"an independent online kurdish website


کێوی رەجاڵگا رەنگ دەداتەوه      

خوێنی حیسامه سوور دەکاتەوه    Shehid_Hisam_0 

 لە رۆژەکانی ئاخر و ئۆخری مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦١ بوو، کە پشووی هاوینە دەستی پێکردبوو و منیش ئەوکات لە سنە خوێندکار بووم و گەڕابوومەوە بۆ گوندەکەی خۆمان “گواز” ئاگادار بووم کە چەند شەو پێشتر پێشمەرگەکانی هێزی زرێباری مەریوان بە فەرماندەری کاک حیسام ئەسعەدی ناسراو بە حیسام بانەیی چالاکی‌یەکی گەورە و سەرکەوتوانەیان لە دژی هێزەکانی رژێمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەی مەریوان بە رێوە بردبوو و پێشمەرگەکان بە سڵامەت گەڕابوونەوە و لە گوندەکەی ئێمە بۆ پشوودان مابوونەوە. پاش‌نیوەرۆی یەکێک لەو رۆژانە پێشمەرگەکان لە خوار گوندەکەمانەوە کە ” وەردەگایان ” پێ دەگوت و هەمووی باخ و باخاتە، گوێلکێکیان سەربڕیبوو و خەریکی گۆشت برژاندن بوون. منیش چووم بۆ لایان هەندێک لە پێشمەرگەکان کە پێشتر منیان دەناسی بەرەو پیریم هاتن و بە خێرهاتنیان کردم و کاتێک گەیشتمە لایان کاک حیسام هەستا و دەستی دایە دەستم و بە گەرمی بەخێر هاتنی کردم وتی کاتێکی باش هاتی. منیش دەست خۆشی ئەو چالاکییە  سەرکەووتوانەم لێکردن و هیوای سەرکەوتنی زیاترم لە پێناوی حیزب و گەل‌دا بۆ بە ئاوات خواستن.

پاش زیاتر لە یەک کاتژمێر دانیشتن لە لایان کاک حیسام گوتی حەمدی پێکەوە هەندێک قسە بکەین، منیش وتم لە خزمەتدام. پاشان کاک حیسام هەستا و پێکەوە چوینە بن دارێک  دانیشتین و  دووبارە بە خێر هاتنی کردم و لە سەر بارودۆخی ژیانم و بارودۆخی خوێندن و بنەماڵەکەم و هەروەها بارودۆخی شار هەندێک پرسیاری لیکردم  و منیش بە پێی پێویست وڵامم دایەوە. پاشان کاک حیسام هاتە سەر باسی جووڵانەوەی میللی دێموکراتیکی گەڵی کورد بە رێبەری حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و ئەرکی خەڵکی کوردستان بە تایبەت ئەرکی لاوانی بەرانبەر بە جووڵانەوەکە باسێکی زۆری بۆ کردم و پاشان داوای لێکردم ببم بە پێشمەرگە .

منیش بە پێی ئەو باوەر و ئێعتیمادەی کە بە کاک حیسام هەبوو وتم من لە گەڵ تەشکیلاتی نهێنی ناو شاری سنە سازمان دراوم  و لەگەڵ کۆمیتەی سنە پێوەندیم هەیە و ئەویش زۆر بە روو خۆشییەوە دەس خۆشانە و پیرۆزبایی لێکردم و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستم. کاک حیسام وتی بەڵام تۆ دەبێ نهێنی کار بی و باوەڕ بە کەس نەکەیت و کەس نەزانێت تۆ لە نیوشار بە شێوەی نهێنی کار دەکەی، منیش وتم کاک حیسام راست واییە من نەدەبوو ئەوشتە بدرکێنم ، بەڵام من باوەڕی زۆرم بە جەنابتانە، بۆیە ئەو شتەم درکاند و ئەویش سوپاسی کردم. لەو چاوپێکەوتنەدا کاک حیسام زۆر سەرنجی راکێشام. لاوێکی جوان چاک کە سیماێکی جوان و شیرینی هەبوو، زۆر باش پێگەیشتبوو و شارەزاییەکی زۆری لەسەر سیاسەت و هەڵویستەکانی حیزبی دێموکرات هەبوو. کاک حیسام کەسێک بوو ئاگاهانە بە بیر و هزرێکی کراوەوە هاتبووە مەیدانی خەبات. ئەو باوەڕێکی تەواوی بەو رێبازە، واتە رێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی هەبوو و خۆیشی زۆر ئازایانە لە پێناویدا خەباتی دەکرد. لاوێکی پڕ هیوا بوو هیوای زۆری بە سەرکەوتن بوو. کاتێک لە گەڵ هاوڕێیانی و خەڵکی ئاسایی قسەی دەکرد دڵسۆزی و راست گۆیی و پاکی و سەداقەت لە وشەکانی دەباری و کەسێکی بیرمەند و زانا و خاوەن روانگەیەکی سیاسی بوو. کاک حیسام لە بوواری نیزامیشدا فرماندەیەیکی هەڵسووڕ و و شارەزا ولێزان بوو و  لە کاتی رووبەروو بوونەوە لەگەڵ دوژمن دا یەکپارچە ورە و هێز بوو.  لە شەڕەکاندا  زۆر شارەزا و ورەی زۆر بەرز و رۆحییەێکی چاونەترسانە و شۆڕشگێڕانەی هەبوو و بەسەرکارەکانیدا زاڵ بوو.  لە نێو خەڵکدا زۆر خۆشەویست بوو  و هەموو کەس خۆشی‌دەویست و رێزیان بۆ دادەنا. کاک حیسام ئەوەندە خۆشەویست بوو کە ئێستاشی لە گەڵ بێت واتە پاش سی ساڵ لە شەهید بوونی خەڵکی ناوچەهەرباسی دەکەن و منداڵی زۆر هەن کە  دایک و باوکیان بە خۆشەویستی شەهید حیسام وە ناوی حیسامیان لەسەر داناون . 

هەر بۆیە بە بڕوای من زۆر بە شانازییەوە دەتوانین کاک حیسام بە یەکێک لە فەرماندەرە هەرە باش و بە توانا کانی حیزب ناو ببەین.

رۆحی شاد و رێگای پڕ رێبوار بێت 

حەمدی حۆسێنی

Shehid_Hisam2

وێنە: شەهید حیسام 

……………….

بنەماڵەی ئەسعەدییەکانی ناوچەی سەرشیویی سەقز له کۆماری کوردستاندا نەخشێکی بەرچاویان هەبوو و چەند کەس له رۆڵەکانی خۆیان پێشکەشی کاروانی شەهیدانی گەل و حیزب کرد. ئەمجاریش پاش دامەزراندنی سەر له نوێی حیزب له شارە و گوندەکانی کوردستان بنەماڵەی شۆرشگێر و سەربەرزی ئەسعەدی له ئاوایی کەسنەزان رۆڵەیەکی ئازا، خەباتگیر و رۆشنبیری خۆیان پیشکەش به حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران کرد. شەهید حیسامی ئەسعەدی لاوێکی شۆرشگێر، ئازا و به بیروباوەر بوو که رێگای بنەماڵه سەربەرزەکەی خۆی گرته بەر و هاته ریزی حیزبەوە.

ناسینی من لەگەڵ شەهید حیسام دەگەرێتەوه بۆ پاش شەری سێ مانگەی کوردستان. دوای ئەو شەرە ناخوازیاره و ئاگر بەسی رژیم دەگەڵ نوێنەرانی گەلی کورد، هەلێک بوو بۆ حیزب رەخسا که بنکەکانی خۆی به شێوەیەکی رێک وپێک له شارەکانی کوردستان دابمەزرێنی. شارۆچکەی کامیاران یەکێک بوو لەو جێگانەی که حیزب بنکەی سیاسی- نیزامی لێ دامەزراند. ئەمن لە گەڵ یەک لک پێشمەرگە مەئمووریەتم پێدرا که لە سەقزەوە بچمه کامیاران بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگەکانی کامیاران بۆ دامەزراندنی بنکەکانی حیزبی. لەو کاتەدا لەگەڵ حیسام ئاشنا بووم. لاویکی ژیر و بە هەست بوو، بیروبۆچوونی خۆی هەبوو. له زۆربەی دانیشتنەکاندا چالاکانه بەشداری دەکرد و خاوەن نەزەر و به دیسیپلین بوو. هەر به هۆی ئەم تایبەتمەندییانەوە توانی که بەرپرسایەتی یەکیەتی لاوان به ئەستۆ گرێت. له ماوەیەکی کورتدا توانی زۆر لاوی کورد بێنێته ناو ریزەکانی حیزبەوه. شەهید حیسام له جەولەی سیاسی نیزامی بۆ گوندەکانی دەوروبەری کامیاران لەگەڵمان دەهات. زۆر خەڵکی بوو و بە دڵ گۆی له بیروبۆچوونی ئەو گەنجانه دەگرت که دەهاتنه نێو ریزەکانی حیزبەوه. له ماوەیەکی کورتدا توانی بەرپرسایەتی بەرزی حیزبی وەربگرێت. زۆر ئازا و لێهاتوو بوو. خۆشەویستی خەڵک و پیشمەرگە بوو. وەکوو فەرماندەیەکی ئازا له هەموو بەرەکانی شەردا بوو. کورت ژیا بەڵام شیرانه ژیا. هەواڵی شەهید بوونی هەموو ناوچەکانی سەقز، مەریوان و کامیارانی ماتەمبار کرد.

