گرنگی خەباتی مەدەنی لەوە دایە کە بە نەرمی هەوڵ دەدات بزوتنەوە سیاسی و مەدەنییەکان ببوژێنەوە و دەرفەت بۆ خەبات و تێکۆشان لە نێو سیتمە دواکەوتووەکاندا پێک بهێنێت، بەڵام خەباتی مەدەنی پشتیوانی نێودەوڵەتی دەوێت بۆ ئەوە کە بە ئامانج بگات،
من پێم وایە لە وڵاتە دواکەوتوو و فاشیستییەکاندا، لەو وڵاتانە کە بەرژەوەندی وڵاتە زڵهێزەکان و وڵاتە داگیرکەرییەکان یەکانگیرە، خەباتی مەدەنی ناتوانێت ئامانجەکە بپێکێت، لە بەر ئەوە کەس گوێی لێ ناگرێت و سیستمەکەش دیموکراتی نییە کە بە دەنگ و ڕەنگی خەڵک ئاڵوگۆڕ پێک بێنێت. کەواتا لەو وڵاتانە باشترین ڕێگا بۆ ئەوە داخوازی خۆت بە گوێی دوونیا بگەیەنیت و وڵاتە زڵهێزە ناوچەیی و جیهانییەکانی لێ ئاگەدار بکەیتەوە تێکۆشانی خەباتی چەکدارییە! ئەم جۆرە خەباتە دەتوانێت بزوتنەوەکان زیندوو ڕابگرێت و هەر دەم لە شۆڕش و تیکۆشاندا بن.
خەباتی مەدەنی لە وڵات بۆ وڵات جیاوازە و لەو وڵاتانە کە سیستمێکی دیموکراتی تەواو جێگیرکراوە دەتوانێت ئاکامی باشی هەبێت و ماف و ویستی گەل دابین بکات، یان دەتوانێت ببێتە هۆی ڕۆخانی ئەو حکومەتە، لە بەر ئەو لە سیستمی دیموکراتی دا وڵات، خاک و نیشتیمان، سەروەت و سامانی گشتی هی کەس یان گرووپێکی تاییبەتی نییە و ئەگەر ئەو دەسەڵاتە نەتوانێت بە شێوەیەکی ڕێکوپێک خزمەتی گەڵ و نیشتیمان بکات و لە سەر ڕێگەی ئاوەدان کردنەوە و تێکۆشان بۆ دابینکردنی ویستە خۆماڵیەکان سەرکەوتوو نەبێت، ئەوا حکومەتەکە خۆی هەڵ دەوەشێتەوە یان بە خەباتێکی مەدەنی کورت ماوە، ئەو حکومەتە دەڕۆخێت و خۆی بە بەر پرسیار دەزانێت لە مەڕ کۆمەڵگا.
بەڵام لە وڵاتێکی دواکەوتوو و دیکتاتۆریدا هەلومەرجەکە جیاواز دەبێت، لە وڵاتێکی وەک لیبی، هەر چەند دیکتاتۆرێکی باش لە سەر کار بوو و پرسی ئابووری و کۆمەڵێک پرسی دیکە کە کاریگەری ئەرێنیان هەبوو لە سەر ژیانی ئاسای خەڵک ڕەچاو کرابوو و دەسەڵات خۆی بە دۆستی گەل و وڵات دەزانی و لە زۆر بواریشدا ئەوەی سەلماندەبوو، بەڵام لە هەمبەر خەباتی مەدەنی بەڕ بەڕەکاندا نەیتوانی هێمن و سەقامگیر بێت، هەر بۆیە زۆر بێ بەزەیانە سەرکوتی کردن و کۆمەڵیکی زۆری لێ کوشتن، یان لە کۆتایی دەسەڵاتی قەزافی دا، بینیمان کە چۆن بە شێوەیەکی نائینسانییانە خەباتی مەدەنی و خەڵکە ناڕازییەکانی تێک شکاند، دەسەڵات لەو جۆرە وڵاتانە دا خۆی بە پارێزەری خەڵک و مافی گەل دادەنێت، کەسیش ناتوانێت ڕەخنە لە هەڵسوکەوتی دەسەڵات بگرێت، لە بەر ئەوە تەنیا ئەوان دەزانن کە بەرژەوەندی گشتی لە کوێ دایە!.
هەر بۆیە بینیمان کە خەباتی مەدەنی لە وڵاتی لیبی زۆر نا ئینسانییانە سەرکوت کرا و نەیتوانی ئاڵوگۆڕ لە سیستمی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتەدا پێک بێنێت، لە کۆتایی دا بە خەباتی چەکداری و یارمەتی کۆمەڵە وڵاتێک کە بەرژەوەندی سیاسیان لەو وڵاتەدا بوو سیستمی سیاسی لیبی تێک شکاو کۆتایی بە دەسەڵاتداری چوار دەیەی سەرهەنگ قەزاڤی دا هات.
لێرە دا هەوڵ دەدەم کە بە شێوەیەکی سادە ئاورێکی کورت لە خەباتی مەدەنی لەو وڵاتانەی کە نەتەوەیی کوردی بە سەردا دابەشکراوە بدەم.
لە سوریە دەست پێدەکەم، جوگرافی کوردستانی بدەستی سوریە بە شێوەیەکە کە لە بەرژەوەندی حکومەتی فاشیستی ئەو وڵاتە دایە، جوگرافی سروشتی کوردستانی ڕۆژئاوا بە گشتی لە پێ دەشت و تەپە و دەشت پیک دێت، بە جۆرێکە کە خەباتی چەکداری لەوێدا زۆر دژوار و ئەستەمە، هەر بۆیە حکومەتی فاشیستی سوریە بە دەسەڵاتداری بنەماڵەی ئەسەد زۆر بە ئاسانی توانیوێتی ئاڵوگۆڕێکی قوڵ بە سەر جوگرافی سیاسی ئەو بەشەی کوردستاندا بێنێت و بڕ بڕی بکات و لە هەر شوێنێ پەنج ماڵ هەبێت سێ ماڵی عەرەبیشی تێدا جێگیر کردووە، خەباتی مەدەنی کوردی ڕۆژئاوا ماوە بە ماوە دەستی پێکردووە و سەرکوت کراوە، گرنگتریان لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو دا بووە کە لە ئاکام دا بە بەرخۆدانی نەورۆز نێودێر کرا و بە توندترین شێوە سەرکوتکرا.
هەر وەک باسم کرد، خەباتی مەدەنی لەو وڵاتانە کە دیکتاتووری لێدراوە ناتوانێت دەوری کارامە بگێرێت، یان ئاڵوگۆڕی قوڵی لێبکەوێتەوە، بە تاییبەت لە وڵاتێکدا کە گەلی کورد وەک دوژمنی سەرەکی خۆی دەبینێت، هەر بۆیە کوردستانی ڕۆژئاوا تاکوو ئەم جەند ساڵەی ڕابردوو زۆر بە شێوەی دڕندانە سەرکوت دەکرا و کەسیش هەستی پێ نەدەکرت کە کورد لەو وڵاتە دا بوونی هەبێت، لە بەر ئەوە پارتەکانی ئەو بەشەی کوردستان خەباتی چەکداریان وەک کەرەستەی گەیشتن بە ئامانج نەدەبینی، لاوەکانی ئەو بەشەی کوردستانیش بە سەرلێشواوی ئاوارەی بەشەکانی دیکەی کوردستان دەبوون و بەشداری خەباتی چەکداری بەشەکەی دیکەی کوردستانیان دەکرد، کوردستانی باکوور لەو بارەیەوە زۆر قەرزداری لاوانی ڕۆژئاوایە، ئەو خوێنەی لاوانی ڕۆژئاوا بۆ باکوریان داوە بە دڵنیایەوە تاکوو سەدان ساڵی دیکە بۆ خۆیان نایدەن.
بێگومان ئەگەر کاریگەری بەهاری عەرەبی بە سەر کۆمەڵگای سوریە نەبوایە، هەلومەرجی ڕۆژئاواش وەک خۆی دەمایەوە، هەر بۆیە ڕۆژئاوا دەبێت لەو دەرفەتە زێڕینە بە باشترین شێوە و زۆر ئاقڵانە کەڵک وەربگرێت و بە قازانج و بەرژەوەندی خۆیاندا بیشکێنەوە، دەرفەتەکان وەک چرکە دەمێننەوە، دەبێت ڕایبگریت و لە دەستی نەدەیت، ئەم دەرفەتەی کە بۆ ڕۆژئاوا بە دەست هاتووە، لەوانەیە لە سەد ساڵدا جارێک هەڵ نەکەوێت، بە بۆچونی من دەبێت هەم کەڵک لە ئەسەد وەر بگرن و هەم لە ئۆپۆزیسیون وە هەم لە ئیخوانەکان، بۆ ئەوە کە ئەوەی کە پێویستە بۆ ڕۆژئاوا بە دەست بێت.
کوردستانی باشور ئەزموونێکی گەورەی لە خەباتی چەکداریدا هەیە و نزیک بە حەوت دەیە دەبێت کە لە خەباتی چەکداری دانەبڕاوە و دەتوانم بڵێم کە باشوور لە زۆر لە شێوە جیاوازەکانی خەبات، بە خەباتی مەدەنیشەوە کەڵکی وەرگرتووە، پارتەکانی ئەو بەشە بەگشتی لە خەباتی چەکداریدا هەر دەم ئەکتیڤ و چالاک بوونە، هەر کاتیش کە دەرفەتی ئەوەیان نەماوە کە لە باشوور بەردەوام بن لە خەباتی چەکداری بۆ ماوەی کورتیش بێت هاتوونەتە ڕۆژهەڵات و بەشداری خەباتیان لەو بەشدا کردووە، دەتوانم ئاماژە بە بەرزانییەکان بکەم لە سەدەمی کۆمار دا کە چۆن هاتنە ڕیزەکانی کۆمار و ئەرکی نیشتیمانی خۆیان بە جێگەیاند، بە بۆچونی من تەنیا لە بەر ئەوە بووە کە لە خەباتی چەکداری دانەبڕێن و هەمیشە چالاک و شۆڕشگێڕ بمێنن، لە بەر ئەوە کە توانای دەسپێکردنەوەی خەباتی چەکداریان هەبێت، دەتوانم لەو بارەیەشەوە ئاماژە بە شۆڕشی نوێی باشور بکەم کە چۆن لە دەسپێکردنەوەی خەباتی چەکداریدا حکومەتی بەعسیان بە چۆکدا دە هێنا.
هەڵسوکەوتی ڕژیمی دیکتاتۆری عێراق، چارەنووسی حکومەتی بەرەو ئاقارێکدا برد کە سەدام پەلاماری کوێتی دا و ئەو ڕژیمە وەک ڕژیمێکی دڕندە دەرکەوت و بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێـزی خستە مەترسییەوە، کیمیا بارانی هەڵبەجەو سەرکوتی خەڵکی کوردستان بە بێبەزەییانە و خەباتی چەکداری و ماندووبونی سپای عێراق و کۆڕەوی باشوور و وتەکەی سەرۆکی بە ڕەگەز کوردی ئەو کاتی تورکیە و لە ئاکامدا ڕاپەڕینی خەڵک لە باشوور، بە یارمەتی فەرانسە هێڵی سی و شەش دەرەجەی پێکهێنا.
خەباتی چەکداری لە باشوری کوردستان دەورێکی ئەساسی لە مێژووی کوردستان دا گەڕاندووە، دەتوانم بڵێم ئەو خەباتە چەکداریە کە لە باشوور کراوە لە کاتی خۆیدا کوردستانی وەک نەتەوەیەک کە بۆ مافی نەتەوایەتی خۆی خەبات دەکات ناساندووە و ئەو حەوت دەیە خەباتە هەڵناسێنگرێت بە دووسەد ساڵی خەباتی مەدەنی.
بیست ساڵی ڕابردووی پارتە سیاسیەکانی باشووری کوردستان زۆر جێگای ڕەزامەندی کورد و دۆستانی کورد نەبووە، لە بەر ئەوە شەڕی براکوەژی لێکەوتووەتەوە، لە نێو دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی ئەواندا کۆمەڵێک لە تێکۆشەرانی پارچەکانی تری کوردستان تیرۆر و شەهید بوونە و لە هندێک بواریش دا جێگای ڕەخنە، گلەی و گازندە بوونە، بەڵام لە گەڵ ئەوەشەدا ئەوان توانیان کە هیڵی سی و شەش دەرەجە لە هێڵێکی ئینسانی بگۆڕن بۆ هێڵێکی سیاسی هەر چەند دڕندەی بەعس یارمەتیدەری ئەوە بووە.
هەلومەرجی کوردستانی باشور لە هەموو لاپەڕەکانی ڕابردووی مێژووی سیاسی کوردستان باشترە، ئیستا حکومەت هەیە، پەرلەمان هەیە و دەسەڵاتی کوردی لە ئەمڕۆ لە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەند بەهێزترە، هەموو کورد بە ئەم بەشەی کوردستان شانازی دەکات، بەڵام بە بۆچونی من دەبێت دەسەڵاتی سیاسی باشوور ئەمڕۆ ئەو پەڕی هەوڵی خۆیی بدات بۆ ئەوە کە هەموو ئەو مافانەی کە لە دەستووری بنەڕەتی عێراقدا ئاماژەی پێکراوە بە دەست بهێنێت وە” مەشرووعییەتی” تەواو بە دەسەڵاتی سیاسی خۆیی ببەخشێت، چونکو بە بەهێز بوونی ناوەند موشکیلاتی سیاسی باشوور دەستپێدەکات و هەوڵ دەدرێت کە دەسەڵاتی کورد کەم بکرێتەوە، گرنگترین پرس، پرسی مادە سەد و چلە کە بە هەوڵوەسراوی ماوەتەوە و دەتوانێت دەسەڵاتی سیاسی کورد لە باشوور بخاتە مەترسییەوە، سەرکردایەتی کوردستانی باشوور دەبێت هەوڵی ئەوە بدەن کە بار و بەندی حیزب و حکومەت لە یەک جیا بکەنەوە و هەوڵی ئاساییکردنەوەی ناوچەدابڕێندراوەکاند بدەن.
خەباتی مەدەنی لە باکووری کوردستان وەک بەشەکانی تری ئەم نیشتیمانە لنجە لنجە کراوە مێژووێکی کۆنی نییە و لە پاش ڕۆخانی ئیمپراتووری عوسمانی و دروست بونی تورکییەی نوێ لە سەر دەستی ئاتاتورک بە یارمەتی کۆمەڵیک شۆڕشگێڕانی ئەو کاتی کورد لە باکوور، ئیتر دەنگی کورد هێدی هێدی نزم کرا و پاش ماوەیەک بە تەواوەتی کپ کرا، زمانی کوردی قەدەغە کرا و کتێبخانەی کوردیان ئاگر تیبەردا و کتێبی مەم و زینیان کۆ کردەوە، موسیقی کوردیان دزی و بە ناوی موسیقی تورکی سەب کرا، جل وبەرگی کوردیان لە ناو برد، ئەوەی کە پێوەندی بە ناسنامەی کوردەوە بێت گۆڕیان و بە تورکییان کرد.
لە دەسپێکی دروست بونی پکاکا و دەست پێکردنی خەباتی چەکداری لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی خەباتی سیاسی و چەکداری لە باکوور هەڵدرایەوە، یەکێ لە گرینگترین کاری پکاکا ئەوە بوو کە خەباتی سیاسی و چەکداری لە باکوور زیندووە کردەوە و گڕ و تینی ئەو خەباتە بڵێسەی هەموو پارچەکانی کوردستانی تەنییەوە و هزری کوردستانێکی سەربەخۆ و یەکگرتوو هزر و مێشکی خەلکی کوردستانی داگیر کرد، درووشمەکانی پکاکا، ئەگەر بە کردەوەش نەبووبێت لە چوار چێوەی تیئۆری و لە نێو ڕاگەیاندنەکانی سەر بە ئەم پارتە دەنگی دایەوە و هاو کەلتووری و هاو خەباتی لە نێوان کوردان دا پێکهێنا و توانی هزری نەتەوەیی لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا برەو پێبدات.
پکاکا کەم کەم لە بزوتنەوەیەکی سۆسیالیستی بەرەو بزوتنەوەیەکی نەتەوەیی هەنگاوی هەڵهێنا و خۆی وەک هیزێکی نەتەوەی جێگیر کرد، هەر چەند ئەم هەنگاوانە زۆرتر لە پاش بەڕێز عەندووڵا ئۆجەلان نران، باکوری کوردستان لە پاش زیاتر لە سی ساڵ لە دەسپێکردنی خەباتی چەکداری و لە ژێر سێبەری ئەو خەباتە دا کۆمەڵێک هەنگاوی باش لە مەڕ پرسی کورد نراون، لە ماوەی ئەم سی ساڵە دا پکاکا زبرێکی گەورەی لە ئابووری تورکییە وەشاندووە و توانیوێتی دەنگی باکووری وکردستان بە گوێی دوونیا بگەیەنێت، کاریگەری خەباتی چەکداری لە باکوور گرینگییەکی تاییبەتی هەیە، لە بەر ئەوە کورد و بزوتنەوەی کوردی لەو وڵاتەدا زیندوو کردووەتەوە ئەو “ئیعترافەی” کە ئەمڕۆ بە مافی کورد لە باکوور کراوە لە ژێر کاریگەری خەباتی چەکداری دا بووە نەک ئەو خەباتە مەدەنییەی کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوو لە ژێر کاریگەری و زبری خەباتی چەکداری کراوە، هەر چەند حکومەتی تورک باوەڕی بە مافی کورد نییە و نایهەوێت مافی کورد لە باکوور بدرێت. ئەوەش ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە ماف دانی نییە بەڵکوو سەندنی هەیە.
هەنووکە لە باکوور پتر لە دەیان هەزار تێکۆشەری کورد بە منداڵ، لاوان، چالاکانی مەدەنی و سیاسی و ئەندام پەرلەمانی کورد لە بەندیخانەکانی ڕژیمی تورک دا دەستبەسەرن، ڕژیمی تورک تاکتیک و سیاسەتی بەرامبەر کورد گۆڕیوە و بە شێوەیەکی دیکە کورد دەچەوسێنێتەوە، من پێم وایە ئەم ئاڵوگۆڕکردنە لە سیاسەتی ڕژیمی فاشیستی تورک مەترسییەکان پتر دەکات، لە بەر ئەوە بە دوونیا دەڵێت کە دەیهەوێت پرسی کورد چارەسەر بکات، کە چی لە ژێرەوە کورد لە نێو دەبات.
بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەقڵییەتی خەڵک، ڕۆشەنبیران، چالاکانی مەدەنی و سیاسی جیاوازە و هەر کام بە شێوەیەک و بە دەنگی جیاوازەوە لە هەمبەر پرسی کورد لەم وڵاتە دێنە ئاخاوتن. لە ژێر کاریگەری و ڕکێڤی پان ئێرانیستییەکان و هەروەها ئەو کەلتوورە کە لە خوێندگان و زانستگاکاندا دەخوێندرێن “باکگراونی” مێژووی کوردی ڕۆژهەڵات یان تێکچووە یان لاواز و ئاسیمیلە کراوە، لە بەر ئەوە پێچەوانەی پارچەکانی تری کوردستان ئەمان خۆیان زۆرتر بە ئێرانی دەزانن و چارەنووسی خۆیان پتر بە ئێرانەوە گرێ دەدەن، چەند جارێکیش سکرتێر و ئەندامانی سەرکردایەتی بەشێک لە پارتە بە ناو ڕەسەنەکان لە ڕۆژهەڵات دۆستە ئێرانییەکانیان دڵنیا کردووەتەوە کە ئەوان زۆرتر لەوان دڵسۆزن بۆ ئێران، ئەم شێوە ئاخاوتننانە کاریگەری نگەتیڤی ڕاستۆخۆی لە سەر ئەقڵییەتی خەڵک لە ڕۆژهەڵات دادەنێت، دەتوانم وەک کاریگەری نگەتیڤی ئەو جۆرە ئاخاوتنانە ئاماژە بە وتەیەکی بەڕێز فەرهاد کەمانگەر بکەم کە وتی من لە هەموو ئێرانییەک ئێرانیترم و لە ئەحمەدینژادیش ئێرانیترم، هەر چەند ئەم جۆرە ئاخاوتننانە مێژووێکی کۆنی لە رۆژهەڵات هەیە و بگرە کاتی خۆیشی شەهیدی نەمر دوکتۆر قاسملو ئەم وتەیەی وتووە.
من پێم وایە ئەو جۆرە ئاخاوتننانە هیچ خزمەتێک بە پرسی کورد لە رۆژهەڵات ناکات و بگرە پرسەکە بەتەواوەتی لە سەر ڕێگای نەتەوەیی بوون لا دەدات، ئیستا کاریگەری ئەو جۆرە ئاخاتنانە تێکەڵ بە کەلتوری کوردی ڕۆژهەڵات بووە و لەو ئامانجە لایداوە کە کاتی خۆی کۆماری کوردستانی لە سەر دامەزراند، هەنووکە لە نێو پارتە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات جۆرە سەرلێشێواوییەک بەدی دەکرێت کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو “باکگراونە ” سیاسیەی کە پرسی کوردی وەک پرسێکی نەتەوەیی دەرخست، بەڵام بەشێک لەم پارتانە بەتەواوەتی خۆیان بە ئێرانی دەزانن و ئەو بەشکەی تریش خۆی لە سەر دووڕیان هێشتووەتەوە.
وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد مێژووی سیاسی کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕوونترە لە بەر ئەوە ئەم بەشە لە کوردستان خاوەنی کۆمارێک لە مێژووی خۆیدا بووە، خەباتی مەدەنی لەم بەشەی کوردستاندا ڕابردووێکی قوڵتر و درێژتری هەیە لە چاو پارچەکانیتری کوردستان، ڕۆخاندنی ڕژیمی پاشایەتی و دەست بەسەر ڕاگرتن و چەککردنی ئەو پاسگایە لە لایەن خەڵکەوە لە ماهاباد دەتوانم وەک نمونەی ئەو خەباتە مەدەنییە ناو ببەم
ئەرکی ڕۆشەنبیران و چالاکانی مەدەنی و سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵات ئەمەیە کە دەبێت بە دوور لە بەرچاو گرتنی هەلومەرجی سیاسی و ناوچەیی و تێکشان و تێکڕمانی پارتە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات، هەوڵ بۆ بە نەتەوەیی کردنەوەی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات بدەن و ئەو پرسە بهێننەوە سەر ڕێی ئەو ڕێبازەی کە کۆماری کوردستانی لە سەر دامەزرا، ئەگەر ئەو کارە نەکرێت بە بۆچونی من ڕۆژهەڵات لە گێژاوێک دا خۆی دەبینێتەوە کە نقوم دەبێت لە هەڵەی سیاسی پارتە سیاسەکانی.
لە کۆتایی و یەکانگیری باسەکە بە ئەوە دەگەین کە خەباتی چەکداری دەتوانێت سەرەتایەک بێت بۆ بەرخۆدانی مەدەنی وەک ئەوەی باشوور و باکوور یان هەر لە کام لە پارچەکانیتری کوردستان، نە کوردستان هیندوستانە و نە بریتانیای گەورە ئێران، تورکیە، عێراق و سوریەن وە نە ئێمەش گاندیمان هەیە، کەواتا دەبێت خۆمان لە جۆرە بیر کردنەوانە دوور بخەینەوە کە پێیان وایە تەنیا بە ڕێگای خەباتی مەدەنی دەتوانین بە ئامانجی گەورە بگەین، خەباتی چەکداری بەرهەمهێنراوی کورد نییە، بەڵکو ئەو جۆرە لە تێکۆشان و خەبات لە زۆربەی هەرەزۆری وڵاتانی دوونیا تاقی کراوەتەوە، کاتێک ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆ ناتوانێت پرسەکان چارەسەر بکات، کەس بێ دەنگ ڕاناوەستێت، یان کاتێک خەباتی مەدەنی وڵام ناداتەوە و کەس گوێی لێ ناگرێت، ناکرێت کە ژێر دەستی بە جارەنووسی خۆت بگۆڕیتەوە، ئێمەش وەک نەتەوەیەکی ژێر دەست، کاتێک کە دەزانین لەم وڵاتانە دیموکراتی نییە و گەلی کورد وەک نەیاری خۆیان چاو لێ دەکەن، ناتوانین ڕاوەستین تاکوو کەلتوور، زمان، دابو نەریتمان ئاسیمیلە بکەن، خەباتی چەکداری وەک کەرستەی مانەوە و دەنگدانەوە دەبێت بکار بهێنرێت، خەباتی چەکداری تەنیا ڕێگایەکە بۆ ئەوە کە دەرفەتی خەباتی مەدەنی پێک بێت، ڕەخنەیە کە بەشیک لە ڕۆشەنبیرانی کورد لێمان دەگرن لە ڕۆژهەڵات ئەوەیە کە بۆ خەباتی مەدەنی ناکەن، بۆ خەباتی چەکداری دەکەن، ئەو ڕەخنەیە هەمان ئامانجی داگیرکەرییە کە دەڵێت دەست هەڵگرتن لە خەباتی چەکداری بەواتای ئەوە دێت کە تۆ ژێر دەستیت وەک چارە نوسی خۆت داناوە ئیتر دەرفەتی باش بۆ دووژمن پێک دێت کە لە باری کەلتووریەوە بەتەواوەتی نەتەوەکەت لە ناو ببات.
یەکێتی و یەکڕیزی پارتە نەتەوەییەکان دەتوانێت قورسایی خۆی لە ناوچەکە دابنێت و بزوتنەوەی کورد لە ئامانجی نەتەوەیی نزیک بکاتەوە، لە دەرەوەی ئەم بیرکردنەوەیە پرسەکە ئاڵۆز و بە لاڕێدا دەچێت
ئاریتما موحەممەدی
{jcomments off}