لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پلینۆمی ئاخیری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران کۆتای بەکارەکانی خۆی هێنا.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی دەفتەری سیاسی حیزب، کۆمیتەی ناوەندی حیزب لەو پلینۆمەدا، بۆ تەختکردنی کۆسپەکانی سەر ڕێگای بەرینبوونەوە و بەهێزکردنی خەباتی جەماوەری، بۆ لەنێوبردنی نالێکی و نابەسامانیەکانی نێو بزووتنەوەی میللیی دێمکڕاتی کوردستانی ئێران، بڕیاریداوە هەنگاوی کاریگەر هەڵگرێ.
وەک سەرەتایەک لەو رێگایەدا کۆمیتەی ناوەندی ئامادەیی حیزبی دەربڕیوە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو بەشە لە تێکۆشەرانی پێشوی حیزب بکەوێتە دیالۆگ و وتووێژ کە چەندساڵ لەمەوبەر بۆخۆیان ڕیزەکانی حیزبیان بەجێهێشت و سەربەخۆ لە تەشکیلاتی حیزب درێژەیان بە کارو چالاکیە سیاسیەکانیان دا.
ئەو هەواڵە لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان و بە تایبەتی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا، بوو بەمایەی خۆشحاڵی و شادمانی. لەوەش خۆشتر ئەوەبوو کە هەواڵەکان ئەوەیان دەگەیاند کە ئەو بڕیارە دەنگی هەموو رێبەرایەتی حیزبی لە پشتە. یانی کۆمیتەی ناوەندی حیزب، بە پێچەوانەی ئەو دەنگۆ و تەبلیغاتە ژاراویەی بڵاو دەبۆوە، هاوڕایی و کۆنسێنسوسی تەواوی لە سەر ئەو مەسەلە هەیە.
لەو پێوەندیەدا سڵاو دەنێرم بۆ کۆمیتەی ناوەندی حیزب و سەری رێزو حورمەت لە بەرانبەر ئەو ئیرادەو شەهامەت و دلێریی سیاسیەدا دادەنوێنم کە بەوکارە لە خۆیان و لە حیزبیان نیشاندا.
من ئەو هانگاوە سیاسیە گەورەیە بە سەرەتای دەستپێکردنی ئەو ڕەوتە دادەنێم کە حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران و هێزە سیاسیەکانی دیکەی گۆڕەپانی خەبات، بۆ سالمسازی فەزاو مەیدانی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە دەستی پێ بکەن. هەموو هێزە سیاسیەکانی کوردستان و سەرجەم کەسایەتی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لەو پێوەندیەدا بەرپرسایەتی میژوویی یان دەکەوێتە سەرشان. ئێستا ئیتر ئەو هاوڕێ یانەشمان کە بە هەرهۆیەکەوە بووە کاتی خۆی لە تەشکیلاتی حیزب دابڕان، لەبارەگای بێروڕای گشتی خەڵکی کوردستاندا لەبەردەم ئیمتیحانێکی گەورەدان.
لەوبارەوە دەبێ چەند تێبینی لەبەر چاوبگرین. یەکەم ئەوە کە قبووڵبکەین کێشەیەک هەبووە و هەیە کە ئەو وەزعەی پێکهێناوە. دووهەم پێویستە گەیشتبینە ئەو قەناعەتە کە ئەوە گیروگرفتی حیزب و بزووتنەوە و هی هەموومانە و دەبێ خۆشمان چارەسەری کەین. دەبێ نیەتمان ئەوەبێ ئەوپڕۆسەیە ئەگەر ماوەیەکی زۆریش بکێشێ، سەرەنجام سەرکەوێ. نابێ وەك دەڵێن سیاسەت دەگەڵ یەکتر بکەین. ئامانج لەو کارە بەهێزکردنی بزووتنەوەی کوردستانە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش حیزبی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە و بەتایبەتی هی هەموو ئەو کەسانەیە کە مایەو هێز و تواناو تەمەن و ژیان وجودی خۆیان تێدا بەخت کردوە. قەباڵەی ئەو حیزبە بە تەنیا دەگیرفانی هیچ کەس دانیە. هەر کەس لەو حیزبەدا تێبکۆشێ دەبێ جێگای شیاوی خۆی هەبێت. تەنیا خزمەتی زۆرتر، مایە لەخۆ دانانی زۆرتر و مەسئولیەت قبووڵکردنی زۆرترە دەبێ مەوقعیەتی هاوڕ یەکی حیزبی لە تەشکیلات دا دیاری بکات .
لە کاتێکدا بەرەو بنیاتنانی سبەینێیەکی نوێ و کردنەوەی لاپەڕەیەکی تازە دەڕۆین، دەبێ پێویستیەکانی ئێستاو سبەینێی بزووتنەوە و میللەتەکەمان بخەینە ئەولەویەتەوە. باخەوان بۆیە باخ لێدەداو بە ڕووح و گیان خزمەتی دەکا کە بەربدا. پێوەندی نێوان پرۆسەو ئاکام و ئامانج و میتۆدی کار لێرەدا زۆر گرنگە. ئەو کارەی دەستمان داوەتێ کارێکی درووستە، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە بە شێوەیەکی درووستیش بیبەینە پێشێ. هەموومان لەو بارەوە بەرپرسایەتیمان دەکەوێتە سەرشان.
باتێکۆشین باخی پڕۆسەی سالمسازی سیاسەتی ئێمە ئەو بەرەبدا کە دەمانەوێ. ئەو بەرە کە میللەتەکەمان و بزووتنەوەکەمان دەی هەوێ و هەموومان هەست بە زەرورەتەکەی دەکەین. نەک ئەوە یا ئە شتە کە من یا تۆ یا فڵان و فیسار کەس و دەستە و تاقم دەیان هەوێ. لەکاری ئاوادا کە خێری گشتی و میللی و نەتەوەیی تێدایە، هەرکەس گەورەیی و ئازایەتی و جوامێری و دلێری و مەوسئولیەتی زۆرتر لە خۆی نیشان بدا، ئەو لە بارەگای گەل و خەڵکدا ڕووسورترە.
لەمێژە دەڵێم لە خۆمان نائومێد نیم. بەو وەزعە نالەبارەشەوە کە تێیداین، قەت لە خۆمان و لە رێبەرایەتی حیزب و تێکۆشەرانی حیزب نائومێد نەبووم و نیم. میژوو پێمان دەڵێ لە مەوقعیەتی ئینسانی دا نائومێدی نیە. جاری وایە دەبێ لە نێو ئۆقیانوسی نائومێدی دا ئومیدەواربین. شەو دەگاتە ئەوپەڕی تاریکی خۆی جا گزنگی بەرەبەیان دەکەوێتە سەرەتاتکێ. ئەو بڕیارەی رێبەری حیزب بۆ دەستپێکردنی دیالۆگ بە مەبەستی هاتنەدەر لەوە وەزعە ، بەسەرەتاتکێی گزنگی بەیانی ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتی کوردی لە کوردستانی ئێران لە قەڵەم دەدرێ.
من خۆشبینم و ئەو ئۆپتیمیزمەش بناخەی فەلسەفی و زانستی هەیە. لەو گوندە جیهانیەی کە ئێمەی تێدادەژین، زانست و زانیاری و ئاگاهی وەک هەوای ئازد بە هەموولایەکدا بڵاو دەبێتەوە. زانست و زانیاری و ئاگاهیش شوێنەواری ئەرێنی لەسەر بیروزەینی مرۆڤ هەیە و بەستەڵەکی بیر و ئیدەی سیاسی و فەرهەنگی دەکاتەوە. ئاڵوگۆڕەکان زۆر خێرا ڕوودەدەن. جیا لەوە ئەوەش دەزانین کە تەنیا یەک حەقیقەتی نەگۆڕ هەیە کە هەمیشە دەمێنێتەوە. ئەویش ئەوەیە کە هەموو شتێک لەحاڵەتی گۆڕاندایە.
هەر بارودۆخ و هەلومەرجێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئاکامی لە گۆڕێدابوونی هەندێک فاکتۆر و پاڕامێتر و هۆکارەوە پێکدێ و درووست دەبێ. ئەگەر ئەو فاکتۆر و پاڕامیتر و هۆکارانەش گۆڕان یان یەک لەوان یا چەند لەوان گۆڕان، ئەوە بارودۆخەکەش دەگۆڕێ و هەلومەرجی تازە دێتە کایەوە کە پێویستی بە شتی تازە هەیە ومرۆڤ و حیزب و رێکخراوە سیاسیەکان دەبێ خۆیانی دەگەڵ رێکخەن. دەش زانین کە هەموو توخمەکان لە گۆڕاندان کەواتە مەوقعیەتەکانیش لە حاڵی گۆڕاندان. لە شیمی دا پلەی کڵپەگرتن هەیە. هەر مادەیەک بگاتە پلەیەکی دیاریکراوی گەرمی کڵپەدەگرێ.
جاری وایە داب و نەریتێکی باو هەیە وپاش ماوەیەکی زەمانی دەبینین کە بەرەبەرە ئاسەوارێکی لێ نامێنێ. ئەوە ئاکامی ئەو ئاڵۆگۆڕەیە
کە هەمان نوختە گۆڕانە. Tipping pointکە باسم کرد وردەوردە پێکدێ بەمجۆرە دیاردە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان دەگۆرێن و پێشکەوتن و پەرەسەندنیش ڕوودەدەن.
دیارە کەسانی واش هەن لە فریزەر و یەخچاڵی مێژوودا بەستوونی و دەبێ بەحاڵی خۆیان وێڵیان کەین. با لە خەوی قوڵی ئەشکەوتی کەهفی خۆیاندا هەر پرخەیان بێ. ئەوانە یا وەخەبەردێن و سواری قەتاری زەمان دەبن و دەگەڵی دەڕۆنەپێش، یا ئەوەتا لێی بەجێدەمێنن. سیاسەت و کۆمەڵ دەڕواتەپێش و لەسەر کەس ڕاناوەستێ. هەرکەس توانای نەبێت لە گەڵ قەتاری پێشکەوتنی کۆمەڵ برواتەپێش، دەکەوێتە کەنار و ئەگەر زۆر شانسی هەبێت دەخرێتە موزەخانە و منداڵان پۆل پۆل لە قوتابخانەکان ڕا بۆ دیتن و لێ فێربوونی دێنە تەماشای.
کەواتە با گیروگرفتی تکنیکی لەسەر رێگای ئەو کارە خێرە پێک نەیەنین و شەڕی ئاست و هاوئاست و شتی وا دەگەڵ یەکتر نەکەین. خەڵک و جەماوەری حیزب داوای یەکریزی تێکۆشەرانی دێموڕاتمان لێدەکەن. با ئەو دەرفەتە بقۆزینەوە. شنەبای ئاڵوگۆڕ و دێموکڕاتیزاسیۆن ڕووی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردەوە و ئێمەش بەشێکین لەو ناوچەیە. بەهاری ئێمەش بەرێوەیە و با خۆی بۆ ئامادەکەین.
ئەو بڕیارەی کۆمیتەی ناوەندی حیزب غونچەیەکە نیشانەی ئەو بەهار و نەورۆزە یە. با هەرکاممان دەست بدەینە خانەتەکانی و بەرەوپیلی ئەو بەهارە بچین. کە بەهار هات هەموو خەڵک خانەتەکانی دەکەن. زۆر پێویستە تێگەیشتنی ئەوەمان هەبێ کە هەموومان پێویستیمان بە خانەتەکانی لە بیر و ئەندیشەی سیاسی و ڕەفتاری سیاسیمان دا هەیە. وەک کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سیاسەت و فەرهەنگی کار و حیزبایەتیمان پێویستی بە خانەتەکانیەکی ئەساسی هەیە.
٥.٠٨.٢٠١٢
{jcomments off}