"an independent online kurdish website

هاتنە مەیدانی هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ، ئاکام و بەرهەمی کۆمەڵێک ئەزمونی ڕابردوون کە دەستاو دەست کراون و جیل بە جیل پارێزراون .kavos_azizi12
کەمتر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی هەیە کە لە نەکاو و لە پڕێک ڕا هاتبێتەوە مەیدان کە زەمینە و ئەزموونی رابردوو زەروورەتی هاتنە مەیدانی ئەو دیاردەیەی ئامادە نەکردبێ . کەوایە ئەزموونی رابردوویە کە زەروورەتی دیاردەی نوێ دەخولقێنێ .

حیزبی دێمۆکراتی کوردستان یەکێک لەو دیاردە کۆمەڵایەتیانەیە کە بەرهەمی ئەزموونی دەیان سال و لە هەمان کات دا دەیان ئەزموونی پێش خۆیەتی کە لە سەردەمێکی هەستیاری دونیا ، ناوچە و کوردستان پیی ناوەتە مەیدانی سیاسی. ئەو حیزبە یەکەم حیزبی مۆدێرنی کوردە کە ئیستاش دوای ٦٧ ساڵ و بە پێوانی هەوراز ونشێوی زۆر ، هەستان و کەوتنی یەکجار زۆر ، توانیویەتی ئەو ئەرکە مێژوویانەی کە بۆی دامەزرێنرابوو ، شانیان وەبەر بدا و سوار چاکی مەیدانی کوردایەتی  بێ .

کاتێک ئەو وەک دیاردەیەکی کۆمەلایەتی هەست بە زەروورەتی هاتنە مەیدانی کرا، کاتێک پیویست بوو بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە شکڵ و شێوەی کلاسیکی خۆی بهێنرێتە دەرەوە ومۆدێرنتر بکرێ ، دونیا تازە خەریک بوو لە شەڕی فاشیزم تەواو دەبوو . پیویست بوو جۆغرافیای سیاسی دەستکاری بکرێ کە کوردستانیش بەشێک لەو جۆغرافیایە بوو . بۆیە کوردیش بە دوای هێنانە مەیدانی دەرەتانی تازە تر بوو بۆ ئەوەی کوردیش لەو ئال و گۆڕانەی کە بە ڕێگاوە بوون ، دوا نەمێنێ .

لەوەها دۆخێک دا بوو کە کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و زانای ئەوکاتی بەشێکی بچووکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە خۆیان لە کۆمەڵەی ژ_ک دا دەبینی یەوە و ٣ ساڵ ئەزموونی کاریان هەبوو ، بە ڕێبەری کەسایەتیی هەرە دیار و خۆشناوی نێو ڕیزەکانی ئەو کۆمەڵەیە واتە پێشەوا قازی محەممەد ، بیر لە پێک هێنانی حیزبێکی مۆدێرنتر و سەردەمیانتر بکەنەوە  تا کوردیش لە کاروانی ئاڵ و گۆڕەکان دوا نەمێنێ .

بۆیە گۆڕینی قەوارەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد بە قەوارەیەکی پێشکەوتووتر بە ناوی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان وەک دیاردەی هەرە تازەی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد پێی نایە مەیدانی کوردایەتی کە تا ئێستاش سەرەڕای هەموو کەند وکۆسپەکانی سەر ڕێگای خەباتی ، نەک لە مەیدان نەچووتە دەر (زۆر حیزبی ناوچە هەبوونکە تەنیا ناویان لە ڵاپەڕەکانی مێژوو دا ماوە ) بگرە سوار چاکی مەیدانە .

ئەو حیزبەی کە یەکەم جار توانی ماف و داخوازی یەکانی پارچەیەکی کوردستان گەڵاڵە بکا و لە چوارچێوەیەکی دێمۆکراتیک و پێشکەوتنخوازانە دا بیخاتە خزمەت نەتەوەکەی . ئەو حیزبەی کە دوای ١٦٠ ڕۆژ توانی ئاواتی هەرە گەورەی کورد لە ویست و داخوازەوە بیکاتە واقیع و کورد لەو بەشە لە کوردستان هەست بە بوونی خۆی بکات . دامەزرانی کۆماری کوردستان ، لە خزمەتە گەورە و پرشنگدارەکانی مێژووی ٦٧ ساڵەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانە و مێژوو تۆماری کردووە . دوای کۆماری کوردستانیش تا ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ ، تاقە حیزبی نەتەوەیی بوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نەیهێشت بۆ یەک لەحزەش ئاڵای خەبات لە شەکانەوە بوەستێ .

لێرە دا دەمەوێ بە کورتی ئیشارە بە هیندێک لە تایبەتمەندییەکانی حیزب بکەم:

خودی ناوی “حیزبی دێمۆکراتی کوردستان”  خۆی دیاردەیەکی نوێ بوو لە فەرهەنگی سیاسیی کورد تا ئەوکاتی . جگەلە ناوی کوردستان ، دەستەواژەی حیزب و دێمۆکرات و دێمۆکراسی  تا ئەوکات لای کورد وبگرە گەلانی ناوچەش زۆر پەیڤی غەریب بوون .

١٦٠ ڕۆژ بۆ دامەزرانی حیزبێک لە کۆمەڵگایەکی سەرکوتکراوی بێ ئەزموونی دەسەڵات داری دا ، مەودایەکی زۆر کورتە کە ئەو حیزبە ببێتەوە حیزبێکی دەسەڵات دار و گەڵاڵە و بەرنامەی دەسەڵاتداری دابڕێژێ . بەڵام ئەو حیزبە و ڕێبەر بلیمەتەکەی ئەو ئەزموونەی کردە واقیعیەتێکی مێژوویی .

ئەزموونێک کە تەنیا نیزیک بە ٥ ساڵ بوونی هەیە (لە دامەزرانی کۆمەڵەی ژ ک لە ١٣٢١ تا دامەزرانی حیزب لە ١٣٢٤ و رووخانی کۆمار ) دەکەوێتە بەر زەبرێکی کەمەر شکێن ، دەسەڵاتەکەی نامێنێ ، پێشەوا  و زۆرینەی ڕێبەرییەکەی  لە دەست دەدات ، تەشکیلاتی لێک هەڵدەتەکێ ، فەزایی دیکتاتۆری و خەفەقان زالە ، بەڵام دیسان ئەو حیزبە و ئەو ئەزموونە ، زۆر زوو لە ڕێگای نەسڵێکی نوێ  و کەم ئەزموونەوە ، زیندوو دەکرێتەوە ، کە نموونەی لە ناوچەی ڕٶژهەڵاتی ناوین دا زۆر کەمە ، حیزبێک ئاوای بە سەر بێت ، بەڵام دیسان هەستێتە سەر پێ .

یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندی یەکانی حیزب ئەوەیە ، لە ڕٶژگارێک دا کە دیکتاتۆڕی تاران دەیگوت : ئێران جەزیرەی ئارامی ناوچەیە ، کۆمەڵێک کادری ڕێبەری و کادر  وپێشمەرگەی فیداکاری ئەو حیزبە دەست بە خەباتی چەکداری دەکەن (خەباتی چەکداری کۆمیتەی شۆڕشگێری حیزب لە ١٩٦٧ و ٦٨  کە بەداخەوە زۆربەیان شەهید بوون) ئەوە یەکەمین خەباتی چەکداری بوو بە دژی حەمە ڕەزاشای پەهلەوی لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی .

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە هەر هەل و مەرجێک دا ئاشتی خواز، و باوەڕی قووڵی بە دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیانە بووە بۆ پرسی ئازادی و دادپەروەری . هەر وەها ئەو حیزبە مێحوەری کۆ کردنەوەی هێزە پێشکەوتنخوازەکانی کورد و ئێران بووە و هەتا ئێستاش هەر سوار چاکی شێلگیری ئەو مەیدانەیە .

هەر کەس کەمێک ئاگاداری مێژووی حیزب بێ  دەبینێ کە ، پێکهاتەی حیزب ، نوێنگەی کۆمەڵگای کوردی بووە . لە هەموو چین وتوێژەکانی ئەو کۆمەڵگایە خۆیان لەو حیزبە دا دیوە و کەس هەستی بەوە نەکردووە کە ئەوە جێگای ئەو نیە . بیری جۆراو جۆر ، توێژی جۆراوجۆر ، زاراوە و ئائینی جۆراوجۆر ، تەنانەت غەیرە کوردیش لەو حیزبە دا هەستی بە بێگانە بوون نەکردووە .

لە گەل ئەوەی کە حیزب لە نیوکۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای ئەوکاتی کوردی دا هەستاوە کە لە ئاستێکی نزمی خوێندەواری دا بووە ، بەڵام دەبینین بە نیسبەت زۆر حیزبی دیکەی کورد و ناوچە ، لە قەوارەی ئەو حیزبە دا زۆرترین نوخبەی کۆمەڵگای کوردی بەرچاو دەکەون. رەنگە موبالیغە نەبێ کە بڵێم ، یەکەمین حیزبی کوردی بووە( دیارە تا ئەوکات ) کە کەسی یەکەمی ئەو حیزبە لە خوێندەوار ترین و خۆشناوترین کەسایەتیی مەکۆی دامەزرانی حیزب بووە  کە پێشەنگایەتیی حیزبی کردووە . یان یەکەمین حیزبی کورد بووە کە کەسی یەکەمی مامۆستایەتیی زانکۆی لە زانستگە هەرە دیارەکانی دونیای ڕۆژئاوا بە جێ هێشتووە و گەراوەتە شاخەکانی نیشتیمان . واتە بە دوور لە دەمارگرژی  دەتوانم بڵێم کە حیزبی دێمۆکرات لە نێو ئەحزابی کوردی دا ڕێبەری بێ هاوتا و کەم هاوتای هەبووە . بۆیە قورسایی ئەو حیزبە وای کردووە کە نوخبەی زۆر لە ڕیزەکانی خۆی دا کۆکاتەوە .

 یەکێکی تر لە تایبەتمەدنییە بەرزەکانی حیزب سەربەخۆیی سیاسی بووە . ئەو حیزبە بە شاهیدی دۆست و دوژمن ، لە دژوارترین ڕۆژەکانی تەمەنی دا سەربەخۆیی سیاسی و بریاردانی خۆی پاراستووە و  ( دیارە ئەم ئیدیعایەم شامیلی دوو مەقتەع لە تەمەنی حیزب نابێ کە ئەوە باسێکی ترە و خۆم لیی دەپارێزم ) هەرگیزا وهەرگیز لە سەر حیسابی پارچەیەک لە پارچەکانی دیکەی کوردستان ، یان حیزبێکی دیکەی کوردی سیاسەتی نەکردووە . بەرژەوەندیی گشتیی کورد وکوردستان لای ئەو حیزبە زۆر گرینگ بوون وخۆشی وەک حیزب نرخی لە پێناو ئەو بەرژەوەندیە دا داوە.

پێک هێنانی کۆدەنگی و یەک گوتاری لە نێو کورد بە گشتی دا یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندیەکانی حیزبە ،نموونەی هەرە بەرزی ئەو ئیدیعایەشم ئەوەیە کە ، ساڵی ١٩٧٧ لە سەر داوای حیزب وبە هیمەتی شەهید دوکتۆر قاسملوو هەوڵی یەک گوتاری و بە چەشنێک بەرەیەکی کوردی درا و لە وڵاتی لوبنان یەکەم کۆبوونەوە کرا کە بەداخەوە ئەوکات بەشێک لە هێزە کوردی یەکان بە هۆی پەیوەندیەکانیانەوە ئەو ئامادەییەیان نەبوو کە کاری بۆ بکەن یان تەنانەت بەشداری بکەن .

دیپلۆماسی یەکێک لەو دیاردانەیە ئەگەر چی لە پێش حیزبی دێمۆکراتیش کورد کردوویەتی ، بەڵام حیزب دیپلۆماسیی وەک بەرژەوەندیی بەرانبەر و هاوتەریب بوونی بەرژەوەندییەکان چاو لێکردووە و بەرەو پێشی بردووە .  ئەگەر بە وردی بروانینە دیپلۆماسیی حیزب دەبینین کە نەک لە گەل ئەفسەرێک یان کاربەدەستێکی پلە خواری دەوڵەتێک دا ، بگرە لە ئاستێکی بەرزتر چۆتە پێش و نموونە زۆرن لەو بوارەدا . یەکەمین حیزبی کودی کە ٣٢ ساڵ پێش ئێستا دەفتەری فەرمی لە وڵاتێکی گرینگی دونیا دا کردەوە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بوو لە فەڕانسە و بە هەوڵ و زانایی دوکتۆر قاسملووی شەهید .

حیزبی دێمۆکرات ئەخلاقی تێکەڵ بە سیاسەت کردووە و سیاسەت و حیزبایەتیی وەک وەسیلەی گەیشتن بە ئامانجەکانی نەتەوەیەک بە کار هێناوە و هەرگیز لە سیاسەت دا پەنای بۆ خەراپەکاری و تەوهین نەبردووە ، غەدرلە خۆی قەبووڵ کردووە ، بەڵام پەنای بۆ ڕێگای ناڕەوا نەبردووە .

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بەرزی حیزب ئەوە بووە و هەیە کە خەسڵەتی پۆڵای هەیە ، دەشکێ ،بەڵام  ناچەمێ . ئەو هەموو زەبرە قورسەی لێکەوتووە ، بەلام چوونکی ڕیبازەکە گرینگ بووە ، دووبارە تەحەمولی کردووە و هەستاوەتە سەرپێ . ئەوەش لە سونەتەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانە .

لە کۆتایی دا پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی کوردستان ، بنەماڵەی سەر بڵیندی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی ، کادر و پێشمەرگە و  ئەندامان و لایەنگرانی حیزب دەکەم بە بۆنەی ٢٥ ی گەلاوێژ ٦٧ مین ساڵی دامەزرانی  حێزبی خۆشەویستی گەلەکەمان .

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی