"an independent online kurdish website

وێڕای پیرۆزبایی جێژنی قوربان لە هەموو هاوڕێیانی موسوڵمان و موسوڵمانان بەگشتی، نایشارمەوە کە هەمیشە ڕەخنەم لە سەربرینی بەکۆی ئاژەڵان هەبووە لەم ڕۆژەدا. ئەم سەربڕینە دەڵێن لەوە سەرچاوەی گرتووە کە خودای مەزن،surkew_zaki

پێغەمبەر ئیبڕاهیم،ی (د.خ) ڕاسپاردوە کە لەجیاتی قوربانییکردنی کوڕەکەی، بەران یان ئاژەڵێک سەرببڕێ و لەڕێگەی خودا دا بیکات بە قوربانی.

ئاشکرایە کە گێڕانەوەی ئەم مێژووە لە ڕووانگەی هەرسێک ئایینی یەکتا پەرستییەوە (ئیسلام، جوولەکە و مەسیحییەت) زۆر جیاوازە و من ناچمە سەر ئەم باسە کە ڕاستیی ئەم ڕووداوە چۆنە و کێ ڕاست دەکات، بەڵام لەوەدا هیچ گومانم نییە کە ئەگەر ڕاستیێک لەم ڕووداوەدا هەبێت، ئەوە تەنیا یەکێک لەم سێیە ڕاست دەکەن و ناکرێ سێ گێڕانەوەی جیاواز لە یەک ڕووداوی هاوکات ڕاست بن، بەڵام دەکرێ بگوترێ مادام سێ ئایین لە سەر ئەمە کۆکن کە شتێکی لەمشێوەیە لەمێژوودا ڕوویداوە، ئەمە ڕووداوێکی گرینگ بووە لە مێژوودا و بێئامانج و بێسەرچاوە نییە.

بێگومان لەگەڵ ئەوەیدا کە ڕەخنە لە نەریتێکی کۆنی ئایینی لە ڕووانگەی بەشێکی زۆر لە مسوڵمانان بڤەیە و بە “بیدعەت”  و زۆر کەسیش بە “کوفر” ناوی دەبەن، پێموایە هیچ نەریتێک نە لە ئایین و نە لە هیچ دیاردەیەکیتر “موتڵەق” نییە و ئەگەر هەڵبژاردەی جوانتر بۆ نەریتێک بوونی هەبێت، پێویستە ئەم ئایینە یان زانایانی ئەم ئایینە جورئەتی ئەوەیان هەبێت کە داوای گۆڕینی نەریتەکە بۆ شێوازێکی جوانتر بکەن و لەم ڕێیەوە خزمەت بە خۆیان و و ژینگە و ئایینەکەیان بکەن.

بەر لە ئاماژە بە پێشنیاری خۆم بۆ گۆڕینی ئەم نەریتە،ڕووداوێک بەکورتی دەگێڕمەوە کە دەکرێ سەرچاوە یان بیرۆکەی پێشنیارەکە بێت. دیارە بەشێکی زۆر لەوانەیکە بنەماڵەی ئێمە دەناسن، دەزانن کە باوک و باپیرانی ئێمە بەتایبەت لە ڕابردوودا بنەماڵەیەکی ئایینی بووینە، بەڵام نەوەک  هەر باوەڕمان بە خورافات نەبووە، تەنانەت بەردەوام لە کۆمەڵگەدا بەربەرەکانی دوو دیاردەی خورافات و زۆردارییمان وەک دوو فاکتەری چەوسانەوە کردوە و بۆ ئەوەی لێرەدا خۆ مەترەحکردن لەئارادا نەبێ، زۆرتر باسی ئەم بەشە ناکەم و ئەمە تەنیا پێوەندی بە چۆنییەتی بیرکردنەوەی بنەماڵەیەکی ئایینی کوردستانەوە هەبوو.

با دوور نەکەومەوە، ڕووداوەکە پێوەندی هەیە بە ٤٣ ساڵ لەمەوبەر، کاتێک مەلاژنە خەجی هاوسەری مەلا عوسمانی زەکی (کە ئێمە بە نەنکە خەج ناومان دەبرد و ٢٠ ساڵێک لەمەوبەر کۆچی دوایی کردوە) و خۆی لەبوواری فیکرییەوە پەروەردەی بیری دژە خورافات و دژە چەوسانەوەی مەلا عوسمانی زەکی بووە کە ئەویش لە سەردەمی ئاغا و ڕەعیەتدا، واز لە مەلایەتیی دێنێ و هەموو ژیانی خۆی بۆ بەرگری لە هەژاران و بەربەرەکانی کۆنەبەگ و دەسەڵاتدارانی چەوسێنەری سەردەمی خۆی لە موکریان و بەتایبەتی لەناوچەی پیرانشار تەرخان دەکات، لە سەروبەندی جەژنی قوربان دا (نەنکە خەج) دەزانێ کە ژنی یەکێک لە ماڵە هەژارەکانی گوند مناڵی بووە بەڵام ژنەکە لەلایەک هیچ شیرێکی لە مەمکان دا نییە کە بیداتە مناڵەکەی و لەلایەکیتر بەهۆی دەستکورتییەوە ناتوانێ شیر بۆ مناڵەکەی دابین بکات. کە نەنکە خەج  بەمە دەزانێ، سەرەڕای ئەوەیکە خۆیان دارایی و ماڵێکی ئەوتۆیان نابێ، خێرا بە مناڵەکانی دەڵێ، لەجیاتی قوربانیکردنی ئاژەڵێک بۆ جێژنی قوربان، بچوون ئەو مانگایەی تازە زاوە و شیری چاکی هەیە، بیدەن بەم ماڵە هەژارە با هەم خۆیان ژیانیان باشتر بێت و هەم ژن و مناڵەکەشیان لەو هەلومەرجە نالەبارە دەربازبن.

ئەمەیە قوربانیکردنی ڕاستەقیەنە! ئەمە دەتوانێ نموونەیەکی زۆر جوان بێت کە لە ڕۆژی جێژنی قورباندا لەجیاتی سەربڕینی سەدان هەزار و لەوانەیە بە ملوێنان ئاژەڵ لە لایەن مسوڵمانانەوە، ئەم ئاژەڵانە بدرێن یان بکڕێن وبدرێن بە خەڵک و بنەماڵە هەژارەکان کە هەم لەلایەک لە دروستکردنی ئەم ئاستە بەرزە لە گازی کەربۆن کە لە ڕوانگەی زانستییەوە لە سەربڕینی ئاژەڵان و کوشتنیان دێتە ئاراوە و خراپترین و زیانبارترین جۆری ماددەی کاربۆنە ڕزگاریمان دەبێ، هەم لەلایەکیتر کوشتاری بەکۆمەڵی ئاژەڵان بەهۆی ڕووداوێکی کۆنی مێژووییەوە ڕادەگرین، و لەجیاتی ئەمە، یارمەتییەکی باشی هەژارانیشمان داوە کە ئەمە بۆ هەژاران زۆر سوودمەندترە هەتا ئەوەیکە دوو کیلۆ گۆشتی قوربانییان پێبدرێ کە زیاتر لە جەمێک نانخواردن، هیچ کاریگەریەکیتری لە ژیانی ئەوانیشدا نابێت.

کەوایە با لە ڕۆژی جێژنی قورباندا، لەجیاتی سەربڕینی ئاژەڵان، دەست بۆ باخەڵەکانمان بەرین و پووڵەکانمان بکەین بە قوربانی و لەڕێی کڕینی ئاژەڵان یان کۆکردنەوە و پێدانی پووڵی نەخت بە هەژاران، وەک چۆن ئیبڕاهیم لە سەردەمی خۆیدا بە قوربانیکردنی ئاژەڵ لەجیاتی مناڵەکەی، خەڵکەکەی خۆی فێری نەریت گۆڕین کرد و ئەم خەڵکە وازیان لە سەربڕینی مناڵەکانیان هێنا بۆ خوداکان، ئێمەش لە سەردەمی خۆماندا جارێکیتر بە خۆمان و نەریتەکانماندا بچینەوە و ئەم نەریتە کۆنە بۆ نەریتێکی مرۆڤانەتر و جوانتر بگۆڕین، هەروەک نەنکە خەج/مەلاژنە خەجی هاوسەری مەلاعوسمانی زەکی، وەک نموونە ئەمەی  لە ژیانی خۆیدا کرد.

دووبارش جەژنتان پیرۆز!

٠٥/٠٨/١٣٧٩

٢٦/١٠/٢٠١٢

سوید

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی