"an independent online kurdish website

لە زۆربەی شۆڕشەکانی کورد و لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان، وەک بەشێکی بەرچاو لە هێزی ڕابەرایەتی هەر جوڵانەوەیکی نەتەوەی کورد، ئایین خوێندنەوەی بۆ کراوە و هەر سەرهەڵدانێکی کوردی بە سەرخان و ژێرخانی سیاسی و تایبەتمەندی خۆیەوە، جێگە و پێگەی تایبەتی بۆ لایەنی ئایین دیاریکردووە. aref_shex13

لێرەدا دەمهەوێت بە بێ جیاوازی لە مەزهەبی دیاریکراو، تەنیا ئەو خاڵە دەستنیشان بکەم کە لە شۆڕشەکانی نەتەوەی کورد بووتە ستوونی پارسەنگ و بە توانەوە لە ناو ڕۆحی خواست و ویستەکانی نەتەوەیدا کاروانی سەروەرییان ڕێکخستووە و پاڵنەرێک بوون بۆ تۆمارکردنی سەرکەوتنی نەتەوەیی لە کوردستان.

ئایینە کەڤناراکانی نەتەوەی کورد لە ئایینی زەردەشت و دواتر ئیسلام و فیرقە و ڕوانگە جیاوازە مەزهبیەکانی دیکە لە کوردستان، وەک دووبەری شمشێر لە لایەن دوژمنانی میللەتی کوردەوە بە کار هێندراوە و هاوکات نەتەوەی کوردیش کەڵکی لە ئیجابی بوونی ڕووی حەقخوازانەی وەرگرتووە و وەک قەڵخانی بەرگری و لە مەیدانی شەڕ و شۆڕی باوەڕیدا سوودی لێ وەرگرتووە و وەک هەزوێلەی سەرهەڵدان بە کاری هێناوە.{jcomments off}

لە مێژووی هاوچەرخی نەتەوەی کورد، بە دەیان تێکۆشان و بەربەرەکانێ لە تەک داگیرکەراندا کە بە ئاوێتەبوونی ئایین درووست بووە و لە سەرهەڵێنانی میللی و تەنینەوەی مەیدانی خەباتدا بۆ داهاتووی ئەم نەتەوەیە وەک هێمای بزووتنەوە ڕزگاریخوازانەکەی کاریگەری درووستکردووە، بوونیان هەیە و وەک نموونەی ئاشکرای سەرهەڵدانە میللی مەزهەبیەکانی نەتەوەی کورد، دەتوانین تەنیا ئاماژەیەکی کورت بە شۆڕشەکانی شێخ مەحموودی نەمر و شێخ عەبدولسلام بارزانی و مەلا مستەفای بارزانی و کۆماری کوردستان بە ڕێبەرایەتی قازی محەممەد بکەین کە لە هەموویاندا تانوپۆی ئایین دیارەو وەک بەشێکی پوزەتیڤ حیسابی لە سەر کراوە.

لە پێکهاتەی کابینەی دەوڵەتی کۆماری کوردستانیشدا کورسی پیاوانی ئایینی وەک بەشێک لە ڕێکخەران و بەڕێوەبەرانی کۆماری کوردستان دیاریکرابوو، کەوابوو بەشداریکردنی ئایین و تێکەڵی لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازنەی میللی کورد، حەقیقەتێکی حاشا هەڵنەگرەو دەبێ هەموان بە شانازییەوە لە مێژووی کوردا بینووسینەوە.

بەداخەوە لە پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان و لە ناو حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بە پەراوێزخستنی دەوری ئایین و دژایەتی کردنی ڕاستەوخۆ لە لایەن ژومارەیەکیان، تەنیا و تەنیا لاوازی بیروباوەڕی سکۆلارەکانی دەرخستووەو کۆماری ئیسلامیش بەهەڵکردنی پلاتفۆرمی ئایینی بووەتە تەنیا داکۆکیکاری ئایینی لە ئێران و کوردستان و بە خواستی خۆی و لە ڕێگەی دامودەزگا و ناوەندە ئایینی و سیاسیەکانی خۆیەوە، تێدەکۆشێت بناغەی سیستەمی داپڵۆسێنەر و درۆینەی ویلایەتی فەقێ پتەوتر بکات و لە ژێر ناوی دژایەتی کردن لەتەک خودا و بەرتەسکردنەوەی بازنەی حەڵاڵ و حەرام، حوکمی دەسەڵاتێکی نامەشرووع بەڕێوەبەرێت و هەرچەشنە ئازادیەکی زەوتکردووە.

لە ئێستادا کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆکاری حوکمی ڕێژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی و خوێندنەوەی دژەمرۆڤانە و نامەسئوولانەی ئەم دەسەڵاتە، ئایین و مەزهەب بە گشتی وەک سەرچاوەی هێزی پێشێلکاری مافەکانی تاک و مایەی نگبەتی و دواکەتوویی ناوی دەبرێت، پێویستە ڕووی خێر و بەرەکەت و تایبەتمەندی مرۆڤانەی ئایین باس بکرێت.

بۆیە لەگەڵ ئەوەی بزووتنەوە ئایینی و مەزهەبیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕاگەیاندنی بێ سانسۆر و ڕاشکاو لە ژێر حوکمی ویلایەتی ناشەرعیدا بێبەرین و ناتواندرێت ڕووی ڕاستی ئەوان ببیندرێت، هەرواش ناتواندرێت هاوفکری و هاوڕابوونی بزووتنەوەی میللی مەزهەبی کوردستان لە بەرانبەر داگیرکەردا بناسرێتەوە.

کەوابوو بە تێگەیشتن لەم ڕاستییەی کە لەمڕۆدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئایین لە کۆنتڕۆڵی تەواوی دەسەڵاتی زاڵ بە سەر کوردستاندایەو خاوەنداریەتی لە ئایینی ڕەسەنی خەڵکی کورد بە هەموو مەزهەبێکەوە، دژایەتی کۆماری ئیسلامی بەدوادا دێت، پێویستە پشتیوانی لە هەر چەشنە جوڵانەوەیەکی میللی و مەزهەبی بکرێت کە ڕاستکەرەوەی خواستەکانی ئەم بزووتنەوەیە بێت.

مێژووی ئەم چەند ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکانی پێشانداوە کە لە هەر شوێنێکدا کە حیزبە سکۆلارەکان خۆیان لە بەرەی دژ بە ئاییندا دیوەتەوە، کۆماری ئیسلامی وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی بووەتە دمڕاستی ئایین لە کوردستان، بیانووی فەرمانی جیهادی خومەینی لە ٢٨ خەرمانانی ساڵی ١٣٥٨دا لە دژی گەلی کورد و هێرشی پاسدارەکانی ویلایەت بۆ سەر کوردستان، هەر ئەم مەسەلەیە بوو کە ئیسلام کەوتووەتە مەترسی و دەبێت خومەینی و دەسەڵاتەکی ببنە فریادڕەسی.

ئەوەیکە لەمڕۆدا کۆماری ئیسلامی دۆستی هێندێک لایەنی ئایینی کوردە و هێندێکیشیان بە دوژمنی ئیمامی زەمان دەزانیت، دەگەڕێتەوە بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئایینی تایبەتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەخوازێت جۆرە ئەڵترناتیڤێکی خۆی لە کوردستان بهێڵێتەوە و بەشێک لە بزووتنەوەی ئایینی کوردیش بۆ لای خۆی ڕابکێشیت هەر وەک چۆن بەشێک لە سەرمایەداری کوردی لە دەسەڵاتدا بەشدار کردووە و پلە و پایەی پێداون. کەوابوو سیاسەتی بەشداری پێکردنی بەشێک لە کەسایەتی و بزووتنەوەی ئایینی لە کوردستان لە لایەن ئەم ڕێژیمەوە ئەگەرچی کەمیش بێت، دەتوانێ لە نیگەرانی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر بزووتنەوەی میللی مەزهبیدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەم بکاتەوە.

لە کۆتایدا دەبێ بگوترێت کە پێویستە سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خوێندنەوەی تازە لە ئایین و ئاشتەوایی لەگەڵ چەمکی بزووتنەوەی میللی مەزهەبی لە کوردستان، پێش لە درووستبوونی هێزی ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی لە داهاتووی کوردستاندا بگرن و پشتیوانی لە هێزی میللی مەزهەبی ڕەسەن بکەن.


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی