بە پێی هەواڵدێری ئاژانسی کوردبا ئەمرۆ چوارشەممە لیژنەی بەرێوەبەریی بانگەوازی ٢٧ی خەزەلوەر بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی مەحکووم بە ئێعدامی ناو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی لە بانگەوازێکدا روو بە جەماوەری کوردستان ، چالاکانی سیاسی، حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان داوایی پشتیوانی بەرینتریان لەو بانگەوازە کردووە .
لەو بانگەوازەدا هاتووە لە کاتێکدا کە دونیای ئەمرۆ بەرەو نەمانی حوکمی ئێعدام لە هەموو سیستمە دادپەروەرەکاندا پێهەڵدێنێتەوە و تەنانەت لە ئێعدام و کوشتنی تاوانبارانی کۆمەڵکوژیش خۆ دەبوێرێن ، لە وڵاتی ئێمە زیاتر لە ٢٧ رۆڵەی چالاک و تێکۆشەر بە بێ ئەوەی هیچ تاوانێکیان کردبێ حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە ، هەر بۆیە ئەرکی هەموو لایەکە بە هەر جۆرێک بۆیان دەکرێ نارەزایەتی خۆیان دەر ببڕن ، سەردانی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی بکەن و ئەمەگناسی خۆیان لە خەباتکار و تێکۆشەرانی گەلەکەیان دەرببڕن و بەو کارە رێگڕبن لە جێبەجێ کردنی ئەو حوکمە نامرۆێانەی بەسەر زیندانیانی سیاسی کوردا سەپاوە .
فەرموون لە گەڵ دەقی تەواوی بانگەوازەکە .
هاونیشتمانیانی بەرێز
چالاکانی سیاسی و مەدەنی
ئەحزاب و رێکخراوەکانی کوردستان
لە هەلومەرجێکدا کە دونیا بەرەو لەناو بردنی یەکجاری حوکمی ئێعدام لە هەموو سیستمە دادپەروەریەکاندا دەچێ و لە کاتێکدا کە وڵاتانی دیکە تەنانەت لە ئێعدام و کوشتنی تۆمەتبارانی کۆمەڵ کوژی خۆدەبوێرن ، زیاتر لە ٢٧ کەس لە بەنرخترین و چالاکترین رۆڵەکانی کورد لە ئێراندا بەبێ ئەوەی تاوانەکانیان ( تەنانەت بە پێی قانوونی خودی ئێران ) سەلما بێت کە لەگەڵ حوکمی نامرۆیانەی ئێعدام بەرەوروون و لەناو بێدەنگیی ئێمە و رێکخراوانی مافی مرۆڤ و میدیا ئازادەکاندا رۆژ لە دوای رۆژ بە ئان و ساتی ئەو کارەساتە نزدیک دەبنەوە و بەبێ ئەوەی کەمترین بەرگرییەکیان لێ بکرێت خەریکە دەنگی بوێر و ئازادیخوازان بۆ هەمیشە کپ بکرێتەوە .
دیارە جێبەجێ بوونی ئەو حوکمانە خەسارێکی جیدی و کارەساتێکی قەرەبوونەکراوە بۆ جەستەی کۆمەڵگای کوردی . هەر بۆیە داوا لە حیزب و رێکخراوە مەدەنییەکان لە ناو یان لە دەرەوەی کوردستان دەکەین کە بە لەبەرچاو گرتنی ئەرکی خۆیان و هەروەها گرینگی دان بە دۆخی هەستیاری زیندانیانی سیاسی ، هەلوێستی خۆیان بەرانبەر بەورووداوە دەرببڕن و هەموو هەولی خۆیان بۆ پشتگیری لەو زیندانییە سیاسیانەی کە حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە بخەنە گەڕ .
هەروەها داوا لە چالاکانی مەدەنی ، خوێندکاران و هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا دەکەین کە لە رۆژی ٢٧ خەزەڵوەر وەک رۆژی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی بە هەموو شێوەیەک نارەزایەتی خۆیان لە حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانی سیاسیانە دەرببڕن و لە رێگای سەردانی بنەمالەی زیندانییەکان و هەروەها بە کەڵک وەرگرتن لە شێوازە جۆراوجۆرەکانی خەباتی مەدەنی هەم هێمنی و هیوای ئەو دایک و باوکانە بن کە رۆڵە بێتاوانەکانیان لە ژێر پەتی سێدارەدان و هەم ئەمەگناسی خۆیان بەرانبەر بە تێکۆشەرانی گەلەکەیان دەرببڕن .
لیژنەی بەرێوەبەری بانگەوازی ٢٧ی خەزەڵوەر
٢٤/٨/٢٧١٢کوردی بەرانبەر لەگەڵ ١٤/١١/٢٠١٢
سەرچاوە ئاژانسی کوردبا