 یاد و بیرەوەرییەکانی هەتا هەتایه له دڵدایه.

عەلی فەیزبەخش

……………………………..

باشم لەبیرە ئەو کاتە تازە هێزی شەهید شەریفزادە لە حالی شکڵ‌گرتندا بوو، من وکو سەرلکی لکی یەکی هێزی شەریفزادە لە مەقەڕی شەریف‌ئاوی سنە نیشتەجێ بووم کە بۆ کارێک چووبووم بۆ دەفتەری حیزب لە خیابان ژاندارمری سنە. لە رووبەرووی کاک سەید عەلی رەحمانی گەنجێکی تازە پێگەیشتوو دانیشتبوو کە زۆر رێک و پێک بوو و ئۆڤرکۆتێکی ئامریکائی کە ئەوکاتە باۆ بوو لە بەریدا بوو و کلیتەیکی کۆرکی جوانی لە سەردابوو و داوای چەک و تەقەمەنی ئەکرد. کاک سەید عەلی منی بانگ کرد وتی لە گەڵ کاک حیسام ئاشنا بە، منیش چوومە پێشەوە و یەکترمان ماچ کرد (دوور لە ئیستا ئەوکاتە دڵان زۆر لە یەک نزیک بوون هەر بەس بوو یەکتر بناسی ودەبووە سەرەتای دۆسی). پرسیم چ باسە کاک سەید عەلی وتی کاکە گیان (من ئێژم نێرە ئەو ئێژێ بیدۆشە )، من باسی مزاکرە و وتووێژ ئەکەم (کاتی مزاکرە لە گەل رژیم بوو) ئەو داوای چەک و تەقەمەنیم لی ئەکات. منیچ پیشنیارم بە شەهید حیسام کرد کە وختی نانی نیوەڕۆیە بابڕوین شتێک بخوین. هاتینە دەرەوە و چوین بو ریستورانێ کە لە پەنای دفتەری حیزب دانرابوو و پێکەوە نانمان خوارد. لەبیرمە لە شەهید حیسامم پرسی چۆنە خەڵکی بانەی ( دیارە شەهید حیسام لە ئەسڵدا خەڵکی  سەقز بوو بەڵام لە بانە دەرسی خۆێندبوو) و لە کامیاران حیزبایەتی ئەکەی، پێمی وت رەنگە کوردایەتی لە بانە کەم رنگ نەبێ بەلام من لە کامیاران تەئسیرم زۆرترە. هەر وایش بوو چونکە گەشە کردن هەستی کوردایەتی لە کامیاران بەشی زوری ئەگەریتەوە بۆ حوزوور و زحمەتە کانی شەهید حیسام. ئەوە سەرەتای دوستایەتی من لە گەڵ شەهید حیسام‌دا بوو. شەهید حیسام پڕ بوو لە هەستی کوردایەتی و دڵسۆزی بۆ وڵات. لە تەمەنی خۆی زۆر تێگەیشتوتر بوو. یەکجار نەترس و شوجاع  و خوێن شیرین و بە دڵ نزیک بوو. ئێستاش پاش  ٣٠ ساڵ من ناتوانم لە بیری بکەم و هەرکاتێک کە ‌قەڵافەتی پیاوانەی دێتە بەرچاوم ئیشم پی ئەگات و هەناسەی بۆ هەڵ‌ئەکێشم. حیسام زۆر زوو بەجیمانی هێشت، ڕۆحی شاد و یادی بە خەێر بێت، 
بە وتەی مەولەوی تاوەگۆزی 
کام وصفت خێاڵ کام شێوەت یاد کەم

 پەی کام خصلتت دادو فەریادکەم

بابه شیخ ناسری

……………………

ساڵی ١٣٦١ لە ناوچەی بێڵەواری کامیاران شەڕێکی قورس رووی دا ، لەو شوێنە کە ئاوایی لۆنە کۆن ، بنکەی رژێمی لێبوو کە ئێمە وەک لکێکی هێزی زرێباری مەریوان کە بۆ یارمەتی هێزی بێستون رۆیشتبووین بەشداریمان لەو شەڕەدا کرد و بنکەکەی رژیم مان گرت و لەو کاتەدا من لە گەڵ شەهید حیسام ئاشنا بووم ، یەکترمان ناسی دوابەدوای ئەو شەڕە  ئیمە گەڕاینەوە بۆ هێزی زرێبار کە لە بێساران بوو.

پاش  یەک ساڵ دوای ئەو یەکتر ناسینە کاک حیسام وەک فەرماندەری هێز درایە هێزی زرێباری مەریوان، چونکە فەرماندە هێزمان نەبوو و لەو کاتەدا من کاک حیسامم بینییەوە و بە باشی ناسیم ، هاوڕێ‌یەتی من لە گەڵ کاک حیسام رۆژ لە دوای رۆژ پتەوتر  دەبوو زۆر جار کاک حیسام پێی دەوتم کە دەبێ هەمیشە لە گەڵ من بیت.

ئەو تایبەتمەندیانەی کە من لە کاک حیسامدا بینم بریتی بوون لە : 

کەسایەتیەکی تایبەتی هەبوو، پابەند بوو بە دیسیپلینی حیزبی ، جیدی لە ئەرک و کاری حیزبی ، خۆش قسە و قودرەتێکی بەیانی سەیری هەبوو و زۆر خێرا سەرنجی خەڵکی بۆ لای خۆی رادەکێشا کە ئەوەش بە هۆی ئاستی تێگەیشتنی سیاسی کۆمەڵایەتی‌ کاک حیسامەوە بوو. فەرماندەرێکی نیزامی بە تەواو مەعنا بوو .

بە کورتی دەتوانم بڵێم لەو بوارانەیدا کە باسم کرد بەڕاستی مامۆستا بوو.

من بە شانازییەوە لە زۆر شەڕ و پێکدادان لە گەڵ هێزەکانی رژیم  لە گەڵ شەهید حیسامدا بووم.

لەوانە شەڕەکانی ژان و بێساران، نەسەنار و ژان، هوییە و سەر هوییە و کورەی مریم، کە بەداخەوە لە شەڕی بێساران و هوییە و سەر هوییە دا شەهید بوو، لەو شەڕە دا زەبرێکی زۆر لە هێزەکانی رژیم درا و تەڵفاتێکی زورمان لە دژمن دا ، لە کاتژمێر ٦ی بەیانی هەتا ٦ی ئێوارە ئەم شەڕە بەردەوام بوو لە کێوی رەجاڵ گا ، کاک حیسام شەڕێکی قارەمانانە و بوێرانەی کرد ، بەڵام بە داخەوە لەو شەڕە دا هەتا دوا دڵۆپی خوێنی وەرەی بەرنەداو و شەرێ کرد ، پاش ئەوەی کە شەهید بوو من خۆم لە کۆڵم کرد و هێنامەوە بۆ سەر هوییە کە ماڵی لە وێ بوو ، هەر لەوێش بە خاکمان سپارد رۆحی شاد بێت و رێگای پڕ رێبوار .

ئێقباڵ عەلی رەمایی

٢٠١٢

……………………….

شەهید حیسام ئەسعەدی لە زستانی ١٣٥٨  بە مەئموورییەت  لە لایەن حیزبەوە نێردراییە ناوچەی کامیاران وەک کادرێکی سیاسی.

ناو براو بە هۆی لێهاتووییەوە هەر زۆر زوو لە نێو خەڵکدا جێی خۆی کردەوە و هەروەها لە ناو حیزب  و رێکخراوەکانی ئەو دەم کە لە کامیاران بوون ناسرا بوو وەک: کۆمەڵە و چریک فیدایی کەمینە .

راستە کاک حیسام وەک کادرێکی سیاسی لێهاتوو بوو بەڵام لە بواری نیزامیشەوە  زۆر پێگەیشتوو بوو زۆریش حەزی لێ بوو و پێشمەرگەیەکی ئازا و چاونەترس و فەرماندەرێکی بە پلان بوو .

کاک حیسام لە شەڕی کۆرەدەڕە کە جاش و پاسدارێکی زۆر بە تانک و تۆپ و فرۆکە و هەلیکۆپتەر  هێرشیان کردبووە سەر ئەو ناوچەیە چاو نەترسانە بە چەکی ئار پی جی حەوت نەفەربەری  تێک‌شکاند  کە ئەمە وەرەی داگیرکەرانی بە تەواوەتی رووخاند و بە پێچەوانەشەوە ورەی پێشمەرگەکانی دە هێندەی‌تر بەرز کردەوە.  شایانی باسە کە ئەمە بوو بە چیرۆکی ئەو شەرە و قارەمانەتی‌یەکەی کاک حیسام ئێستاش باوکان و دایکان بۆ منداڵانیان دەگێڕنەوە.

کاک حیسام باش ئەوەی شاری کامیاران کەوتە دەست داگیرکەران لە گەڵ خوشکە شکۆفە قوبادی ئاشنا ببووو دوایش لە ئاوای کاشتر زەماوەندیان کرد و لە کاشتر مانەوە. کاک حیسام رۆژانە کاری حیزبی پێ ئەسپێردراوی خۆی ئەنجام دەدا پاشان دەگەڕاییەوە بۆ کاشتر .

جارێک لە پشت ئاوایی تیانە و سەراوکام هێزەکانی رژیم هێرشیان کردە سەرمان و لەوێ کاک شاپوور فیرووزی لاقی وەرگەڕا و پێی لە جێ چوو کە نەی دەتوانی باش بڕوات. کاک حیسام، مەجیدی بانگ کرد وتی هەتا زووە کاک شاپوور لێرە دەرباز بکەن با تووشی کارەسات نەبینەوە من پێشیان پێ دەگرم کە هەر وایشی کرد .

کاتێک حیسام پاش کۆنگرەی ٥ی حیزب وەک فەرماندەری ‌ هێزی زرێباری مەریوان دیاری کرا و رۆیشت بۆ ناوچەی مەریوان ، بەڵام لە ساڵی ١٣٦١ دا بە هۆی چڕی هێرشەکانی رژیم بۆ سەر پێشمەرگەکانی هێزی بێستوون کاک حیسام لکێک لە پێشمەرگەکانی هێزی زرێباری مەریوانی لە گەڵ خۆی هێنا و هاتە یارمەتی هاو سەنگەرەکانی خۆی. کاک حیسام لە زۆربەی هەرە زۆری شەڕەکانی ناوچەی کامیاران لە نێوان ساڵەکانی ١٣٥٨ هەتا ١٣٦١ بەشداری چالاکانەی هەبوو و جێ پەنجەی دیار و کاریگەر بوو.

شایانی باسە کە کاک حیسام لە گەڵ هێزی بێستوون دووجار بریندار بوو کە بە خۆشحالییەوە چارەسەری برینەکانی کرا .

بەڵام بە داخەوە پاش ئەوەی کە لە ناوچەی کامیاران گەڕایەوە بۆ مەریوان لە رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانەوە هەواڵی شەهید بوونی کاک حیسام‌مان بیست کە ئەو رۆژە یەکێک لە تاڵترین رۆژەکانی من و هەموو پێشمەرگەکانی هێزی بێستون و هەوروەها خەڵکی ناوچەی کامیان بوو کە لە زۆر ئاوایی ماتم دایانی گرتبوو .

شایانی باس کردنە کە من قەد نەم بینی بۆ تەنیا جارێکیش تووڕە ببێت ، یان لە رەخنە هەڵ‌چێت. کەسێکی زۆر هێمن لە سەرەخۆ و مەتین بوو ، لەگەڵ ئەوەش دا زۆر پابەندی دیسیپلینی حیزبی بوو و هیچکات لە کسانی بێ دیسیپلین و بێ نزم خۆش نەدەبوو و زۆر جیدی بۆ بۆ سەرکۆنە کردنیان .

کاک حیسام  شۆڕشگێڕێکی راستەقینە، بە بلیمەت، بە ئەخلاق، شارەزا لە بورای سیاسی کۆمەڵایەتی و نیزامی بوو  و زۆر خۆش قەول و راستگۆ بوو. هەر ئەم تایبەتمەندیانەش ببوە هۆی ئەوەی کە هەرکەس جارێک لەگەڵی هاو قسە دەبوو جەزبی کەسایەتی کاک حیسام دەبوو .

لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم پێشمەرگەیەکی نموونە  بوو کە هاو تای کەم بوو.

رۆحی شاد و رێگای پڕ رێبوار بێت

فەیزە رۆحانی 

…………………………..

کۆتایی بەشی دووهەم

بۆ بینینی بەشی یەکەم ئێرە کلیک بکەن.

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی