كوژرانی سێ ژنه چالاكوانی سیاسی كورد له پاریسی پایته‌خته‌ی فه‌ڕه‌نسا و له یه‌كێك له ئارامترین پایته‌خته‌كانی دونیا، مایه‌ی سه‌رسوڕمان و پرسیار و نیگه‌رانییه‌كی زۆره و مرۆڤ ده‌خاته ناو بیركردنه‌وه‌یه‌كی قوڵه‌وه، به‌وه‌ی كێ و بۆچی ئه‌م كاره ئه‌نجامدرا؟!
ساكینه جانسز، یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌رانی پارتی كرێكارانی كوردستانه و ته‌مه‌نی 56 ساڵ بوو، ئه‌و له ته‌مه‌نی نزیكه‌ی 20 ساڵییه‌وه ده‌ستی به كاری سیاسی كردووه، واتا نزیكه‌ی 36 ساڵ له‌ناو كاری سیاسی و شه‌ڕ و زینداندا بووه، به‌شێكی زۆری مێژووی په‌كه‌كه و بیره‌وه‌ریی و ئازاره‌كانی ژنێكی تێكۆشه‌ری كوردی له‌لا بووه. هه‌روه‌ها فیدان دۆغان، ئه‌ندامی چالاكی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان بووه و ته‌مه‌نی 38 ساڵ بوو، له‌گه‌ڵ له‌یلا سۆیله‌مه‌ز كه چالاكوانێكی كورد بووه و ته‌مه‌نی 25 ساڵ بوو، له به‌هاری ته‌مه‌نیدا بووه و خۆی ته‌رخان كردووه بۆ خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌ی.
ژنی كورد ژیانی پڕه له نه‌هامه‌تی به‌هۆی ژن بوونیه‌وه، كاتێكیش ده‌كه‌وێته ناو كاری سیاسیه‌وه رووبه‌ڕووی دژوارترین بارودۆخ ده‌بێته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا میلله‌تی كورد به ژنانی خۆیه‌وه گرێدراوه.
هه‌ر بۆیه هه‌ڵبژاردنی تیرۆركردنی ئه‌م سێ ژنه چالاكه زۆر به زانایی كراوه و ویستراوه به ته‌واوی گه‌لی كورد توڕه بكرێت و كاردانه‌وه‌ی نالۆژیكی ئه‌نجام بدرێت، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌وانه پیاو بونایه ره‌نگه ئه‌وه‌نده گه‌لی كوردی نیگه‌ران نه‌كردایه.
هه‌ڵبژاردنی ئه‌م كاته و ئه‌و كه‌سانه ته‌واو په‌یوه‌ندی به‌م دۆخه‌وه هه‌یه كه ئێستا له باكوری كوردستان هاتوه‌ته ئاراوه، ئامانجی سه‌ره‌كیش تێكدانی ئه‌و گفتوگۆیانه‌یه كه هاتوه‌ته ئاراوه، چونكه ئه‌مه جاری یه‌كه‌م نییه له دۆخی به‌م شێوه‌یه‌دا رووداوی كوشتن و تیرۆركردن بێته ئاراوه.
ساڵی 1993 كاتێك تورگوت ئۆزال سه‌رۆك كۆماری توركیا بوو، هه‌وڵیدا گفتوگۆی ئاشتی له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان ده‌ستپێبكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئۆزال، ئه‌حمه‌د توركی نارد بۆ لای ئۆجه‌لان، هه‌روه‌ها مام جه‌لالیش وه‌ك ناوبژیوان ده‌ستبه‌كار بوو، هه‌ردوولا گه‌یشتنه ئه‌وه‌ی ئاگربه‌ستی دوولایه‌نه رابگه‌یه‌نرێت، به‌ڵام له رووداوێكی ته‌مومژاویدا ئۆزال گیانی له‌ده‌ستدا و فه‌رمانده‌یه‌كی په‌كه‌كه‌ش كه دوایی هه‌ڵهات بۆ توركیا، 30 دیلی توركیای گوله‌باران كرد، به‌وه‌ش هه‌وڵی ئاشتی شكستی هێنا و شه‌ڕ و پێكدادان ده‌ستی پێكرده‌وه.
ئێستاش له‌و قۆناغه ده‌چێت، ئه‌گه‌ر چی ئه‌مجاره به‌شێكی زۆری ناوه‌نده جیاجیاكانی ناو توركیا به ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاته‌وه له‌گه‌ڵ گفتوگۆكانی ئیمرالیدان، به‌ڵام به بۆچوونی من ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه رووداوی دڕندانه‌ی تری به‌دوادا بێت، چونكه هێشتا زۆر ناوه‌ند و ده‌وڵه‌ت و ده‌زگای نهێنی دژی ئاشتیین و به‌رژه‌وه‌ندیان له شه‌ڕ و خوێنڕشتندایه، بێگومان هه‌ر ئه‌و هێزانه‌ش له پشتی ئه‌م رووداوه‌وه‌ن.
به بۆچوونی من هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه په‌یوه‌ندیان به هه‌ڵمه‌تی ئاشتییه‌وه هه‌یه، چ له‌ناو كورد و چ له‌ناو تورك، ده‌بێت زۆر به وریایی له‌م دۆخه‌دا هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن، پێویسته نه‌كه‌ونه ناو پیلانی ئه‌و هێزانه‌ی كه به‌رژه‌وه‌ندیان له خوێنڕشتندایه.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یره، هه‌رزوو به‌شێك له به‌رپرسانی توركیا به تایبه‌تیش ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا، ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه كرد، كه ئه‌و رووداوه په‌یوه‌ندی به كێشه‌ی ناوخۆیی په‌كه‌كه‌وه هه‌یه، ئه‌مه له كاتێكدا ته‌واوی لایه‌نه جۆراوجۆره‌كان به عه‌بدوڵا گول سه‌رۆك كۆماری توركیاشه‌وه باسیان له‌وه كرد، پێویسته هیچ كه‌سێك تۆمه‌تبار نه‌كرێت، تا لێكۆڵینه‌وه‌كان راستییه‌كان ئاشكرا ده‌كه‌ن و ئه‌نجامده‌رانی پشتی رووداوه‌كه ده‌دۆزنه‌وه.
ئه‌وه‌ی گرنگه له دۆخه‌كه‌دا، هه‌وڵدانه بۆئه‌وه‌ی رووداوی نه‌خوازراوی تر نه‌یه‌ته ئاراوه، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامی گفتوگۆكان و لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی حكومه‌تی فه‌ڕه‌نسایه بۆ دۆزینه‌وه‌ی بكه‌رانی ئه‌و رووداوه، زۆر گرنگه ئه‌و ده‌سته بدۆزرێته‌وه كه له پشتی كوشتنی ئه‌و سێ ژنه سیاسه‌تمه‌داره‌ی كورده‌وه بووه و بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرێت.
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به زوویی بكه‌رانی ئه‌و رووداوه بدۆزرێنه‌وه و ئامانجی كاره‌كه‌یان روون بكرێته‌وه، ئه‌وا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه خزمه‌تێكی زیاتر به هه‌ڵمه‌تی ئاشتی بكات له توركیا.
دڵشاد پاڵانی /۱۵/۱/۲۰۱۳/زاینی بریتانیا{jcomments off}