"an independent online kurdish website

ئەم بابەتە روونکردنەوەیەکی کورتە لە سەر کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد و هەڵوێستەکانی ئەم دواییانەی و هەر وەها لێدوانێک کە لە پەراوێزی بانگەوازی ٢٧ خەزەڵوەر بۆ ماڵپەڕێکی کوردی (NNSROJ) لە ژێر ناوی “کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد: ژمارەی گیراوانی مەحکوم بە ئیعدام سەرووی سی کەسە” کردوویانە.golale_kemanger

دیارە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد بە پێی ناوەکەی دەبێ هەڵگری ناوەرۆکێکی بەتەواوی مرۆییانەو ناسیاسی بێت و دڵەراوکەی سەرەکی، پێش لە هەموو شتێک پرسی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا بێت، رێکخراوێکی لەو چەشنە دەبێ زۆر ئاگای لە هەڵویستەکانی خۆی بێت کە دەرخەری عەتفی ئەو رێکخراوە بەرەو هیچ لایەک و لایەنێک و حیزبێک نەبێت.

بەڵام بزانین هەڵویستەکان و شێوەی رەفتاری ئەم رێکخراوە بە جۆرێک هەیە کە بتوانێت لە چوارچێوەی رێکخراوێکی مافی مرۆڤدا خۆی پێناسە بکات؟ ئایا ناوی رێکخراو بە تەنیا بەسە بۆ سەلماندنی ناوەرۆکی؟ ئایا رێکخراوی مافی مرۆڤی کورد تەنیا بە هۆی ناوەکەیەوە دەتوانێت خاوەنی تایبەتمەندییەکانی رێکخراوێکی مەدەنی مافی مرۆڤ بێت؟

هەڵویستەکانی ئەم دواییەی رێکخراوی مافی مرۆڤی کورد بەرانبەر بە پرسی زیندانیانی سیاسی لە ئێراندا (کە بابەتێکی هەرە سەرەکی لە بیاڤی چالاکی مافی مرۆڤ دایە)و هەروەها بەرانبەر بە کەمپەینی پشتیوانی لەم زیندانیانە، دەرخەری زۆر شتە کە لە ئاکامدا پرسێکی هەرە گەورە و پرسیارێکی بنەڕەتی بۆ بەربێژ دروست دەکات، پرسیارێکی گرینگ و گشتگیر کە دەڵێ:  ئایا بەراستی ئێمە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا خاوەنی رێکخراوی ناسیاسی و مەدەنی هەین؟! ئایا ناوی ناسیاسی و مەدەنی رووکەشێکی رەنگین نیە بۆ دەرنەکەوتنی ناوەرۆک ولایەنگری سیاسی؟!! ئەو پرسیارە گرینگە هەم راستەوخۆ کۆمەڵگا بەرەو چاوکراوەیی زیاتر روێنوێنی دەکات و هەم ئەندامانی ئەو شێوە رێکخراوانە وا لێدەکات پێداچوونەوەیەکی گشتییان هەبێت لە سەر بنەماکانی رێکخراوەکەیان و ئەرکەکان و هەڵویستەکانی خۆیان و هەروەها چاوەدێری زیاترو بەردەوام لە سەر رەوتی چالاکییەکانیان بۆ ئەوەی بتوانن وەکوو رێکخراوێکی رەسەنی مافی مرۆڤ رایبگرن.

بانگەوازی بەرگری و خاوەندارییەتی لە زیندانیانی سیاسی رۆژهەڵات لە کاتێکدا بڵاو بوویەوە کە ناوی ٢٧ بەندکراوی سیاسی رۆژهەڵات تێکڕا لە لیستەی ئیعدام بڵاو کرایەوە، بەڵام کۆمەڵگای مەدەنی ئێران بەرانبەر بەو ژمارە زۆرە ئیعدامە بە تەواوی بێدەنگ بوو، بڵاو بوونی ئەو لیستە هاوکات بوو لە گەڵ بەرخودانی باکوور و رۆژئاوا کە بە گەرمی لە ئارادا بوو.

هاوکات بوونی ئەو سێ کارەساتە لە سێ بەشی کوردستان دا، وای کرد کە کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی کوردستان بەو ئاکامە بگەن کە دەبێ دەنگی ئازادیخوازی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی باکوور و رۆژئاوا بۆ ئەوەی کە هەم دنیا هاواری رزگاریخوازی گەلی کورد وەکوو نەتەوەیەکی پارچە پارچە کراو ببیسێت و هەم پرسی ئەو زیندانییە سیاسییانە کە بە ئیعدام مەحکوم کراون وەکوو پرسێکی جیددی بکەوێتە ناو رۆژەڤی هەواڵەکان و چیتر کۆماری ئیسلامی نەتوانێت لە بێدەنگی خەڵک و راگەیاندنەکانی دنیادا رۆڵەکانی کورد بە ئاسانی لە سێدارە بدات. ئەو بانگەوازە لە یەکەم هەنگاودا لە لایەن  ٦٨چالاکی مەدەنی و سیاسی ناوخۆو دەرەوەی کوردستان واژۆ کراو ئەوە دڵخۆشییەکی گەورە بوو بۆ پشتگیری حیزب و رێکخراوەکانیش کە دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی بانگەوازەکەوە، دواتر لە چەند قۆناغی جیاوازدا بەشێکی هەرە زۆر لە رێکخراوە مەدەنیەکانی کوردستان کە لە سەر یەک بریتی بوون لە ٢٠ ریکخراوی مەدەنی  پشتیوانی خۆیان بە ناردنی بەیاننامە دەربڕی،(لینکی راگەیەندراوەکان لە کۆتاییدا هاتووە) و لە سەرجەم حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش تاکە حیزبێک کە پشتیوانی کرد “یەکیەتی دیموکراتیکی کوردستان” بوو و حیزبەکانی دیکە بە تێکڕا بێدەنگیان هەڵبژارد!

لەم نێوانەدا داستانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ جیاواز بوو، یەکێک لە ئەندامانی بەرێوەبری ئەو رێکخراوە (کاک ئاسۆ پیرۆتی) لە یەکەم هەنگاوەکانی خستنەبەرباسی بانگەوازی ٢٧ی خەزەڵوەر لەو کارەدا بەشدار بوو و وەکوو تاک هەوڵی جیدیشی بۆ بەرێوەبردنی کارەکە دەدا، کەوابوو کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد یەکەم لایەنێک بوو کە لەو هەوڵە ئاگادار بوو، ناوی هەموو ئەندامانی ئەم رێکخراوەش لە لیستەی واژۆکەراندا هەیە بەڵام پاش چەند رۆژ هێشتا لە گەڵ خۆیان ساغ نەببوونەوە کە وەکوو رێکخراو ئایا دەیانهەوێ پشتگیری بکەن یان نا. هەر لە یەکەم رۆژەکانی دوای بڵاو بوونەوەی بانگەوازەکە، ئەو رێکخراوە باسی ئەوەی کرد کە پشتگیری دەکات بەڵام مەرجی هەیە، بۆ بیستنی مەرجەکان چەند کۆبوونەوەکرا کە من بۆ خۆم لە یەکێکیاندا بەشدار بووم، لەو کۆبوونەوەیەدا بەرێز سیامەندی موعینی و بەرێز سەعیدی سەنەندەجی (کە لە لێدوانەکەیاندا باسی بێ ئاگا بوونی خۆیان دەکەن)، بەشدار بوون، دیارە ئەندامانی دیکەی بەرێوەبەری ئەو رێکخراوەیەش لەو کۆبوونەوەدا ئامادە بوون.

لەو دانیشتنەدا یەکەم باسی ئەو رێکخراوە کە کاک “سەعیدی سەنەندجی” هێنایە گۆڕێ ئەوە بوو کە ئەم چالاکییە دەبێ بە ناوی رێکخراوی ئێمە واتە رێکخراوی مافی مرۆڤی کورد بەڕێوە بچێت، کە ئەو داواکارییەکی نەگونجاو بوو چوون ژمارێکی زۆر لە خەڵک بانگەوازێکیان واژۆ کردبوو کە بە ناو هیچ حیزب و رێکخراوێکەوە نەبوو و تایبەتمەندی ئەو بانگەوازەش کە جیاوازی پێدەبەخشی، نەبوونی لە چوارچێوەی هیچ حیزب و رێکخراوێکدا بوو.

واتە مەرجی سەرەکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کورد بۆ پشتگیری لە زیندانیانی سیاسی ئەوە بوو کە چالاکییەکە و بانگەوازەکە بەناوی ئەوانەوە بڵاو ببێتەوە! و ئیستدلالیان ئەوە بوو کە رێکخراو بێ لایەنەو وەکوو حیزب نیە، کە بۆیان روونکرایەوە کە هەردووبەشی ئیستدلالەکە ناراستە و نە رێکخراوەکانی کوردستان بێ لەیەنن و نەک ئەو بانگەوازەش لە لایەن هیچ حیزبێکەوە بەرێوە دەچێ. بۆیە ئەو مەرجە کە بانگەوازەکە بە ناوی کۆمەڵەی مافی مرۆڤەوە بڵاو بێتەوە قبووڵ نکرا و ئەوان بڕیاریان دا کۆبوونەوەیەک  لە ناو خۆیاندا بکەن و پاشان هەڵویستی خۆیان رابگەیەنن کە ئایا پشتیوانی دەکەن یان نا (کە لە دوو تۆی بەیاننامەیەکدا پشتیوانی تەواوی خۆیان لە بانگەوازی ٢٧ی خەزەڵوەر دەربڕی کە لە درێژەدا ئاماژەی پێ دەکەم)

دیارە شتێک کە مەرج بێت هەر ئەوە بوو، قسەکانی دیکەیان رەخنەکانیان بوو کە لەو لێدوانەشدا ئاماژەیان بە بەشێکیان کردووە و لە درێژەدا دەپەرژێمە سەر ئەوانیشە.

رەخنەی یەکەمیان ئەوە بوو کە دەبێ هێندێ شت لە دەقی بانگەوازەکە زیاد بکرێت یان بگۆرێت ، بەڵام بە روونی باسیان نەدەکرد مەبەست چییە، بۆیە داوایان لێکرا لە ئەگەری پشتیوانی کردنیاندا، ئەو شتانەی کە بۆ باشتر بەرێوەچوونی کارەکە لە زەینیاندایە بە روونی گەڵاڵەیان بکەن بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا بخرێنە بەرباس.

یەکێک لە رەخنە سەرەکییەکانی دیکەیان کە بەردەوام دووپاتیان دەکردەوەو سەعیدی سەنەندەجی لە لێدوانەکەیشیدا باسی لێوە کردوە ئەوە بوو کە کاتی ئەم هەڵمەتەیان بە باش نەدەزانی و کاتێک پرسیار کرا کە بۆچی پێتان وایە کاتەکە باش نیە وەڵامی بەرێزیان ئەوە بوو کە باکوور لە مانگرتندایە و تا ئەوان سەرنەکەون ئێمە نابێ باسی بەرخۆدان بکەین! چەند ئەندامی دیکەی ئەو رێکخراوەش لە هەمان باوەڕدا بوون و ئەوەیان بە کاری “هاوتەریب ” لە گەڵ باکوور دەزانی.

لە کاتێکدا باکوور و رۆژهەڵات لە ژێر دەسەڵاتی دوو حکوومەتی جیاوازدان و باسی هاوتەریبی کاتێک دەکرێ کە دەسەڵاتی سەرکوتکەر یەکێک بێت و لایەنێک خەبات بە دژی بکات و لایەنێکی دیکە بە رێکخستنی خەباتێکی دیکە و بە دابەش کردنی هێزی خەڵک زەبر لە خەباتەکە بدات، روونە کە خەڵكی رۆژهەڵات لە نێو سنووری جۆغرافیایی وڵاتێکی دیکەدا دەژین و ئێستا بەشداری خەباتی باکوور نین و هاتنە مەیدانی ئەوان نە تەنیا هیچ زەبرێک لە خەباتی باکوور نادات بەڵکوو دەنگی کورد بەهێزتر و بەبڕشتتر دەکات. 

