بە بۆنەی هاتنی جێژنی پیرۆزی قوربان پڕ بەدڵ پیرۆز بایی لە گەلی کورد بەگشتی و رۆژ هەڵاتی کوردستان بەتایبەتی و گشت موسوڵمانانی جیهان دە کەم و هیوادارم ئەم یادە پیرۆزە ببێتە هەوێنی خۆڕاگری و لە خۆ بردویی گەلەکەمان تا سەر کەوتنی یەکجاری.
گەلێ بەشەڕەفی کورد : پێم خۆشە لەو بۆنە پیرۆزەدا زۆر بەکورتی خەباتی رەوای گەلەکەمان بەپێوەری ئایینی هەڵسەنگێنم و بۆ گەلی کوردو گەلانیتری ڕونکەمەوە کە پڕوپاگەندەی دوژمنانی کوردو بەکرێگیراوانیان سە بارەت بە دژە ئیسلامی بونی خەباتی ڕەوای گەلی کورد کردویانە و دەیکەن فڕی بەڕاستیەوە نیە ، ئەو خەباتە ڕاست بە پێچەوانەی ئەو بۆ چونە ناڕاستەی ئەوان بەجێهێنانی ئەرکێکی پیرۆزی ئایینیەو لە ڕاستای فەرمانەکانی قورعانە. ئەو تەبلیغاتەی ئەوان فریودان و خۆڵ لە چاو کردن و بە لاڕیدابردن و کڵاو لەسەر نانی موسوڵمانانە.
هەر وەک دەزانن چ لە ناو ئیمانداران دا و چ ئەوانیتر پیاوانێک هەڵدە کەون کە دەبنە سەرمەشق وئۆلگو بۆ ژیانی نەوەکانی دوای خۆیان . ئیبڕاهیم یەکێکە لە وانە کە خوای مەزن ئەرکی پێغەمبەرایەتی پێ ئەسپاردوە، کردەوەی ئەوتۆی ئەنجام داون کە بونە دەرسی ئازایەتیو خۆڕاگری و نەترسی ، یەکێک بوە لەو پێغە مبەرانە کە هەرسێک ئایینی : یەهودیەت ، مەسیحیەت و ئیسلام ڕێزیان بۆی هەیە، کەسێکە بەردەوام ناوی دەگەڵ ڕێزو حورمەت هێندراوە. کەسێک بوە لە ڕێگای برواکەیدا خۆی لە قەرەی گەورەترین و بەژانترین مەترسی داوە، ژیانی پڕە لە دەرسی خۆ بەختکردن و قوربانیدان پلەو پایەی ئەوەندە بەرزبوە کە بە باوکی پێغە مبەران ناودێر کراوە، دینە کەی سەر چاوەی هەمو دینەکان بوە هەمو پێغە مبەران بە پێڕەوانی ئەو ناوبراون، هێندێکیش لایان وایە لە تۆرە مەی کوردە و قوربانیدانی کوردانیش لە وڕا بەمیرات بە وان بڕاوە.
ئیبڕاهیم بوت شکێن بوەودژی هەر چەشنە خوڕافاتێک قورسو قایم ڕاوەستاوە. نامەوێو ناشکرێی وەک پێویست چونیەتی ژیانی شیکە مەوە ، بەڵام بە کورتی سرنجێک دە دەینە هێندێک لە تایبەتمەندیەکانی وەک:
{١} خاوەنی دڵێکی گەورە ، نمونەیەکی بەرزی پاکی و سەداقەت کە خاوەنی ئەم دڵە بە هەمو ئاکارێکی چاک دەڕازێنێتەوە.
{٢} ژیانی ئیبڕاهیم دەرسە بۆ ئازایەتی، خۆ بەختکردن لە ڕێگای باوەڕو ئەقیدە دا،ڕاوەستانە لە بەرانبەر هەمو کۆسپو تەگەرەوبەر هەڵستکاریەکدا.
{٣} ئامادە بونە بۆ ئەنجامی قورسترین کردەوە کە سەر بڕێنی جگەر گۆشەیەتی و لەو بوارەدا توشی چوکترین ترسو دڵە خورپە ونیگەرانیەک نەهاوە.
{٤} قارەمانەتی و خۆڕاگری شێرە ژنێک لە بەرانبەر فەرمانێکی خواییدا کە بە مێردەکەی دەڵێی: بڕۆ بە جێهێنانی فەرمانی خوا زۆر لە سۆزو عاتیفەی دایکایەتی بەرزترو پێویست ترە.
{٥} لە خۆبردویی گەنجێک کە هەزاران ئاواتو ئارەزوی لە دڵدا بۆ ژیانی هەیە ،چۆن بە باوکی دەڵێی: بابە ئەمری خوا بە جێبێنە ، لەو کاتە دا چاو لە ڕوم مەکە ، مەبادا سۆزی باوکانە بتگرێی و دەستت بلەرزێی و فەرمانەکەت بۆ ئەنجام نەدرێی و دەڵێی: بابە فەرمانی خوا بەڕیوە بەرە ، بەهیوای خوا منیش خۆم ڕادەگرم.
بەڕاستی قەڵەم لە نوسینی ئەو ڕوداوە سەر سوڕ هێنەرە داماوە وزمان لە دەر بڕێنی ڕاوەستاوە، ئیمان و بڕواو نەترسی و خۆڕاگری ئەو دایک و باوک و کوڕە دەبێ بکرێنە سەر مەشقی ژیانی مرۆفەکان و گەلانی چەوساوەی دنیاش دەرسی لێوەر گرن . بە هۆی ئەوە گەڵی کورد لە خەباتو قوربانیدان دا بەر دەوامە ، کورد بونی ئیبڕاهیم زۆر دەگەڵ راستی دە یخوێنێتەوە.
ئەگەر بەبێ دەمار گرژی و دور لە غەرەزو مەرەز بەسەر هاتی ئیبڕاهیم و هاجەرە و ئیسماعیل لێکدەینەوە و ڕاستگۆیانە هەڵی سەنگێنین دەتوانین زۆر بەڕاشکاوانە خە باتی نەتەوەی کورد بۆ وەدیهێنانە وەی مافێکی رەوای زەوتکراوی ئینسانی و لە خۆبردویی دایکان و باوکان و ڕۆڵە کوردەکانیان بەوان بشبێنین وێکچونێکی تەواویان هەیە
ئەگەر ئیبڕاهیم خوا لە خەودا فەرمانی پێداوە ، ئێمەی موسوڵمانیش دەیان ئایەتی قورعانیمان لە بەر دەستدایە کە خوا ئەمر دەکا بەرگری لامافی ڕەوای خۆمان بکەین و لە بەرانبەر زوڵم دا سەر دانەنەوێنین وبەرەنگاری زاڵمان ببینەوە. ئاخر داگیر کردنی مافەکانی ئینسانی و نەتەوەیی خوا پێداوی گەلێک ، داخوا زوڵم نیە؟؟
ئەگەر هاجەرە بەمێردەکەی کوتوە فەرمانی خوا لە سۆزی دایک و باب بەرزترە ، دایکی ڕۆڵە کوردیش دەڵیی: زیدو نیشتمان و ئازادی نیعمەتی خوان و پاراستنیان ئەرکی سەر شانە و بڕۆ ڕۆڵە ئازادیان کە ، بیان پارێزە شیری ئەو مەمکانەت لێی حەڵاڵ بێ و خوا ئاگادارت بێ.
ئەگەر ئیسماعیل مل بۆ کێردی باوکی ڕادەکێشێ و لە بەرانبەردا خۆی تەسلیمی فەرمانی خوا دەکاو هانی باوکی دەدا بۆ ئەوەی نەکا ترس ڕێگە بدا بەخۆی و توشی دو دڵی بێ و نە توانێ مەعموریەتەکەی بە ڕێوە بەرێی، کورە کوردیش ئامادەیە گیانی لە پێناو مافی داگیر کراوی بابو باپیرانیدا بەخت بکا.
بەڕێزان ؛ من ناڵێم ئێمە ش پێغە مبە رین ، بەڵام بەدڵنیایەوە دەڵێم : درێژە دەری ڕێگای ئەوانین، ئەوان چۆن بەرەنگاری دوژمنان بونەوە و بەرگریان لەو مافە کردوە کە خوا پێیداون لە بەرانبەر زاڵم و زۆرداراندا ڕاوەستاون ئێمە ش دەبێ بەو ڕێبازە دا هەنگاو بنێین ئەگینا گوناحبارین.
زوڵم لە ڕوانگەی قورعانەوە قێزەون ترین دیاردەی سەر زەویە، سەر چاوە ی هەمو خەتاو ناعەداڵەتیە کانە ، بەرەنگار بونەوەی گرینگترین و سەرەکی ترین ئەرکی مرۆی خاوەن باوەڕو ئیمانە . لە دینیای ئەمڕۆو دوێنێشدا گەلێ کورد مەزڵومترین نەتەوەی سەر جیهانە . ئەگەر گەلانی چەوساوەی دنیا دەگەل گەلێکی سەر دەست یان دە سەڵاتێک بەرەو ڕون ، ئێمەی کورد سێی نەتەوەی دەسەڵاتداری فاشیست بەسەرمان دا زاڵە ، لە چوار لاوە گەمارۆ دراوین و چوار دەسە ڵاتی ڕەشی ئەم دنیایە دەمان چەوسێننە وەو هیچ چەشنە مافێکمان پێڕەوا نابینن و بڕیاری لە ناوبردنیان داوین و زل هێزانی دنیاش بۆ بەرژەوەندی خۆیان چاویان قوچاندوەو یارمەتیشیان دە دەن و مامەڵە ی بەگیان و سەرو ماڵمانەوە دەکەن .
بەڕێزان بابەتە کە زۆر هەڵدەگرێی ، قور بانیش هەر سەربڕینی مەرو پاتاڵو گۆشت خواردن نیە ، روداوێکی مێژویی ئایینیە و بۆیە دەبێ دەرسی زۆری لێوەر بگیرێی و دەگەڵ ژیانی گەلانی ژێر دەستەش دەیخوێنێتەوە.
لە دوایین وتەم دا داوم لە سەر جەم گەلە کە مان و بەتایبەتی لە ڕۆژ هەڵاتی کوردستان ڕۆناکبیر و زانایانی ئەوەیە فرو فێڵی دوژمن فریویان نەداو ، خۆفرۆشان نەیان کەنە کالای دوکانە کانیان و هەرزان فرۆشیان بکەن. ڕاستە ڕێی بگرن و لە ئەقڵ و مەنتیق لانەدەن و واز لە مافی ڕەواو شەرعی خۆیان نە هێنن و دڵنیا بن هەق سەر دەکە وێی. {الحق یعلو ولا یعلی علیە} دڵنیابن سەبرو خۆڕاگری بەرو بویەکەی سەر کەوتنە.
دوبارە جێژنتان پێرۆز حەجی حاجیان قبول.
براتان مەلا برایم مەجید پور
٩ی زیحەجەی ١٤٣٣ بەرانبەر ی ٢٥ / ١٠ /٢٠١٢ هولەند.
{jcomments off}