"an independent online kurdish website

خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ!

بە درێژایی مێژوو زانکۆ سەنگەری لە گیران نەهاتووی توێژی مامۆستا و خوێندکار دژی بێداد، چەوساندنەوە و سەرەڕۆیی دەسەڵاتدارە دیکتاتۆر و سەرکوتکەرەکان بووە.bange_waz

زانکۆ لانکەی پێگەیاندن و بارهێنانی مرۆڤی چاوکراوە و رووناکبیر و زانا بووە و هەیە. مرۆڤێک کە بە هۆی ئەوەوە کە بەردەوام سەرقاڵی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەیە، بە باشی لە دەرد و ئازار و مەینەتییەکانی کۆمەڵگاکەی تێ دەگا و هەر دەم لە بیری دۆزینەوەی رێگە چارەیە بۆ مەسەلە گرینگەکانی نەتەوەکەی. بۆیە ئەگەر کۆمەڵگا پەیکەرێک بێت بێ گومان زانکۆ مێشکیەتی. دیارە کاری مێشکیش هەردەم بیر کردنەوە لە دنیای دەورو بەر و لێ وردبوونەوە لە رووداوەکانی دنیای دەوروبەرە.

لە دوو ساڵی رابردووە شەپۆلێ گۆڕانکارییەکان رۆژهەڵاتی ناڤینی گرتۆتەوە، شەپۆلێک کە تائێستا بۆتە هۆی لەنێو چوونی چەندین دیکتاتور لەو ناوچەیە. گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان خریکە لە ژێر کاریگەری ئەم شەپۆلە لە ژێر چنگی یەکێک لە دیکتاتورە خوێنمژەکان رزگاری بێت. لە باکووری کوردستان بەرخودانێکی بێ وێنە بۆ دەستەبەر کردنی مافە رەواکانی گەلی کورد دەستی پێکردووە.

لەم کاتەدا رۆژهەڵاتی کوردستان لە گەڵ یەکێک لە دڕندەترین دیکتاتورەکانی مێژوو بەرەو روویە، هەر ئێستا ٢٧ بەندکراوی کوردی رۆژهەڵات بە تاوانی تێکۆشان بۆ رزگاری نەتەوە بندەستەکەیان، سزای لە سێدارە درانیان بەسەردا سەپاوە. تەنیا تاوانی ئەو بەند کراوانە خاواندارییەتی لە گەلی خۆیان و هەست بە بەرپرساریەتی بەرانبەر بە نەتەوەکەیانە، و لەم پێناوەدا خەریکە باشترین سەرمایەیان واتە ژیانیان لێ بستێندرێ.

لە وەها دۆخێکدا ئەرکێکی قورس دەکەوێتە سەر شانی مامۆستایان و خوێندکاران وەک توێژی خاون پێگەی بەرزی کۆمەڵایەتی. چونکە زانکۆ بە درێژایی مێژوو سەنگەری بەربەرەکانێ لە گەڵ سەرکوت و چەوساندنەوەی مرۆڤەکان بووە.  زانکۆ وەکوو مێشکی کۆمەڵگا، ناتوانێ لە ئاست دەرد و مەینەتەکانی کۆمەڵگادا بێ لایەن بێ و دەبێ هەردەم ئەندامەکانی دیکەی کۆمەڵگا لە دۆخی هەنووکەیی بە ئاگا بێنێتەوە. بۆیە هەڵوێست گرتن بەرانبەر بەو سزا نامرۆییانەی کە کۆماری ئیسلامی بە سەر ئەو زیندانییە کوردانە سەپاندوویە، ئەرکێکی مرۆیی و نیشتمانییە کە قورسایەکەی زیاتر لە هەر لایەک لە سەر شانی زانکۆدایە.

هەر بۆیە داوا لە سەرجەم خوێندکاران و مامۆستایان و بە گشتی توێژی خاوەن بیری زانکۆ دەکەین کە لەم قۆناغە هەستیارەدا بەرانبەر بە دۆخی زیندانیانی سیاسی و بە تایبەت ئەو ٢٧ کەسەی کە لەم دواییانەدا بە تێکڕا حوکمی ئیعدامیان بە سەردا سەپاوە بێدەنگ نەبن و بە بەشداری کردنیان لە مانگرتنی گشتی ٢٧ی خەزەڵوەر و نەچوونە سەر دەرس و وانە لەو رۆژەدا، ببن بە دەنگی نارەزایەتی ئەو زیندانییانەو بەو شێوەیە بۆ جارێکی دیکە بیسەلمێنن کە زانکۆ کانگای بوێری و بیر کردنەوەو هەست بە بەرپرساریەتییە.

دیارە بە دەنگ هاتنی زانکۆ و بەشدار بوونی لەم خەباتە مەدەنی و دیموکراسیانەدا پەیکەری دەسەڵاتی سەرکوتکەر دەهەژێنێت و هیواو بوێری زیاتر بە کۆمەڵگا دەبەخشێ

لێژنەی بەڕێوەبەریی بانگەوازی ٢٧ی خەزەڵوەر

٢٣/٨/٢٧١٢ كوردی بەرانبەر لە گەڵ ١٣/١١/٢٠١٢ زایینی

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی