"an independent online kurdish website

وەک میژوو بۆمان دەردەخات ژنانی  دوونیا و ژنی کوردیش بە درێژایی مێژوو لە ژێر توندووتیژی رەگەزیدا ژیانیان بە سەر بردوە. ئەمە بێجگە لە سەردەمی کۆمەڵی سەرەتایی نەبێت، ئەو سەردەمەی کە ناسراوە بە کۆمەڵی دایکسالاریtuba_alissi
.

لێرەدا من نامەوێ باس لەو کۆمەڵە سەرەتاییانە بکەم، بەڵکوو مەبەستی من ئەوەیە کە هەرچەند تەواوی ژنان لە کۆمەڵە جیاوازەکاندا تووندوتیژیان پێ ڕەوا بینراوە، بەڵام بەشێکی زۆری ژنانی دوونیا ئێستا توانیویانە بە مافەکانی خۆیان بگەن و یەکسانییەکی تا رادەیەکی زۆریان بۆ خۆیان دابین کردوە. ئەمەش لە ئاکامی خۆراگری و خەباتی بێوچانی خۆیاندا و هەروەها لە ئاکامی دیموکراتیزە بوونی وڵاتەکانیاندا، کە لەوێدا دین و دەوڵەت لە یەکتر جیا کرایەوە و یاسایەکی یەکسان و مرۆیی دابین کرا کە وەک یەک مافی ژن و پیاوی چاو لیکرد.{jcomments off}

وەک دەزانین بزووتنەوەی ژنانی ڕۆژئاواو ئامریکا زیاتر لە سەدەی نۆزدەدا پەرەی گرت، ئەو کاتەی کە کوردستانەکەی ئێمە بە شێوەیەکی فەرمی دابەش کرا بە سەر چوار وڵاتی دیکتاتۆر و خوێنمژدا. هەر ئەوەش وای لە ژنی کورد کردووە کە هەمیشە لە خەمی ڕزگار کردنی نیشتمانەکەیدا بێت تا ئەوەی کە بیر لە مافەکانی خۆی وەک ژن بکاتەوە. ئەمە لە بەر ئەوەی کە پێی وا بووە  بە ڕزگار بوونی نیشتمانەکەی هەموو مافە ڕەگەزییەکانی ئەویش مسۆگەر دەبێت. بەڵام ئەزموونی ڕزگار بوونی باشووری کوردستان بۆی سەلماندین کە ئەمە مەحاڵە و ژنی کورد نابێت بزووتنەوەی یەکسانیخوازی خۆی قوربانی بزووتنەوەی ڕزگار بوونی نێشتمانەکەی بکات. ئەمە بەو واتایە نییە، کە ژنی کورد نابێت بەشداری بکات لە بزووتنەوەی ڕزگاری کوردستاندا، چوون بە بڕوای من ڕزگاری نیشتمانەکەمان ئەرکی سەرەکی هەموو تاکێکی کۆمەلگای کوردییە و ژنیش وەک تاکێکی ئەو کۆمەڵگایە ئەو ئەرکەی لە سەر شانە.

واتە بە بڕوای من ژنی کورد هیچ پیویست ناکات لە دو کاناڵی جیاوازیشەوە تێکۆشانی هەبێت، ئەوان ئەتوانن هەم لە ڕێگای تێکۆشانینانەوە لە ڕیزی حیزبە سیاسیەکانی کوردیدا لە خەباتی ڕزگاری کوردستاندا بەشدار بن. لە هەمانکاتیشدا کار بکەن بۆ ڕوونکردنەوەی مافەکانی ژنان. چوون نابێت لە بیرمان بچێت کە حیزبە سیاسیەکانی کوردی ئەو حیزبانەن کە لە دواڕۆژی کوردستاندا خاوەنی دەستەڵاتن و زۆر گرینگە کە ژنانی کورد هەر لە ئێستاوە کار بکەن بۆ ئەوەی کە مافی یەکسانی ژن و پیاو لە نێو ئەو حیزبانەدا بە باشی جێگیر بکرێت و بەڕێوەبەران و خەباتگێرانی کوردستان مافی یەکسانی ژن و پیاو لە مافی ڕزگاری کوردستان جیا نەکەنەوەو هەر کام لەوان بە ئەرکی خۆیان بزانن دواڕۆژی کوردستان کۆمەڵگایەکی یەکسان و دیموکرات بێت کە لەوێدا هەمەوو مافەکانی ژنان پارێزراو بێت. ئەمە لە بەر ئەوەیە کە ئەزموون بۆی سەلماندووین کە خەباتگێرانی کوردستان ماف و ئازادییەکانی ژنان لە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان جیا دەکەنەوە و یان ئەوەی کە پێیان وایە کە ئەوە تەنیا ئەرکی رەگەزی ژنە کە بۆ یەکسانی خۆیان خەبات بکەن یان ئەوەی کە بەشێکیشیان وا بیر دەکەنەوە کە مافی یەکسانی ژن و پیاو بریتییە لە بێسەرەو بەرەیی. هەر بۆیە زۆر گرینگە کە ژنانی خەباتگێڕی نێو حیزبە کوردییەکان مافی یەکسانی بکەن بکەن بە هەوێنی خەباتەکەیان و حیزبەکان ناجار بکەن کە یەکسانی ببێت بە هەوێنی مێدیایی  و شێوازی بیر کردنەوە لە حیزبە کوردییەکاندا.

لێرەدا نابێت لە بیرمان بچێت کە هەموو ژنی کورد دەرەتانی ئەوەیان نییە کە بە کردوە لە ڕیزی حیزبە کوردییەکاندا بن، جا هەر بۆیە ئەرکی ئەوان ئەکرێت جیاوازی هەبێت. واتە خەباتکردن بۆ نەهێشتنتی تووندوتیژی دژی ژنان تەنیا تایبەت نییە بەو ژنانەی کە تووندوتیژیان دەرهەق ئەکرێت، ئەوە ئەرکی هەموو ژنێکی کوردە کە بە دژ ئەو شێوە بیرۆکەیەدا بچێتەوەو ڕۆڵی هەبێت لە ڕوونکردنەوەی کۆمەڵگادا لەو بوارەدا. هەروەها زۆر جار ئەو ژنەی کە زۆڵمی لێ ئەکرێت بۆ خۆی بە هەر هۆیەک بێت ناتوانێت داکۆکی لە خۆی بکات، هەر بۆیە لەو کاتانەدا کە ژنێک لە ژێر تووندوتیژی بنەماڵەدایە با ژنانی دیکە داکۆکیان ڵێبکەن و دەنگیان بگەیەنن بە جێگای مەبەست.

بە کورتی هەرچەند من بڕوام وایە کە مافی یەکسانی ژن و پیاو بەشێکن لەو مافانەی کە خەباتگێرانی کوردستان خوازیارین، بەلام لە هەمانکاتدا، ئەم بیرۆکەیە پێویستی بە کاری زیاترە و ژنان بۆ خۆیان ئەبێت ئاڵا هەڵگری ئەم خەباتە بن و نابێت پشتگوێی بخەن. هەروها حیزبە سیاسیە کوردییەکان زۆر گرینگە کە هەر لە ئێستاوە تەمرینی سیستمێکی یەکسانی بکەن و کار بکەن بۆ رەچاو کردن و جێگیر کردنی ئەو سیستمە کە خوازیاری ئێمەی ژنانی یەکسانیخوازە.

بۆ ئاگاداری خوێنەران ئەم بابەتە لە ژمارە ٥٩٠ ڕۆژنامەی کوردستاندا بلاو کراوەتەوە.

بەو هیوایە. تووبا

  ٣١.٠٨.٢٠١٢نۆرویژ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی