆته‌ دڵمانه‌وه‌ و بزه‌خه‌نه‌ و پێکه‌نییان خستۆته‌ سه‌ر لێوه‌کانمان.. زۆربه‌شمان ئاشنای پاڵه‌وانی فیلمه‌کانی بووینه..  به‌ رۆڵ و به‌ ئازایه‌تی و سه‌رکێشی پاڵه‌وان و که‌سیه‌تی فیلمه‌کان ، سه‌رسام وحه‌یران بووینه‌.. له‌وانه‌ش : میکی ماوس ، دۆناڵ داک ، دامبۆ ، بامبی ، تۆم و جیری ، پیڤ و پۆڤ ، ئه‌لیس له‌ وڵاتی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌دا ، ته‌ڕه‌زان ، به‌فرین و حه‌وت بسته‌ باڵاکان ، ساندریللا ،  ‌شازاده‌ی نوستوو ، بینۆتشیۆ ، فانتازیا ، په‌رییه‌ بچکۆله‌ی ده‌ریا ، دوورگه‌ی گه‌نجینه‌ ، …. هتد.

زۆربه‌ی فیلمه‌کانیشی ، به‌ هه‌موو زمانه‌کانی جیهان دۆبلاج کراون.

miki_maus_1

واڵت دیزنی ده‌ڵێ : ” من له‌ خۆشی و شادی زیاترم پێشکه‌ش نه‌کردووه‌..”   

کێ ده‌یوت ، منداڵێکی وه‌کو واڵت دیزنی ، که‌ له‌ خێزانێکی گه‌دا و ده‌ست کورتدا له‌دایک بوو ، به‌بێ نازی گه‌وره‌ و په‌روه‌رده‌ بوو.. خیزانه‌که‌یان به‌ سکێ تێر و به‌سێ برسی بوون .. واڵت دیزنی هه‌ڵده‌که‌وێت و ده‌بێته‌ ویردی سه‌ر زمانی گه‌وره‌ و‌ منداڵان له‌ جیهاندا ، ئه‌وه‌شی پێمان سه‌لماند ، که‌ هه‌ژاری و نه‌بوونی شکستیان به‌ هێنانه‌دی خه‌ون و هیواکانی نه‌هێنا . به‌ باوه‌ڕ به‌ خۆبوون و کۆششی به‌رده‌وام و خۆڕاگری و کۆڵنه‌دان ، توانی له‌ نه‌بوونی بوون دروست بکات و خۆزگه‌ و خه‌ونه‌کانی بهێنیته‌دی.

ئه‌ی کێ له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو ، که‌ واڵت دیزنی به‌ هۆی وێنه‌کێشان و به‌ فیلم کارتۆن کردنی مشکێکی سیسه‌ڵه‌ی بزیۆ ( میکی ماوس) که‌ بزێوی و خیرایی سه‌رنجی راکێشا و بوو به‌ ئیلهام و بیرۆکه‌ی گه‌وره‌ترین داهێنان، بۆ ئه‌وه‌ی بیکات به‌ پاڵه‌وانی پرۆژه‌ی چه‌ندین فیلمی کارتۆنی جوڵاوه‌ ( ئه‌نیمه‌یشن) و، سه‌رکه‌وتن و ناوبانگ به‌ واڵت دیزنی ببه‌خشێ و بیکات به‌ یه‌کێک له‌ که‌سایه‌تییه‌کانی جیهان و به‌ ملیۆنێرێکی سه‌ده‌ی بیسته‌م و ، به خاوه‌نی گه‌وره‌ترین و به‌رهه‌مهێنترین کۆپانیای فیلمسازی ( کۆمپانیای واڵت دیزنی ).. بۆیه‌ واڵت دیزنی ئه‌م راستییه‌ی نه‌شاردۆته‌وه‌ و خۆی به‌ منه‌تبار و قه‌رزاری ئه‌و مشكه ده‌زانێ و ، جارێکیان به‌ شانازی وڕێزه‌وه‌ وتی:

” هیوادارم شتێک هه‌یه‌ که‌ هه‌رگیز له‌ یادی نه‌که‌م ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ، ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌م له‌ مشکێکه‌وه‌ ده‌ستی پێ کرد “

شایانی باس و پێ که‌نینیشه‌، واڵت دیزنی له‌ مشک ده‌ترسا.

چیرۆکی ئه‌م مشکه‌ش، گوایه‌ واڵت دیزنی ماوه‌یه‌ک به‌ندکراوه‌ و ، له‌ ژووری به‌ندیخانه‌که‌یدا، ئه‌م مشکه‌ی لێبووه‌ و، بووه‌ به‌ خه‌مڕه‌وێنی ته‌نیایی و دڵته‌نگی.               

به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌گێڕنه‌وه‌، که‌ واڵت دیزنی له‌ گه‌راجیکدا ژوورێکی به‌کرێ گرتبوو، له‌ ناو ژووره‌که‌یدا، مشکێکی سیسه‌ڵه‌ی بزێو، به‌ دیوار و بنمێچی ژوره‌که‌یدا ده‌هات و ده‌چوو، بێ ئه‌وه‌ی شه‌رم له‌ واڵت دیزنی بکات.. واڵت دیزنیش چه‌ند وێنه‌یه‌کی جوڵانه‌وه‌ی ئه‌م مشکه‌ی کێشا و، پێشانی ژنه‌که‌ی دا و پێی وت بیر له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ بیکات به‌ پاڵه‌وانی فیلمێکی کارتۆنی جوڵاوه‌ی ده‌نگدار، ژنه‌که‌شی بیرۆکه‌که‌ی زۆر به‌ دڵ بوو، هانی دا بۆ ئه‌وه‌ی‌‌ جێبه‌جێی بکات.. دڵنایش نیم که‌ کامیان راستن .  

واڵت دیزنی له‌ ( 5 / 12 / 1901) له‌ (ئیلینۆی) له‌( شیکاگۆ) له‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکادا، له‌ باوکێکی به‌ڕه‌سه‌ن ئیڕله‌ندی و له‌ دایکێکی ( ئه‌ڵمانی ) له دایک بوو.

ناوی ته‌واوی واڵت دیزنی ( واڵته‌ر ئه‌لیاس دیزنی ) یه‌.. سێ برا و خوشکێکی هه‌بوو، ئه‌م بچووکترینیان بوو، ناوی براکانی ( هێربه‌رت، ریمۆند، رۆی )، خوشکه‌که‌شی ناوی ( رۆس) بوو.

واڵت دیزنی به‌ هۆی هه‌ژاری و نه‌داریی و کوێره‌وه‌ریی خێزانه‌که‌یه‌وه‌، وه‌کو منداڵێکی ئاسایی خێزان هه‌بوو نه‌ژیا، له‌زه‌ت و ئۆخه‌ی له‌ تافی منداڵی خۆی نه‌کرد، له‌گه‌ڵ منداڵانی هاوته‌مه‌نی خۆیدا، نه‌ نێردرایه‌ قوتابخانه‌ و مه‌ستی یاری کردنی نه‌بوو.. بۆ دابین کردنی بژێوی و ژیان و گوزه‌رانی خێزانه‌که‌یان، ناچار بوو که‌ هاوکاری باوکی بکا و رۆژ تا ئێواره‌ ئیش بکات.

باوکی له‌ پێشا دارتاش بوو، دوایی کێڵگه‌یه‌کی چاندنی کڕی و، هه‌موویان له‌و کێڵگه‌یه‌دا کاریان ده‌کرد، به‌ڵام ئه‌لیاسی باوکیان به‌ هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ نه‌یتوانی ‏کێڵگه‌که‌ی به‌ڕیوه‌به‌ری و فرۆشتی.. ماڵیان باری کرد.. له‌ (كانساس ستی )دا له‌ هه‌رێمی میزۆری نیشته‌ێ بوون.. باوکیان له‌ ده‌زگایه‌کی رۆژنامه‌دا، کاری فرۆشتنی رۆژنامه‌ی وه‌رگرت. ئه‌گه‌ر چی ئه‌و کاته‌ ته‌مه‌نی واڵت دیزنی له‌ ده‌ ساڵ که‌متر بوو، به‌ڵام باوکی خستییه‌ ژێر کارکردنه‌وه‌. هه‌موو رۆژی له‌ کاتژمێری سێی به‌ره‌به‌یاندا، واڵت دیزنی و رۆی برای باوه‌شی رۆژنامه‌یان هه‌ڵده‌گرت و، کۆڵان به‌ کۆڵان و، له‌ ناو شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌کاندا ده‌یان فرۆشت.. گوزه‌رانی ژیانیان که‌می باشتر بوو، باوکی کارگه‌یه‌کی سه‌هۆڵی کڕی، ئه‌وه‌شی فرۆشت و فرۆشگایه‌کی خوارده‌مه‌نی دانا.. واڵت دیزنی هه‌لی خوێندنی بۆ ره‌خسا.. له‌ قوتابخانه‌دا، قوتابییه‌کی ئاسایی ئاست مامناوه‌ندی بوو.. به‌ڵام هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ خولیای وێنه‌کێشان بوو، به‌ تایبه‌تیش وێنه‌ی گیاندارانی ده‌کێشا، که‌ منداڵ بوو دکتۆرێکی خانه‌نشینی هاوسێی کێڵگه‌که‌یان داوای له‌ واڵت دیزنی کرد که‌ وێنه‌ی ئه‌سپه‌که‌ی بۆ بکێشێ، که‌ بۆی کیشا، دکتۆره‌که‌ به‌ دڵی بوو ، پاداشتی واڵت دیزنی کرد و پاره‌ی دایی، واڵت دیزنی ئه‌م رێزگرتن و هاندانه‌ی پێخۆش بوو .

پووریشی ئه‌م ئاره‌زوو و به‌هره‌یه‌ی له‌ واڵت دیزنی دا به‌دی کرد.. هانی دا و، قه‌ڵه‌می بۆیه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگ و ته‌باشیری بۆ ده‌كری.. زۆر جار له‌به‌ر نه‌بوونی کاغه‌ز له‌ ماڵیاندا، دیزنی له‌سه‌ر دیواره‌کان وێنه‌ی ده‌كێشا.. چه‌ند جارێک باوکی له‌سه‌ر ئه‌م وێنانه‌ لێی داوه‌، باوکی حه‌زی ده‌کرد واڵت دیزنی، خوو بداته‌ کاسبی نه‌ک وێنه‌کێشان.. رۆژێکیان واڵت دیزنی وێنه‌ی پشیله‌یه‌کی کێشابوو، نۆ کلکی بۆ پشیله‌که‌ کردبوو.. که‌ باوکی هاته‌وه‌ و ئه‌م وێنه‌یه‌ی بینی، ئه‌مجاره‌ش تێر و پڕ واڵت دیزنی دارکاری کرد.

واڵت دیزنی بێجگه‌ له‌ وێنه‌کێشان، حه‌زی له‌ نواندنیش ده‌کرد.. ئه‌ندامی تیپی شانۆی گه‌ڕه‌که‌که‌یان بوو.. زۆر جار له‌سه‌ر شانۆدا لاسایی ( چارلی چاپلن )ی ده‌کرده‌وه‌.

واڵت دیزنی له‌ ( 8 / 6 / 1917) دا، قۆناخی ئاماده‌یی ته‌واوکرد.. جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م نه‌وه‌ستابوو .. ته‌مه‌نی واڵت دیزنی شانزه‌ ساڵان بوو، ویستی وه‌کو شوفێرێکی ئۆتۆمبیلی فریاکه‌وتن، له‌ خاچی سوور له‌ سوپای ئه‌مریکادا خزمه‌ت بکات، به‌ڵام ساڵێک منداڵتر بوو له‌ ته‌مه‌نی پێویستی سه‌ربازی.. به‌ هۆی هاوڕێیه‌کییه‌وه‌، دیزنی سه‌خته‌کاری له‌ ناسنامه‌که‌یدا كرد و، ساڵی له‌ دایک بوونی له‌ ( 1901) ه‌وه‌ کرد به‌ ( 1900)‏. چووه‌ ریزی سوپای ئه‌مریکاوه‌ و له‌گه‌ڵ هێزێکدا، ناردیان بۆ فه‌ره‌نسا.. دوای کۆتایی  شه‌ڕ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆشاره‌که‌یان.

واڵت دیزنی له‌ ( 13 / 7 / 1925) له‌ گه‌ڵ ( لیلیان باوسن) دا، هاوسه‌رگیری کرد .. دوو کچیان بوو : ( دایان دیزنی ــ 1933 ) و ( شارۆن دیزنی ــ 1936) .. بوو به‌ باپیره‌ی چه‌ند منداڵێکی چاوگه‌ش.. زۆریانی خۆش ده‌ویست و ده‌یلاواندنه‌وه‌.

واڵت دیزنی له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ( 1920) دا، وه‌کو وێنه‌کێشێکی کاریکاتێر، ده‌ستی به‌کارکردن کرد و ، وێنه‌ی ریکلامی بۆ چه‌ند کۆمپانیا و دامه‌زراوه‌یه‌ک ده‌کێشا.

زۆر به‌ کورتی باس له‌ داهێنان و سه‌رکه‌وتنه‌کانی واڵت دیزنی له‌ بواری داهێنانی فیلمی کارتۆنی جڵاوه‌ و ده‌نگدار و، به‌رهه‌مهێنانی چه‌ندین فیلمی ئه‌نیمه‌یشنی سینه‌مایی و، دامه‌زراندنی گه‌وره‌ترین کۆمپانیای دروست کردن و به‌رهه‌مهێنانی فیلمه‌کانی ده‌که‌ین..

واڵت دیزنی شۆڕشێکی هونه‌ریی مه‌زنی به‌رپاکرد.. که‌ شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ هه‌تا هه‌تایه‌ به‌ نه‌مری بمێنێته‌وه‌.

واڵت دیزنی، به‌ خاوه‌نی زۆرترین به‌رهه‌مهێنانی فیلمی کارتۆنی جوڵاوه‌ ده‌ناسرێ و که‌س نییه له‌م بواره‌دا گه‌یشتووبێته‌ پایه‌ و ناوبانگی ئه‌م.. هه‌ر ئه‌م بوو به‌ ناوبانگترین پاڵه‌ونی بڵاوترین و سه‌رکه‌وتوترین فیلمی کارتۆنی داهێنا.. که‌ بووه‌ مایه‌ی خۆشی و شادی بۆ سه‌رجه‌م منداڵانی جیهان ئه‌و پاڵه‌وانه‌ش مشکی ده‌م به‌ پێکه‌نین ( میکی ماوس)ه‌، تا ئه‌مڕۆش خۆشی و بایه‌خی فیلمه‌کانی کاڵه‌وه‌ نه‌بوونه‌.

واڵت دیزنی بو به‌رهه‌مهێنانی فیلمی کارتۆن له‌ ساڵی (1923) دا له‌ هۆلیۆد ، بۆ یه‌که‌مین جار فیلمێکی کارتۆنی بێ ده‌نگی کورتی به‌ ناوی (میکی ماوس)ه‌وه‌ ، ده‌رهێنا

 به‌ڵام تووشی شکستی هات و  سه‌رکه‌وتوونی به‌ ده‌ست نه‌هێنا.. له‌ دووه‌مین هه‌وڵ و به‌رهه‌میشیدا هه‌ر شکستی هێنا و مایه‌پووچ بوو.. به‌ڵام واڵت دیزنی لاویکی بڕوابه‌خۆ و خۆڕاگر و کوڵنده‌ر و، هه‌میشه‌ گه‌شبین بوو ، سوور بوو له‌سه‌ر هێنانه‌دی هیوا و خه‌ونه‌کانی.. دوای پێنج ساڵ له‌ تاقی کردنه‌وه‌ی یه‌که‌می .. هه‌وڵ و تاقی کردنه‌وه‌ی جاری سێیه‌می ده‌ست پێ کرد .. له‌ ( رۆی) برای پاره‌ی قه‌رزی کرد .

له‌ ساڵی ( 1928) دا، یه‌که‌مین فیلمی کارتۆنی جوڵاوه‌ی ده‌نگداری ده‌رهێنا و، له‌سه‌ر شریت تۆماری کرد ، پاڵه‌وانی فیلمه‌که‌ش ( میکی ماوس ــ مشکی ده‌م به‌ پێ که‌نین ) بوو.. بۆ یه‌که‌مین جاریش ئه‌م فیلمه‌ له‌ مانگی نۆڤه‌مبه‌ری(1928)دا، له‌( نیویۆرک ) نمایش کرا.. ئه‌مجاره‌یان سه‌رکه‌وتنێکی زۆر مه‌زنی به‌ده‌ست هێنا و، دیزنی پاره‌یه‌کی باشی له‌م فیلمه‌ ده‌ست که‌وت.. بوو به‌ مایه‌یه‌کی باش بۆی بۆ درێژه‌دان و ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی چه‌ندین فیلمی تر.. هه‌ر ئه‌م فیلمه‌ش بوو، بووه‌ سه‌ره‌تای ناوبانگ ده‌رکردن و ناسینی واڵت دیزنی له‌ جیهاندا.. (میکی ماوس ) یش بوو به‌ ئه‌ستێره‌یه‌کی مه‌زن و به‌ پاڵه‌وانێکی سه‌رنج راکێش و له ‌دڵدا شیرین ، له‌ لای سه‌رجه‌م منداڵانی جیهان.. وه‌کو باسمان کرد واڵت دیزنی بیرۆکه‌ی ئه‌م پاڵه‌وانه‌ی له‌ مشکیکی راستییه‌وه‌ وه‌رگرتووه.. که‌ له‌به‌ر چاویدا ده‌هاتوو و.. ده‌چوو. ‌

دواتریش میکی ماوس له‌ زیاتر له‌ (150) فیلمی کارتۆندا، رۆڵی پاڵه‌وانێتی بینی ، که‌ هه‌ندێکیان له‌گه‌ڵ ( مینی ماوس) ی خۆشه‌ویسته‌که‌ی دایه.. واڵت دیزنی له سه‌ر‌ ئه‌م فیلمه‌ی له‌ ساڵی ( 1932) دا، خه‌ڵاتی ( ئۆسکار) ی رێزلێنانیان پێ به‌خشی.

له‌ ساڵی (1944) دا، میکی ماوس کرایه‌ هێمای هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان له‌ژیر سه‌رکردایه‌تی ژه‌نه‌راڵ ( ئایزنهاوه‌ر ) دا، که‌ ده‌ستیان به‌سه‌رئه‌وروپادا گرت .

له‌ ساڵی (1929) دا، واڵت دیزنی ( یانه‌ی میکی ماوس ) بۆ ئه‌و گه‌نجانه‌ دامه‌زراند که سه‌رسامی که‌سایه‌تی میکی ماوس بوون.‌  

له‌ نێوان ساڵانی ( 1929 ــ 1939) دا، واڵت دیزنی زنجیره‌ فیلمێکی کارتۆنی سینه‌مایی ده‌رهێناو له‌سه‌ر شریتدا، تۆماری کردن.

به‌ کورتی باس له‌ هه‌ندێ له‌ فیلمه‌کانی واڵت دیزنی ده‌که‌ین :

(*) له‌ ساڵی (1933) دا بۆ یه‌که‌مین جار واڵت دیزنی، یه‌که‌مین فیلمی کارتۆنی ره‌نگاوره‌نگی به‌ ناوی ( گوڵ و دار) ه‌وه‌ به‌رهه‌م هێنا.. ده‌رهێنانی فیلمی کارتۆنی ره‌نگاوره‌نگ، وه‌رچه‌رخان و سه‌رکه‌وتنێکی مه‌زن بوو له‌م بواره‌دا.. واڵت دیزنی خه‌ڵاتی (ئۆسکار) یشی له‌م فیلمه‌ وه‌رگرت.

(*) له‌ ساڵی (1937) دا، واڵت دیزنی یه‌که‌مین فیلمی کارتۆنی ره‌نگاوڕه‌نگی درێژی به‌ ناوی ( سنووایت ” به‌فرین ” و حه‌وت بسته‌ باڵاکان ) به‌رهه‌مهێنا .. ئه‌ی به‌لاتانه‌وه‌ سه‌یر نییه‌، که‌ بۆپێکهێنانی ئه‌م فیلمه‌ واڵت دیزنی له‌ ماوه‌ی سێ ساڵدا (250) هه‌زار وێنه‌ی کێشا.. ئه‌م فیلمه‌ له‌ میژووی سینه‌مادا، زۆرترین هۆگری له‌ جیهاندا هه‌بوو.. تا ئه‌مرۆش خۆشی و چێژ و بایه‌خی ئه‌م فیلمه‌ کاڵ نه‌بۆته‌وه‌ و، منداڵان زۆر به‌ جۆش و په‌رۆشه‌وه‌ سه‌یری ده‌که‌ن..

(*) ئه‌مانه‌ش ناوی چه‌ند فیلم کارتۆنێکی درێژی ترن که‌ واڵت دیزنین به‌رهه‌می هێناون ، ته‌نها ناوی فیلمه‌کان و ساڵی به‌رهه‌مێنانیان دێنینه‌وه‌ یادتان:

ـ بینۆتشیۆ .. که‌ منداڵیکی لووت درێژی له‌ داردوست کراوه‌ .. ساڵی (1940)

ـ فانتازیا .. ساڵی (1940)

ـ دامبۆ .. ناوی ( فیلۆکه‌)یه‌که‌.. ساڵی (1941)

ـ بامبی.. ناوی( ئاسکۆڵه‌)یه‌که‌.. ساڵی (1942)

ـ سه‌رکێشیه‌کانی تۆم .. (1949)

ـ ساندرێللا..( ناوی کچێکی به‌خته‌وه‌ره‌).. ساڵی (1950)

ـ ئه‌لیس له‌ وڵاتی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌دا.. ( سه‌رکێشی منداڵێکه‌) .. ساڵی (1951)

ـ بیته‌ربان.. ساڵی (1955)

ـ شازاده‌ی نووستوو .. (کچه‌شازاده‌یه‌که‌) .. ساڵی (1959)

ئه‌و فیلمانه‌ واڵت دیزنی له‌ ژیاندا بوو ده‌رهیناون.. به‌ڵام له‌ دوای کۆچ کرنیشی تا ئه‌مڕۆش کۆمپانییه‌که‌ی ( کۆمپانیانی دیزنی ) بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیلمی سینه‌مایی.. چه‌ندین فیلمی کارتۆنی تریان به‌رهه‌م هێناوه‌.. به‌رده‌وامیشن له‌ ده‌رهێنان.. بۆ نموونه‌ ئه‌م فیلمه‌ کرتۆنانه‌ له‌ پرۆژه‌ی واڵت دیزنین و له‌ دوای مردنی ده‌رهێنراون :

ـ شمشێرێک له‌ به‌رد.. ساڵی (1967)

ـ رۆبین هود.. ساڵی (1973)

ـ سه‌رکێشییه‌کانی ورچۆڵه‌ .. ساڵی (1977)

ـ رزگارکه‌ران.. ساڵی (1977)

ـ رێوییه‌ک و سه‌گێک.. ساڵی (1981)

ـ پشکنینه‌کانی مشکێکی مه‌زن.. ساڵی (1986)

ـ ئۆلیڤه‌ر و هاوڕێکانی .. ساڵی (1988)

ـ په‌ریه‌‌ بچکۆله‌ی ده‌ریا.. که‌ یه‌که‌مین فیلمی کارتۆنی ژێر ده‌ریایه‌.. ساڵی(1989)

ـ جوان و دڕنده‌.. ساڵی (1991)

ـ ئه‌لائه‌دین.. ساڵی (1992)

ـ شێر و پاشا.. ساڵی (1994)

ـ هه‌رقل.. ساڵی (1997)

ـ مولان .. ساڵی (1998)

ـ دیناسۆر.. (2000)

ـ ژیانی ئیمبراتۆره‌ ونبووه‌که‌.. ساڵی (2001)

ـ ئه‌ستێره‌ گه‌نجینه‌ ونبووه‌که‌.. ساڵی (2002)

ـ فیلمی دڵئازا تازه‌ترین فیلمی کارتۆنی کۆمپانای واڵت دیزنی یه‌.. (2012)

( کۆمپانیای واڵت دیزنی ) بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیلمی سینه‌مایی.. له‌ چه‌ند دێڕیکدا:‌      

ـ ئه‌م کۆمپانیایه‌ له ( 16 / 10 / 1923).. له‌ لایه‌ن واڵت دیزنی و ڕۆی برایه‌وه‌ له‌ شاری ( لۆس ئه‌نجلۆس) بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیلمی کارتۆنی جوڵاوه‌ دامه‌رزا… که‌ له‌  نووسینگه‌ بچووکه‌که‌یاندا، خه‌ریکی وێنه‌گرتن و تاقیکردنه‌وه‌ی وێنه‌ی کارتۆن بوون تێی دا.. له‌به‌ر ته‌سکی شوێنه‌که‌یان، گواستیانه‌وه‌ بۆ خانوویه‌ک.. له‌وێدا چه‌ند کورته‌ فیلمێکی ره‌ش و سپیی کارتۆنی جوڵاوه‌ی بێ ده‌نگیان ده‌رهێنا.. که‌ ماوه‌که‌یان له‌ خوله‌کێک زیاتر نه‌بوون.. رۆی برای له‌ زۆربه‌ی کاره‌کانیدا هانده‌ر و هاوکاری بووه‌.. به‌ڵام دووجار شکستیان هێنا و.. کۆمپانییه‌که‌یان کۆمفوشی هێنا.. که‌وتنه‌ قه‌رزکردن.

ـ له‌ ( 18/11 / 1928) دا، به‌ ده‌رهێنانی فیلمی کارتۆنی جۆڵاوه‌ی ده‌نگدار ( میکی ماوس) و ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ مه‌زنه‌ی به‌ ده‌ستی هێنا و ناوبانگی ده‌رکرد.. کۆمپانییه‌که‌یان دووباره‌ هه‌ڵسایه‌وه‌ و، بوونه‌وه‌ به‌ خاوه‌ن ده‌ستمایه‌یه‌کی باش و.. کۆشکێکی فراوانی تازه‌شیان دروستکرد و گواستیانه‌وه‌ بۆ ئه‌وێ.. درێژه‌یان به‌ پرۆژه‌کانیان دا.. ئێستا ئه‌م کۆمپانیایه‌ یه‌کێکه له‌ هه‌ره‌ کۆمپانیه‌ زه‌به‌لاحه‌ به‌ ناوبانگه‌کانی جیهانه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی فیلمی وێنه‌ی جوڵاوه‌دا ( ئه‌نیمه‌یشن ).

 ساڵانه‌ فرۆشتنی (کۆمپنیای واڵت دیزنی) له‌ فیلمی کارتۆن و سینه‌مایی و له‌ جۆره‌کانی یاری ڤیدیۆ و پلایستێشن و ئێکسوارات و به‌رهه‌مه‌کانی تر.. ده‌گاته‌ نزیکه‌ی(32) بلیۆن دولار له‌ ساڵێکدا.‌. ئێستا باره‌گای ئه‌م کۆمپانیایه‌ له‌ شاری (بوربانک) له‌ کالیفۆرنیایه‌..  ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌م کۆمپانییه‌دا کارده‌که‌ن له‌ ده‌گاته‌ (160) هه‌زار کارمه‌ندن .

واڵت دیزنی و ژماره‌یه‌کی پێوه‌ری جیهانی له‌ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی ( ئۆسکار) دا:

تا ئه‌مڕۆ هیچ هونه‌رمه‌ندێکی بواری سینه‌ما، له‌ مێژووی سینه‌مای جیهانیدا به‌ قه‌ی واڵت دیزنی خه‌ڵاتی (ئۆسکار)‌ یان وه‌رنه‌گرتووه‌.

واڵت دیزنی (37) جار پاڵێورا بۆ وه‌رگرتنی (ئۆسکار) .. (22) خه‌ڵاتی ئۆسکاری وه‌رگرت و (3) خه‌ڵاتی ئۆسکاری رێزلێنانیشیان پێ به‌خشی.. واته‌ تێکڕا(25) جار خه‌ڵاتی (ئۆسکار)ی وه‌رگرت .. که‌ تا ئیستا هیچ هونه‌رمه‌ندێکی سینه‌ماکار نه‌یتوانیوه‌  له‌م ژماره‌ پێوانییه‌ باڵایه‌وه‌ نزیک ببنه‌وه‌.

( دیزنی لاند ) : گه‌وره‌ترین و جوانترین و خۆشترین پارک و سه‌یرانگه‌ و به‌هه‌شتی گه‌شتوگوزاری ‌جیهانه‌.

واڵت دیزنی خه‌ونێکی تری هه‌بوو ، ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو که‌ گه‌وره‌ترین و جوانترین پارک و شوێنی خۆشی به‌سه‌ربردن له‌ جیهاندا بکاته‌وه‌.. وه‌کو چۆن خه‌ونه‌کانی تری هێنایه‌دی.. ئه‌م خه‌ونه‌ گه‌وره‌یه‌شی هاته‌دی.

دیزنی لاند : موڵکی ( کۆمپانیای واڵت دیزنی ) یه‌.. ده‌که‌وێته‌ باشووری رۆژئاوای ( ئۆرلاند) له‌ (لۆس ئه‌نجلۆس) له‌ کالیۆرنیا. رووبه‌ری ئه‌م سه‌یرانگه‌یه‌ (47)میلی چوار گۆشه‌یه‌، که‌ نزیکه‌ی (7 ، 121) کیلۆمه‌تری دووجایه‌.. (23) ئوتێلی نایاب و خۆشترین بازاڕ و چه‌ندین مارکێت و کۆگا و چێشتاخانه‌ و یاریگا‌‌ و شوێنی خۆشی بشوودان و کات به‌ سه‌ربردنی تێدایه‌ و.. په‌یکه‌ر و ده‌نگی زۆربه‌ی پاڵه‌وانی فیلمه‌ کارتونییه‌کانیشی تێدایه‌.. له‌ ده‌روازه‌ی سه‌ره‌کیی دیزنی لاندا په‌یکه‌ری (میکی ماوس و مینی ماوس) دانراون.. که‌ مرۆڤ ده‌چێته‌ ناو شاری دیزنی لانده‌وه‌.. به‌ ئه‌وبێت ده‌رنه‌چێت و له‌وێدا ژیان به‌سه‌ر به‌رێت.. خۆ به‌ رۆژێک و به‌ دوو رۆژ ناتوانن به‌ ته‌واوی هه‌موو به‌ش و شوێنه‌کانی دیزنی لاند به‌سه‌ر بکه‌نه‌وه‌.. دیزنی لاند له‌ له‌ لایه‌ن واڵت دیزنی یه‌وه‌ له‌ ( 17/ 7/ 1955) دا کرایه‌وه‌ .. بۆ دروست کردنی دیزنی لاند تیکرا (17) ملیۆن دۆلاری تێچوو.. له‌و کاته‌ پاره‌یه‌کی که‌م نه‌بوو.

ئه‌و که‌سه‌ی سه‌ردانی ئه‌مریکا بکات و، نه‌چیت بۆ دیزنی لاند.. وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ که‌ ئه‌مریکای نه‌بینی بێت.

بێجگه‌ له‌ ( دیزنی لاند) ی کالیفۆرنیا .. له‌م شوێنانه‌شدا (دیزنی لاند) کراونه‌ته‌وه‌:

(*) دیزنی لاندی پاریس (ریزۆرت پاریس) له‌ فه‌ره‌نسا.. له‌ ساڵی (1982) دا کرایه‌وه‌.

(*) دیزنی لاندی تۆکیۆ ـ له‌ یابان.. له‌ ساڵی ( 1982) دا کرایه‌وه‌.

(*) دیزنی لاندی هۆنگ کۆنگ (هۆنگ کۆنگ دیزنی)ـ له‌ چین..له‌ (2005)دا کرایه‌وه.‌

(*) دیزنی لاندی فلۆریدا (ماجیک کینگدۆم) له‌ ئه‌مریکا له‌ ساڵی (1971)دا کرایه‌وه‌.

(*) هیوادارم رۆژێکیش بێت که‌.. دیزنی لاندی هه‌ولێر ـ له‌ کوردستاندا بکرێته‌وه‌.

له‌ ساڵی (1963) دا، سه‌رۆکی ئه‌و کاته‌ی ئه‌مریکا ( ئایزنهاوه‌ر ) له‌ به‌رده‌می واڵت دیزنی دا چه‌مییه‌وه‌ و.. مه‌دالیای زێڕی رێزلێنانی کرده‌ ملی واڵت دیزنی و، وتی :

” واڵت دیزنی باڵیۆزی ئازادی ی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکایه‌..” و ” گه‌وره‌ترین مامۆستای سه‌ده‌ی بیسته‌میشه‌..”  

کۆچی دوایی واڵت دیزنی : له‌ ئه‌نجامی زۆر جگه‌ره‌کێشان، واڵت دیزنی تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی سییه‌کان بوو.. له‌ ( 15/ 12/ 1966) کۆچی دوایی کرد. ته‌رمه‌که‌یان سوتاند .. گۆڕی واڵت دیزنی له‌ گۆرستانی (فۆرست لۆن) له‌ گلینداڵ له‌ کالیفۆرنیا دایه‌.. کۆمپانای واڵت دیزنی خه‌ریکی ده‌رهێنانی فیلمێکن، ده‌رباره‌ی ژیان و شاکاره‌کانی ئه‌م که‌ڵه‌ناوداره‌ی جیهان.

گۆڵبژێرێک له‌ وته‌کانی واڵت دیزنی :

(*) هه‌موو خه‌ونه‌کانمان دێنه‌دی.. ئه‌گه‌ر ئازایه‌تی به‌ دواداچوونیانمان هه‌بێت.

(*) ئه‌وه‌ جۆرێکه‌ له‌ خۆشی و شادی ئه‌گه‌ر کاری ئه‌سته‌م بکه‌یت.

(*) مرۆڤ پێویستی به‌ کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی تازه‌ هه‌یه‌، تا به‌ هۆشی خۆی ، خۆی له‌ کومه‌ڵه‌ کێشه‌ کۆنه‌که‌ دوور بخاته‌وه‌.

(*) خه‌ونه‌کانی ئه‌مڕۆ، راستییه‌کانی به‌یانین، ئاشکرایه که‌ ئه‌مه‌ش باوه‌ڕی گه‌لێ له‌ گه‌وره‌ پیاوانه‌.. ده‌با ئێمه‌ش وه‌کو ئه‌وان بین.‌

(*) بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ شتێک بکه‌یت ، ته‌نها رێگا ئه‌وه‌یه‌، له‌ قسه‌کردن بوه‌ستی و ده‌ست به‌ کارکردن بکه‌یت.

(*) ئه‌گه‌ر خۆهه‌ڵقورتین بیت ، گه‌لی شت هه‌یه‌ که‌ بیکه‌یت ، به‌ڵام ته‌نها شت که‌ پێویسته‌ له‌ تودا هه‌بێت ئازایه‌تییه‌.

(*) کاره‌که‌ت ته‌نها شته‌ که‌ شایانی ئه‌وه‌بیت خه‌ڵکی ناوت به‌رن.

(*) گه‌لێ جار خه‌یاڵ و راستی ئاوێته‌ ده‌بن.

(*) هه‌ست به‌ بێزاری مه‌که‌.. گاڵته‌ش به‌ دوێنی مه‌که‌، چونکه‌ بوو به‌ به‌شێک له‌ رابردوو.‌

(*) چونکه‌ ئێمه‌ خۆ‌هه‌ڵقورتێنین هه‌رده‌م بۆ پێشه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێین ، تا پێ بگه‌ین و، ده‌رگای تازه‌تر بکه‌ینه‌وه‌ و، شتی تازه‌تریش بکه‌ین.

ره‌زا شـوان  

نه‌رویج :  5/ 8/ 2012

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی