"an independent online kurdish website

شەوی دووشەممە ڕێکەوتی ٥ی مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٢ تەلەفزیۆنی “ئاسۆسات” بەرنامەیەکی هەیە بە ناوی “ئالبوم”. لەم بەرنامەیەدا هەر جارێک هونەرمەند یان شاعیر یان کەسایەتێک بانگهێشت دەکەن بۆ ئەو بەرنامەیەhamid-teymuri_dr_nebi-fetahi-0

و باسی ژیانی هونەری ئەو هونەرمەندە یان شاعیرە دەکەن و بە نێو ژیانی ئەو کەسایەتیە دا جەولەیەک دەکەن و لە لا شاراوەکانی ئەو کەسانە دەکۆڵنەوەو دەیخەنە بەر دەستی بیسەران و بینەران. بەڕێوەبەری ئەم بەرنامەیە کاک هیوا زەکەریاییە و ئەم جارە بەڕێز دوکتور نەبی فەتاحی بۆ ئەم بەرنامەیە بانگهێشت کردبوو. هەر چەند بە تەلەفونی پێوەندیان بە منەوە کرد کە باسی ژیانی دوکتور نەبی لە ئۆردوگای “الطاش”ی ڕۆمادیە باس بکەم بەڵام بە نیوەچڵی باسەکە تەواو بوو، ئەوەی کە دەبێ بووترێ ناتەواو بوو. جا ئەمەی خوارەوە تەواوکەری ئەو پێوەندی تەلەفونیەیە کە دەیخەمە بەردەستی خوێنەرانی ئازیز…

ناسیاری ئێمە دەگەرێتەوە بۆ ئۆردوگای الطاش لە ڕۆمادیە. ئۆردوگایەک کە بێبەش بوو لە هەموو کەرەستەیەک کە بۆ مرۆڤایەتی بژی. نزیکەی ٤٥ تاکوو ٥٠ هەزار کەس لەو ئۆردوگایە دەژیا. دەوری ئۆردوگا بە تەل و سیمی خاردار تەنرابوو. بۆ هەموو ئەو خەڵکە تەنیا دەرمانگایەکیان دانا بوو سەرەتاکان کە ئەویش تاکوو نزیکەی کاتژمێر ١٢ کاریان دەکرد، لەو دەرمانگایە پەرەستارێک و دوکتۆرێک کاریان دەکرد. تەنیا شتێک کە دەیان کرد ئەویش ئەو حەبە سپیانە بوو کە لە کیسەیان دانابوو لە بەری دەستیان. هەر کەسە باسی نەخۆشی دەکرد ئەوان دەستیان دەکردە کیسەکە و گوێلاکێ حەبیان دەکردە نێو کاغەزێک کە بۆ خۆیان هەڵیان دەپێچاو و نەخۆشیان بەو جۆرە بەڕی دەکرد. هەڵبەتە بۆ خۆم سەرەتاکان ماوەیەک بە خۆڕای کاری وەرگێڕانم دەکرد لەو دەرمانگایەدا.

دوکتور نەبی لە ساڵانی ١٩٨٥ لە ئۆردوگا دەستی دایە کار وخزمەت کردن و فریای زۆر خەڵک کەوت و زۆر کەسی لە مردن رزگار کرد. تاکو وەهای لێهات کە مەتبێکی چکۆلەی کردەوەو زۆرینەی ئەو خەڵکە کە نەخۆش دەکەوتن ڕوویان لەو دەرمانگایە دەکرد. ئەوە بوو مخابرات کە بەو کارەیان زانی هاتن ئەو دەرمانگایانە پێچایەوەو ماوەیەکیش دوکتور نەبیان لە بەندیخانە هاوێشت. پاش ماوەیەک دوو بارە دوکتور نەبی گەڕایەوە ئۆردوگا و دەستی دایەوە خزمەت کردن لە بواری تەندروستی و فریای خەڵک کەوت. ئەوەش لەبیرم نەچێ کە من ئەو کات لە دەواخانە یان لە صیدلیە الرمادی کارم دەکرد زۆرینەی ئەو نوسخانەی کە دوکتور نەبی دەینووسین بۆ لای منیان دەهێناو منیش دەواکانم بۆیان سەرف دەکرد.

دوکتور نەبی کەسێک بوو کە چەند جار تووشی کێشە هات لەو ئۆردوگایە بە هۆی ئەو خزمەتەی کە بە ئەو خەڵکەی دەکرد. هەرچەند خەڵک پیێان ناخۆش بوو بەڵام خەڵکێکی دەست بەسەر و ئۆردوگانشین ئەویش لە خواروی عێراق چی لە دەست دەهات.

hamid-teymuri_dr_nebi-fetahi-rumadi

دوکتور نەبی کەسێک بوو کە باسم کرد زۆر نەخۆشی لە مردن رزگار کرد هەر لە مناڵەوە بگرە تاکوو لاو و ژن و پیاوی پەک کەوتە. کەسێک بوو بە دڵەوە دەیویست خزمەت و بەو خەڵکە هەژارە بکا کە کردیشی، کەسێک بوو کە ڕۆژێک لە ڕۆژان خۆی لە هیچ کەس قەڵس نەکردووە و ئەوەی لە دەست بایا بۆ نەخۆشی دەیکرد. کەسێک بوو کە ڕۆژ و شەو بەلایەوە گرنگ نەبوو، هەر کاتێک خەلك دەچوون بۆ لای لە نیوە شەو بایا و دەمەو بەیان بە ڕووییەکی خۆشەوە پێشوازی لە نەخۆش دەکرد. بە پێی توانا یارمەتی دەداو دەوای بۆ دەنووسین. کەسێک بوو کە لە دڵەوە هەستی بە هەژاری و لێقۆماوی ئەو خەڵکە کردبوو هەر بۆیە گوێی نەدەدا بە هەڕەشەی مخابرات و ئیستخباراتی نێو ئۆردوگا کە دەیگرن و لە بەندیخانەی دەکەن. بەندیخانەی بۆ گرنگ نەدەبوو کە نەخۆشی ڕووی تێ کردبا و یارمەتی دانی بە ئەرکی سەر شانی خۆی دەزانی. سەرەڕای ئەوەش چەند جارێک گرتیان و تەنانەت بۆ شاری سەماوەش دووریان خستەوە، بەڵام ئەم لە کارەکانی خۆی و یارمەتی بە نەخۆشان دریغی نەدەکرد. تەنیا شتێک کە دوکتور نەبی هەیبوو بۆ یارمەتی دانی نەخۆشان لەو کەمپە بە پێچەوانەی دوکتورەکانی تری کە هەموو کەرەسەی پزشکیان لە بەردەستدا بوو، قەڵەمێک و دەفتەرێک و ستێتسکوپێک کە مەعاینەی نەخۆشی پێی دەکرد.

کەسێک بوو کە خۆی لەو خەڵکە جیا نەدەکردەوە، چوونکە زۆر کەسان هاتنە ئەو ئۆردوگایە و ئەو خەڵکەیان بە نەزان و نەخوێندەوار و تەنانەت بە عشایریان دەزانی. یان لەگەڵ ئەو خەڵکەدا خۆیانیان تێکەڵ نەدەکرد، بەڵام دوکتور نەبی کەسێک بوو کە لەگەڵ خەڵکەکەدا تێکەڵ ببوو، خۆی بە کوڕی ئەو خەڵکە دەزانی، هەر بۆیە خەڵکی ئۆردوگای ڕۆمادیە ڕێزێکی زۆر و تایبەتیان لێی دەگرت و هەردەم تامەزرۆی بینینیان دەکرد. دوکتور نەبی کەسێک بوو بەڕاستی جیاوازی نەدەخستە نێوان ئەو خەڵکەوە کە چ بیروباوەڕێکیان هەیە، یارمەتی دانی نەخۆشانی بەلاوە گرنگ بوو نە بیروبۆچوونی جیاواز. ناوبراو کەسێک بوو کە کوردایەتی زۆر بەلاوە گرنگ بوو، کەسێک بوو کە شانازی بەوە دەکرد کە یارمەتی کورد دەکاو ئەو ئۆردوگایەش کورد بوون. هەر بۆیە ئیستاشی لەگەڵ بێ خەڵکی ئەو ئۆردوگایە لە هەر کوێ بن باسی یارمەتیەکانی دوکتور نەبی دەکەن و ئەمەش بە بۆچونی من گەورە ترین شانازیە لە ژیانی دوکتور نەبی دا. شانازیەکە کە لە مێژووی ژیانی ناوبراو تۆمار کراوە.

زۆر کەسی پەنابەر وەک دوکتور، ئەندازیار، دەروونناس و هەتا داویی… هاتنە ئەو ئۆردوگایە، بەڵام بە ئەندازەی نووکە دەرزیەک یارمەتیان بەو خەڵکە نەکرد، سەرەڕای ئەوەی ئەو خەڵکە یارمەتی ئەوانیان دەکرد لە بواری ماڵ و خوردن و کەل و پەل و جێگا بان و ڕیزیشیان لەو کەسانە دەگرت، ئەوانیش بە پێچەوانەوە پشتەملە قسەی ناشیرینیان بەو خەڵکە دەوت.

سەرەڕای ئەمەش کە دوکتور نەبی کەسایەتیەکی تایبەتی خۆی هەبوو، هەموو ئەو خەڵکە بە چاوێکی رێزەوە سەیریان دەکرد. یارمەتیەکانیان لەبەر چاوبوو. جگە لەمانەش دوکتور نەبی قسە خۆش بوو هەر بە پێکەنینەوە پێشوازی لە نەخۆش دەکرد، وەهای دەکرد کە خودی نەخۆشەکەش، خۆشەویستی دوکتور نەبی دەچووە دڵیەوەو هەردەم تامەزرۆی بینینی ئەوی دەکرد.

ناوبراو کەسێک بوو کە حەزی دەکرد ئەوەی بۆ خۆی دەیزانی لە ئیختیاری خەڵکی بنا هەر بۆیە لە ساڵانی دەوروبەری ١٩٨٦ دوو سێ کورسی کردەوە کە یارمەتیە سەرەتایەکانی فێری خەڵک دەکرد. مەبەستم خەڵک ئەو کەسانە یە کە لە کورسەکانیدا بەشدار دەبوون ئەمەش یەکێک لەو خسڵەتانەی دوکتور نەبیە کە بەرچاوە و لەو بوارەشدا زۆر کەس لە ئەمەوە فێری یارمەتیە سەرەتاییەکان بوون و ئەوەش شانازیەکی ترە کە بۆ دوکتور ماوەتەوە.

شتێکی تر کە جێگای سەرنجە ئەوەیە کە زۆر لەو منداڵانە لەو سەردەمەدا مناڵ بوون یان یەک ساڵ دوو سێ ساڵان بوون بە جۆرێک تووشی نەخۆشی بوون و ئەو دەم بردویانەتە لای دوکتور نەبی و چارسەری کردوون ئێستا تامەزرۆی ئەوە دەکەن کە دوکتور نەبی ببینن، دیارە لە باوک و دایک و دەوروبەرەوە بیستویانەتەوە و کە بۆخۆم چەند لاوێکم بە دوکتور ناسیوەو لەگەڵ دوکتوردا وێنەی یادگاریان کێشاوە.

hamid-teymuri_dr_nebi-fetahi-2006

سەرەڕای ئەمانەش لە مانگی ئۆکتۆبر ساڵی ٢٠١٢ یان مانگی ڕابردوو لەگەڵ دوکتور نەبی بانگهێش کرابووین بۆ کۆنگرەی زانستی کورد لە هەولێر و بووینە هاوسەفەر. دیارە بە دەرفەتمان زانی سەردانی کەمپی کاوە بکەین ئەوە بوو چووین بۆ ئەوێ و خەڵکەمان بینی کە لە مێژە تامەزرۆی بینینی دوکتور نەبیان دەکرد. هەر لە کەمپەکەدا دوکتور نەبی سمینارێکی بۆیان بەڕێوە برد لەبواری دەروونناسی و کێشەکانی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ.

لەوانەیە دەیان ناویان لە خۆشەویستی دوکتور نەبی بە مناڵەکانیانەوە نابێ. سەرەڕای ئەمەش جگە لەوەی کە لەو بوارەدا شارەزایە، لە بواری نووسین و هۆنراوەوە دەستێکی باڵای هەیە و چەند بەرهەمی ئەدەبیشی بەڵاو بووەتەوە. لێرەدا دوکتور نەبی جێگای خۆی دەدا بە پەشێو مەریوانی، چوونکە لە بواری ئەدەبی یان وێژەیی ناسناوی “پەشێو مەریوانی” بۆ خۆی هەڵبژاردووە و لەو بوارەشدا دوو بەرگی هۆنراوەی مناڵان بە ناوی “مام ڕێوی”، دوو بەرگ هۆنراوەی بە ناوی “کڵپەی شۆڕش” و “ڕازی دڵ” و لە هەفتەی ڕابردووش بەرهەمێکی زانستی بە ناوی “خەمۆکی” بەڵاو بووەتەوە کە یەکەم کتێبی کوردیە لە بواری خەمۆکی و کێشە دەروونیەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی زانستی خستوەتە بەر باس و لێکۆڵینەوەو چارەسەرەکانی دەست نیشان کردووە. سەرەڕای ئەمانەش دەیان وتاری زانستی بە زمانی ئینگلیزی و کوردی لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا بەڵاو کردووەتەوە. دوکتور نەبی فەتاحی دوکتۆرای لە بواری رادیولۆژی و مێدیسین و دەرووناسی دا هەیە و ئێستا لە نەخۆشخانەی “ساڵگرێن”ی شاری “گۆتنبرگ” یان “یۆتەبۆری”Göteborg کار دەکا و لە هەمان کاتدا لە زانکۆش وانە دەڵێتەوە. هیوای سەرکەوتن بۆ دوکتور نەبی و هەر ئەوە ماوەتەوە بڵێن تەمەن درێژ بی و خەرمان بەرەکەت…

 حەمید تەیموری

ستۆکهۆڵم

٥ ـ ١١ ـ ٢٠١٢

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی