"an independent online kurdish website

لە ئەم  ڕۆژانەدا لە سەر فەیسبووکی هاوڕێیانم و لە سەر چەند سایتێکی کوردی کە هەواڵ و نووسینەکانی پێوەندیدار بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بڵاو ئەکەنەوە، زۆر شتی ناخۆش وە بەر چاوم دەکەوێت.ali_qenberi1


بە داخەوە میلەتەکەمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات  لە ژێر دەسڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامیدا ،ڕۆژ نییە کە کارەساتی ناخۆشی بە سەر نەیەت، کەسێکی لێ نەکوژرێت، ئیعدام، ئیعتیاد، زندانی بوون، ئاوارە بوون، هەژاری، بێ کاری، هێرشی فەرهەنگی و زمانی بۆ سڕێنەوەی زمانی کوردی و دەیان ڕەنج و ئازاری تر کە بەرۆکی کۆمەڵگای کوردی گرتووە کە چی ئێمە زۆرترین وزە و ئنرژی خۆمان بە شتی لاوەکی و دژایەتی کردنی یەکتر بە هەدەر ئەدەین.

لە ئەو ماوەیەدا و بە تایبەت لە دوای ڕێکەوتننامەی نیوان کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ئەم شەڕە قسانە لە نیوان لایەنەکان و سایتە گرێدراوەکان بە ئەم یان ئەو لایەنی حیزبییەوە بووەتە خۆراکی تەبلیغاتی ڕۆژانەی ئەم لایەن و سایتانە بۆ خوێنەرانیان!

لە دوای ئەو ڕێکەوتننامەیە دەبوایە لە هەموو لایەکەوە هەوڵ بدریایەت بۆ بەرینتر کردنەوەی ئەو هاوپەیمانییەو هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی بەرینی کوردستانی کە خواست و ئاواتی خەڵکی کوردستانە، نەک ئەم شەڕی ڕاگەیاندنە کە دژ بە یەک دەستی پێکردووە.

بۆ یەک سات بیر لە ئەوە دەکەمەوە ئاخۆ ئەگەر هێزە سیاسییەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوایەن و هەر هەمووشیان چەکدار بوایەن ئاخۆ ئیستە لە ئاکامی ئەم شەڕە قسانەدا خۆێنی چەندها ڕۆڵەی فەقیر و هەژاری کوردستان لە شەڕی نێوخۆییدا دەڕژایە سەر ئەرز؟؟؟

بۆ من وەک تاکێکی کورد گرنگ نییە کە کام حیزب گەورەیە یان ىچکۆڵەیە! گرنگ ئەوەیە کە کام حیزبی سیاسی پرۆژەی گونجاوی بۆ ڕزگاری خەڵکی کوردستان لە ستەمی نەتەوایەتی پێیە!

کام حیزب لە ئازادی و دیموکراسی و بیر جیاوازی بە کردەوە پارێزگاری ئەکات!

کام حیزب لە دادپەروەی (عدالت اجتماعی) و یەکسانی لە نیوان مرۆڤەکان دیفاع ئەکات!

کام حیزب زیاتر بڕوای بە دەنگی خەڵک و مەردم سالاری هەیە!

کام حیزب لایەنگری لە جیایی دین لە دەوڵەت ئەکات و هیچ ئایین و مەزهەبێک بە سەر ئەوی دیکەدا فەرز ناکات!

کام حیزب لە ڕوانگەی ئیدئوولوژییەکی داخراوی ئستالینییەوە هەڕەشەی تیرور کردن و کوشتنی موخالفینی خۆی ناکات!

کام حیزب دەتوانێ پارێزەری مافی منداڵ، ژن، ژینگە و مرۆڤ بە گشتی دەبێت!

کام حیزب دوورە لە تاکڕەوی و خۆپەرەستی و دژی گەندەڵی و ملهووڕێیە!

تکایە بەسیەتی واز لە ئەم شەڕی ڕاگەیاندنانە بێنن!

دایک و باوکی هەژاری کورد منداڵەکانیان بۆ شەڕی نێوخۆیی گەورە نەکردووە کە کەس یان لایەنێکی نابەرپرس بتوانێ بە سووک و ئاسان بە دەستی هاوچارەنووسی خۆی بە کوشتنی بدات!

کۆمەڵگای کوردستان، بە گشتی و کوردستانی ڕۆژهەڵات بە تایبەت لە ژێر هەڕەشەی لە نیوچوون و جینووسایدی سپیدایە و ئێوەش ئاوەها لە گەڵ یەکتر هەڵسووکەوت ئەکەن!!!؟؟؟؟

داواتان لێ ئەکەم هەوڵێ، هیمەتێ بۆ یەکڕیزی!

ئەمەیان ئاواتی گەلی کورد و هەموو ئازادیخوازێکی ئەم نیشتمانەیە!

لە کۆتائیدا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە کۆمەڵگای کوردی زۆر لە ئەوە هۆشیارترە کە جێگا بە بیری کۆن و دیکتاتووری و بۆت پەرەستی و ڕیبازی ئستالینی بدات!!!

یەکگرتن و سەرکەوتنی بزاڤی شۆڕشگێرانەی گەلی کورد ئاواتمە!

عەلی قەنبەری ٨ -١٢ – ٢٠١٢ زایینی{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی