خۆراوایه‌کی دره‌نگی هاوینی ١٣٦٣ی هه‌تاوی بوو.ده‌نگی بڵیندگۆی مزگه‌وتی ئاوایی که ته‌نیا که‌ره‌سه‌ی پێوه‌ندی گشتی دێ بوو، به‌رز بووه‌وه.
له رێگای بڵیندگۆکه‌وه راگه‌یاندرا که ئه‌م ئیواره‌یه، به‌شی ئیرشادی کۆماری ئیسلامی ئێران فیلمێکی ئاماده‌کردووه و به نیازه پیشانی خه‌ڵکی ئاوایی بدا. له درێژه‌ی بانگه‌وازه‌که‌دا داوا له دانیشتوانی گونده‌که کرابوو: “کاتژمێر ٨ی ئێواره بۆ بینینی ئه‌و فیلمه له گۆڕه‌پانی به‌رده‌م ئاوایی‌دا کۆ ببنه‌وه”.
نه گونده‌که ئه‌وه‌نده گه‌وره بوو که خه‌ڵک بتوانێ خۆی تێدا حه‌شار بدا و به پیری ئه‌و بانگهێشته‌وه نه‌چێ، نه وه‌رزه‌که‌ش ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ پیاو ده‌ڕه‌خساند خۆی له بینینی ئه‌و شانۆسازییه ببوێرێ. وه‌رزی زستان بایه، خه‌ڵک هه‌وڵی ده‌دا به جۆرێک نه‌چێ.له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو گرفتانه‌ش وه‌ک ده‌ڵێن: “چه‌م بێ چه‌قه‌ڵ نابێ”. بۆیه ترس له سیخوڕیش هۆکارێکی‌تری چوونی خه‌ڵک به ده‌نگ ئه‌و بانگه‌وازه‌وه بوو.
پێش له کاتی دیاریکراو، خه‌ڵکی دێ له دوو ریزی جیاکراوه‌دا دانیشتن که ریزێکی بۆ ژنان و منداڵان و ریزی دیکه‌شی بۆ کوڕه جه‌حێڵه‌کان و پیاوان ته‌رخان کرابوو. چوار ده‌وری کۆبوونه‌وه‌که به چه‌کداری رێژیم ده‌وره درابوو.
کاتێک مام مراد ئه‌و دوو ریزه جیا له یه‌که‌ی دیت، رووی کرده خه‌ڵکه‌که و وتی: ” ئه‌رێ ئه‌م خه‌ڵکه بۆ له یه‌ک جوێ ئه‌که‌نه‌وه؟ خۆ دوێنێ به بۆنه‌ی زه‌ماوه‌نی کوڕه‌که‌ی سمه‌بۆره‌وه ره‌شبه‌ڵه‌کمان گێڕا که سه‌ر له به‌ری کوڕ و کچ و گه‌نج و پیری ئه‌م دێیه پێکه‌وه هه‌ڵپه‌ڕین و هیچ شتێکی نه‌شیاویش نه‌قه‌ڵما!”
دوای ئه‌وه‌ی کابرای به‌رپرسیان له قسه‌کانی مام مراد تێگه‌یاند که فارس بوو و کوردی نه‌ده‌زانی، ناوبراو به هه‌ڕه‌شه‌وه رووی کرده مام مراد و باقی خه‌ڵکه‌که و وه‌ڵامی دایه‌وه: “ئه‌مه ده‌ستووری ئیمام خومه‌ینی و یاسا و رێسای کۆماری ئیسلامییه. ئه‌وه‌ی ئێوه له‌و زه‌ماوه‌نه‌دا کردووتانه، که‌فاره‌تی هه‌یه که دوایی سزای له‌سه‌ر داده‌نێین”.
پووره ئه‌خته‌ریش به بێ ئه‌وه‌ی بزانێ، پاسداره‌که چ ده‌ڵێ، هاته قسه و وتی: “به خوڵا، ئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا خوومان پێوه‌گرتووه، به که‌س نایگۆڕین و هه‌ر شایی و ره‌شبه‌ڵه‌کی خۆشمان ده‌که‌ین”.
پاسدار جه‌عفه‌ری زیاتر ده‌هری و تووڕه بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌ستی راده‌وه‌شاند له خه‌ڵکه‌که، به ده‌نگی به‌رزیش بۆ دوایین جار به ئاماژه به چه‌کداره‌کانی چوارده‌وری، رایگه‌یاند: ” هه‌ر که‌س په‌یڕه‌وی له فه‌رمانه‌کانی کۆماری ئیسلامی نه‌کا، به توندترین شێوه سزا ده‌درێ”.
ئاکۆ ویستی له به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌کانی جه‌عفه‌ریدا قسه بکا، خاڵۆ ناوخاس نه‌یهێشت. باقی خه‌ڵکه‌که‌ش بێده‌نگ بوون و چاوه‌ڕوانی پاشماوه‌ی شانۆسازییه‌که مانه‌وه.
به‌ر له‌وه‌ی فیلمه‌که پیشان بدرێ، کابرایه‌کی ریشداری چڵکن به ناوی خه‌ڕازی له به‌رده‌م خه‌ڵکه‌که‌دا ده‌رکه‌وت و دوای هه‌ندێ ورده قسه‌ی سواو و دووپات کراوه له‌سه‌ر خومه‌ینی و رێژیمه‌که‌ی، هاته سه‌ر فیلمه‌که و وتی: “ئه‌م فیلمه له‌لایه‌ن چه‌ند گه‌نجی به‌سیجی پێڕه‌وه‌ی هێڵی ئیمامه‌وه، ئاماده کراوه. دواتر به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ئیرشاد پاش پێداچوونه‌وه، په‌سندیان کردووه. بۆیه هیوادارم به وردی و به حه‌وسه‌له‌وه بیبینن و دواتر بۆ خه‌ڵکی دیکه‌ی باس بکه‌ن.”
سرت و خورت که‌وته نێو خه‌ڵکه‌که. به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه دیسان داوای بێده‌نگی کرد. پاشان فیلمه‌که ده‌ستی پێ‌کرد:
شوێن به‌ر ده‌رکی مزگه‌وتێکی پیشان ده‌دا. خه‌ڵک به ریز وه‌ستا بوون و چه‌پڵه‌یان بۆ ره‌وه‌پاسدارێک لێده‌دا که تازه له‌شه‌ڕ گه‌ڕابوونه‌وه. یه‌کێک له پاسداره‌کان (له فیلمه‌که‌دا) رووی کرده خه‌ڵکی ئاماده‌بووی به‌ر مزگه‌وت و به زمانی فارسی هاته قسه: “ئێمه سه‌ربازانی ئیمامی زه‌مان و جێگری باوه‌ڕپێکراوی ئه‌و واته (ئیمام خومه‌ینی)، هه‌تا فیتنه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه بمێنێ، دژی ده‌جه‌نگین. ئێمه دژی فه‌ساد و بێ‌عه‌داڵه‌تی له گشت دنیا خه‌بات ده‌که‌ین. هه‌تا دژی شۆڕشێک له‌م وڵاته بمێنێ، بۆ ساتێکیش له تێکۆشان ناوه‌ستین”.
که قسه‌کانی پاسداره‌که ته‌واو بوو، چاوی کامێرای فیلمه‌که چووه سه‌ر دیمه‌نێکی دیکه.له‌و گرته‌یه‌دا دیسان پاسدار و به‌سیجی پیشان ده‌دا که خه‌ریکی دابه‌ش کردنی خۆراک و دا‌و و ده‌رمان بوون به خه‌ڵکی گوندێک.
میم خورشه به کوردییه‌کی خۆماڵیانه له‌سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ی فیلمه‌که هاته قسه و وتی: “باشه ئه‌گه‌ر ئه‌مه راست بێ، ئه‌ی بۆ ئه‌و گشت نه‌خۆشه که له‌م گونده دان، هیچ لایه‌کیان لێ ناکرێته‌وه؟ ئه‌ی خۆ پار له‌و قات و قڕه‌یه‌ی که رووی دا، جگه له خۆمان که‌س به هانامانه‌وه نه‌هات! به خوا باوکم ئه‌مه درۆیه و هیچ فڕی به راستییه‌وه نییه”.
ژنێکی چه‌کداری رێژیم که له نزیک میم خورشه‌وه به چه‌که‌وه وه‌ستابوو، به ئاماژه‌ی ده‌ست و تێکه‌ڵ به هه‌ڕه‌شه داوای بێ‌ده‌نگیی کرد. میم خورشه‌ش دوای لچ هه‌ڵقورتانێک وای نیشان دا که بێده‌نگ ده‌بێ.
ئه‌م به‌شه‌ش ته‌واو بوو. کامێرا له گرته‌یه‌کیتردا کۆمڵه خه‌ڵکێکی چه‌کداری پیشان ده‌دا که وادیار بوو بۆ پیشاندانی رۆڵی پێشمه‌رگه له روانگه‌ی رێژیمه‌وه ئاماده‌کرابوو. ئه‌و کۆمه‌ڵه چه‌کداره به جلی کوردییه‌وه رژانه ناو گوندێک و به شه‌پ و تێهه‌ڵدان که‌وتنه وێزه‌ی خه‌ڵک و به زۆر داوای نان و پێخۆریان ده‌کرد. مه‌به‌ستی ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌که لێره‌دا ئه‌وه بوو که بڵێ: “پێشمه‌رگه ئاوا له‌گه‌ڵ خه‌ڵک ده‌جووڵێته‌وه”.
خاڵۆ ئه‌ڵڵاوه‌یس به دیتنی ئه‌و دیمه‌نه، به جۆرێک ده‌نگی ببیسرێ و ره‌نگی نه‌بیندرێ هاته گۆ و وتی: “وه‌ڵڵا برا پێشمه‌رگه‌کان ئه‌مجاره وه‌ک پاسداره‌کان ره‌فتار ئه‌که‌ن!”
به‌رپرسی پیشاندانی فیلم، فیلمه‌که‌ی راگرت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی داوای بێده‌نگی له خه‌ڵک کرد، وتیشی: “بزانن دژی شۆڕش چۆن هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن! باش ته‌فرنج بده‌نه ناوه‌رۆکی فیلمه‌که. ئه‌وه دام و ده‌زگاکانی حکوومه‌ت بوون، خواردن و ده‌رمانیان به خه‌ڵکی ده‌دا، ئه‌وه‌ش دژی شۆڕش بوون، که چلۆن له‌گه‌ڵ خه‌ڵک ده‌جووڵانه‌وه”.
دوای دووپات کردنه‌وه‌ی رسته‌ی”بێده‌نگ بن”، درێژه‌ی دا به پیشاندانی فیلمه‌که. دیمه‌نی ئه‌مجاره، کۆمه‌ڵێک پێشمه‌رگه بوون که بۆسه‌یان بۆ دوژمن دانابوو. به هاتنی ستوونێک چه‌کدار که وا پیشان ده‌درا بۆ به‌ره‌کانی شه‌ڕ دژی هێزه‌کانی سه‌ددام حوسه‌ین ده‌چوون، پێشمه‌رگه‌کان ده‌ستڕێژیان لێ کردن و کاروانه‌که‌یان پرش و بڵاو کرد. رێژیم به پیشاندانی ئه‌و گرته‌یه، ده‌یویست به خه‌ڵک بڵێ: “هێزی پێشمه‌رگه یارمه‌تی سه‌ددام و رێژیمه‌که‌ی ده‌دا”.
به‌و حاڵه‌ش خه‌ڵکی بینه‌ری فیلمه‌که کاتێک دیتیان پێشمه‌رگه هێرشی کرده سه‌ر کاروانی چه‌کداره‌کانی رێژیم، ده‌ستیان کرد به چه‌پڵه‌لێدان و فیتووکێشان. به چه‌شنێک به‌ڕێوه‌به‌ر، فیلمه‌که‌ی به نیوه‌چڵی راگرت. ئینجا به ئاماژه‌ی پاسدار خه‌ڕازی، یاساوڵه‌کانی چوارده‌وری خه‌ڵکه‌که، به قۆنداخه تفه‌نگ که‌وتنه گیانی خه‌ڵک و ئه‌و شانۆیه‌یان به کرده‌وه ئه‌نجام دا که له فیلمه‌که‌دا وه‌ک رۆڵ دابوویان به پێشمه‌رگه.
دوای لێدان و کوتانێکی زۆر، خه‌ڵکه‌که به سه‌ر و گوێلاکی خوێناوی، به‌ڵام به دڵێکی خۆش و پڕ له هیوا گه‌ڕانه‌وه ماڵه‌کانی خۆیان. ئه‌و شه‌وه وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌موان وا مه‌زه‌نده‌یان ده‌کرد که رۆژی دوایی تووشی لێپرسینه‌وه و لێدان و بێ‌حورمه‌تی دیکه‌ش ببن، که‌چی زۆر شادمان بوون. چونکه توانی بوویان پێش به‌و شانۆیه بگرن که رێژیم دژی پێشمه‌رگه و شۆڕشه ره‌واکه‌یان سازی کردبوو.
نه‌قه‌ڵما، نه‌قه‌وما
{jcomments off}