راگرتنی هەوڵ و تێکۆشان لە پارچەیەکدا بە مەبەستی چاوەڕوانی بۆ پارچەیەکی دیکە لە خۆیدا بە تەواوی هەڵەیە و نە تێکۆشان و نە دەستکەوتەکانی هێچ پارچەیەک ناتوانێ ببێتە هۆی بێدەنگی و دەست راگرتنی پارچەکانی دیکە، بە پێچەوانەوە خەبات و دەسکەوت و ئازادی پارچەیەک دەبێ هێز و وزەی زیاتر بدات بە خەڵک بۆ پێکهێنانی خەباتی بەربڵاوتر لە پارچەکانی دیکەدا کە ئەوەش ئەگەری سەرکەوتن زیادتر دەکات. ئایا خەڵکی رۆژئاوا ئێستا  لە شەڕێکی قورسی مان و نەمان دا نین؟ ئایا دەبا هەموو هەوڵەکانی باکوور تا سەرکەوتنی رۆژئاوا رابگیرابا؟ ئایا مانگرتنی باکوور زەبرێکە لە خەباتی ئەوان کە بۆ  پەراوێز خستنی ئەوان رێکخراوە؟‌!

بێگومان وا نیە و خەڵکی باکوور بەو مەبەستە مانیان لە خواردن نەگرتووە کە هێزی کورد دابەش بکەن یان خەباتی هاوتەریب لە گەڵ رۆژئاوا پێک بێنن و ئاکامی ئەو مانگرتنەش هەر شتێک بێت بە هیچ شێوە کاریگری نەرێنی لە سەر دۆخی رۆژئاوا دانانێت، بەڵکوو هەردووکیان لە پاڵ یەک پرسی کورد وەکوو پرسێکی جیددی ناوچە زەق دەکەنەوە.

ئەوەی کە کاک سەعیدی سەنەندەجی بە “پرۆژەیەکی سیاسی لە کاتێکی نەگونجاودا ” دەیزانێ هەوڵێکە بۆ پێکهێنانی هاودەنگی زیاتر لە ناو کورددا، ئێستا ئەگەر بەرێزیان بە لە بەرچاوگرتنی بەستراوەیی سیاسی خۆیان کاتەکەی بە گونجاو نازانن ئەوە شتێکی دیکەیە، مەبەستی سیاسی ئەو کەمپەینەش هەر وەک لە سەرەوە باسم کرد لە یەکەم بانگەوازیدا بە روونی باس کراوە و شتێکی شاراوە نەبووە و بریتی بووە لە هەوڵدان بۆ گشتگیر بوونی  هاوکاتی پرسی کورد لە پارچە  داگیرکراوەکاندا ، ئەوە بێشک مەبەستێکی سیاسی پیرۆزە کە پێموانیە کەس بتوانێ نکۆڵی لێ بکات.  ئەوان دەیانتوانی هەر لە یەکەم هەنگاودا بڵێن ئەمە ئیشێکی سیاسییە و ئێمە چالاکی سیاسی نین و بەشداری نابین و دیارە ئەوکات پێویستیش بە هیچ کۆبوونەوەیەک و مەرج دیاری کردنێک نەبوو.

یەکێکی تر لە رەخنەکانی ئەو بەرێزانە کە کاک سیامەندی موعینی لە لێدوانەکەیشیدا دووپاتی کردوەتەوە  ئەوە بوو کە “رێکخراوی ئێمە دامەزراوەیەکی مەدەنییە و ناتوانێ واژۆی دروشمی بژی و بمری بکات” رەنگە بەرێزیان درووشمی “بژی کورد و کوردستان”ی پێ ناخۆش بێت بەڵام خەڵکی کورد تا ئەو رۆژەی بندەستن و تەنانەت پاش ئەوەش وەکوو رۆڵەی ئەم وڵاتە بژی کوردستان لە سەر زاریان ناکەوێت و ئەوە تایبەت بە رۆژهەڵات نیە و لە باکووریشدا (کە بۆ هاورێیان گرینگییەکی چەندقاتی بە نیسبەت رۆژهەڵات هەیە) دروشمێکی بەناوبانگ هەیە کە هەموو کوردێک بیستوویە و ئەگەرچی باسی خاکی کوردستان ناکات بەڵام لە زاری زۆرێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی و فەرهەنگی باکوور و پاشکۆکانیان لە رۆژهەڵات بیستوومانە کە دەڵن “بژی سەرۆک ئاپۆ”، هەر بۆیە پێم وا نیە ناوی “کوردستان” لە ناوی “سەرۆک ئاپۆ ” کەمتر بێت و شیاوی ئەوە نەبێت کە ئاواتی مانەوەی هەتاهەتایی بۆ بخوازرێ.

نەمانیش بۆ داگیرکەری کوردستان داواکراوە و دیارە ئەوە مەرجی سەرەکی گەییشتنی خەڵکی کورد بە مافەکانییەتی و پێم وانیە رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردیش لە ئەگەری مانەوەی داگیرکەردا بتوانێ وەکوو رێکخراوێکی مەدەنی راستەقینە کە جێگای ناو خەڵکی خۆیەتی، بگەرێتەوە بۆ کوردستان.

رەخنەی دیکەی ئەو بەرێزانە لە سەر ژمارە بەندکراوەکان بوو کە دەڵێن لە سەرەوەی سی کەسە، بە پێی  ئەو سەرچاوەگەلەی ئەو کاتە لە بەردەستدا بوو (لە کۆتایی ئەم وتارەدا لینکەکانیان دەخەمە بەردەست) ژماری ئەو بەندکراوانەی کە حوکمی ئیعدامیان بە سەردا سەپا بوو ٢٧ کەس بوو، دواتر “کمپین بین المللی حقوق بشر درایران” ناوی ٢٨ کەسی بڵاو کردەوە کە ئەوە پاش بڵاوبوونەوەی بانگەوازی ٢٧ ی خەزەڵوەر بوو.

کۆماری ئیسلامی ئێران بە شایەتی مێژوو هیچکات زانیاری دروستی بڵاو نەکردوەتەوە، لەوانەیە رێژەی ئەو کەسانە  زۆر لە سەرەوە تر لە ٢٧  یان ٢٨ بێت و دیارە ئەوەی ئەو بەرێزانەش باسیان کردوە شتێکی بێ ئەملاوئەولا نییە و تەنیا وتوویانە لە سەرەوەی سی کەسە. واتە ئاماری زۆر روون لە بەردەستدا نیە، بەڵام ئەوە شتێک لە بەرپرسایەتی تاکی کورد بەرانبەر بە ئەو زیندانیانە کەم ناکاتەوە.

روونە کە کێشەی ئەوان کێشەی ژمارە نەبوو چون دەیانتوانی لە راگەیاندنێک دا بە ئاسانی ئەو هەڵە راست کەنەوەو لیستەی دیکە بخەنە بەردەست، بەڵام مادام ئەوەی بڵاو کراوەتەوە تەنیا باسی ٢٧ و ٢٨ی کردوە بەرێوەبەرانی بانگەواز بۆیان نەبوو بە ویستی خۆیان لێی زیاد کەین.

بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەگەر بانگەوازی ٢٧ خەزەڵوەر باسی ٢٨ زیندانی بکردایە و ناوی بانگەوازش ٢٨ی خەزەڵوەر بوایا، رێکخراوی مافی مرۆڤی کورد ئەرکی مرۆییانەی خۆی لەو بارەوە جێبەجێ دەکرد؟!

ئایا بەرگری لە زیندانی سیاسی یان بەرگری لەو کەسانە کە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپاوە یەکەم ئەرک و سەرەکیترین ئەرکی رێکخراوێکی مافی مرۆڤ نیە؟

ئایا ئەو بەرێزانە کە گیانی رۆلەی کورد لە رۆژهەڵاتیان تەنیا کاتێک بۆ گرینگە کە فەرمانەکەی لە سەرەوە هاتبێ هیچ بیریان لە قورسی ئەو ناوەی کە بۆ خۆیان هەڵبژاردوە کردووەتەوە؟ ئایا مافی مرۆڤ بە لای ئێمەی کوردەوە بەراستی ئەمەیە ماناکەی کە چون باکور لە مانگرتندایە جارێ “کاتەکەی نەگونجاوە”؟!

 ئەو بەرێزانە باشتر لە من دەزانن کە حوکمی نیهایی هێندێک لەو بەندکراوانە تا رادەی جێبەجێ کردن رۆشتووە و هەموو رۆژێک ئەگەری لە سێدارەدانی لەناکاویان هەیە، نازانم هیچ بیریان لەوە کردووتەوە کە ئەم شێوە هەڵسووکەوتە لە چواچێوەی ئەو دروشمەی وەکوو چالاکی مافی مرۆڤ هەڵیان گرتووە بە هیچ شێوە ناگونجێ؟

رەخنەیەکی ناراستەوخۆی دیکەیان ئەوە بوو کە ئەمە کارێکە کە حیزبەکان کردوویانە و بۆیە ئێمە و زۆر کەسی دیکە پشتیوانی ناکەین!

باشە با وای دابنین کە حیزبێکیش کردبێتی، ئەرکی ئێوە چییە؟ ئەگەر حیزبێک یان چەند حیزب یان تاکێکی حیزبی لە سەر مەسەلەی ئیعدام بێتە دەنگ ئێوە پشتیوانی لە مەسەلەکە ناکەن چون حیزبێک سەرەتا باسی کردوە؟! کەوابوو هەڵویستەکەتان بە پێچەوانەی بۆ چوونی خۆتان و بەپێچەوانەی دروشمەکانتان بەتەواوی سیاسییە و لە پێناو بەرژەوندی سیاسی دیاری کراودایە، چون چالاکی مافی مرۆڤ تەنیا گرنگی بە پرسی مافی مرۆڤ دەدات نەک ئەوەی کێ سەرەتا باسی کردوەو کێ خەریکە هەوڵی بۆ دەدات! لە لایەن هەر تاک، رەوت یان حیزبێکەوە باسی مافی مرۆڤ بکرێت ئەرکی بێ ئەملاو ئەولای رێکخراوێکی مافی مرۆڤە کە پشتگیری لێوە بکات نەک ئەوەی بە پێی رق یان خۆشەویستی خۆی مامەڵە لەگەڵ پرسی گرینگی مافی مرۆڤ بکات.

وێڕای هەموو ئەمانە ئەو رێکخراوە دوای کۆبوونەوەکانیان کە بێ گومان بەرێزان سیامەندی موعینی و سەعیدی سەنەندەجیش بەشداری بوونە (چون ئاگاداری مەسەلەکە بوون) بڕیاریان دا کە پشتیوانی خۆیان لەو هەوڵە دەببڕن و ئەو پشتیوانییەیان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک راگەیاند و لە دەقی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە: “ئێمە، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد- ئەوروپا وێرای پشتیوانی و هاودەنگی خۆمان لەسەر ئەو بانگەوازە داوا لە سەر جەم ریزەکانی کۆمەڵگا دەکەین کە بە هانای ئەم بانگەوازەوە بێن و هەڵوێست و خاوەنداریەتی خۆیان لە زیندانیانی سیاسی ومەدەنی دەرببڕن، هاوکات داوا لە سەرجەم حیزب و ڕێکخواوە کوردستانیەکان دەکەین کە بەیەک دەنگی و یەک ریزی خۆیان هەوڵەکانیان بۆ وەدەست هێنانی ئامانجەکانی ئەو بانگەوازە بخەنە گڕ، لە کۆتای دا پشتیوانی خۆمان دووپات دەکەینەوە  و هیوادارین بە یەک ریزیمان بەرەوگەیشتن بە ئامانجەکان هەنگاو بنێین.”

کەچی پاش ٢٤ کاتژمێر لەوە پاشگەز بوونەوە و لێدوانێکیان راست بە پێچەوانەی بەیاننامەکە دا و تەنانەت دەقی بەیانامەکەشیان لە سەر ماڵپەڕەکەی خۆیان سڕیەوە! کە ئەوە  دەرخەری رادەی سەربەخۆیی ئەو رێکخراوە لە بڕیاردانییەتی!

ئەوانەی کە بەردەوام خەریکی تاوانبار کردنی خەڵکانیتر تەنیا بە هۆی هەڵویستی سیاسی روون و ئاشکرایانن ، خۆیان وێڕای حیزبی بوونیان حاشا لەو راستییە و بانگەشەی سەربەخۆیی دەکەن.  کەچی لە هەڵویستێکی لەم چەشنەشدا بۆیان نیە سەربەخۆ بجووڵنەوە و بڕیار بدەن. ئەوەی سەر بە حیزب و لایەنێکە، بێ گومان حیزبی وەکوو ئامراز بۆ گەییشتن بە ئامانجێکی بەرز هەڵبژاردووە و بەڵام ئەگەر ئامانجەکە پیرۆزە و کەرەستەکەش رەوایی هەیە چ باک لە باسکردنی؟! بٶ دەبێ بشاردرێتەوە و حاشای لێ بکرێ؟! گرینگترین هۆکاری ئەو حاشا کردن نەگونجاو بوونی لایەنگری سیاسی لە گەڵ چالاکی ماڤی مرۆڤدایە.

دیارە ئەگەر ناوی رێکخراوی مافی مرۆڤیان بۆ خۆیان هەڵنەبژاردایە ئەوە هیچ کێشە نەبوو و حەقی خۆیان بوو بە فەرمی لایەنگری حیزبێکی دیاری کراو بن و لە پێناو بەرژەوەندی ئەودا تێ بکۆشن، بەڵام کێشەکە لە بانگەشەی بێلایەن بووندایە کە لە گەڵ کردەوەکاندا بە هیچ شێوە یەک ناگرنەوە.

ئەو بەرێزانە هەر بە بەراوەردی کردەوەکانی خۆیان (کە تا ئیزنی حیزبەکەیان نەبێ ناتوانن بجووڵێنەوە) حوکم لە سەر هەموو مرۆڤەکان دەدەن و هەموو هەوڵێکیان بە دارێژراوی حیزب لە قەڵەم دەدەن و ئەوە بووە بە دیاردەیەکی باو کە هەر جووڵەیەکی تاکێکی حیزبی بە بەرنامەی دیاری کراوی حیزب دەزانن! دەڵێی تاکی حیزبی بۆی نیە خاوەنی بیری خۆی لە دەرەوەی هەڵویست و هەڵسووکەوتی حیزبەوە بێت ، کە ئەوە خۆی باسێکی دوورودرێژ و دەرفەتێکی دیکەی دەوێت بۆ ئەوەی بپەرژینە سەر پرسی حیزب و حیزبایەتی لە کوردستاندا، بەڵام لێرەدا هەرئەوەندەی پێوست بە گوتنە کە بانگەوازی ٢٧ ی خەزەڵوەر بەرهەمی بیرو هەستی بەرپرسیارانەی کۆمەڵە چالاکێکی سیاسی و مەدەنی لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان بوو کە بە پێچەوانەی پرۆپاگاندای هاورێیان! هیچ پشتیوانییەکی لە لایەن حیزبەکانەوە نەبوو و ئەو تاکە حیزبەی کە بە هەست و بیری بەرپرسانەوە بەدەم ئەو بانگەوازەوە هاتووە و پشتیوانی کردووە هەمان یەکیەتیی دیمۆکراتیکی کوردستان بوو (کە دەقی راگەیندراوەکەیان لە کۆتاییدا هاتووە)، ئەوانی دیکە بە تێکڕا بێدەنگییەکی هیواڕەوێنیان هەڵبژارد کە چەندین پرسی سەرەکی سەبارەت بە ئەرکی حیزب و چۆنییەتی هەڵسووکەوتی لە گەڵ رووداوەکانی پێوەندیدار بە نەتەوەکەیەوە دەخاتە بەردەم مرۆڤی خاوەن بیر کە پەرژانە سەر ئەوانەش دەرفەتێکی جیاوازی دەوێ.

بانگەوازی ٢٧ خەزەڵوەر مۆرکی هیچ حیزبێکی لە سەر نییەو لە ژێر منەتی هیچ لایەنێکیشدا نییە بەڵکوو بەرهەمی بیرێکی دەروەست و شۆرشگێڕە کە بە دەنگەوە هاتن یان نەهاتنی حیزبەکان و هەروەها رێکخراوەگەلی هاوچەشنی مافی مرۆڤی کورد کە تەنیا رۆکەشی رێکخراویان هەیە و بە پێی بەرژەوەندی لایەنی سیاسی دیاریکراو دەجووڵێنەوە، وەکوو هەوڵێکی رەسەن و نەتەوەیی، خۆی لە مێژووی خەباتی کوردی رۆژهەڵات دا تۆمار کردووە و سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی ئەو هەوڵە شتێک لە پیرۆزی و بایەخی  ناگۆڕێت.

لە کۆتاییدا ئاواتەخوازم کە تەمەنی بەندکراوانی سیاسی، ئەو مرۆڤە قارەمان و مەزنانەی کە ئاڵاهەڵگرانی راستەقینەی خەبات و بەرخۆدانی نەتەوەی کوردن، لە تەمەنی داگیرکەر درێژتر بێت و بە هەموومانەوە چاو لە سەرهەڵدانی خۆری ئازادی بکەین و لە کوردستانێکی ئازاددا بە دەنگی بەرز و بوێر بڵێن بژی کوردستان.

* ماڵپەڕی nnsroj  کە دەقی لێدوانی سەعیدی سەنەندەجی و سیامەندی موعینی بڵاو کردبوەوە، ئەمرۆ ئەو لێدوانەی سڕیوەتەوە و تەنانەت لینکەکەشی گۆریوە بۆ لاپەرەیەکی دیکەو بە بێ ئەوەی لە ماڵپەرەکەدا باسی بکات تەنیا لە سەر لاپەرەی فەیسبووکی خۆی ئاماژەی بە سڕینەوەی ئەو بابەتە کردوە. وێنەی روونکردنەوە و لێدوانەکە لە خوارەوە هاتووە. 

nnsroj_labrdni_hewal

لینکی بانگەوازەکانی ٢٧ی خەزەڵوەر

http://www.kurdpa.net/farsi/index.php?cat=idame&id=7162

http://www.kurdpa.net/index.php?besh=dreje&id=7142

لینکی لێدوانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد سەبارەت بە بانگەوازی ٢٧ی خەزەڵوەر

http://www.nnsroj.com/detiles.aspx?id=3438&ID_map=23

لینکی پشتگیری ٢٠ رێکخراوی مەدەنی کوردستان

http://www.kurdpa.net/index.php?besh=dreje&id=7131

http://www.kurdpa.net/index.php?besh=dreje&id=7159

http://www.kurdpa.net/index.php?besh=dreje&id=7176

لینکی پشتیوانی یەکیەتی دیموکراتیکی کوردستان

http://www.ydkurd.com/Diriyje.aspx?Babet=MeqalatKurdi&Jimare=368

لینکی پشتگیری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد لە بانگەواز پێش لە پاشگەزبوونەوە

http://www.kurdpa.net/index.php?besh=dreje&id=7159

لینکی ئامارەکان (کمپین حقوق بشر ایران)

http://persian.iranhumanrights.org/1391/05/execution_list/

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی