"an independent online kurdish website

بە بۆنەی ٢٦ ی سەرماوەز، رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، بە ناوی رێکخراوەکانی لاوان، ژنان، خوێندکاران و کۆمەڵەی کولتووری، پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی کوردستان بە گشتی و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بە تایبەتی دەکەین. هیوادارین گەلەکەمان لە ژێر ساباتی ئەو خەباتە رەوایەدا بە ئاواتە لە مێژینەکانی بگا.peshmerge-0

گەلی کورد ساڵانێکی دوور و درێژە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خەبات دەکا. لاپەرەکانی مێژووی ئەم گەلە پرە لە شانازی. .هەر رۆژە لە شوێنێک و لە هەر شوێنەکیش حەماسەیەک و لە هەر حەماسەیەکدا داستانێکی پڕ لە سەروەری تۆمار کردووە. بۆ ئێمەی کورد هەموو رۆژێک یادی پێشمەرگەیە و هەر پێشمەرگەیەکیش سەمبولی خەبات و بەرخۆدانی ئەم گەلە بێ بەشەیە. رۆژی راماڵینی پاشماوەی رژێمی پاشایەتی  لە مەهاباد لە سالی ١٣٢٤ ی هەتاویدا وەک  رۆژی پێشمەرگە دیاری کراوە. بەو هیوایە خەباتی پێشمەرگەی کوردستان پاشماوەی  رژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان لە ناو بەرێ و ئاڵای ئازادی و رزگاری لە سەر لووتکەی چیا بەرزەکانی نیشتمان و سەربانی شار و لادێی وڵات هەڵبکا.

پێشمەرگە وشەیەکی پر بە پێست و کاڵایەکی پڕ بە  باڵای ئەو خەباتکارانەیە کە بۆ گەیشتن بە ئازادی لە هەموو خۆشییەکی ژیان دەستیان هەڵگرتووە و رێگایەکی سەخت و خوێناویان هەڵبژاردووە. ئەوینی پێشمەرگە  بۆ کوردستان، ورەی پێشمەرگە بۆ خۆڕاگری و باوەڕی پێشمەرگە بە ئازادی ئەوی کردووەتە خۆشەویستی گەلەکەی. خەڵک و پێشمەرگە دوو ئاوێتەی تێکەڵ بە یەکن و لێک جیا ناکرێنەوە. پێشمەرگە رۆڵەی ئەو گەلەیە و ئەو گەلەش کانیاوی لە بڕان نەهاتووی پێشمەرگەیە.

لاوانی کوردستان بە ئیلهام وەرگرتن لە خەباتی پێشمەرگە بیر و باوەڕی خۆیان بە هەستی نەتەوایەتی تەیار دەکەن. زانیاری خۆیان دەبەنە سەرێ و بە وشیارییەوە پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران پووچەڵ دەکەنەوە.

ژنانی کوردستان وەک پێشمەرگەیەکی بە ئیمان خەبات دەکەن بۆ نەهێشتنی هەڵاواردنەکان. ژنانی کورد باش دەزانن بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی بەختەوەرمان هەبێ، پێویستە ژن و پیاو شان بە شانی یەکتر لە بەرەو پێش بردنی ئەو خەباتە بەشداری بکەن.

خوێندکارانی کوردستان ئاستی زانیاری خۆیان رۆژ بە رۆژ دەبەنە سەرێ و زانکۆکانیان کردووەتە مەیدانێکی بەرین بۆ خەبات دژی دواکەوتوویی و کۆنەپەرستی.

رووناکبیرانی کوردستان لە هەموو بوارەکانی فەرهەنگی و کولتووری دا کار دەکەن و هەوڵ دەدەن کە سامانی وێژە و ئەدەبی ئەم گەلە بپارێزن.

ئێمە لە کاتێکدا یادی ٢٦ سەرماوەز دەکەینەوە کە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوەتی لە حاڵی گۆڕان دایە. بۆیە دەبێ هەموومان ئامادە بین بۆ هەر چەشنە ئاڵ و گۆڕێک کە لە ناوچەدا چاوەڕوان دەکرێ رووبدا. رژیمە دیکتاتۆرەکان کۆشکەکانیان وە لەرزە کەوتووە و یەک لە دوای یەک دەکەونە زبڵدانی مێژووەوە. بێ گومان کات لە سەر ئێمە راناوەستێ. بۆیە دەبێ هەموومان لە مەیدانی کاری خۆمان ببین بە پێشمەرگەیەک بۆ ئەو نیشتمانە و لە خزمەت کردن بە گەلەکەمان دا درێغی نەکەین.

لەکۆتایی دا جارێکی دیکە بەو بۆنە مێژووییەوە، جوانترین پیرۆزبایی خۆمان پێشکەشی هەموو پێشمەرگەکانی کوردستان و نەتەوەی کورد دەکەین و ئاواتی ژیانێکی پڕ لە بەختەوەری بۆ گەلەکەمان دەخوازین.

کۆمەڵەی کولتووری گشتی کوردی لە وڵاتی نۆروێژ

یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی